لینکی بەرگی PDF فارسی توێژینەوه
به پێی پێناسەی پێوەرەکانی پرسی کۆمەڵایەتی و به پێی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵ، کاری منداڵان یەکێک لەو پرسه کۆمەڵایەتییانەیه که له دێرزەمانەوه له ڕێگەی جۆراوجۆرەوه بوونی هەبووه، پرسێک که به پێی دوو ئێلێمان به شێوەی فەرمی له وڵاته جیا جیاکاندا پێناسه دەکرێ: یەکەم جۆری کار و ئینجا لانیکەمی تەمەنی گونجاو بۆ ئەو کاره؛ جۆری کار واته ئەوەی که منداڵ کارێک دەکا که پرۆسەی گەشە سرووشتییەکەی تێک دەدا و تەمەنی گونجاو له کار واته منداڵ ئیشێک دەکا که به گوێرەی بەڵگه نێودەوڵەتییەکان شیاوی تەمەنی ئەو نییه و به زیانبەخش دێته هەژمار. ئەگەر منداڵێک یەکێک لەم دوو ئێلێمانه بیگرێتەوه پێی دەوترێ منداڵی کار و کاری منداڵ له کۆمەڵگا ئەوڕۆییەکاندا بابەتێکی سیستماتیک به هۆکار و ڕیشەی جۆراوجۆرەوەیه که له بەش و کەلتووره جۆراوجۆرەکاندا کردوویەتی به پرسێکی جیهانی. هەژاری و ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتی، ئاستی خوێندەواریی کەم و کەمیی وشیاری، بەرنامەی لاوازی کۆمەڵایەتی و هەلی ناتەواو بۆ پیشەی گونجاو وەک هەندێ له هۆکارەکانی منداڵانی کار له سەرتاسەری جیهان له قەڵەم دەدرێت.
ڕاپۆڕتی ساڵی 2018ـی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار پیشان دەدا نزیکەی 218 میلیۆن منداڵی کار له جیهاندا بوونیان هەیه که لە ناویاندا 150 میلیۆن منداڵی قوربانیی کار له هەڕەتی منداڵیدان و نزیکەی 73 میلیۆن کەسیان سەرقاڵی ئیشی مەترسیدار و زیانبەخشن. ئەم ئاماره ئەوه دەردەخا که له کۆی هەر 10 منداڵ له جیهان یەکیان منداڵی کاره.
ئەم ئاماره به ڕوونی پیشان دەدا که سەرەڕای ئەوەی ئەو وڵاتانەی که داهاتێکی کەمیان هەیه پێویستیان به سەرنجی تایبەته، بەرەنگاربوونەوەی کاری منداڵان تەنیا به فوکووسکردنه سەر وڵاتانی هەژار نالوێت. پرسی هاوبەشی نێوان وڵاتانی هەژار و خاوەن داهاتی مامناوەند و دەوڵەمەند هەمان هەژاریی بنەماڵه و کۆمەڵگایه.
ئەم توێژینەوه له سەر تەوەری بێچمه جۆراوجۆرەکانی کاری منداڵان وەکوو ئیشی سەر شەقام و دەستفرۆشی، کار له کارگەی بەرهەمهێنان، کار له کارواش، شاگردیی له دووکان، زبڵگەڕی، کار له کارگه ژێرزەوینییەکان، کاری ناوماڵ، کار له ماڵ، کار له کوورەخانه، و …، به شێوازی تیۆری داتابنیات (GT) ئەنجام دراوه.
ئەوەی لەم توێژینەوەدا له چاو توێژینەوە ئەنجامدراوەکانی دیکە له بواری کاری منداڵان تۆخ و پڕڕەنگه له پلەی یەکەم جۆر و کوالێتیی و چۆنایەتیی توێژینەوەیە که وەک شێوازێکی چۆنایەکی و هەڵقووڵاو له دڵ و لە ناو مەیدان دێته هەژمار؛ واته کۆمەڵگای ئامانج، به ڕوانینێکی دیاردەناسانه و چەندلایەنە وتەزای کار، جۆرەکانی کار و مەترسی و ڕێکارەکانیان تاوتوێ کردووه که لەم نێوەندەدا تێگەیشتن و ناسینیان له کار و ئەزموونە دەرووناسییەکان له شوێنی کار سەرنجڕاکێش و گرنگه.
