زەمینە و لێکەوتەکانی زبڵگەڕی – توێژینەوەیەک سەبارەت به زبڵگەڕیی منداڵان له شاری تاران و دەوروبەری

 دابەزاندن PDFی وتار

کامیل ئەحمەدی

پوختە

منداڵان له شاری تاران به شێوازی جۆراوجۆر خەریکی هەندێ کاری وەکوو زبڵگەڕی وەک یەکێک له خراپترین جۆرەکانی کاری منداڵانن. زبڵگەڕی منداڵان له شاری تاران باوه که لەم کارەدا زیانێکی زۆر ئاوقانی منداڵان دەکا و دژی زۆرێک له یاسا و ڕێسا پەسەندکراوەکانی ناوخۆ و شاره. ئامانج لەم توێژینەوه، توێژینەوەی به­ستێنی و  لێکەوتەکانی زبڵگەڕیی منداڵان له شاری تاران و خستنه ڕووی تیورییەک سەبارەت بەم به­ستێنه­یه. بەم پێیه شێوازی تیوری زەمینەیی به کار هێنرا و بۆ کۆکردنەوەی داتاکان تەکنیکی دیمانه و بینین به پێی شێوازی نموونەگیری ئامانج­دار و تیوری به کار هێنراوه.

هەروەها به مەبەستی درووست­کردنی تیوری چاوێکمان به بەڵگه و سەرچاوەکانی ئەم بوارەشدا خشاند. کۆمەڵگەی بەرتوێژینەوه منداڵانی زبڵگەڕ و دیکەی زبڵگەڕەکانن. به مەبەستی شیکاریی ئەنجامەکان شێوازی کۆدینگی سێ‌قۆناغی له سەر بنەمای سەرچەشنی شتراوس و کەربین به کار هێنرا. ئەنجامەکان پیشان دەدا سێ به­ستێنی ئابووری وەکوو هەژاری و ئابووری زبڵ؛ ۆمەڵایەتی – فەرهەنگی و کەلتووری له چوارچێوەی به­ستێنی بنه­ماڵه­یی و تۆڕه کۆمەڵایەتییەکان و به­ستێنی سیاسەتی وەکوو یاسا و شێوازەکانی بەڕێوبردنی زبڵ بۆتە هۆی زبڵگەڕبوونی منداڵان. زبڵگەڕەکان له چوارچێوەی تۆڕی کۆمەڵایەتی وەکوو تۆڕی خێزانی کار دەکەن. پەیوەندی کارییان چەوسانەوەییه و هەل­ومەرجی کار و ژیانی ئەم منداڵانە زەمینەی خەسارەتهەڵگربوونیان خۆش دەکا و له بە‌کۆمەڵایەتی‌بوونیان‌ کێشه ساز دەکات. نەهێشتنی زبڵگەڕی منداڵان له تاران پێویستی به کۆمەڵێ دەستێوەردانی سیاسی له وڵاتی ئەڤغانستان و بەڕێوەبردنی کۆکردنەوەی زبڵ له شاری تارانه که بۆ ئەم مەبەسته هەندێ پێشنیار خراوەتە ڕوو.

بەراییەکان

ئەوڕۆکه له سەر ئاستی شاری تاران جۆره جیاجیاکانی کاری منداڵان که یەکیان زبڵگەڕی منداڵانه بەدی دەکەین. زبڵگەڕی وەک یەکێک له خراپترین جۆرەکانی کاری منداڵان ماوەی چەند دەیەیه له شاری تاراندا سەری هەڵداوه و تا دێ ڕەهەندەکانی بەربڵاوتر دەبێتەوه به جۆرێک که بۆته پرسێکی کۆمەڵایەتی و پێشێل­کردنی مافەکانی منداڵان. به پێچەوانەی یاسا پەسندکراوەکانی ناوخۆی ئێران و ڕێساکانی بەڕێوبردنی زبڵ، بەشێک له کەسانی سەرقاڵی ئەم دیارده منداڵانن. تەمەنی شیاو بۆ هەر پیشه و کارێک به پێی ئاسەوار و کاریگەری ئەو کاره له سەر تەندروستی و گەشەی تاک دیاری دەبێت. به پێی ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و به گوێرەی گرێبەستی ژماره 138ـی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار، بۆ پیشە جیاوازەکان لانیکەمی تەمەن دیاری کراوه. یوونیسێف کاری منداڵی وەک “کارێک که له لانیکەمی کاتژمێری دیاریکراو زیاتره، به پێی تەمەنی منداڵ و جۆری کار” پێناسه دەکات. ئەم چەشنه کارانه به زیان­بەخش سەیر دەکرێن و پێویسته هەوڵ بۆ نەمانیان بدرێت. (یوونیسێف، 2007).

له زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا کاری منداڵ وەک پێشێل­که­ری مافەکانی منداڵ سەیر دەکرێت (ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، 1990). منداڵانی کار له لایەن خاوەنکار و ئەندامانی بنەماڵەوه هەمیشه له بەر دەم چەوساندنەوه، کەڵکاوەژۆیی و توندوتیژیدان (جها، 2009).

بەو پێیەی که منداڵان وەک چینی خەسارەتهەڵگری کۆمەڵگا دێنه هەژمار، کاریگەرییه نەرێنییەکانی زبڵگەڕی له سەر ئەم چینه تۆختر بۆتەوه. ئەم کاریگەرییانه به شێوەی کۆمەڵەیەکی پێکەوه گرێدراو کاریگەری له سەر هەموو بوارەکانی ژیانی منداڵ دادەنێ، به جۆرێک که له خوێندن دەیانگێڕێتەوه و دەرفەتی بوونی پیشەیەکی باش له داهاتوویان لێ زەوت دەکا و دەتوانێ هەڕەشه له تەندروستی جەستەیی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و مەعنەوییان بکات. ئەمه له حاڵێکدایه که به هۆکاری جیاوازی ژیانی و کۆمەڵایەتی و یاسایی، کارکردنی منداڵان وەک فاکتەرێکی زیان­بەخش ڕچاو دەکرێ و به قەدەغەکراو لە قەڵەم دەدرێ، بەڵام سەرەڕای قبووڵ­کردنی ئەم ڕێسا حاشاهەڵنەگره، هێشتا له شاره جیاجیاکانی ئێراندا بوونی منداڵان له سەر شەقام و ناوەنده جیاجیاکان و هەروەها منداڵانی زبڵگەڕ بەدی دەکەین.

بەشی سەرەکی ئەم کەسانه ئەو کۆچبەرانەن که به شێوەی نایاسایی له پرۆسەی مێژوویی ئاڵۆز و ڕاکردن له جەنگ و بشێوی و نەبوونی هەلە ئابوورییەکانی وڵاتی خۆیان هاتوونەتە وڵاتی ئێران و کار دەکەن. دیاردەی زبڵگەڕی منداڵان له شاری تاران له چاو شارەکانی دیکه بەرچاوترە و ئەمه له حاڵێکدایه که زبڵگەڕی “منداڵان لە تافی منداڵی، توانا و شان و شکۆ بێبەش دەکا و بۆ گەشەی جه­سته­یی و دەروونییان زیان­بەخشه” (پۆرتاڵی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار، کۆنفیدراسیۆنی یەکێتی کرێکارانی نێودەوڵەتی، 2008، ل 1).

