خەسارەتەکانی سەر منداڵانی کار لە ئێران – بە ئاوڕدانەوە لە بۆچوونە کۆمەڵایەتی – کەلتوورییەکان

 دابەزاندن PDFی وتار

نووسەر: کامیل ئەحمەدی

پوخته

هەژاری و بێکاری بنەماڵەکان یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی کاری منداڵانه. ئەم فاکتەرە لەگەڵ ئەو دوو فاکتەرەی دیکە کە ئاماژەیان پێ کرا لە پەیوەندیدایه. بۆ وێنە پێشکەوتنی نابەرانبەر و ناهاوسەنگ دەبێتە هۆی بێبەش‌ڕاگرتنی بەشێکی کۆمەڵگا لە هەندێ سوود و بەرژەوەندی و پێشکەوتنی نایەکسان، که خۆی فاکتەرێکی سەرەکی و پێشخەری هەژاری و بێکارییە، بەتایبەت لە ناوچە پەراوێزی و ئێتنیکی و ئایینییەکان. کۆمەڵگای ئێران پاش شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی هەڵکشانی ڕێژەی حەشیمەت بوویەوه، بە جۆرێک کە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا ڕێژەی حەشیمەت به دوو قات بەرز بۆتەوه. بە پێچەوانەی هەڵکشانی ڕێژەی حەشیمەت، دۆخی ئابووری گەشەی نەکردووە و بە هۆی کاریگەری گەمارۆ و سیاسەت­وانە گشتییەکان لەم ساڵانەی دواییدا ئاستی گەشەی ئابووری دابەزیوه.

هەڵکشانی ڕێژەی حەشیمەت لە پاڵ گەشەی ئابووری داتەپیوه­ و بێکاری و هەژاری لێکەوتۆتەوه. لەم بارودۆخەدا بنەماڵەکان بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە تێچووه­کانیان وەک هێزی کار منداڵەکانیان بە کار دێنن.  بەدسەرپەرشتی و بێسەرپەرشتی یەکێکی تر لە هۆکارەکانی کاری منداڵانه. هەندێ لە سەرپەرشتانی بنەماڵەکان بە هۆکاری وەکوو تووش بوون بە مادەی هۆشبەر، نەخۆشی و بێ‌توانایی، ناتوانن کار بکەن و تێچووی بنەماڵە دابین بکەن و سەرپەرشتیاری هەندێ لەو منداڵانە مردوون. لەم بارودۆخەدا بنەماڵە تووشی هەژاری دووقات دەبێ و ئەم هەژارییە دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵان بچنە ناو پرۆسەی کارەوه. هەژاری بە هۆی بەدسەرپەرشتی و بێسەرپەرشتی پیشان دەدا کە سیاسەتە پاڵپشتییەکانی دەوڵەت بێ­کاریگەر یان کەم‌کاریگەرە. ئەم وتارە لە کتێبی “ئاسەواری چەوساندنەوە لە جیهانی منداڵی ” توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە جۆرەکان، هۆکار و لێکەوتەکانی کاری منداڵان کە ساڵی 2021 لە لایەن دەزگای چاپی “ئاوای بووف” لە لایەن ئەم نووسەرەوە بڵاو بۆتەوه، دەرهێنراوه.

 

پێشەکی

کاری منداڵ دیاردەیەکی جیهانییە کە جۆر و شێوازی جۆراوجۆر لە خۆ دەگرێ، بەڵام بە پێی پێناسەی ڕێکخراوی تەندروستی، کاری منداڵ بەو کۆمەڵە کارانە دەوترێ کە زیان بە تەندروستی جەسته، ڕۆح و دەروونی منداڵ دەگەیێنێ و مافی خوێندن و ڕاهێنانی لێ زەوت دەکات. بۆ وێنە دەبێتە هۆی بێبەشبوونی لە چوون بۆ قوتابخانه، یان وازهێنانی ناچاری لە خوێندن یان ناچارکران بە کاری قورس و درێژخایەن هاوکات لەگەڵ خوێندن.

ڕاپۆرتی ساڵی 2018ـی  ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار پیشان دەدا نزیکەی 218 ملیۆن منداڵ لە جیهاندا بوونیان هەیە کە خەریکی یەکێک لە جۆرەکانی کارن. بە پشت­بەستن بەم ڕاپۆرته، دەتوانین بڵێین لە کۆی هەر 10 منداڵ لە جیهان یەکیان منداڵی کاره. بە پێی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی جیهانی کار، وڵاتانی باشووری بیابانی ئەفریقا زیاترین ڕێژەی منداڵانی کاریان لە خۆ گرتووە و بە پێی ئاماری ساڵی 2018ـی ئەم ڕێکخراوه، 29 لە سەدی منداڵانی پێنج بۆ حەڤدە ساڵان لەم ناوچەدا ئیش دەکەن کە زۆربەیان لە بەشی کاری دژوار و زیان­بەخشدا خەریکی ئیشن. ئەم بارودۆخە لە  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی باکووری ئەفریقا جیاوازە و لەم ناوچانەدا نزیکەی  5 لە سەدی منداڵانی پێنج ساڵە هەتا حەڤدە ساڵان خەریکی کاری مەترسیدارن، بەڵام لە  وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بارودۆخی منداڵان جێی نیگەرانییه؛ لە وڵاتانێکی وەکوو هیند و  پاکستان منداڵان لە چوارچێوەی گرێبەستی ڕایەت و بندەستی دەفرۆشرێن یان دەدزرێن بۆ ئەوەی لە کێڵگه، کارخانە و کارگە لە کەشێکی کاری نالەباردا کاریان لێ بکێشرێت.

ئاماری ڕاگەیەندراو لە لایەن ڕێکخراوی جیهانی کارەوە بەراوردێکی کەم تا کورتی ڕێژە و حەشیمەتی منداڵانی کار لە جیهانه، چوونکە ڕاگەیاندنی ئاماری وردی منداڵانی کار بە پێی جۆری جیاواز و ئەوەی کە لە هەندێ لە مژارەکاندا شوناسی شاراوەیان هەیه، دەتوانین بڵێین نه­گوونجاوه. تەشەنەسەندنی هاوکاتی هەژاری و بە جیهانی­بوونی چالاکییە ئابوورییەکان لە جیهان و هەژاربوونی بەشێکی زۆری حەشیمەت، بنەماڵەکان منداڵەکانیان ناچار دەکەن بۆ مانەوەی خۆیان لە هەر کارێک بدەن. بە واتایەکی­تر، ئەم فاکتەرە  باس­کراوانە بۆتەوە هۆی ئەوەی بەشی ئابووری نافەرمی پەرە بسێنێت.

بە گشتی لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا، ئابووری نافەرمی لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا گەشەی کردووه.بۆ پێناسەکردنی ئابووری نافەرمی هەوڵێکی بەربڵاو دراوە و بۆ ئاماژە کردن بەم بەشە چەمکی جۆراوجۆر بە کار هێنراوه، چەمک­گەلی وەکوو “ئابووری سێبەری”، “ئاوبووری هاوتەریب”، “ئابووری ژێرزەوینی” و “ئابووری نافەرمی”. خاڵێکی تر ئەوەیە کە ئابووری نافەرمی لەگەڵ بەشی ئابووری نایاسایی جیاوازی هەیه؛ لە یاسای وڵاتاندا ئەو ئیشانەی کە لە کەرتی ئابووری نایاسایی (وەکوو بەرهەمهێنان و قاچاغی مادەی هۆشبەر) ئەنجام دەدرێ بە تاوان ناسراون، بەڵام کار و چالاکییەکانی کەرتی ئابووری نافەرمی هەمیشە تاوان نییە و بە نایاسایی لە قەڵەم نادرێت.

لە بنەڕەتەوە ئابووری نافەرمی بریتییە لە “هەموو ئەو کارانەی کە بۆ دەستخستنی داهاتن و لە لایەن دەوڵەت لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیدا ئامادە نەکراون، لە شوێنێکدا کە ئیشی هاوشێوە ئامادە دەکرێت” هەر بەم شێوە لە ئێرانیش لە درێژەی یەک دوو دەیەی ڕابردوودا ئابووری نافەرمی گەشەی بەرچاوی کردووە و بۆتە هۆی هەژاری و نایەکسانییەکی قووڵ.

لەگەڵ گۆڕانکاری کۆمه­ڵایه­تی بەربڵاو و گۆڕانی ئابووری بژێوی و پەرەسەندنی کەرتی نافەرمی، هاوکات هەژاری، نایەکسانی و چەوساندنەوەی لە ڕادەبەدەری هەژارانی لێ دەکەوێتەوه. چینی لاوازتر لە سۆنگەی ڕەگەز و تەمەنەوه، واتە ژنان و منداڵان زیاترین ڕێژەی کرێکارانی کەرتی ئابووری نافەرمی پێک دێنن. زۆرێک لە پیشەکان لە ئابووری نافەرمیدا دەرهاویشتەی جەستەیی و دەروونی زۆری بۆ منداڵان لێ دەکەوێتەوه. کاری شاراوەی منداڵ لە شوێنی داخراویش جۆرێکە لە کاری مەترسیدار، چوونکە منداڵان لە بەر چاوان ونن و نازانرێ چییان بە سەر دێت. بە جۆرێک کە کارکردن لە کارگەی بچووک، کارگەی  ناوماڵ و لە زۆر حاڵەتدا کارگەی نایاسایی و و لە کەرتی ئابووری نافەرمی خەسارەت و زیانی زۆری لێ دەکەوێتەوه، چوونکە منداڵان لە ژینگەی داخراوی کاری ئازادی کردەیی کەمتر بە ئەزموون دەکەن و بۆ بەرگری و چاودێری کردنی خۆیان لە چاو شەقام توانایەکی ئەوتۆیان نییه. بوونی پانتای سەر بەسراو و مەترسیداری کارگەی ژێرزەوینی چەوساندنەوە و منداڵ­ئازاری پتری لێ دەکەوێتەوه. لە لایەکی تریشەوە منداڵان مافی خاوەن­دارێتی پارە یان حەق­دەستیان نییە و لەم ڕووەشەوە دەچەوسێنرێنەوه.

بە گشتی تەشەنەسەندنی کاری منداڵ بیچمی جۆراوجۆری لە خۆ گرتووە کە بریتییە لە دەسفرۆشی و گوڵفرۆشی لە شەقامەکان، ئیش­کردن لە فیتەری و ماشین چاک کردنەوە، ئیش­کردن لە کەرتە بەرهەم­هێنانەکانی جل­و به­رگ­دووری و ئیش کردن لە کوورەخانەی خشت­سازی و تەنانەت زبڵگەڕی. سەبارەت بە کارگە جۆراوجۆرەکان و بارودۆخی کاری منداڵان لەم ژینگانەدا زانیارییەکی کەم لە بەردەسته، چوونکە نازانرێ لە ڕۆژدا چەند کاتژمێر ئیش بەو منداڵانە دەکرێ و چەندە حەقدەست بەم منداڵانە دەدرێت. هەر بۆیە پێویستە جۆرەکانی کاری منداڵ بناسرێ و لە ڕووی شوناس، بارودۆخ و مەترسییەکانی کار تاوتوێ بکرێت. ئامانج لەم توێژینەوەش هەر ئەمەیه. بە واتایەکی تر ئامانجەکانی ئەم توێژینەوە بریتییە له: ناسینەوە و خوێندنەوەی جۆرەکانی کاری منداڵان لە سەر ئاستی شاری تاران لە سۆنگەی شوناس، بارودۆخ و لێکەوتەکانی بۆ سەر منداڵان. سەرەڕای ئەوەی بە شێوەی بەربڵاو هەوڵ دراوە لە ڕەهەندی نیشتمانی و جیهانیشەوە ئەم بابەتە لێک بدرێتەوه.

ئامانجەکانی لێکۆڵینەوه

ئامانجی سەرەکی ئەم توێژینەوە ناسینی جۆرە جیا جیاکانی کاری منداڵ لە سەر ئاستی شاری تاران و دەوروبەریەتی، بەڵام ناسینی هۆکار و فاکتەرە دیاریکەرەوەکانی جۆرە جیاوازەکانی کار، ناسینی شوناس و بارودۆخی کار و ناسینی لێکەوتەکانی جۆرە جیاوازەکانی کاری منداڵان بە پێداگری­نواندن لە سەر مەترسییەکانی کار بۆ منداڵانیش وەک ئامانجی دووهەم ڕەچاو کراوه. بۆ دەست­پێڕاگەیشتن بەم ئامانجانەش هەندێ پرسیار ئامادە کرا کە وڵامدانەوەی هەر کامیان توانی هەندێ زانیاری تەواوی لە بارودۆخی منداڵانی کار لە تاران پیشان بدا و هەروەها بە هۆی فرەڕەنگی و بەربڵاوی جۆرەکانی کاری منداڵ لە پێتەخت، دەتوانین ئەم ناسینە تەواوە بۆ سەرتاسەری  ئێران و که­ڵێن­­شاره­کانی دیکه­ی ئێران بگشتێنین.

ئەم پرسیارانە بریتین بوون له:

  1. جۆرە جیاوازەکانی کاری منداڵ چییه؟
  2. چی فاکتەرگەلێک دەبێتە هۆی کاری منداڵان لە پیشە جۆراوجۆرەکاندا؟
  3. منداڵان لە پیشە جۆراوجۆرەکاندا چی تێگەیشتنێکیان لە کاری خۆیان هەیه؟
  4. لە پیشە جیاوازەکاندا لێکەوتەکانی کاری منداڵان چییه؟
  5. منداڵان لە پیشە جیا جیاکاندا ڕووبەڕووی چی مەترسی و کێشەگەلێک دەبنەوه؟
  6. شێوەی کاری منداڵان لە پیشە جۆراوجۆرەکاندا چییه؟

بەرایی لێکۆڵینەوه

ئێدریسکۆڵ لە ساڵی 2017 لە وتارێکی خۆیدا لە ژێر ناوی “چاوخشاندنێک بە سەر کاری منداڵان لە کەرتی پیشەسازی و کانزا لە پێوەری بچووک لە ئاسیا و ئەفریقا”، خوێندنەوەی خێرای داتاکانی سەرچاوە زانکۆیی، سیاسی، و ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکانی سەبارەت بە کاری منداڵان لە کەرتی پیشەسازی و کانزای بچووک (ASM) لە ئاسیا و ئەفریقا تاوتوێ کردووه. ASM ئاماژە بەو گرووپە بچووکانە دەکا کە لە کەرتی کەم‌تێچوو، کەم‌تەکنەلۆژیا، کاری چڕ و پڕوزە ئیش دەکەن. کەواتە دەتوانین لە نێوان کانزای پیشەسازی و بەربڵاو کە زۆریان مۆڵەتیان هەیە لە لایەکەوە کانزا پیشەسازی و بچووکەکان کە زۆربەیان بێ‌مۆڵەتن، لە لایەکی تر جیاوازی دابنێین.