لەم توێژینەوەدا هۆکاره جۆراوجۆرەکانی کاری منداڵان له هەر کام له پێشه تاوتوێکراو و بگۆڕەکانی ڕەگەزێتی، ئێتنیک و تەمەن به شێوەی جیا له 22 جۆری کاری منداڵ شیکاری و تاوتوێ کراوە. مەترسییەکانی کاری منداڵان یەکێک له بابەتە بەرچاوەکانی ئەم توێژینەوەیه که به پێی جۆری کار و بارودۆخی تەمەن و فاکتەرە جۆراوجۆرەکانی تر، زەختیی زەرەر و زیانی هەمەجۆری لێ دەکەوێتەوه.
چەوساندنەوه له کاری منداڵان و بازاڕی کاری نافەرمی دوو وتەزای تەوەریی ئەم توێژینەوەن و کەلێنی پێشکەوتن، گرژی و شەڕ له وڵاتی ئەڤغانستان، هەژاری و بێکاریی خانەواده، بەدسەرپەرشتی و بێسەرپەرشتی، و هۆگربوون به کار هۆکارەکانی کاری منداڵان لەم لێکۆڵینەوەن. له شێوازی جێبەجێکردنی یاساکان و چاودێریکردنی، تۆڕی کۆچبەران، هەڵاواردنه ئێتنیکی و ڕەگەزێتییەکان، پەیوەندییەکانی دەسەڵات، نیشتەجێبوون (شوێنی نیشتەجێبون)، بەها و ڕوانگەکان دەتوانێ له هۆکارە دەستێوەردەرەکان بێ و تەمەن، ڕەگەزێتی، ئێتنیکایەتی، بارودۆخی خێزانی وەک فاکتەرە زەمینییەکانی ئەم توێژینەوه دەتوانین ئاماژەیان پێ بکەین.
کۆنتڕۆڵ و چاودێریی منداڵ، شیاوکردن (به نۆڕمکردن)، ناوبژیوانێتی، خاوەن بەرژەوەندییەکان، کردەوەی چالاکانه و ناچالاکانه له ڕێکارەکانی مۆدێلی زەمینەیی لێکۆڵینەوەن. بێبەشبوون له خوێندن، ئاسوودەیی و خۆراکی بەسوود، کێشەکانی تەندروستی، به ئەزموونکردنی توندوتیژی و جۆرەکانی مەترسی (وەک دەرهاویشته نەرێنی و نەخوازراوەکان)، دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خانەواده، فێری پیشەبوون و بەرزبوونەوەی ئاستی پیشه (وەک دەرهاویشتەی ئەرێنی و خوازراو) دەرهاویشتەکانی کاری منداڵان و مۆدێلی زەمینەیی لێکۆڵینەوەن.
خاڵێکی دیکەی ئەم توێژینەوه ئەوەیه که هەوڵ دراوه وتەزای کاری منداڵان له گۆشەی نیگای ئەکتیڤه کلیلییەکان، واته منداڵان خۆیان و دایک و باوکەکانیان، خاوەنکارەکان، چالاکڤانان و شارەزایانی بواری منداڵی، و بەرپرسانی حکومەتی له ڕێکخراو و ناوەندەکانی پەیوەندیدار به بواری کاری منداڵان (وەکوو شارەوانی و بێهزیستی (چاکژیانەوه) و هێزەکانی ئاسایش) تاوتوێ بکرێت. کەواته ڕوانینێکی چەندلایەنەی بۆ دیاردەی کاری منداڵان هەیه.
له ڕاستیدا ئەم خوێندنەوه به نیاز بووه به ناسینی شێواز و بێچمه جۆراوجۆرەکانی کاری منداڵان، هۆکارەکانی کاری منداڵان، میکانیزمە بێچمدەرەکانی کاری منداڵ و پرس و دەرهاویشتەکانی کار بۆ سەر منداڵان، له پێناو نەهێشتنی کۆسپ و کەمکردنەوەی زیانەکان، تاکەکان و ڕێکخراوه پەیوەندیدارەکان سەبارەت بەم دیارده وشیار بکاتەوه.
و خاڵێکی تر ئەم توێژینەوه به تاوتوێی بێچمه جۆراوجۆرەکان و دیوه شاراوەکانی کار و شوێنی کار و پێناسه کردنی شوێنی کاری منداڵان وێنەیەکی ڕوون لەو پانتایه پیشان دەدا که منداڵان تێدا خەریکی کارکردنن و دەبێته هۆی ئەوەی بێچمه جۆراوجۆرە نەناسراوەکانی کاری منداڵان له تاران بۆ بەردەنگ بەرهەست بکاتەوه و بتوانێ تێگەیشتنێکی دروستی له مەترسییەکانی کاری منداڵان دەست بخا و هەروەها ئاسۆیەک بەرەو ڕووی سیاسەتدانەران و بەرپرسانی ئەم بابەته بکاتەوه بۆ ئەوەی به ناسینێکی ڕاستەقینەوه بتوانێ له پێناو نەهێشتن و سڕینەوەی کاری منداڵان هەنگاو بنێت.