هەروەها بەو پێیەی که دەوڵەتی ئێران گرێبەستی جیهانی مافەکانی منداڵی واژۆ کردووه و پابەندییەکانی منداڵانی کار و سەرشەقامی قبووڵ کردووه، سەرباری ئەمه لەگەڵ تێپەڕینی چەندین ساڵ، ئەم چینه به فەرمی نەناسراون و دیاردەی منداڵانی کار و زبڵگەڕ له حاڵەتێکدا باوه که به پێی زۆرێک له کۆنوانسیۆنە جیهانییەکان، که وڵاتی ئێرانیش به هەندێکیان پابەندە قەدەغە کراوه. ئەم بەڵێننامە جۆره جیاوازەکانی کاری منداڵان و هەروەها خراپترین جۆرەکانی کاریشی قەدەغە کردووه. مادەی 79 یاسای کار لە ئێرانیش کارکردن بە کەسانی ژێر تەمەنی 15 ساڵی قەدەغە کردووه. به گوێرەی یاسای کار ئەگەر خاوەنکارێک منداڵی خوار تەمەن 15 ساڵان دابمەزرێنێ، تاوانباره و سزا دەدرێت. له لایەکی دیکەشەوه، یاسادانەر له مادەی 84 یاسای کاری پێشبینی کردووە کە ئەو پیشە و کارانەی کە تایبەتمەندییەکەیان بۆ تەندروستی و یان ئەخلاقی فێرخوازان و مێرمنداڵان زیان­بەخشه، لانیکەمی تەمەنی کار هەژدە ساڵانی تەواوە کە لێکدانەوەی ئەم بابەتە لە ئەستۆی وەزارەتی کار و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتییه.

سەرەڕای قەدەغەکرانی کاری منداڵان هێشتا له ئێران و بەتایبەت له شاری تاران زۆرێک له منداڵان له کەرتی زبڵگەڕیدا ئیش دەکەن. سووڕی دارایی بەرچاوی ئەم بازاڕه، تارمایی بوونی پەیمانکارانی مافیایی زەق دەکاتەوه، به جۆرێک که بە بەکارهێنانی منداڵان زەمینەی چەوساندنەوەیان خۆش دەکەن. به پێی بەڵگە بەردەستەکان سەبارەت بەوەی که دیاردەی منداڵانی زبڵگەڕ له سەر ئاستی شاری تاران باوه، ئەم توێژینەوه به نیازه به پێداگری­کردن له سەر هۆکار و لێکەوتەکانی زبڵگەڕی منداڵانی ئەم بابەتە بناسێ و خوازیاری ئەوەیه وڵامی ئەم پرسیارانه بداتەوه: پەیوەندی زبڵگەڕی له سەر ئاستی شاری تاران چۆنه؟ به­ستێنه­کانی بیچم­گرتنی دیاردەی زبڵگەڕی منداڵان له شاری تاران چییه؟ و زبڵگەڕی چی لێکەوتەیەکی بۆ منداڵان هەیە؟

پێشینەی توێژینەوه

لەو کاتەوه که مرۆڤ بۆی دەرکەوتووه کە دەتوانێ دیسان ماده و سەرچاوه فڕێدراوەکان به کار بێنێتەوه، ئەم سەرچاوانه به لای مرۆڤەوه گرینگ و پڕبایەخ بوون. لەگەڵ دەسپێکردنی سەردەمی نوێ و بەرهەم­هێنان و بەکارهێنانی کەل­وپەلی شیاوی مانەوە، ماده شیاوی بەکارهێنانەوەکان گرینگتر بوون. هەر لەم ئاراستەدا لەگەڵ نیشتەجێ­بوونی مرۆڤ له شار، کۆکردنەوەی زبڵی شاری بوو به یەکێک له پرسه گرینگه شارییەکان و بەڕێوەبردنی شار (اسکات، 2012). هەڵکشانی ڕێژەی حەشیمەت، بەرهەم­هێنان و بەکارهێنان پشکێکی گرینگی له زۆربوونی قەبارەی زبڵ هەیە و بەڕێوەبردنی زبڵ بۆته توخمێکی دیاریکراو بۆ ژیانگری شاری.

وڵاتانی ڕوو له پێشکەوتنیش بەرهەم­هێنەری بەشێکی زۆری زبڵن که به سەرچاوەی ناتەواو و دەفرایەتی تەکنیکی کەم بەڕێوەی دەبەن (ویلسون و دیتران، 2012). هەر بۆیه له زۆربەی وڵاتانی ڕوو له پێشکەوتن، بەکارهێنانەوەی زبڵ له لایەن کەرتی نافەرمی ئەنجام دەدرێت. بەراورد کراوه که نزیکەی 15 ملیۆن کەس له کەرتی نافەرمی بەڕێوەبردنی زبڵ واته جیا له بەڕێوەبردنی فەرمی زبڵ، ماده شیاوی بەکارهێنانەوەکان له زبڵ ئاوێتەکان جیا دەکەنەوه (مدینا، 2007). هەروەها به پێی هەڵسەنگاندنەکان، له وڵاتی ئێرانیشدا ڕۆژانە نزیکەی 50 هەزار تۆن زبڵ بەرهەم دێ که پشکی شارێکی وەکوو تاران له بەرهەم­هێنانی زبڵ، نزیکەی 7 هەزار و 500 تۆن له ڕۆژه (فیلسوفی، 1390؛ نوذرپور، 1396). بڕی ئەو زێدەباییەی که زبڵی وشک لەم شارەدا بەرهەمی دێنێ نزیکەی دوو ملیارد و 240 ملیۆن بەراورد کراوه (افراخته و حجتی‌پور، 1396).

هەژاری یەکێک له هۆکاره سەرەکییەکانی ئەنجام­دانی کاری زبڵگەڕییه، هەڵبەت هەر هەموو هەژاران لەم کەرتەدا ئیش ناکەن، بەڵکوو زیاتر گرووپه تارێنراوەکان، ماف­خوراوان و گرووپه بەرزیان­که­وتوو و خەسارەتهەڵگرەکانی وەکوو کۆچبەران، ژنان، منداڵان، کەم­ئەندامان، بێکاران، پیر و بەساڵاچووان و لانەوزان لەم کەرتەدا کار دەکەن (دیاس، 2012؛ ویلسون و دیتران، 2012). زبڵگەڕی یەکێک له جۆرەکانی کاری منداڵانه و زاراوەی کاری منداڵان “زۆر جار بەو کارانە دەوترێ کە منداڵان لە تافی منداڵی، په­ستان و شان و شکۆ بێبەش دەکا و بۆ گەشەی جه­سته­یی و دەروونییان زیان­بەخشه” و ئاماژە بەو کارانە دەکا کە ئەم تایبەتمەندییانەیان لە خۆ گرتووه: ئـ) ئەو منداڵانە لە هەلی چوونە قوتابخانە بێبەش دەکا، بەر لە کۆتایی­هاتنی خوێندن ناچار بە وازهێنان لە خوێندنیان دەکات.

یان ناچاریان دەکا بەشداری لە هۆڵەکانی خوێندن تێکەڵ بە کاری لە ڕادەبەدەر دوور و درێژ و قورس بکەن (ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار؛ 2017). زبڵگەڕییش بریتییه له: “کۆکردنەوه و جیاکردنەوەی دەستی ماده­ی شیاوی بەکارهێنانەوەکان و یان مادەی شیاوی بەکارهێنانی دووباره له زبڵە ئاوێتەکانی ناو ناوەندەکانی فڕێدانی زبڵ یان شوێنەکانی کۆکردنەوەی زبڵ، له زبڵدانی ماڵ و زبڵدانی سەر شەقامەکان، ناوەندەکانی گواستنەوه و هەروەها کامیۆنەکانی کۆکردنەوەی زبڵ (ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار، 2004). له حاڵێکدا که جۆرە جیاوازەکانی کاری منداڵان بوونی هەیە، یەکەمایەتی له نەهێشتنی دەستبەجێی جۆرەکانی کاری منداڵانه که به پێی مادەی 3 کۆنوانسیۆنی ژماره 182 ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار له ژێر  ناوی “خراپترین جۆری کاری منداڵان” ناسراون. یەکێک له جۆرەکانی کاری منداڵان ئەو کارانەیه (وەکوو زبڵگەڕی) که به پێی شوناس یان بارودۆخیان بۆ تەندروستی و ئاسایش و پڕەنسیپه ئەخلاقییەکانی منداڵان زیان­بەخشن (دیالو و هاوکاران، 2013).