هەروەها ئەم وتارە جۆرەکانی کاری منداڵان لە کانزاکانی وڵاتانێکی وەکوو تانزانیا، فیلیپین و ئەندۆنێزیای ناوبردووە. کارگەلێکی وەکوو هەڵکەندنی قووڵکه، کار لە ژێرزەوین، هەڵگرتنی بەردی کانزا و وردکردنیان، چێشت­لێنان بۆ گەورەساڵان و فرۆشتنی شمەک و خزمەت­کردنی گەورەساڵەکان کە خەسارەتی جۆراوجۆری جەستەیی و دەروونی لێ دەکەوێتەوه.

عەلی ئیمانزادە لە ساڵی 1398 لە وتاری “ئەزموونی ژیاوی منداڵانی کاری شاری تەورێز لە هەستی تەنیایی” هەستاوە بە پێناسە و ڕوونکردنەوەی ئەزموونی منداڵانی کار بە شێوازی چۆنایەتی و دیاردەناسی و نموونەگیری کار. لە ئەنجامەکانی ئەزموونی منداڵانی کار هەستی تەنیایی چوار ناوەڕۆکی سەرەکی “هەستی تێگەیشتراو”، “جۆرەکانی هەستی تەنیایی”، و “ڕێگەکانی زاڵبوون بە سەر هەستی تەنیایی” ناسێنرا. منداڵانی کار ڕووبەڕووی جۆرەکانی هەستی تەنیایی و بەتایبەت تەنیایی ئێگزیستانسیالیست دەبنەوه. هەروەها لە ژیانی خۆیاندا هەستی تەنیایی، بێ‌مانایی، بێ‌هیوایی و بەڕەڵاکراوییان هەیه. بۆ ئەم مەبەستە دەتوانین بە سەر سیاسەت­گەلێکی وەکوو باشترکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، ئامادەکاری به­ستێنه­کانی خوێندن، فێرکردنی شارەزاییە کۆمەڵایەتییەکان و مەعنەوییەت‌دەرمانی ئەم هەستەی منداڵان چارەسەر بکەین.

 سەلاحەدین نادری لە ساڵی 1393 لە تێزەکەیدا لە ژێر ناوی “کۆمەڵناسی خەڵک­تەوەر و ئەزموونی تیۆری کاستلێز لە بواری کاری منداڵان (توێژینەوەیەکی کردەیی هاوبەشانە لەگەڵ منداڵانی ئەڤغانستان لە ناوەندی دوستدار کودک مشتاق “هۆگری منداڵی تامەزرۆ”)” شێوەی کاری منداڵانی ئەڤغانستانی تاوتوێ کردووه. ناوبراو لەم تێزەدا بۆ پیشاندانی بارودۆخی منداڵان تیۆری ئیمانوێل کاستلێزی بە کار هێناوە و بارودۆخێک پیشان دەدا کە تێیدا منداڵان دەکەونە ناو دۆخێکی بێ‌گەڕانەوە و بە کونەڕەشەکان ناوی دەبات. لەم نێوەندەدا منداڵانی کۆچبەر، لە چاو منداڵانی دیکه، بۆ کەوتنە ناو ئەم کونەڕەشە مەترسییەکی زیاتریان لە سەرە و لە لایەکی تریشەوە ئایدیای کۆمەڵناسی خەڵک‌تەوەر یارمەتیدانی ئەم کەسانە و ئاشناکردنیان لەگەڵ بارودۆخی خۆیانه. لەم توێژینەوەدا، بە کەڵک وەرگرتن لە ئاراستەیەکی پڕۆژەیی و ئاراستەی منداڵ بە منداڵ، هەندێ چالاکی بە مەبەستی ڕاهێنان، وشیارکردنەوە و بە تواناکردنی منداڵان ئەنجام دراوه. لە پرۆسەی توێژینەوەدا  23 کچ و 33 کوڕ لە ناوەندی هۆگری منداڵی تامەزرۆ (مرکز دوستدار کودک مشتاق) هاوکارییان نواند.

تۆلایی و هاوکارەکان لە ساڵی 1391 لە وتاری “پەیوەندی کاری منداڵ لەگەڵ گەشەی مرۆیی لە وڵاتانی پێشنەکەوتوو و ڕوو لە گەشە” دیاردەی منداڵی کار و پێوەری گەشەی مرۆییان تاوتوێ کردووه. ئەوان بەڵگە دەهێننەوە کە ئەو وڵاتانەی کە پێوەری گەشەی مرۆییان لە ئاستێکی بەرزدایە ڕێژەی منداڵی کاریان کەمترە و بە پێچەوانەوە لە هەر شوێنێ ڕێژەی کاری منداڵ لە ئاستێکی بەرزدا بێ، پێوەری گەشەی مرۆیی ئەو وڵاتە نزمه. ئەم توێژینەوە پەیوەندی کاری منداڵی لەگەڵ گەشەی مرۆیی لە سەر ئاستی 65 وڵاتی گەشەنەکردوو و ڕوو لە گەشە تاوتوێ کردووه. ئەنجامەکانی توێژینەوە ئەوە پیشان دەدا هەرچی پێوەری گەشەی مرۆیی لە ئاستێکی بەرزدا بێ، ڕێژەی کاری منداڵیش کەمترە و بە پێچەوانە. هەروەها بە پێی ئەنجامی توێژینەوەکانیان دەڵێن گەیشتن بە گەشەی مرۆیی لەگەڵ پێوەری گەشەی مرۆیی بەرز کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ باش­بوونی ژیانی مرۆڤەکان هەیه، پێویستی بە کەمکردنەوە و بنەبڕکردنی کاری منداڵان لە سەر جەم کۆمەڵگاکانە.

منداڵانی کار

منداڵانی کار تاقمێک لەو منداڵانەن کە لە دەرەوەی ماڵ خەریکی ئیش­کردنن. ئەم چەشنە ئیشانە لایەنێکی بەربڵاو لە جۆرەکانی ئیشی ڕاستەقینە و ناڕاستەقینە، کرێکاری ناپڕۆفیشناڵ، سواڵ­کردن، بۆیاخچێتی، فرۆشتنی شمەکی بێ‌بایەخ و هتد لە خۆ دەگرێت.

بە پێی پێناسەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار و یوونیسێف، هەر مرۆڤێک کە تەمەنی خوار 18 ساڵان بێ و بۆ مەبەستی دەست­خستنی داهات خەریکی ئیشێک بێ یان ئیشەکەی لە ئاراستەی چەوساندنەوەی ئەو بە هۆی قەرزی بنەماڵەوە بێ پێی دەوترێ منداڵی کار. بە گوێرەی پۆلێن­بەندی تیۆری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار، منداڵانی کار بریتین لەو منداڵانەی کە خراپترین جۆری کاری منداڵان ئەنجام دەدەن و یان لە تەمەنی خوارتر لە لانیکەمی تەمەنی یاسایی کار خەریکی کارن. وشەی منداڵی کار ئەو منداڵانە ناگرێتەوە وا کاری سووک و ئاسان ئەنجام دەدەن. بەم پێیه، کاری سووک ئەو کارە نامەترسیدارانە دەگرێتەوە کە منداڵانی تەمەن دوازدە هەتا چواردە ساڵان و لە مەودایەکی زەمەنی کەمتر لە 14 کاتژمێر لە ماوەی هەفتەیەک ئەنجامی دەدەن. مادەی 79 یاسای کار لە ئێران کەسانی ژێر تەمەنی 15 ساڵ وەک منداڵی کار ده­ست­نیشان دەکا و هەرچەشنە  چەوساندنەوەی ئەم منداڵانە بە دژی یاسای کار و شیاوی بە دواداچوونی یاسایی دەزانێ و بە کەسانی 15 ساڵان هەتا هەژدە ساڵان بە “کرێکاری مێرمنداڵ” ناو دەبات. بە شێوەی گشتی کاری منداڵ بە کارێک دەوترێ کە منداڵان لە جیهانی منداڵی و ڕێز و پێگەی مرۆییان بێبەش دەکا و بۆ گەشەی و گۆڕانی بیروباوەڕیان زیانبەخشه.

بە گوێرەی هەندێ پێناسه، وشەی کاری منداڵان “بەو کارانە دەوترێ کە منداڵان لە قۆناغی منداڵی،  دەفرایەتی و ڕێز و جێگه و پێگەیان بێبەش دەکا و بۆ گەشەی جه­سته­یی و دەروونییان زیانبەخشه” و ئاماژە بەو کارانە دەکا کە ئەم تایبەتمەندییانەیان هەیه:

  • لە ڕووی جەستەیی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی مەترسیدارن و زیانیان بۆ منداڵان هەیه.
  • لە حاڵەتەکانی ژێرەوەدا ڕێگری لە خوێندنی منداڵان دەکەن:
  • لە هەلی چوونە قوتابخانە بێبەشیان دەکات.
  • بەر لە کۆتایی هاتنی خوێندن ناچار بە وازهێنان لە خوێندنیان دەکات.
  • یان ناچاریان دەکەن وێڕای چوونە قوتابخانه، کاری درێژخایەن و قورس ئەنجام بدەن.

هەر لەم بوارەدا “خراپترین جۆری کاری منداڵ” بریتییە لە کۆیلایەتی، جیابوونەوەی منداڵ لە باوەشی بنەماڵه، کەوتنە بەر مەترسی و نەخۆشی جیدی، یان بەڕەڵاکران لە سەر شەقامی شارە گەورەکان. ئەوەی کە جۆرە تایبەتەکانی “کار” دەتوانین ناو بنێین “کاری منداڵ” یان نا بەستراوەتەوە بە تەمەنی منداڵ، جۆر و کاتژمێر و کاری ئەنجام­دراو، بارودۆخی ئەنجام­درانی و ئەو ئامانجانەی کە لە لایەن وڵاتە جیاجیاکانەوە دەگیرێتە بەر. هەر بۆیە وڵامدانەوەی کاری منداڵ لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە و هەروەها لە بەشە جیاجیاکانی وڵاتێک جیاوازه.

ئاماری منداڵی کار لە جیهان

ڕێکخراوی جیهانی کار لە ساڵی 2005ـی زایینی هەواڵی حەشیمەتی 246 ملیۆن کەسی منداڵانی کاری دا و ڕایگەیاند لەم ڕێژە 73 ملیۆن منداڵ تەمەنیان کەمتر لە دە ساڵانە و هەموو ساڵێک نزیکەی 22 هزار منداڵ بە هۆی ڕووداوی کاری زۆرەملیوە گیان لە دەست دەدەن. گرینگترین دەستکەوتی هەوڵە جیهانییەکان بۆ نەهێشتنی کاری منداڵ و ڕێگری لە بە کارهێنانی منداڵان لە وڵاتە جیاجیاکانی جیهان دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی منداڵانی کار لە ماوەی کەمتر لە پازدە ساڵ بوو.

بە جۆرێک کە ڕاپۆرتی ساڵی 2018ـی ڕێکخراوی جیهانی کار پیشانی داوە ئەم ڕێژە بۆ 152 ملیۆن کەس لە جیهان دابەزیوه. بە پێی ئاماری ڕاگەیەندراوی ئەم ڕێکخراوه، هەر ئێستا نزیکەی نیوەی منداڵانی کاری جیهان، واتە 72.1 ملیۆن کەس لە ئەفریقا، 62.1 ملیۆن کەس لە ئاسیا و ئووقیانووسیە، 10.7 ملیۆن کەس لە وڵاتی ئەمریکا، 1.2 ملیۆن کەس لە وڵاتانی عەرەبی، و 5.5 ملیۆن کەس لە ئەورووپا و ئاسیای ناوەندی دەژین. بە واتایەکی تر، لە کۆی هەر 5 منداڵی ئەفریقایی یەکیان منداڵی کاره، لە حاڵێکدا ئەم ڕێژە لە لە وڵاتانی عەرەبی 2.9 لە سەد، لە ئەورووپا و ئاسیای ناوەندی 4.1 لە سەد، لە وڵاتی ئەمریکا 5.3 و لە ئاسیا و وڵاتانی ئووقیانووسییە 7.4 لە سەده. ڕێکخراوی جیهانی کار ڕایگەیاندووە کە لە کۆی 152 ملیۆن منداڵێک کە  بوونەتە قوربانی کاری ناچاری نزیکەی 73 ملیۆن کەسیان سەرقاڵی یەکێک لە پیشە مەترسیدار و زیانبەخشەکانن. زیاترین ڕێژەی کاری مەترسیدار، واتە نزیکەی سێ لە سەر چواریان، هی ئەوانەیە کە تەمەنیان لە مەودای پازدە هەتا حەڤدە ساڵانه.

سەرەڕای ئەمە نزیکەی یەک لە سەر چواری ئەو منداڵانەی کە سەرقاڵی کاری مەترسیدارن، واتە نزیکەی 19 ملیۆنیان، لە ژێر تەمەنی دوازدە ساڵانن. بە واتایەکی تر، 48 لە سەدیان تەمەنیان لە نێوان پێنج هەتا یازدە ساڵانه، 28 لە سەدیان دوازدە هەتا چواردە ساڵانن، و 24 لە سەدیان تەمەنیان لە نێوان پازدە هەتا حەڤدە ساڵانه. لەم نێوەدا 70.9 لە سەد لە کەرتی کشتوکاڵ، 11.9 لە کەرتی پیشەسازی و 17.2 لە سەدیان لە کەرتی خزمەت­گوزاریدا ئیش دەکەن.

بە پشت بەستن بەم ڕاپۆرته، دەتوانین بڵێین لە کۆی هەر دە منداڵ یەکیان دەبێتە قوربانی کاری ناچاری و وەک دەوترێ وڵاتانی باشووری بیابانی ئەفریقا زیاترین ڕێژەی منداڵانی کار لە خۆ دەگرن، بە جۆرێک کە 29 لە سەدی منداڵانی پێنج هەتا حەڤدە ساڵان لەم دەڤەرەدا ئیش دەکەن کە زۆربەشیان خەریکی کاری قورس و زیانبەخشن. ئەم  بارودۆخە لە خۆرهەڵاتی ناڤین و وڵاتانی باکووری ئەفریقا جیاوازە و لەم ناوچانەدا نزیکەی 5 لە سەدی منداڵانی نێوان پێنج بۆ حەڤدە ساڵان خەریکی کاری مەترسیدارن، بەڵام بارودۆخی منداڵانی کار لە وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیایی جێی نیگەرانیه؛ لە وڵاتانێکی وەکوو هیند و پاکستان زیاتر منداڵان لە چوارچێوەی گرێبەستی ڕایەتی دەفرۆشرێن یان دەدزرێن بۆ ئەوەی لە کێڵگە و کارخانە و کارگەکان لە بارودۆخێکی کاری دژوار کاریان لێ بکێشرێت. هەروەها لەو ماڵانەی کە مافووری تێدا دەکرێ چەوساندنەوەی هێزی کاری منداڵ، بە هۆی قامکە ناسکەکانیان باوه.