ئەم توێژینەوه هەروەها تێدەکۆشێ بەڕۆژترین بارودۆخی کاری منداڵ له ئێران و بەتایبەت کەلانشارەکان پیشان بدات. ڕاسته بواری مەیدانیی ئەم توێژینەوه کەلانشاری تاران و دەوروبەری بوو، بەڵام دەتوانێ ئەم مۆدێله بۆ دیکەی کەلانشارەکان و تەنانەت سەرتاسەری ئێران بگشتێنین. خاڵێکی گرنگ و سەرنجڕاکێشی دیکه سەبارەت بەم توێژینەوه ئەوەیه که وێنەیەکی دروستتری له کۆمەڵگەی منداڵانی کار له شاری تاران پیشان دەدات. هەروەها پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیه که خوێنەر دەتوانێ له ڕێگەی گێڕانەوه و وردەکاریی ئێتنۆگڕافییانەوه پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ساز بکا و له ڕاستیدا ئاوێنەیەکی تەواو له منداڵانی کار و بارودۆخ و هەلومەرجی ئەوانه. به هۆی خوێندنەوەی خەڵکناسی و ئەو باوەڕەی که بەرامبەر به گرنگیی کاری مەیدانی هەمه، له هەموو کاره لێکۆڵینەوەییەکانمدا تێکۆشاوم کۆمەڵگای ئامانج پەیامهێنەری بێناوبژیوان بۆ خوێنەر بێ و قسە خۆیان بیکەن. لەم توێژینەوەشدا گێڕانەوەکان ئەم ئەرکەیان دەنوێنن و به هۆی جۆرەکانی کاری منداڵ که لەم توێژینەوەدا ناسێنراون به هۆی شوناسی شاراوەیانەوه پشتگوێ خراون، بەڵام له ناو گێڕانەوەکانی کۆمەڵگای ئامانج و منداڵانی کار دیوه شاراوەکانی ئەم کارانه و ئەو خەسارەتانەی که بۆ منداڵانی هەیه پیشان دراوه.
له کتێبی شوێنپێی چەوساندنەوه له جیهانی منداڵی “توێژینەویەکی گشتگیر له سەر جۆرەکانی کاری منداڵان له ئێران” وێڕای ناساندنی 23 جۆری کاری منداڵ، هۆکارەکانی بەردەوامیی کاری منداڵ و ئەو مەترسییانەی که کاری پێشوەخته بەرۆکی منداڵان دەگرێ تاوتوێ کراوه.
ئەوەی ئەم توێژینەوه له دیکەی توێژینەوه ئەنجامدراوەکانی بواری منداڵانی کار جیا دەکاتەوه، تایبەتمەندیی و جیاوازیی شێوازی چۆنایەتییەکەیەتی که دەیخاته ڕیزی توێژینەوە نوێکانی بواری منداڵییەوه. له لێکۆڵینەوه و دەقە نوێکاندا له بری «لێکۆڵینەوه سەبارەت به منداڵان» (Research about Children) «لێکۆڵینەوه به یان له ڕێگەی منداڵانەوه» (Research with or by Children) به کار هێنراوه و کۆمەڵگای ئامانج واته منداڵان، گێڕەوەرانی ڕاستەوخۆی منداڵیی و ژیانی خۆیانن. له ڕاستیدا کۆمەڵگای ئامانج، خۆی به ڕوانگەیەکی دیاردەناسانه و چەند لایەنه وتەزای کار، جۆرەکان، مەترسییەکان و ڕێکارەکان تاوتوێ دەکات.
لەو ڕووەوەی که توێژینەوەی شوێنپێی چەوساندنەوە له جیهانی منداڵی زۆربەی جۆرەکانی کاری له کەلانشاری تاران و دەوروبەر به تێرو تەسەلی شی کردۆتەوه، ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوه سەبارەت به منداڵانی کار هەر هەموو وڵاتی ئێران بەتایبەت شارە گەورەکانی دیکه دەگرێتەوه.
وێنەیەک له منداڵانی کار له کێڵگەی سەوزە
ئەم توێژینەوه به شێوەی فایلێکی ئەلیکتڕۆنی له لایەن ئاوای بووف هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی کاری منداڵ کەوته بەردەستی هۆگرانی و فایله تەواوەکەی له ماڵپەڕی تایبەتیی نووسەردا بەدی دەکرێت.
شوێنپێی چەوساندنەوه له جیهانی منداڵی توێژینەویەکی گشتگیر له سەر جۆرەکانی کاری منداڵان له ئێران