وەک وترا هەژاری له ئاسته جیاجیاکاندا یەکێک له هۆکارەکانی زبڵگەڕی منداڵانه؛ چونکه منداڵان بۆ دابین­کردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەکانیان پێویستیان به کارە و زبڵگەڕی وەک ڕێکارێک بۆ مانەوەی ئەوان و بنەماڵەکانیان دێته هەژمار. بنەماڵەکانیشیان به نیازی دابین­کردنی خواست و پێداویستییەکانیان منداڵەکانیان دەنێرنه ناو بازاڕی کار. هانت و هاوکاران به لێکۆڵینەوە لە سەر منداڵانی زبڵگەڕ پیشانیان داوه ئەم منداڵانه له بنەماڵەی هەژارەوه دێن؛ بۆ وێنه هەندێکیان کێشەی بەدخۆراکییان هەیە و سەبارەت به هەندێ کێشەی وەکوو کێشەی تەندروستی زانیاری بڵاو بۆتەوه، ناچنه قوتابخانه و ئەگەر بچن ئەگەری ئەوه هەیه که دەریان بکەن.

له هەندێ حاڵەتدا دایک و باوکەکانیان مردوون یان ماڵ و منداڵیان به جێ­هێشتووه یان بێکارن و ڕوو دەکەنه زبڵگەڕی. بەو پێیەی کە ئەم منداڵانه له خراپترین بارودۆخدا ژیان دەکەن، زبڵگەڕی وەک ڕێکارێک بۆ مانەوەیان سەیر دەکرێت (الجارادین و دیتران، 2015؛ هانت، 1996). لە پەیوەندی لەگەڵ هەژاری و کاری منداڵ باسۆ و وەن بۆچوونیان وایه که ئەگەر مووچه یان داهاتی بنەماڵەکان کەم بێ، ئەوا منداڵەکانیان ناچار به کارکردن دەکەن، چونکه داهاتی منداڵ دەتوانێ بڕێ داهاتی بنه­ماڵه زیاد بکا، به جۆرێک که بنەماڵەکان بتوانن پێداویستییەکانیان دابین بکەن (امرسون، 2009).

له وڵاتی ئێراندا منداڵانی کۆچبەری ئەڤغانی بەشێکی زۆری ڕێژەی منداڵانی کار پێک دێنن (ایمانی و نرسیسانس، 1390 هەتاوی؛ حسینی، 1383 هەتاوی؛ ئەحمەدی، 1400 هەتاوی). بەشێکی زۆری منداڵانی کۆچبەر به هۆی کۆچی نایاسایی و بێبەش­بوون له مافه هاوڵاتییەکان زیاتر ڕوو دەکەنه کاری مەترسیداری وەکوو زبڵگەڕی (زند رضوی و رحیمی پورانارکی، 1390 هەتاوی). وامقی و هاوکاران پیشانیان داوه تایبەتمەندی ئێتنیکی لەگەڵ جۆری کاری منداڵان هاوپەیوەستە، به جۆرێک که ئەنجام‌‌‌دانی کاری نائاسایی (زبڵگەڕی و سواڵکەری) له ناو ئەڤغانییەکاندا زیاتر برەوی هەیه. ئەگەری ئەوه هەیه که هۆکاری کەمی منداڵانی  ئێرانی بۆ کاری نیوەباو دەگەڕێتەوه بۆ ئەوەی ئەم کارانه له ڕووی کۆمەڵایەتییەوە کەم‌پەسەندکراون و تەنانەت له ناو منداڵانی ئەڤغانستانیشدا، زبڵگەڕی له پیشه ئاست نزمەکانه.

لەم نێوەندەدا، به پێی ئەنجامه وەدەست­هاتووەکان منداڵانی زبڵگەڕی سەر ئاشی مەلارد له هەر دوو تاقی ڕۆژ و شەو  ئیشیان دەکرد، بەڵام به هۆی زبڵگەڕی و شەرمەزاری له ئەنجام­دانی ئەم چەشنه کاره، منداڵانی بچووکتر، که ئەگەری گرتن و تێپەڕینی سەر سنووریان کەمتره، ڕۆژانه و منداڵە گەورەترەکان له نیوەشەوەوه به مەبەستی زبڵگەڕی دەچنه سەر شەقام (وامقی و دیتران، 1394).

زبڵگەڕەکان زبڵەکان له بینا گشتی و تایبەتەکان، سەرشەقام، شوێنی فڕێدانی زبڵ و شوێنەکانی دیکه کۆ دەکەنەوه. ئەوان هەندێ شتی وەکوو کاغەز، کارتۆن، ئاڵمینیۆم، شووشه، پارچە زبڵه ئەلیکتڕۆنییەکان، جۆرەکانی پلاستیک، ئاسن و نان کۆ دەکەنەوه. ئەوان له نەبوونی هەلە فەرمییەکانی کار وەک سەرچاوەی داهات و بژێوی له کەرتی نافەرمی بەڕێوبەری زبڵ دەڕوانن؛ کەواته زبڵگەڕی پیشه و کاسپی هەژاره شارییەکانه (ثیمی، 2013). چالاکییەکانیان زیاتر بریتییه له کاری چەتوون، ڕاهێنانی کەم و مووچه­ی کەم که زیاتر به شێوەی سەربەخۆ یان له یەکەی خێزانیدا ئیش دەکەن (دیاس، 2012؛ ویلسون و دیتران، 2012). له ڕاستیدا زبڵگەڕەکان وەکوو قوربانیانی بەجیهانی­بوون، پرۆسەی مۆدێڕنیزاسیۆن و نیۆلیبرالیزم بەدی دەکرێن. له لایەکی دیکەوه، هەندێ له گرووپه کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت بەرپرسانی خۆجێیی و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی بەڕێوبردنی زبڵ، زبڵگەڕەکان وەک تاوانبار سەیر دەکەن، چونکه پێیان وایه ئەم کەسانه زبڵه شارییەکان، که هی هەموویانه، دەدزن. هەروەها به باوەڕی زۆربەی بەڕێوبەرانی نیشتمانی  و خۆجێیی، زبڵگەڕی لەگەڵ وێنای شارەکانی سەردەمی مۆدێڕن یەک ناگرێتەوه (پتواری و دیتران، 2011).

ڕێژەیەکی زۆری توێژینەوەکان باس له بارودۆخی چەوسێنەرانه لەم کەرتەدا دەکەن. زبڵگەڕەکان (بۆ وێنه منداڵان) به گرێبەستی کاری چەوسێنەرانه ئیش دەکەن. ئەوان زیاتر له کەرتی نافەرمیدا ئیش دەکەن، کەرتێک که له یاسای ڕێکخەری کار و داکۆکی بێبەرییه. بناغەی بەردەوامی کەرتی نافەرمی به هۆی داهاتی زۆر کەم، نەبوونی ئاسایش و شوێنی کاری نالەباره (رگرسون، 2008). بەڵگەکان پیشان دەدا که به هەزاران منداڵ به شێوەی نافەرمی له بنکەی فڕێدانی زبڵ کار دەکەن، له نزیک شوێنی فڕێدانی زبڵ یان هەر لەو شوێنەدا لە بارودۆخێکی زۆر هەژارانه نیشتەجێ دەکرێن و به لانیکەمی ژێرخانی بنەڕەتی بۆ دابین­کردنی ئاوی خواردنەوه، بارودۆخی تەندروستی، و شوێنی پارێزراو ژیان دەکەن. (کوادرا، 2005). به باوەڕی باتوول و دیتران (2015) زبڵگەڕی کارێکی پەست و پیسە کە  چەوسێنەرانه و نامرۆڤانەیه، به جۆرێک که ئەو چینانەی که خەریکی ئەم کارەن یەکێک له خەسارەتهەڵگرترین چینەکانی بازاڕی کاری نافەرمین که پشتگوێ خراون.