خشتەی ژمارەی (1) ڕێژە ڕەگەزی، تەمەنی و شاری و گوندییەکانی منداڵانی کار لە ماوەی ساڵانی 1375 هەتا 1390

ساڵ کوڕ کچ گوندی شاری 18-15 14-10 کوڕی گوندی کچی گوندی 18-15 گوندی 14-10 گوندی کوڕی شاری کچی شاری 18-15 شاری 14-10 شاری
1375 74.5 26.5 60 40 76 24 71 29 83.5 16.5 84.7 15.3 71 29
1385 77.8 22.2 51 49 85.4 16.5 74 26 90 10 81.2 18.4 80 20
1390 82.5 12.5 50 50 81 11 82.2 17.8 86.2 14.8 82.8 17.2 91.8 8.2

کاری منداڵان لە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە ئێرانیش باو بووه، بەڵام بە پێچەوانەی ڕۆژئاوا لە سەدەی چواردەهەمی مانگی پرۆسەی پیشەسازی لە ئێراندا دەستی پێنەکردبوو کە منداڵان بچنە کارگە پیشەسازییەکانەوە و ئەم پرۆسە لە سەدەی دواتر، واتە لە سەرەتاکانی سەردەمی ڕەزاشا دەستی پێکرد. بەو پێیەی کە ئابووری ئێران تێکەڵ بە ئابووری جیهانی بوو و دابەشکردنی کاری نوێ بەدی هات، تایبەت بەم دابەشکردنی کاره، منداڵان لە ئێراندا زیاتر سەرقاڵی ئەو ئیشانە بوون کە وەبەر ئێران کەوتبوون. یەکێک لەم کارانە ئیشکردن لە کارگەی ته­ون­کردن وەک پیشەیەکی نوێی کاری منداڵان بوو.

ئیشکردن لەم کارگەیانە زۆر قورس و دژوار بوو و بارودۆخی ناو کارگەکان زۆر نالەبار بوو. بە پێچەوانەی ئەوەی کە پیشەسازی تەون­کردن لە ئێران بازاڕێکی باشی هەبوو بەڵام تەون­کاران لە هەژارییەکی بەرەڵا بوون. سەبارەت بە بارودۆخی کاری منداڵانی تەون­کەر هاتووه: “تەون­کارانی داماو لە شوێنێکی داخراو و نالەباردا ئیش دەکەن، شوێنی کارەکەیان لە هاویندا داخراوە بۆ ئەوەی گەرمایەکی زۆر نەیەتە ژوورەوه. لە زستانیشدا هەر داخراوە بۆ ئەوەی شوێنی کارەکە گەرما لە دەست نەدا. هەر بۆیە ڕواڵەتی تەون­کاران لە نەخۆش دەچێت. هەڵبەت ئەم ڕواڵەتە نەخۆشئاسایە هۆکارێکی دیکەشی هەیە و ئەویش بە هۆی کارکردنی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ و شەش ڕۆژ لە هەفتەیه.”

چارتی ژمارە 1 لێک­بڵاوی منداڵان بە پێی کاتژمێری کاری (N= 311)

 تیۆرییەکانی پەیوەست بە کاری منداڵ

کەلتووری هەژاری

ویلا، تیلدێر و لینهان لە لێکۆڵینەوە دەرووناسی – کۆمەڵایەتییەکەیدا ئەم تیۆری و گریمانانە تاوتوێ دەکەن. ئۆسکار لوویز لە چوارچێوەی تیۆری “کەلتووری هەژاری” لە ساڵی 1996 ئەم تیۆرییانەی خستە ڕوو و خستیە بەر تیشکی ڕەخنه. ئەم تیۆرییە چوار گریمانەی سەرەکییه: گریمانەی یەکەم ئاماژە بە بێ‌سەرپەرشتی و بەڕەڵابوونی ئەم منداڵانە لە لایەن بنه­ماڵه­کانیان دەکات. گریمانەی دووهەم منداڵانی کار گرێ دەداتەوە بە هەژاری و ئەنجامی هەژاری بە بەڕەڵاکرانی بێدەرەتانانە دەزانێت.

بە پێی ئەم بۆچوونە قەدەرگەرایه، بنەماڵەی ئەم منداڵانە بە هۆی هەژاری ناتوانن لە ئاست منداڵەکانیان پابەندییە ئەخلاقییەکانیان ئەنجام بدەن و ناچارن بۆ دەرەوەی ماڵ هانیان بدەن و بەڕەڵایان بکەن. گریمانەی سێیەم منداڵانی کار بە ئەنجامی کۆچ­کردن لە دێوە بەرەو شارەکان و لێکەوتەکانی وەکوو هەژاری و پەراوێزنشینی و گۆڕانی پێکهاتەی بنەماڵە دەزانێ کە لەم حاڵەتەدا منداڵانی کار بەرهەمی پەراوێزخرانی بنەماڵە پەراوێزنشینەکانن. گریمانەی چوارەم منداڵی کار بە دەرەنجامی وردە کەلتووری شاری زۆر پەراوێزخراو و لار دەزانێت. لوویس پێی وایە کەلتووری هەژاری بە تایبەتمەندی­گەلێکی وەکوو قەدەرگەرێتی، بێ‌هیوایی، بێدەسەڵاتی، وابەستەیی، خۆبە کەمزانین و دەربازنەبوون لە هەژاری دیاری دەبێت.

کۆمەڵگاگری منداڵ

چەمکی سەرەکی لە تیۆری کۆمەڵناسی سەبارەت بە قۆناغی منداڵی چەمکی به‌کۆمەڵایەتی­بوونه. “کەلتوورگری” لەوانەیە بۆ ئەم پرۆسە هاوواتایەکی جوان بێ، چوونکە ئەم دێڕە بە شێوەی لاوەکی ئەم بابەتە دەسەلمێنێ کە منداڵان کەلتوور و فەرهەنگی ئەو جڤاکە مرۆییەی کە خۆیانی تێدا دەبیننەوە قبووڵ دەکەن و وردە وردە وەدەستی دێنن. منداڵان نابێ وەک کەسانێک سەیریان بکرێ کە بۆ بەشداری و دەستێوەردانی جیهانی ئاڵۆزی گەورەساڵان تەیار کراون؛ منداڵان دەبێ وەکوو بوونەوەرانێ لێیان بڕوانرێ کە بۆ سازدانی پەیوەندی هێدییانە و هێورانە لەگەڵ مرۆڤەکانی تر دەفرایەتی پێویستیان هەیه.

تیۆری منداڵی کۆمەڵایەتی / پێکهاتەیی بەم لێکدانەوە ئاشکرایە ئیشی خۆی دەست پێدەکا کە منداڵان لە هەموو جیهانە کۆمەڵایەتییەکاندا تایبەتمەندییەکی نەگۆڕ و سەقام­گیریان هەیه. لەم تیۆرییەدا منداڵان یەکێک لە توخمە پێکهێنەرەکانی هەموو کۆمەڵگاکان وەک کەسانێک تایبەت، بەردەوام، بەرهەست و ئاسایی دێنە هەژمار. لە ڕاستیدا ئەوانە هێمای هەر هەموو تایبەتمەندی، ڕاستی و حەقیقەتە کۆمەڵایەتییەکانن.

هەڵبەت شکۆ و ڕواڵەتیان لەوانەیە لە کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکی تر جیاواز بێ، بەڵام لە هەر کۆمەڵگایەکی تایبەت، ئەوان یەکدەست و هاوشێوەن. تا ئەم ڕادە ئەوان بەشێک لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان پێک دێنن.

ئەم تیۆرییە بەم گریمانە دەست پێدەکا کە منداڵان کەسانێکی کەم‌ئەندام و بێ‌توانا نین، بەڵکوو ئەوان گرووپێک لە ئەجێندای کۆمەڵایەتی پێک دێنن، هاووڵاتیانێک بە خواست و مافی تایبەتەوه. لە مۆدێلی منداڵی خاوەن گەشەی کۆمەڵایەتیدا ئێمە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگایەکی پێکهاتوو لە گەورەساڵانی لۆژیکی و عەقڵانی لەگەڵ منداڵانمان بەدی کرد کە چاوەڕێ بوون کە ڕۆژێ کۆمەڵێ بۆ ناو ڕێوڕەسمی تایبەت بۆ بوونە ئەندام و هەروەها بە کۆمەڵایەتیبوون لەو کۆمەڵگایە پێویست بوون – لە ئەنجامی هەندێ پرۆسەی جیاوازدا ئەنجام بدەن و بچنە ناو کۆمەڵگاوه. لە تیۆری کۆمەڵایەتی پێکهاتەیی، سەقامگیری و بەردەوامی منداڵ و هەروەها پێویستی ئەم تایبەتمەندییە داکۆکی و پێداگری لە سەر دەکرێت. بەم دەستێپکه، تیۆری­داڕێژە جیاوازەکانی ئەم تیۆرییە تێدەکۆشن بۆ ئەوەی هەم بارودۆخی پێویست و هەم هەل­ومەرجی تەواو بۆ قۆناغ و هەڕەتی منداڵی لە ناو کۆمەڵگایەکی تایبەت یان بە ڕاستی بۆ منداڵان بە شێوەی گشتی لێک بدەنەوە.

لە ڕوانگەیەکی ترەوە منداڵان هەتا ڕادەیەکی زۆر وەک وتەزایەکی گشتی لە قەڵەم دەدرێن و وا وێنا دەکرێ کە لەو زەخت و سنووردارییەی کە هۆکارەکەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی تایبەتە دەرباز دەکرێن. کەواتە منداڵان کۆمەڵێک لە زەینەکانن، بەڵام بیرۆکەیان نە سەرەڕۆیانەیە و نە هەوەسبازانه. ئەم بابەتە لە لایەن کۆمەڵگاوە دیاری دەکرێ و بەم شێوە قۆناغی منداڵی وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی سەیری دەکرێت.

کۆچ

ئەم تیۆرییە پێداگری لە سەر ئەم ڕەوتە دەکا کە شۆڕشی پیشەسازی سەرمایەداری بۆتە هۆی کۆچ­کردنی هێزی کار لە گوندەکانەوە بەرەو شارەکان و بەدی­هاتنی هێزی کاری زیادە لە شارەکان. ئەنجامی ناچاری ئەم دۆخە هەڵکشانی ڕێژەی بێکاری و کەم‌کاری و هاندانی هێزی مرۆیی بۆ کەرتی ناپێکهاتووی ئابووری و چالاکی نزمی ئەم خزمەت­گوزارییانە بوو کە حەقدەستیان کەمتر بوو. بە هۆی ئەم ڕووداوەوه، ڕێژەیەکی زۆری بنەماڵەکان پەراوێز دەخرێن کە دەکەونە بەر هەموو جۆرەکانی خەسارەت و پرسە کۆمەڵایەتییەکان.

تیۆری دەروونناسیی کۆمەڵایەتی پەیوەندیدار بە کاری منداڵان

تەندرووستی دەروون

سەبارەت بە تەندرووستی دەروونی ڕوانگەی جیاوازی وەکوو قوتابخانەی ڕه­فتارخوازی، مرۆڤ‌خوازی، تۆڕی کۆمەڵایەتی، دەروونناسی کۆمەڵایەتی، دەروونناسی مۆدێلی کاریگەری ڕاستەوخۆ یان کاریگەری سەرەکی و مۆدێلی زنجیرەیی – قەرەبوویی، قسەیان کردووه. ڕوانگەی مرۆڤ‌خوازی لەو باوەڕەدایە کە تەندروستی دەروونی واتە بە دەست هێنانی خواستە سەرەکییەکان و گەیشتن بە قۆناغی خۆگەشەیی. هەر هۆکارێک کە کەسێک لە ئاستی بە دەست هێنانی خواستە ئاست نزمەکانیدا ڕابگرێ و ڕێگە لە گەشەکردنی بکا ئەوە دەبێتە هۆی تێکچوونی کەسەکه.

بە گوێرەی ڕوانگەی ڕه­فتارخوازی، تاک ڕه­فتاری ناسازگار وەکوو دیکەی ڕه­فتارەکان بە هۆی دووپاتەوە فێر دەبێت. لە لایەکی تریشەوە تەندروستی دەروونیش بریتییە لە ڕه­فتاری سازگار (یان سازگار) کە تاک فێری دەبێت. بە پێی ئەم ڕوانگە ڕه­فتارخوازییە فێربوونی ناتەواو بە هۆکاری سەرەکی کێشەی دەروونی دەزانێ و لەو باوەڕەدایە کە تەندروستی دەروونی لە ڕێگەی هەرەس­هاتن لە فێربوونی ڕه­فتارە سازگارییە پێویستەکان یان سەرنەکەوتن لە زاڵبوون بە سەر پێگە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە دەکەوێتە ژێر کاریگەری.

چاهێن (1991) تەندروستی دەروونی بە دۆخێک لە پێگەیشتنی دەرونناسی دەزانێ کە بریتییە له: زیاترین کاریگەری و ڕەزامەندی وەدەستهاتوو لە هەمبەرێتی تاکایەتی و کۆمەڵایەتی کە بریتییە لە هەست و کاردانەوە ئەرێنییەکان بە نیسبەت خۆی و کەسانی دیکە.

مۆدێلی زنجیرە پلەیی – قەرەبوویی پێی وایە ئەگەر تاکەکان پەیوەندییە سەرەتاییە پاڵپشتییەکانیان نەبێ، بۆ وەرگرتنی پاڵپشتی پێوشوێنی پەیوەندی پلە نزم دەکەون. لە ڕاستیدا تیۆری­داڕێژانی ئەم ڕوانگە پێیان وایە بە هۆی ئەوەی پەیوەندی نزیک لەگەڵ کەسانی نزیک کاریگەرییەکی پتر لە سەر ورەی مرۆڤ دادەنێ، ئەوان گرووپە یەکەم و نزیکەکانیان لە دیکەی خەڵک پێ باشتره. خاوەن تیۆرییەکانی ئەم ڕوانگە پێیان وایە لە نەبوونی پەیوەندی سەرەتایی بنەماڵه، پەیوەندی پلەی نزمتری وەکوو هاوڕێیەتی، دەتوانێ ببێتە جێگرەوەی قەرەبووی پەیوەندییە خێزانییەکان.

