مووشن‌گرافیی کتێبی لە سنوورەوە هەتا سنوور

لە سنوورەوە هەتا سنوور

لەسەر ئەو بابەتە مووشن‌گڕافیی سەرەوە ببینن؛ بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر و تەواوتر لە سه ر ئێران و کوردستان دەق و وتارەکانی دیکەی ئەم لاپەڕە بخوێننەوە.

ئێسنیکایەتی (Ethnicity) یان گرووپی ئێسنیکی ئاماژە بۆ ئەو گرووپە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییانە دەکا کە لە بژێرە تەوەرییەکانی وەکوو زمان، ئایین، هۆز، نەتەوە، مێژوو، ڕێوڕەسم، داب‌ونەریت و فەرهەنگدا هاوبەشن و ئەم بژێرانە فاکتەری پەیوەندی و یەکگرتوویی نێوان ئەوانن. لە کۆمەڵگا فرەفەرهەنگەکاندا یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی لە ناو ئێسنیکەکاندا یەکێک لە پێوەرە سەرەکییەکانی دیموکراسی و گەیشتن بە ئاسایش و ئازادی و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژییە.

ئێسنیک و شوناس‌خوازی لە ئێران

لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا پرسی گرینگی شوناس و ئێسنیک لە ئێران و هۆگریی ئێسنیکی لە ناو ئێسنیکە ئێرانییەکان دا بە هێز و لاوازیی جیاوازەوە بوونی هەبووە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەشێک لە ئێسنیکە ئێرانییەکان خۆیان وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ سەیر دەکەن. پرسی ئێسنیکی لە ڕابردوودا و پرسی نەتەوەیی لە سەردەمی ئێستادا یەکێک لە گرینگترین پرسە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسییەکانی کۆمەڵگا فرەفەرهەنگەکان بووە. ئەم پرسە بەتایبەت لە خۆرهەڵاتی ناڤینی هاوچەرخ و جوگرافیای سیاسیی وڵاتانی فرەئێسنیک هەلی بۆ دەرکەوتنی چالنجی سەربازی و ژیۆپۆلیتیکی ڕەخساندووە.بوونی چەندین توخمی زمانی، ئایینی، فەرهەنگی کە هەر کامیان بە تەنیا دەتوانن ببنە بیانوویەک بۆ نائارامی و ناکۆکی، و لەگەڵ ئەوەشدا داگیرکاریی وڵاتانی کۆلۆنیالیزم بۆ دزەکردن و چوونە ناوچەکانی دیکە کە گڕی شوناس‌خوازی و نەتەوەخوازی دەگەشێننەوە و هەروەها ئەو حوکمڕانییەی کە لەگەڵ خواستەکانی شارۆمەندانی ئێسنیکەکان یەک ناگرێتەوە و هەروەها ناکارامەیی بەڕێوەبەردنی سیاسیی ئێسنیکەکانی ناوەوەی سنوورە جوگرافییەکان، هەر هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە بەستێنی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی درست نەبێ و ئاگری ناکۆکییە ناوگرووپییەکان خۆشتر بێت .

شوناسی نەتەوەیی لە کوردستان کوردستان

وەکوو هەموو نەتەوەکانی دەوروبەری خۆی لە سەدەی نۆزدەهەمەوە لەگەڵ بیری ناسیۆنالیستی ئاشنا بوو و ئەم ئاشنایەتییە ڕەوتی شوناسخوازی و ناسیۆنالیزمی لێکەوتەوە. ئەم ڕەوتە شوناسخوازی و ناسیۆنالیستییانە زۆر بە توندی سەرکوت کران و ڕێبەرەکانیان دوور خرانەوە یان دەستگیر کران و یا کوژران. دابەشبوونی وڵاتی کوردستان لە نێوان چوار سنووری جیاجیا و جیاوازیی دەزگای سیاسی / ئایدیالۆژیکی دەوڵەتانی زاڵ بە سەر کوردستان بووە هۆی جیاوازیی شێواز و هەڵویستی چالاکانی شوناسخواز لەم چوار پارچەدا. بە جۆرێک کە کوردی هەر پارچەیەک پێناسەیەکی تایبەت و جیاوازی بۆ شوناسی نەتەوەیی خۆی هەبووە بەڵام خاڵە هەرەگرینگ و هاوبەشەکەیان کوردایەتی لە ژێر سێ فاکتەری سەرەکی سەرزەوی، زمان و نەتەوە بووە. ئەم سێ فاکتەرە خاڵی سەرەکی و هاوبەش بۆ لێکنزیکبوونەوەی خەڵک و چالاکانی شوناسخواز بووە ؛ هەر بۆیەش لە بۆنە فەرهەنگییەکان بۆ وێنە جەژنی نەورۆز لە باکوور هێمایەکی کەمتر فەرهەنگی و زیاتر سیاسییە بەڵام لە ڕۆژهەڵات و باشوور هێمایەکی فەرهەنگی و لە ڕۆژاوا هێمایەکی کەمتر سیاسی و زیاتر فەرهەنگییە. کۆتایی شەڕی سارد و ڕووداوەکانی دوای ١١ سێپتێمبەر و لەم دواییانەشدا بەهاری عەرەبی هەلێکی بۆ کورد بەتایبەت لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژاوا ڕەخساند تا بابەتی شوناسی کوردی ببێ بە بەشێک لە پرۆگرامی سیاسیی ئەم دەوڵەتە خۆجێیانە. لە باشوور لە دوای ١٩٩١ و لە ڕۆژاوا پاش ٢٠١١ دەزگای سیاسیی کورد بە دامەزراندنی دام‌ودەزگای حکومڕانی وەکوو ئەنجومەنی نوێنەران و دەزگای پەروەردە و میدیای تا ڕادەیەک سەربەخۆ هەوڵی بۆ مسۆگەرکردنی ئەم سێ فاکتەرە سەرەکییە و دامەزراندنی دەوڵەتێکی تۆکمە داوە بەڵام کێشەی حیزبایەتی، ناڕەزایەتیی خەڵک لە دەسەڵاتداران، گەندەڵی بێ‌وێنە و دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەوە و تیرۆریزمی ناوچەکە تا ڕادەیەکی زۆر لەمپەری بەر دەم گەیشتن بەو ئامانجانە بووە.

ئەم ماڵپەڕە کۆمەڵێک شەکرۆکەی (cookie) تێدا بەکار هێنراوە تا ئەزموونێکی جیاوازترتان بۆ سەردان و خوێندنەوە هەبێت. پاش گەڕان بەنێو ماڵپەڕەکەدا  ئێوەش کەڵک وەرگرتنی ئێمە لە شەکرۆکەکان بەسوود دەبینن