مالیک و دیتران (2018) به خوێندنەوەی فامی ئەزموونی ژیاوی پەنابەرانی ئەڤغانستانی زبڵگەڕ له پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی له پاکستانیان پیشان داوه ئەوان گرووپ­گەلێکی زۆر خەسارەتهەڵگری ناو کۆمەڵگان. ئەوان پیشان دەدەن پەنابەرانی زبڵگەڕ له بەردەم هەڵاواردن، ئازار و ئەزیەت، باجگیری و قۆڵبەست­کران له لایەن پۆلیسن. لێپێچینەوە و داوای بەرتیل­کردن لەم پەنابەرە زبڵگەڕانه یەکێک له تایبەتمەندییەکانی ژیانی ئەم کەسانەیه. ئیساری و شوجاعی زەند پیشانیان داوه فاکتەرە پەیوەندیدارەکانی زبڵگەڕی له تاران بریتییە لە کۆمەڵە فاکتەری پەیوەندیدار به وڵاتی ئەڤغانستان و شاری هەرات وەکوو هەژاری و فاکتەرە فەرهەنگی و خێزانییەکان و ئێران وەکوو یاساگەلی جیاکارانه و فاکتەری پەیوەست به دەسەڵاتداری شاری و شێوازی بەڕێوبردنی زبڵەکان. ئەوان چوار سەرچەشنی ئابووری نافەرمییان دەستنیشان کردووه که بریتییه له دەرەوە‌ئەسپاردنی دووباره، بەشداری ڕێژەیی، خاوەنکاری زۆرینەیی و هاوبەشی‌نەکردن لەگەڵ پەیمانکار له کاری زبڵگەڕی به جۆرێک که له سەرچەشنی خاوەنکاری زۆرینەییدا زبڵگەڕەکان کەمترین سەربەخۆییان هەیە و پەیمانکارەکان زیاترین دەسەڵاتیان هەیه. (ایثاری و شجاعی زند، 1399).

زیانەکانی پەیوەندیدار به زبڵگەڕی منداڵان به پرسه تەندروستییەکانیشەوه له زبڵگەڕیدا زۆر باوه. زبڵگەڕەکان تووشی هەموو جۆره نەخۆشییەک دەبنەوه که تەشەنەسەندنیان به هۆی کوالێتیی نزمی کار و ژیانیان بوو؛ بۆ وێنه لەشی ئەم کەسانه بەرکەوتنی لەگەڵ ماده پیسەکان دەبێ، دەسته پیسەکانیان دەخەنه ناو دەمیان یان هەندێ جار هەندێ خۆراک له ناو زبڵدانەکان دەدۆزنەوه و دەیخۆن. منداڵانی زبڵگەڕ له شوێنی کۆکردنەوەی زبڵ ڕووبەڕووی هەندێ مەترسی وەکوو کەوتنه بەر پیسییه ژینگەییەکان و مادەی کیمیایی، ڕووداو و زۆرێک له پرسەکانی پەیوەندیدار به مانەوەی مرۆیی و لەبەر دەم مەترسی کانزا ژاراوییەکانی وەکوو ژووڤه و کادمیۆمن. برینداربوون له کاتی کارکردندا یەکێکی دیکه له لێکەوتەکانی کاری زبڵگەڕییه که دەبێته هۆی ئەوەی منداڵان به شێوەی کاتی یان بۆ هەمیشه واز له کار بێنن (کوادرا، 2005).

منداڵانی زبڵگەڕ ئامرازگەلی وەکوو دەستەوانه و جل­وبەرگ به کار ناهێنن، شوێنی کارەکەیان گەرمه و به هۆی زیانی مەترسیداری زۆری وەکوو برینداربوون، هەڕەشە له تەندروستییان دەکرێ، به جۆرێک که ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان پیشان دەدا 62.8 له سەدی ئەم منداڵانه له بەرکەوتن لەگەڵ شته تیژ و بڕێنەرەکان بریندار بوون. ئەم منداڵه پەراوێزخراوانه ناتوانن تێچووی خزمەتگوزارییه تەندروستییەکانیان دابین بکەن و بۆ چارەسەری برین و نەخۆشییەکانی خۆیان سەردانی بنکه تەندروستییەکان ناکەن و ڕوو دەکەنە خۆچارەسەری (باتول و دیتران، 2015). زبڵگەڕی نه تەنیا منداڵان تووشی مەترسی و ڕووداوی جه­سته­یی دەکا، بەڵکوو ئاسەواری درێژخایەنی وەکوو خەسارەتی کۆمەڵایەتی، زەینی، سۆزداریشی هەیە که به هۆی بارودۆخی مەترسیداری کاره (پۆرتاڵی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار، 2017).

1‌‌‌3. شێوازناسی توێژینەوه

ئەم توێژینەوە به ئاراستەی شێوازناسی چۆنایەتی و به کەڵک­وەرگرتن له شێوازی تیوری به­ستێنی له سەر ئاستی شاری تاران ئەنجام دراوه. شێوازی تیوری به­ستێنی که هەڵقوڵاوی داتاکانه شێوازێکی گونجاو بۆ بەرهەم­هێنانی تیوری زبڵگەڕی منداڵان له شاری تارانه. بۆ ناسینی ئەم دیارده، زانیاری و داتاکان به کەڵک­وەرگرتن له تەکنیکی دیمانەی نیوەپێکهاتوو کۆ کراونەتەوه. سەرتاسەری گەڕەکی ناو 22ـیانەی شاری تاران لێکۆڵینەوەیان له سەر کرا و به شێوەی نموونەگیری ئامانج­دار و هەندێ­جار لەبەردەست له هەر گەڕەکێکدا دیمانه لەگەڵ هەندێ لە زبڵگەڕەکاندا کرا. نموونەگیری له گەڕەکەکان و دیمانه لەگەڵ زبڵگەڕەکان له لایەن گرووپی دیمانەوه ئەنجام درا.

ماوەی هەر دیمانەیەک له نێوان  15 بۆ 45 خولەک بگۆڕ بوو و بۆ ماوەی سێ مانگ، 22 گەڕەکی شاری تاران بەم شێوه – که نیوەی گەڕەکەکان به شێوەی قووڵ و نیوەقووڵ و نیوەکەی دیکەی به شێوەی سکەن­کراو – تاوتوێ کران. هەروەها بۆ ناسینی شێوازی ژیانی ئەم تاکانه، گەڕەک و شوێنی نیشتەجێ­کردنی زبڵگەڕەکان له گەڕەکەکانی تاران (بنکەکانی ڕیسایکڵین) و گەڕەکە پەراوێزەکانی شاری تاران (قووڵکەکان) سەردانیان کرا و ئەو کەسانەی که لەوێ بوون دیمانەمان لەگەڵ کردن. سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵگەی ئامانج منداڵانی زبڵگەڕ بوون، بەڵام بۆ دەس­خستنی زانیاری زیاتر و ناسینی باشتری پەیوەندی زبڵگەڕی، له هەر گەڕەکێکدا دیمانه لەگەڵ هەندێ کەسی گەورەساڵیشدا گیرا. ڕێژەی گشتی دیمانەکان 302 دیمانەیه که پتر له 50 له سەدیان، دیمانه لەگەڵ منداڵانه.