بە پێی خوێندنەوە بەرکاریگەرییەکانی ئەم مۆدێله، ئەو کەسانەی کە لە تۆڕی پاڵپشتی بنەماڵەدان، کەمتر خەمۆکن و لە تەندروستی دەروونی باشتر سوودمەندن.

هەروەها لە ڕوانگەی ئێدلێر، تەندروستی دەروونی واتە بوونی ئامانجی دیاری­کراو لە ژیان، بوونی فەلسەفەی تۆکمەی بەهێز بۆ ژیان، بوونی پەیوەندی خێزانی و کۆمەڵایەتی باش و سەقامگیر، بەسوودبوون بۆ هاوچەشنەکان، بوونی جەسارەت و بوێری و لێبڕاوەیی، بوونی کۆنتڕۆڵ لە سەر سۆز و هەستەکان، بوونی ئامانجی کۆتایی و گەیشتن بە لووتکە، قبووڵکردنی عەیب و کەمایەسییەکان و هەوڵ لە پێناو چارەسەرکردنی هەڵەکانی خۆی.

تێکچوونی پرۆسەی گەشەی سرووشتی

ژان ژاک ڕۆسۆ، بیرمەندی فەڕەنسی و دامەزرێنەری شێوازە نوێکانی پەروەردە و ڕاهێنان، یەکەم کەسێک بوو کە هەڕەتی مێرمنداڵی لە منداڵی جیا کردەوە و لە نیمچە ڕۆمانی ئێمیل تێکۆشا سەرنجی ڕاهێنەر لە بابەتی وانە و فێرکردن بگوازێتەوە بۆ خودی منداڵ، وەک کەسێک کە دەبێ ئەم زانست و تەکنیکانە فێر بێ و بە خستنە ڕووی ئایدیای “منداڵ­تەوەری” و “منداڵ­مەداری” هەوڵی دا چاکسازی لە ڕوانگەی کۆمەڵگا بەرانبەر بە منداڵ بکات. بە بۆچوونی ئەو، منداڵ نە ئاژەڵێکی نالۆژیکی و نە کەسێکی گەورەساڵە بەڵکوو تەنیا منداڵە کە دەبێ پرۆسەی گەشەی سرووشتی تێپەڕێنێت.

ژان ژاک ڕۆسۆ، کە بە پێشەنگی دەروونناسی منداڵ دەیناسن، دنیای منداڵی بە جیاواز لە دنیای گەورەساڵی دەزانێ و پێی وایە منداڵ دەبێ لە جیاوازی، لاوازی و بێ­هێزییەکانی خۆی ئاگادار بێ، بەڵام نابێ بە هۆیانەوە ئازار ببینێت؛ ئەو دەبێ فێری هۆگر بوون بێ، بەڵام نابێ گوێڕایەڵێکی پەتی بێ؛. ناوبراو پەیتا پەیتا داکۆکی دەکا کە دەبێ بە پێی تەمەنیان هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵ بکرێ، چوونکە سرووشت بەر لە پێگه­یشتن وەک منداڵێک لە منداڵ دەڕوانێ و ئەگەر بڕیار بێ ئێمە ئەم هاوئاهه­نگییه بشێوێنین میوەی پێشوەختەمان دەبێ کە تامی نییە و دەکەوێتە بەر مەترسی گەندەڵ.

ئەگەر ڕا و بۆچوونی ڕۆسۆ لەگەڵ بارودۆخی منداڵانی کار هەڵسەنگێنین ڕاست تووشی هەمان میوەی پێشوەختە دەبین کە بەر لە تێپەڕاندنی پرۆسەی سرووشتی گەشە هاتوونەتە ناو دنیای گەورەساڵییەوه. ئەم منداڵانە ڕاست لەو ساڵانەی کە کاری سەرەکی ئەوان فێربوون، وەدەست­هێنانی شارەزایی، یاری و ئەزموون وەدەست­هێنانە دەبێ وەکوو تاکێکی گەورەساڵ کە بە هۆی نەبوونی و نەدارییەوە دەناڵێنێ، لە خەمی ناندا بێ و بۆ وەدەست­هێنانی داهاتی منداڵی خۆی لە سەرشەقام یان شوێنی کار کاتی بە فیڕۆ بدات.

تیۆری فێربوونی کۆمەڵایەتی

تیۆری فێربوونی کۆمەڵایەتی کاریگەری کەسانی دیکە لە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان لە بەهێزبوون یان گۆڕانی ڕوانگە و هه­ڵسوکه­وته­کانیان سەرتر دەزانێ کە دەتوانێ وەدەست­هێنانی بەها و ڕوانگە و سەرچەشنە ڕه­فتارییەکانی لێ بکەوێتەوه. یەکێک لەم تیۆرییانە، تیۆری فێربوونی کۆمەڵایەتی ئێلبێرت بەندۆرایه.

بە پێی ئەم تیۆرییە مرۆڤەکان زیاتری ئەوەی کە بۆ ڕێنوومایی و کردار لە ژیاندا پێویستیان پێیە بە تەنیا لە ڕێگەی ئەزموون و  بینینی ڕاستەوخۆ فێری نابن، بەڵکوو زۆربەیان بە شێوەی ڕاستەوخۆ و بەتایبەت لە ڕێگەی ژینگەی دەوروبەرەوە فێری دەبن. بڕوای سەرەکی بەندۆرا ئەوەیە کە زۆربەی هه­ڵسوکه­وته­کانی مرۆڤ بە شێوەی بینینی هه­ڵسوکه­وتی کەسانی دیکە و لە ڕێگەی پەیڕەوکردن فێر دەبن.

سەرچاوەی تیۆری کۆمەڵایەتی – ناسینی پێشنیارکراو لە لایەن ئالبێرت بەندۆرا دەچێتەوە سەر ئەو کۆمەڵە توێژینەوانەی کە تیۆری فێربوونی کۆمەڵایەتی لە سەر هەمان بنەما بیچمی گرتووه، بەڵام زیاتر لە سەر پرۆسەکانی بیرکردنەوەی بەشەر چڕ بۆتەوه. ئایدیای سەرەکی ناسینی – کۆمەڵایەتی ئەوەیە کە خەڵک بە دیتن فێر دەبن و ستایش و سزای هه­ڵسوکه­ته­کانی کاریگەری لە سەر ڕه­فتاری ئەوان و چاوەڕوانی بە هۆی ئەو لە بارودۆخی هاوشێوەدا دادەنێت.

هەروەها زیاتر ئەو کاتە فێربوون ڕوو دەدا کە تاک هەم‌ هاوسۆزی زۆر و خۆکارامەییەکی زۆریان لەگەڵ سەرچەشن هەیه. تیۆری کۆمەڵایەتی – ناسینی ئەم دیاردە شرۆڤە دەکا کە تاکەکان فێر دەبن و کاتێک کە دەبینن دەکەونە بەر کاریگەری. تیۆری کۆمەڵایەتی – ناسینی جەخت دەکاتەوە کە تاکەکان بە ئەگەری زۆر دەکەونە بەر کاریگەری ئەو سەرچەشن یان سەرچاوە پەیامانەی کە هاوسۆزییان لەگەڵ دەکات. کەواتە توێژینەوەی پێکهاتەیی دەتوانێ بۆ بەکارهێنانی داهاتوو لە پەیامەکاندا ئەم سەرچەشنانە بناسێتەوه. تیۆری کۆمەڵایەتی – ناسینی، هەروەها گرنگی ستایش و سزا تاوتوێ دەکا، پەیامەکانی کەمپەین دەتوانن پەرە بە دەرەنجامی ئەرێنی جێبەجێکردنی پێشنیارەکانی کەمپەین یان سزادانی بە هۆی بە هەندوەرنەگرتنی کردار یان ئایدۆلۆژیای پێشنیارکراو بدەن.

لە سەر تیۆری ئالبێرت بەندۆرا، ناوەندە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو هاوتەمەنەکان، گروپە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکان لە دروستکردن و بیچمە تایبەتمەندییە باش و خراپەکانی تاکەکان دەورێکی دیاریکەرەوه، بەربڵاو و قووڵیان هەیه. ناوبراو بە پێداگری لە سەر سەرچەشنی فێربوون و بەهێزکردن لە ڕێگەی فێربوونی شاراوە پێی وایە فێربوون لە ڕێگەی بینین دەبێتە کارکرد. بەندۆرا پێی وایە چوار پرۆسەی سەرەکی فێربوونی کۆمەڵایەتی بریتییە لە “سەرنج”، “پاراستن”، “فێربوون” “بەرهەمهێنانی کردەیی” و “پاڵنه­ر”.

بینینی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی ڕووداوێک لە لایەن کەسێک خاڵی دەستپێکی فێربوونه. لە ڕاستیدا “بە ڕەچاوگرتنی ڕووداوێک کە ببینرێ، یەکەمین هەنگاوی فێربوونی کۆمەڵایەتی سەرنج خستنە سەر ئەو ڕووداوەیه. دیارە هەتا ئەو کاتەی کە ئێمە سرنجی ڕووداوێک نەدەین و نەتوانین لە بەشە گرنگەکانی تێبگەین، ناتوانین هیچ لەو ڕووداوە فێر بین”بە واتایەکی تر، ئێمە سرنج دەخەینە سەر ئەو شتەی کە پەیوەندی هەیە بە ناوەندەکانی ژیان، خواست و بەرژەوەندییە تایبەتەکانمان. کەواتە ئەوەی فێر بووین لەبەری دەکەین و بە پاشەکەوتی ناسینەکانی ڕابردوومان زیادی دەکەین بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا وەبیریان بهێنینەوه. ئەگەر ئەو کردەوەی بینیمان لە بیرمان نەبێ، جێبەجێکردنی پەیڕەوکردن نه­شیاوه. پرۆسەی وەبەرهێنان واتە بە کارهێنانی کردەیی ئامۆژەکانمان کە خەڵات­کردن و تەمێ­کردنی لێ دەکەوێتەوە و وەبەرهەم­هێنانەوەی دروست ئەنجامی تاقیکردنەوە و هەڵەیه. لە کۆتاییدا پاڵنه­ر بۆ درێژەدان زیاتر یان کەمتر دەبێت. پاڵنه­ر، کە بۆ ئەنجامدانی کردەوە گرینگە، به­ستراو بە ستایشه.

کۆمەڵگاگری تاکەکان لە لایەن کەسانی دیکە و لە ڕێگەی پەیڕەوکردن و فێربوونی بەهاکان و نۆرمە قبووڵ­کراوەکانی کۆمەڵگا ڕوو دەدات.

خه­ڵکانی­تر زۆر جار وەکوو پردێک لە نێوان ژیانی تایبەتی و جیهانی کۆمەڵایەتی ئیش دەکەن و لە کۆمەڵگاگری ئێمەدا فاکتەرێکی بەهێزن. ئێمە لە ڕێگەی که­سانی دیکه­و ناوەندەکانەوە لە خۆمان و پێگەی خۆمان لە کۆمەڵگا تێدەگەین و هەر لە بەر ئەوەش بۆ جێبەجێکردنی ئەرک و کارکردە کۆمەڵایەتییەکانمان لە کۆمەڵگا ناچارین سرنجی پەیامی که­سانی دیکه بدەین. لە ناوەڕۆکی پەیامەکانیان تێبگەین؛ واتە هەموومان شێوازی هه­ڵسوکه­وت لە پێگە تایبەتییە کۆمەڵایەتییەکان و چاەوڕوانی دەور و ڕۆڵەکان لە کۆمەڵگا فێر دەبین. فاکتەرگەلێکی وەکوو سەرچەشن و فێرخواز دەتوانن لە سەرکەوتووبوون و شکست هێنانی فێربوونی کۆمەڵایەتی دەور ببینن. ئەو هەنگاو و داپەڕانەی کە بۆ ڕوودانی فێربوونی بینراوێک کاریگەرن بریتییە له:

سرنج: بۆ ئەوەی فێر بن پێویستە سرنج بدەن. هەر شتێک کە سرنجتان بە لاڕێدا دەبا کاریگەری نەرێنی لە سەر فێربوونی بینراو دادەنێت. ئەگەر سەرچەشن سرنج­ڕاکێش بێ یان لەم هەلومەرجی فێربوونەدا لایەنێکی نوێی هەبێ، بە ئەگەری یەکجار زۆر بە تەواوەتی سرنجتان بۆ فێربوون ڕادەکێشێت.

ڕاگرتن: توانای پاشەکەوتی زانیارییەکانیش بەشێک لە پرۆسەی فێربوونه. ڕاگرتن دەتوانێ لە ژێرکاریگەری چەندین فاکتەر بێ، بەڵام توانای دەرهێنانی زانیاری لە کاتەکانی دواتر و ئیش­کردن بە پێی ئەو پرۆسەیەکی گرینگی فێربوونی بینراوەییه.

بەرهەم­هێنانەوه: کاتێک کە ئێوە سرنجی سەرچەشنێکتان دا و زانیارییەکانتان ڕاگرت کاتی ئەوە دێ هه-ڵسوکه­وته بینراوەکە جێبەجێ بکەن. ڕاهێنانی زیاتری هه­ڵسوکه­وتی فێرکراو دەبێتە هۆی باشتربوون و بەرزبوونەوەی ئاستی لێهاتوویی.

پاڵنه­ر: لە کۆتاییدا بۆ ئەوەی فێربوونی بینراوێک سەرکەوتوو بێ، دەبێ پالنه­ری ئەو کارەتان هەبێ کە لاسایی (پەیڕەو) ئەو هه­ڵسوکه­وته مۆدێلییە بکەنەوه. بەهێزکردن و تەمێ­کردن دەورێکی گرینگی لە پاڵنه­ریدا هەیه. لە حاڵێکدا کە بە ئەزموون­کردنی ئەم پاڵنه­رانه  دەتوانێ زۆر کاریگەر بێ، بینینی که­سانی­تر لە کاتی وەرگرتنی هەر هەمان بەهێزکردن یان تەمێ­کردنیش دەتوانێ کاریگەری لە سەر ئەم پرۆسە دابنێت. بۆ وێنە ئەگەر بزانن قوتابییەکی تر بە هۆی ئەوەی لە کاتی خۆی دێتە قوتابخانە خەڵات دەکرێ، ئێوەش هەموو ڕۆژێ چەند خولەک زووتر دێنە قوتابخانه.