هەروەها هۆکاری فرەیی ئەم دیمانانه ئەوه بوو که پیشەی زبڵگەڕی له هەر گەڕەکێکدا لەوانە بوو به پێی بارودۆخی ئەو گەڕەکه بووایه؛ کەواته له کاتی توێژینەوەدا ئاماژه به هەندێ حاڵەت و خاڵی نوێ کرا که پێویستی به دیمانه و پرسیار له زبڵگەڕەکانی هەموو گەڕەکەکان و ڕێژەی زیاتری تاکەکانی هەر گەڕەکێک بوو. بۆ تەواوکردنی زانیاری و دەوڵەمەندکردنی زیاتری توێژینەوه، کورتەدیمانەشمان لەگەڵ ئەو کەسانە کرد که به شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ زبڵگەڕەکان له پەیوەندیدا بوون، وەکوو گاراژدارەکان یان ئەو کەسانەی که له کەرتی بەکارهێنانەوه (ڕیسایکڵین) کاریان دەکرد. له کۆتاییدا دەبێ بڵێین به مەبەستی فام­کردن و ناسینی وردتری به­ستێنه­کانی زبڵگەڕی منداڵان وێژەی تەکنیکی ئەم بوارەش شی کراوە. به مەبەستی شیکاری و شرۆڤەی داتاکان شێوازی کۆدینگی سێ‌قۆناغی (اشتراوس و کربین، 1397 هەتاوی) به کار هێنرا که ئەنجامی کۆتاییەکەی خستنه ڕووی مۆدێلی به­ستێنی زبڵگەڕی له شاری تاران بوو.

ئەم مۆدێله بەرهەمی کۆدینگی کراوه و تەوەری داتاکانی توێژینەوەیه. به بۆچوونی شتراوس و کەربین بەو پێیەی که له شێوازی تیوری به­ستێن، تیوری بەرهەم­هاتووی داتاکانی توێژینەوەیه بایەخی هەیە. هەروەها به مەبەستی هەڵشکاندنی  ئاستی بایەخی لێکۆڵینەوه گرووپی توێژینەوه به کار هێنران به جۆرێک که به دیمانەکردن لەگەڵ تاکەکانی گەڕەکە جیاجیاکان داتا بایەخدارەکانمان کۆ کردەوه و له هەموو قۆناغەکاندا بەتایبەت کۆکردنەوه و شیکاری داتاکان پێکەوه هاوکارییان نواند و چاودێری کاری یەکتریان کرد. له کۆتاییدا دوا ڕاپۆرتی بەرهەم­هاتوو له لایەن پسپۆڕانی بواری توێژینەوەی کاری منداڵ پێداچوونەی پێدا کرا و خاڵ و بۆچوونەکانیان ڕچاو کرا.

  1. ئەنجامەکان

4‌‌‌1. تایبەتمەندییه کۆمەڵ­ناسییەکان

نەتەوەی 96 له سەدی (290 کەس)ـی زبڵگەڕەکان ئەڤغانستانی، 3 له سەد (9 کەس) ئێرانی و 1 له سەد (3 کەس) خەڵکی پاکستانن. هەموویان پیاو بوون.

له ناو زبڵگەڕە ئەڤغانستانییەکان 95.5 له سەدیان خەڵکی پارێزگای هەراتن و ئەوانی دیکەیان خەڵکی پارێزگا و شارەکانی دیکەی وکەوو بەلخ، بەدەخشان، فاریاب، بادغیس، غەزنەی و گۆڕه­پانی وەردەکن. 89 له سەدیان به شێوەی نایاسایی هاتوونەتە ئێران و 11 له سەدیان به شێوەی یاسایی. 2 له سەدی تەمەنی زبڵگەڕەکان 10 ساڵان و کەمتر، 23 له سەد 11 بۆ 14 ساڵان، 30 له سەدیان 15 بۆ 17 ساڵان و ئەوانی دیکه تەمەنیان له 18 ساڵان زیاتره. مام­ناوەندی تەمەنی منداڵانی زبڵگەڕ 14.2 ساڵان بوو.

10 له سەدیان ڕۆژانه کەمتر له 50 کیلۆ زبڵ کۆ دەکەنەوه و 27 له سەدیان 51 بۆ 100 کیلۆ، 24 له سەد 101 بۆ 150 کیلۆ، 17 له سەد 151 بۆ 200 کیلۆ و 21 له سەدیان زیاتر له 200 کیلۆ. 63 له سەدی زبڵگەڕەکان زبڵەکانیان به نرخی 200 بۆ 400 تمەن دەفرۆشن 21 له سەدیان 401 بۆ 600 تمەن و 16 له سەدیان ٦٠٠ و زیاتر. 21 له سەدیان 4 بۆ 8 کاتژمێر له شەوڕۆژدا کار دەکەن، 46 له سەد 8 بۆ 12 کاتژمێر، 23 له سەد 12 بۆ 16 کاتژمێر و 10 له سەدیان پتر له 16 کاتژمێر. به پێی بەراوردەکان نزیکەی 15 هەزار کەس له شاری تاران خەریکی زبڵگەڕین که ڕێژەی یەک له سەر سێیان واته نزیکەی 5 هەزار کەسیان منداڵن. جێگرایەتی پلان داڕشتنی زبڵ له تاران لەم بارەوه وتی:

ئەگەر بمانهەوێ ڕێژەکە له سەرتاسەری تاراندا بخەمڵێنین. نزیکەی 15 هەزار کەسن که ئەم 15 هەزار کەسە له ناوچه و گەڕەکە جیاجیاکاندا جیاوازه. لەوانەیە گەڕەکێک 200 کەس بێ، لەوانەیه گەڕەکێک 20 کەس بێت. [ئێوه چۆن ئەم فۆرمۆله 15 هەزار کەسییەتان بۆ دەرکەوتووه؟] بڕوانه، ئێمه له سەر ئاستی شاری تاران 122 ناوچەمان هەیه. من دەفرایەتی ڕێژەی ئەو کەسانەی که لەم ناوچانەدا کار دەکەن له 122 هەڵم­داوه […]. ئێستا بەم ڕێژەی 15 هەزار هێزه که خەریکی کارن، لە کۆی ئەم 15 هەزار کەسە، من به ئەزموون نەک به توێژینەوه، دەمەوێ بڵێم که کۆمەڵێکیان لەوانەیه منداڵ بن. پێم­ وا نییه 5000 هەزار کەس تێپەڕ بکات؛ یەک له سەر سێی ئەم کەسانه که کار دەکەن، منداڵن. بەو مەرجەی که منداڵمان له 18 ساڵ بۆ خوار ڕەچاو گرتبێت.

4‌‌‌2. به­ستێنه­کانی کاری منداڵان        

سێ به­ستێنی گرینگ هۆکاری بیچم­گرتنی زبڵگەڕی منداڵان له تارانن که بریتین له: 1) ئابووری وەکوو هەژاری له ناو بنەماڵەی ئەڤغانستانی و له ناو هەندێ له بنەماڵه ئێرانییەکان و ئابووری زبڵ، 2) کۆمەڵایەتی – که­لتووری له چوارچێوەی به­ستێنه خێزانییەکانی وەکوو هاسەرگیری له هەڕەتی منداڵی و ڕێژەی زک­وزای زۆر و تۆڕه کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو تۆڕی خێزانی و ئاشنایی 3) سیاسەتی وەکوو یاسای جیاکارانه و شێوازی بەڕێوبردنی زبڵ له سەر ئاستی شاری تاران. ئەم سێ به­ستێنه پێکەوه له پەیوەندیدان که له ژێرەوه هەندێکیان شی دەکەینەوە.