ئێستا ئەو پرسیارەی کە لە مێشکدا دەروست دەبێ ئەوەیە که: تیۆری فێربوون چ کارکردێکی لە خوێندنەوەی بواری کاری منداڵان هەیه؟ فێربوون یەکێک لە میکانیزمەکانی ئاستی وردە و منداڵان یەکێک لە سەرچاوەکانی فێربوونی یەکترن. کاتێک کە لە گەڕەکەکاندا کۆمەڵێ منداڵ دەچنە ناو پرۆسەی کارەوه، ئەوان دەبنە پاڵنه­رێک بۆ دیکەی منداڵان. هەروەها ئەو منداڵانەی کە چوونەتە ناو پرۆسەی کارەوە وەک زنجیرەی گواستنەوە بۆ منداڵانی دیکە لە قەڵەم دەدرێن چوونکە ئەوان تەکنیک و لێهاتوویی کار لە یەکتر و دیکەی ئەو کەسانەی کە لەگەڵیان ئیش دەکەن فێر دەبن.

پەیوەندی تیۆری نێوان منداڵی کار و بازرگانی

ئەم تیۆرییە لە ساڵی 2002 لە پەیوەندی تیۆری نێوان منداڵی کار و بازرگانی لە لایەن جێفری و لاهیری تاوتوێ کراوه. ئەوان پیشانیان دا گەمارۆ بازرگانییەکان لە ڕاستیدا لەوانەیە کاری منداڵان زۆر بکەن نەک کەمی بکەنەوه. توێژەران وا وێنا دەکەن لە وڵاتێکی کەم‌داهات کاڵای وەبەرهاتوو هەیە کە بە تەکنیکی کەمەوە ساز کراوه. لە وڵاتێکدا کە سوود ڕێژەییە و کاڵای تێدا هەناردە دەکرێ ئەم کەرتی بێبەری لە لێهاتووییە لە ئابووریدا شوێنی کاری منداڵانیش لە خۆ دەگرێت. کەواتە گەمارۆی بازرگانی کاریگەری لە سەر کەرتی ناپڕۆفیشناڵ و لە  ئەنجامدا منداڵانی کار دادەنێت. لە ڕوانگەی یەکەمدا لەوانەیە ئەم گەمارۆیانە ببنە هۆی کەمبوونەوەی داخوازی بۆ ئەم کاڵایانه، واتە ئەو کاڵایانەی کە بە لێهاتوویی کەمەوە چێ­کراون، و لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کاری منداڵان. بەڵام گەمارۆی بازرگانی دەتوانێ کاریگەری دیکەشی هەبێ، وەکوو کەمبوونەوەی نرخی تێچووی بەشداری لە  قوتابخانە کە دەست­ڕاگەیشتن بە بایەخ کەم دەکاتەوە و ئەمەش بەس بە حاڵی خۆی دەتوانێ دابەزینی ئاستی سەرمایەدانان لە بواری پەروەردەی لێ بکەوێتەوه.

سەرەدمی زانیاری و کونەڕەشەکان

کاستلێز لە توێژینەوە بەناوبانگەکەی خۆی لە ژێر ناوی “سەردەمی زانیارییەکان” بە کەڵک وەرگرتن لە خوێندنەوە و بەڵگەی ئەزموونی زۆر لە پێوەرێکی جیهانیدا چۆنیەتی نوێ­بوونەوەی پێکهاتەی سەرمایەداری جیهانی و بیچم­گرتنی سەرمایەداری زانیارییەکان و کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم نوێ­بوونەوەی پێکهاتە­ی تاوتوێ کردووه. بە پێی تیۆری کاستلێز، یەکێک لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی نوێ­بوونەوەی پێکهاتەی سەرمایەداری جیهانی و بیچمگرتنی “کۆمەڵگای تۆڕی” دەرکەوتنی پرۆسەی “جیاکاری و سڕینەوەی کۆمەڵایەتی” و “کونەڕەشەکانی جیهانی چوارەم” لە پێوەرێکی جیهانی، نیشتمانی، ناوچەیی و گەڕەکییه.

کاستلێز پێی وایە لە کۆتاییەکانی دەیەی 1960 بەم لاوە لەگەڵ شۆڕشی تەکنەلۆژیای زانیارییەکان و تێپەڕین لە سەرمایەداری پیشەسازی و کۆمەڵگا دەوڵەت­سالارەکان بۆ سەرمایەداری زانیارییەکان و کۆمەڵگا تۆڕییەکان، هەندێ گۆڕانکاری لە پەیوەندییە ئابووریە جیهانییەکاندا بەدی هاتووە کە لاوازی دەوڵەت – نەتەوە و دەوڵەتی خۆشگوزەرانی، گۆڕانکاری لە پێکهاتەی بنەماڵەی ناوه­کی کلاسیک، دەرکەوتنی بیچمە نوێکانی هەژاری و پەراوێزنشینی و “جوگرافیای سڕینەوەی – کۆمەڵایەتی – نیشتمانی” لە ناوچە جیا جیاکانی جیهانی لێ کەوتۆتەوه. ناوبراو کۆمەڵێک پرۆسەی بەدی­هێنەری جیاوازی سڕینەوەی کۆمەڵایەتی دەباتەوە سەر گۆڕانکاری لە هەر دوو قەڵەمڕەوی بواری دابەشکردن – بە کارهێنان و پەیوەندییەکان. نایەکسانی، جەمسەری­بوون، هەژاری و نەداری هەر هەموویان لەگەڵ بواری پەیوەندییەکانی دابەشکردن – بەکارهێنان یان ئاستە جیاوازەکانی وەدەست­هێنانی سەرمایه، کە لەگەڵ هەوڵی گشتی بەرهەم دەهێنرێ، لە پەیوەندیدان.

لە لایەکی تریشەوە بە تاکایەتی­بوونی کار، چەوساندنەوەی لە ڕادەبەدەری کرێکاران، سڕینەوەی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی سنووردار لە تایبەتمەندییەکانی پرۆسەی پەیوەندییە وەبەرهێنانەوەکانه. کاستلێز ڕوونی دەکاتەوە کە گرینگترین پرسی هێزی کار لە سەردەمی زانیارییەکان کۆتایی کار نییە بەڵکوو بارودۆخی کرێکارانه.

چەوساندنەوەی لە ڕادەبەدەر

بە بۆچوونی کاستلێز، نایەکسانی ئاماژە بە وەدەست­هێنانی نابەرانبەری سامان لە لایەن تاک و گرووپە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان دەکات. جەمسەری­بوون پرۆسەی تایبەتی نایەکسانییە و ئەو کاتە ڕوو دەدا کە هەر دوو سەری لایەنەکه، دابەشبوونی داهات یان سامان خێراتر لە بەشی ناوەندی ئەم لایەنە گەشە بکات. بەم شێوە ناوەندی لایەنی دابەش­کردنی سامانی بچووک­کراو و جیاوازییە کۆمەڵایەتییە نێوان‌حەشیمەتییەکان، کە لە هەر دوو سەری لایەنەکەدان، توندتر دەبێت. هەژاری پێوەرێکە کە پێناسەیەکی لکاوی هەیە و پەیوەستە بە ئاستێک لە سەرچاوەکان کە خوارتر لەو گەیشتن بە ستانداردەکانی ژیان، کە وەک لانیکەمی ژیانێکی ئاسایی لە کۆمەڵگایەکی دیاری­کراو و کاتێکی دیاری­کراو لە قەڵەم دەدرێ، گونجاو نەبێت. داماوی ئاماژە بە دیاردەیەک دەکا کە ئامارگیرانی کۆمەڵایەتی پێی دەڵێن “هەژاری لە ڕادەبەدەر “؛ واتە نزمتر لە ئاستی دابەشکردنی داهات – داراییەکان یان بە وتەی هەندێ لە کارناسان، “بێبەشی” کە کۆمەڵێکی بەربڵاو لە بێبەشییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە خۆ دەگرێت.

مەبەستی کاستلێز لە چەوساندنەوەی لە ڕادەبەدەر ئەو کۆمەڵە بارودۆخ و زنجیرە کارانەیە کە ڕێگە بە سەرمایە دەدا بە شێوەی ڕێکوپێک پێدان – تەرخان­کردن وەدوا بخا و یان لە چاو ڕێساکان (شێوازی باو لە بازاڕێکی کاری فەرمی دیاری­کراو و لە کات و شوێنی دیاری­کراو) هەلومەرجێکی تونداژۆتر بە سەر گرووپێکی دیاری­کراو لە کرێکاران بسەپێنێت. ئەم وشە ئاماژە بە نایەکسانی لە دژی کۆچبەران، کەمینەکان، ژنان، منداڵان، یان دیکەی ئەو گرووپە کرێکارانە دەکا کە وەبەر هەڵاواردن دەکەون و ناوەندە چاودێرەکان ئەوە بە ڕێگەپێدراو دەزانن و یان لەم بارەوە نەرمی دەنوێنن. یەکێک لەو ڕەوتە مانادارانەی کە لەم بوارەدا بوونی هەیە باوبوونی دیسانەوەی منداڵانی کار لە سەرتاسەری جیهان و لە هەلومەرجی چەوساندنەوەی لە ڕادەبەدەر، بێ‌بەرگری، و کەڵکاوەژۆییه.

کاستلێز هۆکارێکی دیکەی بە کارهێنانی منداڵانی لە بێ‌بەرگری­بوونیان دەزانێ کە هەر ئەوەش وا دەکا خاوەنکار بتوانێ حەقدەست و هەلومەرجێکی کاری بێ­به­زه­یانه­یان بە سەریاندا بسەپێنێت. لەو ڕووەوەی کە منداڵان توانای ناوازەیان نییە و هەروەها لە گەورەساڵانیش ڕێژه­ی به­کارهێنانیان زیاتر نییه، شیاوه گرینگترین هۆکاری دامەزراندنیان بابەتی نائابووری بێت. لەم بابەتەدا زۆر هۆکاری نائابووری بوونیان هەیه، بەڵام گرینگترینیان ئەم بابەتەیە کە منداڵان سەبارەت بە مافەکانی خۆیان زۆر ئاگادار نین، کەمته­رخه­من، بە ئاسانی  فەرمانەکان جێبەجێ دەکەن و بە بێ هیچ سکاڵایەک کارە یەکدەستەکان ئەنجام دەدەن، متمانەپێکراوترن، ئەگەری دزی­کردن لە ناویاندا کەمترە و کەم پێش دێت لە شوێنه­کەدا ئامادە نەبن. لە پیشەسازییە کەرتی نافەرمییەکاندا، کە کرێکاران بە شێوەی نافەرمی و بە هەڵکەوت دادەمەزرێنرێن و لە ئەنجامدا هەموو ڕۆژێ پێویستیان بە گرووپی تەواوی کرێکارانه، بەشدارنەبوونی کەمتری کرێکاران بۆ خاوەنکارەکان زۆر گرینگه. سەرچاوەی کەڵکاوەژۆیی و خراپ بە کارهێنانی منداڵان دەبێ لەو میکانیزمانەدا بۆی بگەڕێی کە هەژاری و سڕینەوەی کۆمەڵایەتی لە سەرتاسەری جیهانی لێ دەکەوێتەوه.

کەوتنە ناو داوی هەژاری و بێبەشبوونی وڵاتان، ناوچەکان و گەڕەکەکان لە خولگەکانی سامان و دەسەڵات و زانیاری، داڕمانی پێکهاتەکانی بنەماڵە کە دوایین مەتەرێزی بەرگری لە منداڵانە تێک دەڕووخێنێت. لە هەندێ لە وڵاتانی هەژاری جیهان لە ناوچە گوندی و گەڕەکی تەنەکەنشینەکان ئەم پێکهاتەیە دەبینین کە پشتی بنەماڵەی شکاندووه، بە جۆرێک بۆ مانەوەی خۆیان یان منداڵەکانیان دەفرۆشن یان دەیاننێرنە سەر شەقام بۆ ئەوەی یارمەتیدەری بنەماڵە بن. کاستلێز ئاماژە بەوە دەکا کە ئەم بارودۆخی سەخت و چەتوونی کارییە بە حەقدەستی کەمەوە بۆ منداڵان و کاتژمێری دوور و درێژی کار بە هۆی چەند هۆکاری جیاوازە:

یەکەم ئەوەی کە ئەم بابەتە بە هۆی پەرەسەندنی هاوکاتی هەژاری و جیهانگیری چالاکییە ئابوورییەکان لە جیهانه. قەیرانی ئابوورییە بژێوییەکان و هەژاربوونی بەشە گەورەکانی حەشیمەت، بنەماڵە و منداڵان هان دەدا کە بۆ مانەوەی خۆیان دەست بدەنە هەر ئێشێک؛ لەم بارودۆخەدا ئیدی دەرفەتێک بۆ خوێندن نامێنێت، بنەماڵە زیاتر پێویستیان بە ناندەرهێنەرە و ئەم پێویستییە زۆر بەپەلەیه. بنەماڵەکان لە ڕووی ناچارییەوە ڕۆڵەکانی خۆیان بۆ ئیشی ناچاری هان دەدەن. خوێندنەوە ئەنجام­دراوەکان کاریگەری بنەماڵەی پڕحەشیمەت لە سەر کاری منداڵان پیشان دەدا؛ هەرچی ڕێژەی منداڵان زیاتر بێ، ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لە بری قوتابخانە دەنێردرێنە سەر شەقامیش زیاتر دەبێت.

کۆچ، پەراوێزنشینی

داڕمانی کۆمەڵگا نەریتییەکان لە سەرتاسەری جیهاندا هەیە کە منداڵان پەلکێشی ناوچە هەژارنشینەکانی گەورەشارەکانی وڵاتانی نەپارێزراو دەکات. ئەم بابەتانە بریتییە لە کۆچ و کۆچی ناچاری منداڵان لەگەڵ بنەماڵەکانی خۆیان بۆ ناوچە و وڵاتانی  دیکە کە ئەمەش دەبێتە هۆی لە ناوچوونی سیستەمی پاڵپشتی و سیستەمی باوک­سالاری نەریتی.

سڕینەوەی کۆمەڵایەتی

لە دیکەی توخمە شیکارییەکانی کاستلێز چەمکی “سڕینەوەی کۆمەڵایەتی”ـیه. سڕینەوەی کۆمەڵایەتی پرۆسەیه نەک بارودۆخ. کەواتە سنوورەکانی دەگۆڕێ و لە زەمەنە جیاوازەکاندا بە گوێرەی ئاستی خوێندەواری، تایبەتمەندییە حەشیمەتییەکان، هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی، شێوازە کارییەکان و سیاسەتە کردەییەکان، واتە چی کەسانێک کۆمەڵایەتی بیانگرێتەوە و چی که­سانێک لێی بسڕێنرێنەوه، لەوانەیە جیاواز بێت. جیا لەوە ئەگەرچی بە هۆی نەبوونی کاری ڕێک­وپێک وەک سەرچاوەی داهات لە کۆتاییدا میکانیزمی سەرەکی سڕینەوەی کۆمەڵایەتییه، ئەوەی کە تاک و گرووپەکان بۆچی و چۆن بۆ دابین­کردنی پێداویستییەکانی خۆیان ڕووبەڕووی دژواری – بێ‌ئامرازی و دەرفەتی پێکهاتەیی – دەبنەوە و به­ستراو بە لایەنێکی بەربڵاوی جۆرە جیاوازەکانی هەژارییه. هەروەها کاستلێز پێی وایە پرۆسەی سڕینەوەی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای تۆڕی ئێمەدا پەیوەندی لەگەڵ خەڵک و وڵاتان هەیه، بە جۆرێک کە لە هەندێ هەل­ومەرجدا هەندێ لە وڵاتان، ناوچه، شار یان گەڕەکەکان بە تەواوەتی نامێنێن و زۆربەی حەشیمەتی خۆشیان بۆ ئەم لا پەلکێش دەکەن.

بە گوێرەی ئەم گۆڕانکارییە پەیوەندیدارانەی کە لە ڕەوتی نوێ­کردنەوەی پێکهاتەی ئابووری جیهانی لە بواری ئابووری سیاسی کۆمەڵگاکانی ئەوڕۆدا ڕوو دەدا بیچم­گرتنی پرۆسەی سڕینەوەی کۆمەڵایەتی لێ کەوتۆتەوه. کە لە سەر بنەمای پەیوەندییەکانی دەسەڵات و چەوساندنەوەیە و لە سەر ئاستە ناوەندی و وردەکان بە پێی بگۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو ڕەگەزێتی و تەمەن بە شێوازێکی جیاواز ئیش دەکا، بە جۆرێک کە بە هۆی ئەم پرۆسەوە لاوازترین گرووپەکان لە سۆنگەی تەمەن و ڕەگەزەوە تووشی چەوساندنەوە و سڕانەوەی دووقات دەبن کە نموونەی وەها بابەتێک کاری منداڵان و چەوساندنەوە و کەڵکاوەژۆیی لێکردنیان لە حاڵەتی جۆراوجۆره.

خوێندنەوەکانی کاستلێز پیشان دەدا پەیوەندی ناتەواو و پەیوەندی ئابووری نابەرانبەر وڵاتانی جیهانی سێیەم و  لە حاڵی گەشە لەگەڵ ئابووری جیهانی لە ڕێگەی بەرنامەی هاوسەنگ­کردنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بەربڵاوی لەم کۆمەڵگایانەدا بەدی هێناوە کە له زۆرێک لەم کۆمەڵگایانەدا ڕووبەڕووی لاوازی دەوڵەت – نەتەوە و بەتایبەت لاوازی و داوەشانی هێدییانەی دەسەڵاتی خۆشگوزەرانی، گۆڕانکاری لە ئابووری بژێوی و پەرەسەندنی کەرتی نافەرمی ئابووری بۆتەوه. ئەم گۆڕانکارییە پەیوەندیدارانە لە بواری ئابووری سیاسی بۆتەوە هۆی بەهێزبوونی هەژاری، نابەرانبەری، داماوی، بە تاکایەتی­بوونی کار، چەوساندنەوەی لە ڕادەبەدەری هەژاران، ژنان و منداڵان، سڕینەوەی کۆمەڵایەتی، و بیچم­گرتنی ئابووری تاوانبارانە لەم چەشنە کۆمەڵگایانەدا.

گۆڕانی پەیوەندییە خێزانییەکانی چین و توێژە پلە نزمەکان لەگەڵ ئابووری سیاسی و سیستەمی چینایەتی کۆمەڵایەتی سەرچەشنی ئابووری بنەماڵه، و بە دوایدا پێکهاتەی نەریتی و سەرچەشنی پەیوەندییە کارکردییە خێزانییەکانی چین و توێژە نزمەکانی کۆمەڵگای گۆڕیوه. هەروەها به­ستێنی زیاتری بۆ کاری ژنان و منداڵانی لە کەرتی ئابووری نافەرمی و چەوساندنەوەیانی خۆش کردووە و دەرکەوتنی “جیهانی چوارەم” لە پێوەری جیهانی، ناوچەیی و گەڕەکی لێ کەوتۆتەوه.

کونەڕەشەکان

بە باوەڕی کاستلێز، کۆمەڵگای تۆڕی خۆی قووت دەدا، چوونکە وەها منداڵەکانی خۆی تەفر و توونا دەکا کە لە نەوەکاندا مانای بەردەوامی ژیان لە بار دەبا و بەم شێوە داهاتوویەک دروست دەکا کە تێیدا سۆزی مرۆڤایەتی نییە، کە کاستلێز ناوی دەنێ کونەڕەشەکان. کارکردی کونەڕەشەکانی جیهانی چوارەم ئەوەیە کە پەراوێزخراوەکان دەگرێتە خۆی و لە هەمان کاتدا هاوکاری وەبەرهێنانەوەی سڕینەوەی کۆمەڵایەتی دەکات. ئەم کونەڕەشانە لە هەمان کاتدا کە زۆر جار لەگەڵ یەکتر لە پەیوەندیدان، لە سۆنگەی کۆمەڵایەتی – کەلتووری هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ ڕەوتی سەرەکی کۆمەڵگا نییه. ئەم ناوچانە لە سۆنگەی ئابوورییەوە لەگەڵ بازاڕە تایبەتەکانی وەکوو ئابووری تاوانبارانە و لە ڕووی ئیدارییەوە لەگەڵ ناوەندگەلێکی وەکوو پۆلیس و دابین­کردنی کۆمەڵایەتی کە بۆ کۆنتڕۆڵ­کردنیان دامەزراون، لە پەیوەندیدان.

جیهانی چوارەم لە ناو دڵی چەندین کونەڕەشی سڕینەوەی کۆمەڵایەتی لە سەرتاسەری جیهاندا سەریان هەڵداوه. جیهانی چوارەم ناوچەیەکی بەربڵاوی گۆی زەوی وەکوو وڵاتانی ئەفریقایی ژێر هێڵی بیابان و ناوچە هەژارەکانی ئەمریکای لاتین و ئاسیا لە خۆ دەگرێ، بەڵام ئەم جیهانە دەتوانین بڵێین لە هەموو وڵات و هەموو شارێکی ئەم جوگرافیا سڕینەوەی کۆمەڵایەتییەش دەبینرێت. ئەم جیهانە لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی شارەکانی ئەمریکا، دانیشتووانی ناڕەسەنی ئەسپانیایی، یان کۆمەڵێک لە گەنجانی بێکاری گەڕەکە فەڕەنسییەکانی باکووری ئەفریقا، گەڕەکەکانی بووسیای ژاپۆن، تەنەکەنشینەکانی (کەوێڵنشینەکانی) گەورەشارەکانی ئاسیا پێک هاتوون.

دانیشتووانی جیهانی چوارەم لە ملیۆنان لانەواز، زیندانی، تاوانبار، لەشفرۆش، دڵڕەق، بەدناو، نەخۆش و نەخوێندەوار پێک هاتوون. ئەوان لە هەندێ لە ناوچەکاندا زۆرینەن و لە هەندێ ناوچەی دیکەشدا کەمینەن و لە هەندێ لە بارودۆخی باشتردان، کەمینەیەکی بچووک پێک دێنن، بەڵام لە هەموو شوێنێکدا ڕێژەیان ڕووی لە هەڵکشانە و بوونیان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ تۆختر دەبێ، چووونکە ڕەوتی ئێستای سەرمایەداری زانیاری و داڕمانی سیاسی دەوڵەتە خۆشگوزەرانییەکان دەبێتە هۆی توندتربوونی سڕینەوەی کۆمەڵایەتی.

وێنەی ژمارەی (2) چارتی مۆدێلی تیۆری کونەڕەشەکان

کاستلێز پێی وایە لە نێوان لۆژیکی بازاڕی بێ­سنوور لە ئابووری جیهانی تۆڕی، کە تەکنەلۆژیای پێشکەوتنی زانیارییەکان بەهێزیان دەکەن و دیاردەی منداڵانی کار پەیوەندییەکی پێکهاتەیی هەیه. لە ڕاستیدا  لە بواری گەشەی ئابووری زۆر جار ڕووبەڕووی ئەم بۆچوونەی شارەزایان دەبینەوە کە پەرەسەندنی کاری منداڵان وەک کاردانەوەیەکی لۆژیکی بازاڕ قبووڵ دەکا، کە لە بارودۆخی تایبەتیدا قازانجێک بە وڵاتان و بنەماڵەکان دەگا و داکۆکی لە سەر دەکات. هەروەها بە هەر دوو کۆمەڵە فاکتەرەکانی خستنە ڕوو و داخوازی دەبێ داڕمانی دەوڵەتەکان  و کۆمەڵگاکان و بنەبڕکردنی بەربڵاوی حەشیمەتەکان بە هۆی سەرچاوەکانی کەڵکاوەژۆیی لە ڕادەبەدەری سڕینەوەی و لە ناوبردنی منداڵان زیاد بکەین. لە لایەکی تریشەوە نەخوێندەواری دەبووە هۆی بێکاری، هەژاری و لە کۆتاییدا بێبەشێتی کۆمەڵایەتی.

فاکتەر و بەستێنە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی بەدی­هێنەری کاری منداڵ

بە پێی ڕوانگەی مەندلویچ، فاکتەرە ئابووری، کۆمەڵایەتی، و کەلتوورییەکان دەورێکی گرنگیان لە بەدی­هاتنی به­ستێنه­کانی کاری منداڵدا هەیه. لە وڵاتانی ڕوو لە گەشە هۆکاری هەڵکشانی ئەم دیاردە هەژاری و لاوازی بارودۆخی ئابوورییه. هەروەها نەریتە پەیوەندیدارەکان لە وڵاتانی کەمترگەشەسەندوو وەک فاکتەرێکی دیکە لە قەڵەم دەدرێت. نەبوونی پەروەردەی فەرمی و نەبوونی ژێرخانی ئابووری  بەهێز وای کردووە دایک و باوکەکان بۆ ڕێگری لە کات بە فیڕۆدان و کات­کوشتنی منداڵەکانیان هەوڵی جێبەجێ­کردنی ئیشێکی گونجاو بۆ منداڵەکانیان بدەن.

ڕووانگەی ڕۆدجێر و ئێستێندینگ دەڵێ بە خستنە ڕووی تۆڕی شیکاری لەو وڵاتانەی کە داهاتیان کەمه، فاکتەرە دیاریکەرەوەکانی کاری منداڵ بە سەر دوو بەشدا دابەش دەکرێن: یەکەم بەستێنە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، فاکتەری دووهەم هه­ڵسوکه­وتی ورده. لە پرسی بەشی یەکەم پێکهاتەی پرۆسەی بەرهەم­هێنان و بازاڕی کار ڕچاو دەکرێ و ئەم باوەڕە هەیە کە لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا هەر هەموو ئەندامانی بنەماڵە بۆ مانەوە و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی ئەرکەکانیان ڕادەپەڕێنن و منداڵانیش بە گوێرەی ئەرکی خۆیان کار دەکەن. بە واتایەکی دیکە لەم چەشنە کۆمەڵگایانەدا کار بەشێکە لە پرۆسەی کۆمەڵگاگری.

بە پێی ڕوانگەی ئەوان، ئەگەرچی پرۆسەکانی بە پیشەیی­بوون و شارنشینی لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا بۆتە هۆی هەڵکشانی ڕێژەی جۆرەکانی کاری منداڵ، لە درێژماوەدا ڕادەی کاری ئەوانی کەمتر کردووەتەوه. لە بەشی دووهەمدا باس لە ڕۆڵی بنەماڵە و یان ئەندامانی بنەماڵە لە شێواز و سەرچەشنی کاری منداڵان دەکا، چوونکە ڕەهەند و پێکهاتەی بنەماڵە ڕۆڵێکی دیاریکەرەوەیان لە کارکردن یان نەکردنی منداڵان هەیه. بە شێوەی گشتی سێ فاکتەر هۆکاری هەڵکشانی ڕێژەی کارکردنی منداڵان لە وڵاتانی خاوەن داهاتی کەمن:

ئەلف) بارودۆخێک کە تێیدا ڕێژەی زک و زا کەم بۆتەوە و زۆربەی منداڵانی ئەم بنەماڵانە لە هەڕەتی مێرمنداڵی و سەرەتای گەنجێتی­دان؛

ب) پێگەی پیشەسازی کاری ئەندامانی بنەماڵە بە ئەگەری کاری منداڵان لەو بنەماڵانەی کە کرێکاری گەورەساڵی سەرەکی لە کەرتی کشتوکاڵ و خزمەت­گوزاری و بەتایبەت خۆپیشەیی کار دەکات؛

ج) داهاتی بنەماڵە و هەروەها خوێندەواری دایک و باوک لە دیاریکەرەوە گرنگەکانی کارکردنی منداڵانه.

گڕۆتایرت و کانبۆر لە ڕوانگەی ئابوورییەوە فاکتەرەکانی کاری منداڵانیان تاوتوێ کردووە و بە سەر دوو بەشی فاکتەرەکانی خستنە ڕوو و فاکتەرەکانی داخوازی کاری منداڵان دابەش کردووه: بە باوەڕی ئەوان فاکتەرەکانی دیاری­کەرەوەی خستنە ڕووی کاری منداڵ بریتییه:

1) ڕێژەی ئەندامانی بنەماڵە و تەرخانکردنی کات: چۆنیەتی تەرخانکردنی کاتی منداڵ بۆ کارکردن لە لایەن ئەندامانی بنەماڵەوە بە پێی ڕێژە و پێکهاتەی ئەندامانی بنەماڵه، ئامرازی بەرهەم­هێنانی منداڵ و دایک و باوکە کە زیاتر به­ستراوه بە بارودۆخی ناوماڵ و بازاڕی کار و پلەی جێگرەوەی کاری نێوان منداڵ و دایک و باوکی، کە زیاتر دایکه. کەواتە ڕەهەندی ئەندامانی بنەماڵە لە کارکردنی منداڵاندا دەوری سەرەکی دەبینێت.

2) کاردانەوەکانەی ئەندامانی بنەماڵە بە لە دەستدانی پیشه: هۆکاری سەرەکی کارکردن بە منداڵان لە لایەن بنەماڵە لە لایەک زیادکردنی داهاتی بنەماڵە و لە لایەکی تریشەوە بەڕێوەبەرایەتی باشتری هەل­ومەرج و هەستی مەترسی لە دەستدانی داهاته.

فاکتەرە دیاری­کەرەوەکانی داخوازی کاری منداڵیش بەم شێوەیه:

1) پێکهاتەی بازاڕی کار: بازاڕی کار بەش بە حاڵی خۆی دەوری پیشە لە داهاتی ئەندامانی بنەماڵەدا دەبینێت.