وڵاتی ئەڤغانستان خاوەن 37 ملیۆن حەشیمەتە که 75 له سەدیان له دەڤەرە گوندییەکاندا دەژین و پتر له 60 له سەدی خەڵکەکەی نەخوێندەوارن. ئەم وڵاته یەکێ له هەژارترین وڵاتانی دنیایه. له ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا، کۆمەڵگای ئەڤغانستان گەشەی ئابووری به خۆوه بینیبوو، بەڵام ئەم گەشە ئابوورییە دابەزینی ڕێژەی هەژاری لێ نەکەوتەوه، به جۆرێک که نزیکەی 36 له سەدی خەڵک له هەژارییەکی تۆخدا دەژین و ئەم تاقمی کەسانه توانای دابین­کردنی زۆرێک له پێداویستییەکانی خۆیانیان نییه (وەزارەتی ئابووری ئەڤغانستان، 2013؛ بانکی جیهانی، 2019). شه­ڕی هەمەلایەنە و بەردەوامی شه­ڕ ڕێژەی هەژاری زیاتر کردووه. زبڵگەڕێکی تەمەن 17 ساڵان بەم شێوه هەژاری بنەماڵەکەی گێڕایەوه:

“بارودۆخی ئابووریمان باش نییه؛ ئیتر هەژارین. [بنەماڵەکەت کار دەکەن؟] نا کوره. هەموویان بێکارن. 3 خوشکم هەیە له خۆم بچووکترن. 3 برام هەیە له خۆم منداڵترن. هەموویان بێکارن. تەنیا برایەکم دەخوێنێت.”

زۆربەی زبڵگەڕەکان خەڵکی پارێزگای هەراتن که هاوسنووری ئێرانە. ئەم پارێزگایەش یەکێک له پارێزگا زۆر هەژارەکانی ئەڤغانستانه. هەژاری وای کردووه که منداڵان به مەبەستی دابین­کردنی بەشێک له تێچووی بنەماڵە بەرەو ئێران کۆچ بکەن و به هۆی تۆڕه کۆمەڵایەتییەکانیان بچنه ناو پرۆسەی زبڵگەڕییەوه. منداڵانی زبڵگەڕ لەگەڵ ئەندامانی خێزان، خزم و کەس و هاوڕێیان به نیازی زبڵگەڕی بەرەو ئێران کۆچ دەکەن. ئەم تۆڕانه هاتنیان بۆ ناو کار ئاسان دەکاتەوه. یەکێک له منداڵان وتی: “لەگەڵ براکەم و مامم و ئامۆزاکەم له ئەڤغانستانەوه هاتووین، پێشتر ئەوان هاتبوون، چیتر ئەڤغانستان کاری تێدا نەبوو، هاتینه ئێره لەگەڵیان کار بکەین.” هاوسەرگیری له تەمەنی کەم و زک­وزای زۆر یەکێک له هۆکارەکانی هەژاری بنه­ماڵه­کان و کارکردنی منداڵانه. سەرباری ئەوەی ڕێژەی زک­وزا له وڵاتی ئەڤغانستان کەمی کردووه بەڵام ئەم ڕێژه هێشتا زۆره و له ساڵی 2016 زایینی 4.64 منداڵ بۆ هەر ژنێک بووه (پۆرتالی ئامار، 2019). هەر لەم بوارەدا یەکێک له زبڵگەڕەکان وتی:

بنەماڵەکەمان ئێستا 20 کەسین، 6 برا و 10 خوشکین، 4 دانه دایک و باوک: سێ دایک و باوکێکمان هەیە. باوکم سێ ژنی هەیە. له هەر کام لەم ژنانه منداڵی هەیە که بوونەتە 16 کەس.

شێوازی هاوسەرگیری له ئەڤغانستان و شاری هەرات و هاوسەرگیری له تەمەنی کەمدا زەختێکی دووقات دەخاته سەر منداڵان بۆ  ئەوەی بێنه ناو پرۆسەی کارەوه. به گوێرەی دیمانه لەگەڵ زبڵگەڕەکان زۆربەیان له تەمەنی منداڵیدا، کەمتر له تەمەنی 18 ساڵان هاوسەرگیری دەکەن. چونکه له زۆربەی حاڵەتەکاندا هەر لەو تەمەنەدا لە ناو خزم و ناسیاوەکاندا کچێکیان بۆ “دیاری” دەکەن. له ژێر کاریگەری هەندێ له داب­ونەریتەکان، زاوا دەبێ بڕه پارەیەکی زۆر وەک “پێشکەش” بدا بە باوکی کچه­که بۆ ئەوەی بتوانێ لەگەڵ کچەکەی هاوسەرگیری بکات. هەروەها دیکەی تێچووەکانی ئاهەنگی هاوسەرگیری و خانوبەرە له ئەستۆی زاوا و بنه­ماڵەکەیەتی. هەر بۆیه منداڵ ناچار دەبێ بۆ دابین­کردنی تێچووی هاوسەرگیری چەندین ساڵ کار بکات. یەکێک له منداڵانی زبڵگەڕ دەیگێڕێتەوه:

من دەزگیران­دارم، دەبێ 150 ملیۆن بدەم به خەزووره­م. لای ئێمه ژن دەکڕنەوه. ئەگەر به بێ جیاز بێ دەبێ 35 ملیۆن بدەین به باوکی بووک؛ بەڵام ئەگەر به جیازەوه بێ دەبێ 100 بۆ 150 ملیۆن تمەن بدەین به باوکی بووک.

ئەڤغانستانییەکان بۆ ئەوەی بتوانن تێچووی هاوسەرگیری، بەتایبەت ئەو بڕە پارەی که دەبێ له بری کچه بیدەن به باوکی کچ، دابین بکەن، دەبێ کار بکەن و داهاتیان هەبێت. له زۆرێک له حاڵەتەکاندا، هەر ئەم حاڵەتە دەتوانێ به­ستێن بۆ کۆچ­کردن بۆ ئێران و دەسپێکی کاری کۆکردنەوەی زبڵ له ناو منداڵان بڕەخسێنێت؛ کەواته کۆکردنەوەی زبڵ دەتوانێ ببێته سەرچاوەی داهاتێک بۆ دابین­کردنی تێچووی هاوسەرگیری. ئەو جیاکاری و هەڵاواردنانەی که له دژی کۆچبەران بەتایبەت کۆچبەرانی ئەڤغانستانی دروست دەبێ ئەوان زیاتر بەرەو هەندێ پیشەی تایبەت وەکوو زبڵگەڕی هان دەدات. یاسای پیشە چواریانە مۆڵەتدارەکانی پەنابەرانی بیانی له ئێراندا یەکێک لەم حاڵەتانەیه.

به پێی ئەم یاسایه پەنابەرانی ئەڤغانستانی دەتوانن تەنیا له چوار گرووپی پیشەی سەرەکیدا کار بکەن، ئەم چوار گرووپه بریتین له: کاری بیناسازی، کوورەخانەی دروست­کردنی خشت، کاری کشتوکاڵی و دیکەی گرووپه پیشەییەکان. له ژێرلقی گرووپه پیشەییەکاندا هەندێ پیشەی وەکوو نوغرۆکردنی زبڵ و بەکارهێنانەوەی زبڵ و ڕیسایکڵینی ماده کیمیاییەکان بەدی دەکەین. هەروەها پێڕستێک له پیشەی تایبەت له تاران هەیە که شارۆمەندانی ئەڤغانستانی بۆیان هەیە له هەندێ پیشەی وەکوو بەکارهێنانەوەی زبڵ و گواستنەوەی زیان­چووە ئاسنی و پلاستیکییەکاندا ئیش بکەن.