2)  تەکنەلۆژیا: ئاستی تەکنەلۆژیا لە سەر ئەو ڕادانەی کە منداڵ دەتوانێ ببێتە جێگرەوەی گەورەساڵان کاریگەری دادەنێت.

ڕێکارە کردەییەکانی کەم کردنەوەی کاری منداڵ

گەشەی ناهاوسەنگ لە وڵاتدا لە سەر بنەمای سەرچەشنی ناوەند – پەراوێز و هەڵاواردن لە دژی هەندێ گرووپی ئێتنیکی و ئایینی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەژاری و بێبەشی بەشێک لە خەڵکی ئەم وڵاتەیه. لە ئێستادا زۆرێک لە بنەماڵەکان و منداڵان بە مەبەستی دۆزینەوەی کار و دابین­کردنی لانیکەمەکانی ژیان بە شێوەی هەتاهەتایی یان کاتی لە ناوچە دەورووبەرییەکان (ناوچەی پەراوێز) و بە زۆرینەی گرووپی ئێتنیکی تایبەتەوە بەرەو تاران و دیکەی شارە گەورەکان کۆچ دەکەن. ڕاستە لە پلان گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵات جەخت لە سەر گەشەی هاوسەنگ کراوەتەوه، بەڵام هێشتا لە سەر ئاستی ئەم وڵات نایەکسانییەکی قووڵ بەدی دەکەین. کە واتە ناوەندە بەرنامەداڕێژەکانی وەکوو ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجه و دیکەی ناوەندە دەسەڵاتییەکان دەبێ لە بەرنامەکانیاندا بە مەبەستی گەشەی ناوچە پەراوێزەکان، گەڵاڵەی هەڵاواردنی ئەرێنی بگرنە بەر بۆ ئەوەی لەم ناوچانەدا ڕادەیەک لە گەشە بدەی بکەین، چوونکە ئەم ناوچانە یەکێک لە ناوەندەکانی کۆچ و بە هۆیەوە سەرچاوەی کاری منداڵانن.

2) لە زۆرێک لە ناوچە پەراوێز و دەوروبەرییەکانی وڵات و تەنانەت لە ناو چینە پلە نزمەکاندا هەلە ئابوورییەکان لکێنراوە بە پەروەردەی کەمەوه. کاتێک کە خوێندن پیشەی لێ نەکەوێتەوه، بنەماڵەکان لە بواری خوێندنی منداڵەکانیاندا سەرمایەگوزاری ناکەن، چوونکە وا وێنا دەکەن ئەم سەرمایەگوزارییە لە داهاتوودا بۆیان ناگەڕێتەوە و خاوەن پیشەبوونی منداڵەکانیانی لێ ناکەوێتەوە و لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی لە دەستدانی سەرمایەکانیان و بە فیڕۆچوونی تەمەنی منداڵەکەیان. لەبەر ئەوەیە کە بنەماڵەکان پششتیوانی لە خوێندنی ڕۆڵەکانیان ناکەن و دژی درێژەدان بە خوێندنیانن و لە ئەنجامدا بۆ کارکردن هانیان دەدەدن.

وەک وترا دایک و باوکەکان پێیان وایە خوێندن پیشەی لێ ناکەوێتەوە و ئەمە فێری ئیشێکی کردەییە کە دەبێتە هۆی باشتربوونی پیشەکەیان، لە حاڵێکدا ئەو پیشانەی وا ئەو منداڵانە هەڵی­دەبژێرن یەکەم ئەوەی کە هەر لە تافی منداڵییەوە قورس و خەسارەت­بەخشە و دەرهاویشتەی خراپ و نەخوازراوی جەستەیی و دەروونی توندی بە دواوەیه؛ دووهەم ئەوەی کە ئەم پیشانە هەتا هەتایی نیەن و لەگەڵ بێکاربوونی منداڵەکان پرۆسەی نالەباری هەژاری و بێکاری بە تاقی دەکەنەوه؛ و سێیەم ئەوەی کە ئەم پیشانە بە هۆی دژواری کار و چوونی پێشوەختە بۆ ناو بازاڕی کار دەبێتە هۆی خانەنشینی پێشوەختە و ئەم کەسانە لە گەنجێتی و پیریدا زیاتر ئازاری جەستە بە ئەزموون دەکەن. تەنانەت بۆ منداڵان خۆشیان درێژەدان بە خوێندن گرینگ نییه، چوونکە دەزانن گەیشتن بە ئامانجەکانیان واتە دۆزینەوەی هەلی کار لە ڕێگەی خوێندنەوە نه­شیاوه. کەواتە گریگی­دان بە پیشە لەم ناوچانەدا، بەتایبەت پیشەی پەیوەندیدار بە خوێندن، بۆ ڕێگری لە کارکردنی منداڵان و بەتواناکردنیان لە ڕێگەی درێژەدان بە خوێندنەوە پێویسته.

3) ناسینەوەی منداڵانی کار و بنەماڵەکانیان لە گەڵاڵەیەکی نیشتمانی و داڕشتنی پلانی بەربڵاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و بە تواناکردنی بنەماڵەکان یەکێک لە ڕێکارە سەرەکییەکانه. لە ئێران ئەرکی پاڵپشتی لە زیانبەرکەوتووانی کۆمەڵایەتی لە سەر ئەستۆی ڕێکخراوی بێهزیستییە (چاکژیانەوه). ئەم ڕێکخراوە بە یارمه­تی و هاوکاری دیکەی ئەو  ڕێکخراوانەی کە بەرپرسیاریەتی پاڵپشتی و پەروەردەیان هەیه، وەکوو کومیتەی ئیمداد، ڕێکخراوی کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزارەتی خۆش ڕابوواردن، هەرەوەرزی و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزارەتی  ئابووری، ئیدارەی کاروباری هاووڵاتیانی بیانی و پەروەردە و ڕاهێنان دەبێ منداڵانی مەترسی لە سەر، دابڕاو لە خوێندن، و ناچارکراو بە کار بناسێتەوە و لە ڕێگەی بەتواناکردنی بنەماڵەکانیان ئەم منداڵانە لە پرۆسەی کاری زۆرەملی ڕزگار بکات. ئەم ئاراستە بە باشترکردنی دۆخی ئابووری بنەماڵەکان، دابین­کردنی تێچووی خوێندنی منداڵان، و پیشەداربوونی سەرپەرشتیاری ئەندامانی بنەماڵە گونجاو دەبێت.

گێڕانەوە مەیدانییەکانی پەیوەندیدار بە منداڵانی کار 

گواستنەوەی بار بە داشقه: یەکێکی دیکە لەو کارە ئەستەمانەی کە منداڵان ئەنجامی دەدەن گواستنەوەی بار بە داشقەیه. لە پاڵ هەندێ لە پرسەکانی وەکوو ڕێگرتن و مشتومڕکردن لەگەڵ ڕێبوارەکان و ئەو گرژی و شەڕانەی کە لە نێوان منداڵەکان خۆیان ڕوو دەدا، یەکێک لە مەترسییە سەرەکییەکانی ئەم کارە گواستنەوەی بارێکی قورس بە پیاسه­یێکی زۆر لە درێژەی ڕۆژدایه. بۆ منداڵێک کە ئەندامانی جەستەی هێشتا بە تەواوەتی گەشەی نەکردووە و لە حاڵی گەشەدایە، گواستنەوەی بارێکی قورس گەشەی جه­سته­یی تووشی کێشە دەکا و زیان بە بڕبڕەی پشتیان و دیکەی ئێسکەکانیان دەگەیێنێت. ئەم منداڵانە لە شەقامە قەرەباڵغ و پڕهاتوچۆکانی ناوەندی شار ئیش دەکەن و لەوانەیە هاوشێوەی منداڵانی دەس­فرۆش و سەرشەقامی، لەگەڵ شۆفێرەکاندا تووشی گرژی و شەڕ بن. ئەوان لە درێژەی ڕۆژدا جۆرەکانی پیسییان بەر دەکەوێ و دووکەڵێکی زۆر دەچێتە ناو لەشیانەوه. کۆمەڵێک لەم منداڵانە مەترسییەکانی کاری خۆیان بەم شێوە گێڕاوه:

تەنێک بار دەخەیتە سەر داشقەیەک بەم گەرمایه، عارەقە دەکەی، داشقەکە دەکێشی. بە ڕاستی ئەزیەت دەبیت.

وێنەیەک لە منداڵێکی داشقەچی لە بازاڕی گەورەی تاران (وێنەیەک لە توێژەر)

 

لوڕ و کورد ئازارمان دەدەن؛ ئەگەر بار هەبێ، ناهێڵن، دەڵێن ئێمە ئێرانین، دەڵێن ئێرە وڵاتی ئێمەیه، کەڵەگایی دەکەن، دەڵێن وڵات هی خۆیانه.
بێزارین، ئەم داشقه، ئەوداشقه، داشقەچێتی زۆر دژواره.
زۆر شەڕ لەگەڵ ئێرانییەکان دەکەم. خۆیان دێن جوێنمان پێ دەدەن، بۆ وێنە دەتهەوێ تێپەڕی، پاڵت پێوە دەنێن یان پاڵ بە داشقەکەت دەنێن؛ باری پێیە داشقەکەت فڕێ دەدا.
مرۆڤ ئازار دەبینێ، بارەکەت قورسه، مرۆڤ زۆر ماندوو دەبێ، بارێکی قورس، لە ماڵدا ماندوو دەبی، لە کاتژمێر 9 دەبێ هەستی و بیێتە ئێره.
ڕۆنی بیست کیلۆیی و برینجی چل کیلۆیی دەگوازمەوه، شەکری سەد کیلۆیی، پەنجا کیلۆیی. هەموویان  قورسن، کابرا شەکەت دەبێت.

وێنەیەک لە منداڵێکی داشقەچی لە بازاڕی گوڵی ئیمام ڕەزا (وێنەیەک لە توێژەر)

کار لە کارواش: زۆربەی ئەو مەترسیانەی کە منداڵان لە کارواش ڕووبەڕووی دەبنەوە کاتژمێر کاری دوور  و درێژ و کەم‌خەوی، کارکردن بە پاوه، بۆنی پاک­کەرەوەکان و ئیش­کردن بەوان و لە هەندێ حاڵەتدا کەم­ئەندام­بوون بە هۆی ئەوەی ناتوانن  ئامرازەکانی کار بە کار بێنن. گێڕانەوەی منداڵانی پیشەدار لەم بازاڕەدا سەبارەت بە مەترسی کارەکەیان بەم شێوەیه:

دانەیەک تازە هاتە ئێرە شیلانەکە درا لە چاوی چای تەقاند، چاوەکانی کوێر بوو ئەو ئێستاش لە نەخۆشخانەیه.

دژواره؛ لە حەوتی بەیانییەوە هەتا دەی شەو ئیش دەکەم، هەر بە پێوەم، هەر ئاوه، بۆنی کەف هێڵنج بە پیاو دێنێت.

خاوێنی دەکەینەوه، ئۆتۆمبێلەکەی بۆ گسک دەدەین. هەندێ جار قسەیەک دەپەڕێنن کابرا پێی ناخۆش دەبێ، خاوەن کاریش هەندێ جار بە خراپ هەڵسوکەوتمان لەگەڵ دەکات.

زبڵ­گەڕی: زبڵ­گەڕی یەکێک لە خراپترین جۆرەکانی کاری منداڵانه. منداڵان لەم جۆرە کارەدا مەترسی زۆر بە ئەزموون دەکەن. گرینگترینەکەیان بریتییە له: بڕینی دەست و پەنجەکان بە هۆی بوونی شتی تێژ و بڕێنەری وەکوو دەرزی، شووشە و هتد لە ناو زبڵەکان، دەست خستنە ناو زبڵە پیس و بۆگەنەکان، بۆن­کردن بە بۆنی پیسی زبڵدانەکان بەتایبەت هاوین، پیاسه­ی دوور و درێژ لەگەڵ گواستنەوەی بار یان زبڵ لە سەر شان، بە ئەزموون­کردنی جۆرەکانی توندوتیژی و بوونە قوربانی تاوان، نیشتەجێ­بوون لە شوێنی مەترسیدار، کارکردن لە گەرما و سەرما، کاتژمێری کاری دوور و درێژ و ماندوویه­تی لە ڕادەبەدەر، چوونە ناو زبڵدان یان چەمانەوە بۆ ناو زبڵدان و یان ئەگەری بە سەردا کەوتنی زبڵدان و لە هەمووی گرینگتر ئەو ئازارە دەروونییەی کە لە ئەنجامی ئەم کارە بە سەریاندا دەسەپێت. گێڕانەوەی هەندێ لە منداڵانی زبڵگەڕ سەبارەت بە مەترسی و دژواری کارەکەیان بەم شێوەیه:

دژواریەکەی ئەوەیە کە خەوت نییه، دەبێ ڕێگەیەکی زۆر بپێوی؛ هەر زبڵ دەکەیتە کۆڵ و هەر بە ڕێوەی.

بۆنی زبڵ و زبڵدان پیاو قڕ دەکات.

ئەستەمییەکەی ئەوەیە لە بەیانییەوه، لە دەی بەیانییەوە هەتا نۆی شەو کار دەکەین. ئینجا بەیانی کاتژمێر شەش لە خەو هەڵدەستین هەتا دە کار دەکەین. ناتوانین سیم کارتێک بکڕین، تەلەفۆن بۆ ماڵەوە بکەین. نایلێکسێک دەکەیتەوە و دەست دەکەیتە ناوی و پەڕۆی منداڵ دەکەیتەوە دەستت پیس  دەبێت.

ئێمە هەموومان دەستمان دەبڕێ، ئەو شتە تیژانە دەستمان دەبڕن، کە دەستیشمان دەبڕێ لەتە کۆتاڵێک کە لە زبڵدانەکەدا دەیدۆزینەوه، برینەکەمانی پێ دەبەستین.

ئێستا کە دەچینە سەر زبڵ و شت، ئەم ماسکانە زۆر بوون ئێمەش چوون دەستکێشمان نییە دەستمان لێی دەکەوێت.
یەکێک لە شارەزایانیش سەبارەت بە مەترسییەکانی ئەم کارە دەڵێ:

ژینگەیەکی لەبار نییه، چوونکە کاتژمێری کارییەکەی زۆره. ناچارن ڕوو بکەنە مادەی هۆشبەر بۆ ئەوەی کاتژمێری کارکردنەکەیان زیاتر بێت. لە بواری زبڵدا بارودۆخی تەندروستی جێی داخە و ئەم منداڵانە چاودێری گشتییان بە سەردا ناکرێ کە لە شەقامەکاندا زۆر کەمتره. لە ناو گاراژەکاندا کە لەگەڵ منداڵەکان قسەمان دەکرد دەیانگوت بارودۆخی ناو کارگەکان زۆر خراپتر بووه. خراپتر لەو بارەوە کە خاوەنکار بە خراپ هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کردوون قوڵکەکان لەم بە نیسبەت باشترن.