پەرەسەندنی ئابووری زبڵ له کەرتی فەرمی و نافەرمی لەگەڵ شێوازی کۆکردنەوەی زبڵ له شاری تاراندا به­ستێنی بۆ کاری منداڵان ڕەخساندووه. هەڵکشانی ڕێژەی حەشیمەتی شاری تاران، گۆڕانی شێوازی بەکارهێنان و هەڵکشانی ڕێژەی بەکارهێنان بۆته هۆی دروست­بوونی قەبارەیەکی بەربڵاوی زبڵ لە شاری تاران، به جۆرێک که بەڕێوبەری زبڵ یان پاشخوان بۆته یەکێک له چه­لێنجه گرینگەکانی شارەوانی تاران. له پاڵ بەچه­لێنج­کێشانی بەڕێوبردنی زبڵ، ئەوڕۆکه زبڵ و بەکارهێنانەوەی بۆته پیشەسازییەکی پڕداهات که شارەوانییەکان و ڕێکخراوی پاشخوان و ئەو کەسانەی که لەم بوارەدا سەرمایەدانەری دەکەن هەر کامیان به جۆرێک له جۆرەکان هەڵوەدای ئەوەن لەم بوارەدا قازانج وە دەست بخەن. له شاری تاران 7 هەزار  و 500 تۆن زبڵ بەرهەم دێ که 35 له سەدی زبڵی وشکه (ماڵپەڕی سازمان مدیریت پسماند تهران). زبڵە شارییەکان له تاران له هەر دوو کەرتی فەرمی و نافەرمی بەڕێوه دەبرێن (کام بەڕێوبەری!).

له کەرتی فەرمیدا پرۆسەی کۆکردنەوەی پاشخوانه وشکه جیاکراوەکانی شارۆمەندانی تارانی له سەرەتادا به سێ شێواز له ڕێگەی شارەوانی تارانەوه ئەنجام دەدرێ: 1. هۆدەی بەکارهێنانەوه؛ 2. پێدانی حەفتانەی پاشخوانه وشکە کۆکراوەکان به پەیمانکارانی شارەوانی تاران و 3. کۆگا نیلییەکانی میکانیزەی 1100 لیتری. به گوێرەی وتەی سەرپەرشتیاری جێگرایەتی پلان ڕێژی پاشخوانی تاران، شارەوانی ڕۆژانه نزیکەی 400 تۆن زبڵی وشک کۆ دەکاتەوه، واته نزیک 15.26 له سەد و پاشماوەکەی دیکە له لایەن کەرتی نافەرمییەوه کۆ دەکرێتەوه.

کەرتی نافەرمی سەرەڕای ئەوەی له لایەن ناوەنده گشتی و یاسادانەرەکانەوه به ڕێگەپێنەدراو سەیر کراوه، بەڵام ڕێژەیەکی زۆری خەڵک بۆ وێنه منداڵان لەم کەرتەدا ئیش دەکەن. ناکارامەبوونی کەرتی فەرمی بازنەی بەڕێوەبەری پاشخوانی شاری، سووڕی ئابووری بەربڵاو، پانتای سوودبەخشی زۆر، کەم‌تێچوویی بۆ خاوەنکاران و پەیمانکاران، کەمتەرخەمی یان بێهێزی له چاودێرکردنی چۆنیەتی کۆکردنەوەی زبڵ له لایەن خاوەنکارەوه، ڕەچاونەکردنی یاساکانی کۆکردنەوەی زبڵ له لایەن پەیمانکاران و دیکەی فاکتەرەکان هۆکاری بیچم­گرتنی ئەم کەرتەن. به پێی ڕێسای چاودێری به سەر میکانیزمی کۆکردنەوەی پاشخوانه وشکەکان (1391 هەتاوی)، له بڕگەی 30 ئاماژە به سەرپێچی و تاوانەکانی پەیوەست به گرێبەستی کۆکردنەوه و جیاکردنەوەی پاشخوانه وشکەکان کراوه.

زۆرێک له بڕگەکانی ئەم ڕێسایه به شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئاماژه به نایاسایی‌بوونی کۆکردنەوەی زبڵ به شێوەی نافەرمی دەکەن؛ بۆ وێنه بڕگەی 17 ئاماژه به بوونی هەندێ فاکتەری جیای وەکوو کەتفی، تەلیس به کۆڵ و داشقە، بڕگەی 18 ئاماژه به بەکارهێنانی وێزگەی بەکارهێنانەوەی بێ‌مۆڵەت (چواردیوارییەکان) و بڕگەی 26 ئاماژه به بەکارهێنانی ئەو کرێکارانه دەکا که تەمەنیان کەمە یان پەنابەری بیانی بێ‌مۆڵەتن؛ کەواته بڕگه جیاجیاکان ئاماژه به قەدەغەبوونی کۆکردنەوەی زبڵ به شێوەی نافەرمی دەکەن. هەروەها کۆکردنەوەی زبڵ به شێوەی نافەرمی زۆرێک له بڕگەکانی گرێبەستی پێدانی میکانیزمی کۆکردنەوەی زبڵی وشک (1391 هەتاوی) پێشێل دەکات. له خاڵە سەرنج­ڕاکێشەکانی ئەم ڕێسایه ئەوەیه که به تاوانی پێشێل­کردنی هەر کام له بڕگەکانی ئەم ڕێسایه سزای ئابووری ڕەچاو کراوە.  وێدەچێ که ئەم چەشنه سەرپێچییه جگه له سوودی ئابووری نەبێ هیچی دیکەی بۆ خاوەنکار و پەیمانکار تێدا نییه، چونکه پەیمانکارەکان به شێوازی جۆراوجۆر بڕگەکانی ئەم ڕێسایانه پێشێل دەکەن و شارەوانی تەنیا دەتوانێ سزایان بدا و له هەندێ حاڵەتدا سزاکە هەڵدەوەشێتەوە.

4‌‌‌3. شێوازی ئەنجامدانی زبڵگەڕی و پەیوەندییەکانی

له پرۆسەی بەتایبەت­کردن و دەرەوەئەسپاردن، ئەوڕۆکه شارەوانی تاران زۆرێک له ئەرکەکانی خۆی وەکوو کۆکردنەوه و جیاکردنەوەی زبڵی خستۆته ئەستۆی کەرتی تایبەت و پەیمانکاران. ئەم پێسپاردنه بەرپرسایەتییه کۆمەڵایەتییەکانی شارەوانی وەک ناوەندێکی گشتی بەتایبەت له هەمبەر زبڵگەڕەکان کەم کردۆتەوه. بۆ وێنه به پێی بڕگەی 33‌‌‌6 گرێبەستی پێسپاردنی میکانیزمەکانی کۆکردنەوەی پاشخوانی وشک خاوەنکار واته شارەوانی له هەمبەر کەسی سێیەم و خەسارەتی به هۆی کاردای پەیمانکار هیچ بەرپرسایەتییەکی نییه. ڕێکخراوی پاشخوانی تارانیش بەرپرسایەتی پێسپاردن و چاودێری به سەر پەیمانکارانی خستۆته ئەستۆی گەڕەک و ناوچەکانی شارەوانییەوه.

پەیمانکاران به شێوەی جۆراوجۆربه­ستێن بۆ بیچم­گرتنی کەرتی نافەرمی و بەکارهێنانی منداڵانیان خۆش کردووه؛ یەکەم ئەوان کۆکردنەوەی زبڵەکانیان به سەر هەر دوو دانگی بەیانی و پاش­نیوەڕۆ دابەش کردووه. له دانگی بەیانیدا پەیمانکاران له ڕێگەی کرێکارانی بەکارهێنانەوه زبڵی گەڕەکەکان کۆ دەکەنەوه. کرێکارانی بەکارهێنانەوەش به کەڵک­وەرگرتن له هەندێ مەکینەی وەکوو وانێت، زبڵی ئەم گەڕەکانه له ناو زبڵدانەکانەوه کۆ دەکەنەوه و به گوێرەی قەبارەی ئەو زبڵەی که کۆی دەکەنەوه واته به شێوەی کیلۆیی به پەیمانکارانی دەفرۆشن. به پێی ئەو دیمانانەی که لەگەڵ کرێکارانی زبڵگەڕ کردمان، بۆمان دەرکەوت که ئەوان به شێوەی مام­ناوەند هەر یەک کیلۆ زبڵ به نرخی 400 تمەن به پەیمانکاران دەفرۆشن. هەروەها پەیمانکارەکان له ناو بەکارهێنانەوەدا، شوێنی نیشتەجێ­بوونی زبڵگەڕەکانیان دابین کردبوو.