 

وێنەیەک لە زبڵە شارییە کۆکراوەکان لە لایەن منداڵانەوە لە گەڕەکی جەننەتاوا (وێنە لە توێژەر)

کارگەی چێو و دارتاشی: ئەو مەترسییە گرینگانەی کە لەم بازاڕەدا هەڕەشە لە منداڵان دەکا بریتییە لە هەڵگرتنی باری قورس، دەنگە دەنگی زۆری شوێنی کار، بڕین و کەم­ئەندام­بوون بە هۆی کار کردن بەو ئامێرانەی کە نازانن بە کاری بێنن.

گێڕانەوەی هەندێ لە منداڵانی ئیشکەر لە کابینەت­سازی و مۆبڵ­سازی لەم بارەوە بەم شێوە بوو:

ئەگەر ئەم قامکەم بچێتە ژێری، دەقرتێ؛ زۆر زوو دەقرتێ، چوونکە لار و گێڕه. هەر بۆیە سەخته.

جارێکیان زیانی پێگەیاندم، قاچێکم پەڕی.

ئەمانە بەرز دەکەینەوه، دەیخەینە ئێره، ئەمانە دژواره.
بەو پێیەی کە ئیش­کردن بە هەندێ ئامێر زۆر ئەستەمە و دەتوانێ ببێتە هۆی زیان­گەیاندن، هەندێ لە خاوەنکارەکان ئەم بابەتە دەزانن و ئیزنی ئیش­کردن بەم ئامێرە بە منداڵەکان نادەن. گێڕانەوەی یەکێ لە منداڵە ئیش­کەرەکانی دارتاشی ئەم خاڵە پشتڕاست دەکاتەوه:

ئامێری دارتاشی کە دەست دەبڕێ، تەلمەی ئەوەش دەکا، سەرەڕای هەموو ئەمانە دەبێ کار بکەین. جارێکیان دەستی براکەمی بڕی؛ هات زبڵەکان فڕێ بدا، دەستی بڕی … ناهێڵن من زۆر توخنی کەوم، خاوەن کار دەڵێ دەستت دەبڕێت.

 

وێنەی مێرمنداڵێکی ئیشکەر لە کارگەیەکی چێو لە گەڕەکی سمایلاوا (وێنەی توێژەر گرتوویەتی)

 گوڵفرۆشی: یەکێکی دیکە لەو کارانەی کە بۆ منداڵان مەترسیداره، کارکردن لە بازاڕی گوڵ و یان فرۆشتنی گوڵ لە سەرەڕێکانه. بە گشتی ئەم چەشنە لە چاو کارەکانی دیکە مەترسی کەمترە و بە هۆی ئەوەی منداڵان بە هۆی تۆڕی خزمایەتی ڕاکێشی ئەم کارە بوون، هەمیشە ڕادەیەک لە پاڵپشتی کۆمەڵایەتی وەردەگرن. لەم کارەدا تەنانەت هەندێ جار ئیش­کردن بە گوڵ بۆ منداڵان خۆشە و چێژ لەم کارە دەبینن، بەڵام فرۆشتنی گوڵ لە سەر شەقامەکاندا هاوشێوەی کارەکانی دیکە هەندێ مەترسی هەیه. گێڕانەوەی منداڵان لە مەترسی و ئەزموونە ناخۆشەکانیان لەم کارە ئاوەها بوو:

لە گوڵفرۆشیدا هەر لەبەر هەتاوی. تاقەپڕووکێنه.

لێرە دەبێ جێگۆڕکێ بە داشقەکانیش بکەی، ئیتر سەخته.

من گوڵیش دەچێنم. ئەرێوەڵا سەخته.

ئێمە دەبێ کاتژمێر چواری بەیانی لە خەو هەستین. ناخۆشییەکەی ئەوەیه.

خۆشە؛ کاتێک گوڵدانەکان دەگۆڕی، هەستێکی زۆر خۆشی هەیه. بۆ وێنە خۆڵەکەی دەگۆڕی یان گوڵەکەی. لای خۆت دەڵێی کڕیار ئەم گوڵدانە بباتەوە بۆ ماڵەوە تۆ بڵێی چەندە بمێنێت.

ئەنجامی کۆتایی

شێوازی جێبەجێ­کردنی یاساکان و چاودێری­کردن بە سەریاندا، تۆڕی کۆچبەران، هەڵاواردنە ڕەگەزێتی و ئێتنیکییەکان، پەیوەندییەکانی دەسەڵات، نیشتەجێ­کردن، (شوێنی نیشتەجێ­بوون) و بەها و ڕوانگەکانه. بە گوێرەی بنەمای یاسای کاری ئێران، کاری منداڵانی ژێر تەمەنی پازدە ساڵ قەدەغەیه، بەڵام ئێمە دەبینین کە ڕێژەیەکی زۆری منداڵانی ژێر تەمەن پازدە ساڵان کار دەکەن. ڕێژەیەکی زۆریان لە کەرتی ئابووری نافەرمی و هەندێکی دیکەیان لە کەرتی  فەرمی ئیش دەکەن. وەکوو ئیش­کردن لە کارگەی بەرهەم­هێنان، کوورەخانەی خشتسازی، دووکانی مادەی خۆراکی، کارخانەی بلوورسازی و شووشەسازی، کارکردن لە کەرتی کشتوکاڵ، بازاڕی گوڵ و گوڵخانە و کاروباری لەم چەشنه. بەڵام بە داخەوە پشکنەرەکانی وەزارەتی کار چاودێری بە سەر ئەمانەدا ناکەن و لە ئەنجامدا خاوەن کاران بە شێوەی کردەیی یاسای کار دەور لێ دەدەنەوە و منداڵانی کار بە کار دێنن. تەنانەت ئەو کاتەی کە پشکنەرەکان بە مەبەستی چاودێری سەردانی شوێنی کار دەکەن، خاوەنکارەکان بە شێوەی جۆراوجۆر منداڵان دەشارنەوه.

تۆڕی کۆچبەرانیش بە لکاندنی خاڵی نێوان سەرەتا و مەبەست، به­ستێن بۆ منداڵانی کار خۆش دەکات. وەک دەبینین منداڵانی هەندێ لە ئێتنیکەکان لە هەندێ لە کارەکاندا چالاکترن. بۆ وێنە زبڵگەڕەکان زیاتر خەڵکی هەراتن یان ئەو منداڵانەی کە لە سەوزیخانە ئیش دەکەن خەڵکی پارێزگای کوردستانن. ئەم بەڵگانە گرنگی تۆڕەکانی کۆچ  لە لکێنراوبوون بە کار پیشان دەدەن. هەڵاواردنە ئێتنیکی و ڕەگەزێتییەکان یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی کارکردنی منداڵانه. بەشێک لە هەڵاواردنە ئێتنیکییەکان لە ژێر کاریگەری هەمان گەشەی ناهاوسەنگه. بەڵام تەنیا لەوه­دا سنووردار نابێتەوه. لە ئێراندا هەندێ لە ئێتنیک و ژنان بە هۆی هەڵاواردنی پێکهاتەییەوە دەناڵێنن و دەستیان لە هەندێ هەلی سیاسی، ئابووری و سەربازی کورت بۆتەوە و یان بینیومانە سەرەڕای ئەوەی کە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا ڕێژەی ژنانی سەرپەرشتیاری بنەماڵە یەکجار ڕووی لە هەڵکشان کردووه، ئەوان لە بواری دەستگەیشتن بە دەرفەتەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگی پێکهاتەیی زۆر بوونەتەوە و دەبنەوه. ئەنجامی هەڵاواردنە پێکهاتەییەکان سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە دەرفەتەکانە کە ئەمەش هەژاری زێدەتری لێ دەکەوێتەوه.

پەیوەندییەکانی دەسەڵاتیش یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانه. بە هۆی نەبوونی یاسا بۆ ڕێک­کردنی پەیوەندییەکانی نێوان خاوەنکار و کرێکار لە کەرتی نافەرمی و دەور لێدانی یاساکانی لە کەرتەکانی دیکە خاوەنکاران کەڵکاوەژۆیی لە هێزی کار دەکەن و لە ڕاستیدا دەیانچەوسێننەوه. هەروەها پێویستە ئەوەش بکوترێ کە بە باوەڕی بنەماڵەی منداڵانی کار خاوەنکار سەرچاوەی دەسەڵاتە و لە ئەگەری ڕوودانی هەر چەشنە ئازارێک بنەماڵە ماف بە خاوەنکار دەدا و دژی ناوەستێتەوه. بەم پێیە و بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار لە ساڵی 2005، بە شێوەی مام­ناوەندی ساڵانە 22 هەزار منداڵ بە هۆی خەسارەتەکانی کارەوە دەمرن.

منداڵانی کار، بەدەر لە زیان و خەسارەتی جەستەیی ڕووبەڕووی خەسارەتی دەروونیش دەبنەوە کە ئەم خەسارەتانە چارەسەر ناکرێن و لێکەوتەی قەرەبوونەکراویان لێ دەکەوێتەوه. بۆ وێنە منداڵی کرێکار لە ڕەهەندی ناسینییەوە تووشی لاوازی دەبن و ئەم پرسە کاریگەری لە سەر فێربوونیان، بەتایبەت لە قۆناغی خوێندندا دادەنێت. گەشەی سۆزداری منداڵانیش بە هۆی کار لە بارودۆخی دژواری دەروونیدا تێک دەچێ و زیان بە هەست­گەلی وەکوو خاوەن ڕێزبوونی تەواو، متمانە بە خۆبوون، هۆگربوون بە بنەماڵە و عەشق و دۆستایەتیان دەگات. ئەم منداڵانە هەروەها تووشی جۆرەکانی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەبن کە تایبەت بە تەمەنیان نییه. و بە بوونی بەرپرسایەتی کاری لە کارگەیەکی بچووک، بە هۆی نەبوونی پەروەردەی پێویست و نەبوونی توانای پلان ڕشتن، لە شوێنی کاردا بەردەوام دڵەڕاوکێیان هەیە کە ئەم دڵەڕاوکێیە هاوڕێی هەتاهەتایی ژیانیانه.

پێڕستی بابەتەکان

امینی، یوسف و امینی، محمد. (1390). بررسی تأثیر پدیدە طلاق بر سلامت روانی و عزت نفس دانش آموزان پسر مقطع راهنمایی در شهرستان بوکان.

احمدی، کامیل و همکاران (1400)، ردپای استثمار در جهان کودکی، انتشارات آوی بوف، دانمارک.

ایمان زاده، علی و علیپور، اسرية. (1398).  تجربە زیستە کودکان کار شهر تبریز از احساس تنهایی، مطالعات و تحقیقات اجتماعی ایران، 8 (2) ، 279-304.

ایمانی، نفیسه؛ نرسیسیانس، ایمليا (1390). مطالعە انسان شناسانە پدیدە کودکان کار خیابانی در شهر کرج. مسائل اجتماعی ایران، 3 (1) ، 7-32.

بخشنده، مجتبی و نیکپور قنواتی، لیلا. (1395). سنگ فرش هر خیابان از طلا نیست. تهران: جامعە شناسان. تن، الکسیس اس. (1388). نظریه‌ها و پژوهش‌های ارتباط جمعی (ترجمة نعيم بدیعی). تهران: انتشارات همشهری.

تولایی، حسین رفیعی، حسن و بیگلریان، اکبر. (1388). رابطە کار کودک با توسعە انسانی در کشورهای توسعە نیافتە و درحال توسعه، رفاە اجتماعی، 9 (35) ، 301-336.

جیمز، آلیسون: جنکس، کریس و پروت، آلن. (1383).  جامعە شناسی دوران کودکی (نظریه‌پردازی دربارە دوران کودکی) (ترجمە علیرضا کرمانی و علیرضا ابراهیم آبادی). تهران: ثالث.

حسینی، سید حسن. (1383). وضعیت کودکان کار و خیابان در اني ان. فصلنامە رفاە اجتماعی، 5 (19)، 155-173.

زنجانی، حبیب الله. (1380). مهاجرت. تهران: سیت. عرب مازاباد یزدی، علی. (1398). اقتصاد غیر رسمی و نابرابری در ایران در آسیب های اجتماعی و نابرابری: دومین گزارش وضعیت اجتماعی ایران 1388-1396. ج 2 ص 495-516)، تهران: آگاه.

معیوضی، غلام حسن (1388). سبک زندگی، تلویزیون و مصرف. فصلنامە فرهنگی – دفاعی زنان و خانواده. 5 (16)، 143-167.

کورسا رو، ویلیام ای. (1393). جامعە شناسی کودکی (ترجمة علیرضا کرمانی و مسعود رجبی اردشیری ). تهران: ثالث.

لیتل جان و فاس. (1394). نظریه‌های ثابت. تهران: نشر وازرت امور خارجه.

نادری، صلاح الدين. (1393). جامعە شناسی مردم مدار و آزمون نظریه‌کاستلن در عرصە کار کودکان (پژوهش عملی مشارکتی با کودکان افغان در مركز دوستدار کودک مشتاق).گروە جامعە شناسی دانشکدە ادبیات و علوم اجتماعی دانشگاە باهنر کرمان بە نقل از انجمن حمایت از حقوق کودکان، 1398، ص 88).

کاستلز، امانوئل (1380). اقتصاد، فرهنگ، مصر ارتباطات، پایان هزارە (ترجمە افشین خاکباز و احمد علیقلیان). جلد السوم، تهران: طرح نو.

الاهیاهی، طاهر. (2002). بررسی اقتصاد ایران. تهران: آریانا قلم.

 

سەرچاوە لاتینییەکان:

ILO. (2017). Global estimates of child labour: Results and trends, 2012-2016. Geneva: International Labour Organization Geneva.

Unicef. (2002). innocenti digest: Child domestic work.

O’Driscoll, D. (2017). Overview of child labour in the artisanal and small-scale mining sector in Asia and Africa. K4D Helpdesk Report. Brighton, UK: Institute of Development Studies

Ventis, L. (1995). The relationship Between religious and mental health. Journal of Social Issues, 15, 33-44

Cantor, M. (1979). Neighbors and friens: An overlooked resource in the informal support system. Research on agina, 1, 434-463.

Thoits, P. (1982). Conceptual, methodological and theoretical problems in studying social support as a buffer against life stress. Journal of health and Social Behaviors, 23(2),145-159

Grooter, Chiritia and Ravi, Kanbur. (1995). Child Labour: Economic Perspective. International Labour Review, 134 (2), 187-203.

Mendevich, Elias. (1979). Child Labour. International Labour Review, 118 (5)