له نۆرەی پاش­نیوەڕۆدا زبڵەکان به تەواوەتی به شێوەی نافەرمی کۆ دەکرێنەوه. لەم دانگەدا، پەیمانکاران به بەکرێدانی هەر گەڕەکێک بە کەسانی زبڵگەڕ به پێی گرێبەست “ڕسووم” یان پشک، ئیزنی کۆکردنەوەی زبڵەکان به شێوەی نافەرمی دەردەکات. دەبێ ئەم بابەتەمان لەبەر چاو بێ که ئامانجی شارەوانی و ناوەندی پاشخوان و بەتایبەت پەیمانکاران ئەوەیه که له ڕێگەی ئەم شێوازی کۆکردنەوەی زبڵه زیاترین قازانج دەست بخەن. له ڕاستیدا شارەوانی به دەرەوە دسپێری، هەندێ له ئەرکەکانی به پەیمانکارانی کەرتی تایبەت خۆی له ئەرکەکانی دەدزێتەوه و دەیخاته ئەستۆی پەیمانکاران، بەڵام به گوێرەی ڕێسای چاودێری به سەر میکانیزمی کۆکردنەوەی پاشخوانە وشکەکان (1391 هەتاوی)، هەندێ ئەرکی وەکوو چاودێری به سەر کاری پەیمانکاران بۆ شارەوانی و ڕێکخراوه پەیوەندیدارەکانی دیاری کراوه که له زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەوان لەم بوارەدا کەمتەرخەمی دەنوێنن و تەنیا به سزای نەختی ڕازی دەبن.

له لایەکی دیکەشەوه، ئامانجی پەیمانکاران له بەکارهێنانی هێزه بێ‌مۆڵەتەکان و منداڵان وەدەست­هێنانی هێزی کاری هەرزان و له ئەنجامدا قازانجی زیاتره و بەو پێیەی که ئەم پەیمانکارانه کۆچبەران و منداڵانی ئەڤغانستانی بۆ کۆکردنەوەی زبڵ به کار دەبەن، له زۆربەی بەرپرسایەتییه یاساییەکانیان وەکوو بیمه، دابین­کردنی کەرەسە و که­ره­سته­کانی کار، دابین­کردنی شوێنی نیشتەجێ­بوونی باش و خۆراک بۆ ئەو زبڵگەڕانه خۆ دەبوێرن.

وەک گوترا پەیمانکاران له نۆرەی پاش­نیوەڕۆدا به پێی گرێبەست “ڕسووم” یان پشک لەگەڵ زبڵگەڕەکان ئیش دەکەن یان کاریان پێ دەکەن. “ڕسووم” یان “ڕسووم­کردن” گرێبەستێکه له نێوان زبڵگەڕەکان یان “ئاغا”ی زبڵگەڕەکان لەگەڵ پەیمانکارانی گەڕەکەکانی شاری تاران یان نوێنەرەکانیان که ئەرکی کۆکردنەوە و بەکارهێنانەوەی زبڵیان پێ سپێردراوه، به جۆرێک که کەسی زبڵگەڕ یان ئاغاکەی به شێوەی مانگانه بڕه پارەیەک دەدا به پەیمانکار بۆ ئەوەی لەم ڕێگەوه ئیزن به کەسانی زبڵگەڕ بدرێ که له گەڕەکی دیاریکراو زبڵ کۆ بکەنەوه. به پێی ئەم گرێبەستە (ڕسووم) وێنەی هەر کام لەم کرێکاره زبڵگەڕانه له لایەن ئاغا دەدرێ به بەکارهێنانەوەی گەڕەک و بەکارهێنانەوەش بۆ ناسینەوەی هەر کام لەمانه کارتێک دەردەکا بۆ ئەوەی کاتێک که کەسانی زبڵگەڕ تووشی پشکنەران یان پیاوانی پەیمانکارەکان دێن، ئەو کارتەیان پێ پیشان دەدەن بۆ ئەوەی دڵنیا بن که ئەوان کرێکاری کام گەڕەکن. لەم بارەوه، زبڵگەڕێکی تەمەن 18 ساڵان دەیگێڕێتەوه: “بەکارهێنانەوه بۆ ئەوەی ئێمه بەینه گەڕەک و زبڵ کۆ بکەینەوه بڕی ملیۆنێک وەردەگرێت. ئێستا بۆته مانگی دوو ملیۆن و 700 هەزار تمەن. ئاغا وێنەیەکمان لێ هەڵدەگرێ، بەکارهێنانەوه به وێنەکانمان کارت دروست دەکات. پشکنەرەکان وێنەی ئێمەیان له ئۆتۆمبێلدا هەیە.”

یەکێکی دیکه له منداڵەکان دەڵێ:

“ئێمە لێرە ڕسووم دەدەین؛ مانگێ سێ ملیۆن دەدەین بۆ ئەوەی ڕێگە بدەن ئیش بکەین. ئەگەر ڕسووم نەدەین، ئەوان دێن دەگەڕێن، بزانن کێ پارەی نەداوە دەیگرن و لێی دەدەن”.

جۆرێکی دیکەی گرێبەستی کار به شێوەی پشک یان پوورسانتی نێوان ئاغا و پەیمانکاره. لەم چەشنه گرێبەستەدا، ئاغا چیتر بڕه پارەیەکی دیاریکراو به پەیمانکار نادا، بەڵکوو هەر سەرەتاوه له نێوان خۆیاندا دیاری دەکەن که چەند له سەدی قەبارەی زبڵە کۆکراوەکان بۆ ئاغا و چەند له سەدی دەبێ بۆ پەیمانکار بێ یان به گوێرەی ئەم گرێبەسته، کرێکاران دەبێ به نرخێکی دیاریکراو زبڵەکان به پەیمانکار بفرۆشن. نرخ له لایەن بەکارهێنانەوه و پەیمانکاران دیاری دەبێت. لەم بارەوه زبڵگەڕێکی تەمەن 19 ساڵان گوتی:

ئەم باره له کۆی سەد له سەد 40 له سەدی هی ئاغایه و 60 له سەدی هۆی بەکارهێنانه. هیچ بڕه پارەیەک وەرناگرێ، ڕێژەییه. لە کۆی ئەم 40 له سەدە ئاغا دەبێ پارەی ئەم کرێکارانه بدا بۆ ئەوەی بەکارهێنان گیر بەم کرێکارانه نەدات.

یەکێک له منداڵانی زبڵگەڕ له گەڕەکی شارەکی ڕۆژئاوا سەبارەت به نرخی فرۆشتنی زبڵەکان به پەیمانکار وتوویەتی:

ئەم باره هەر شتێک نرخێکی هەیە؛ پلاستیک کیلۆی 700 تمەنه، پیت کیلۆی 900 تمەنە، ئاسن کیلۆی 400 تمەنە، کارتۆن 350، شووشەش کیلۆی 250 تمەن، نان کیلۆی 400 تمەن، نایلۆن، شتی پلاستیکی 700 تمەن.

گێڕانەوەی سەرەوه پیشان دەدا کە له هەندێ حاڵەتدا زبڵگەڕەکان، هاوشێوەی پەیوەندییەکانی کار له بەکارهێنانەوەکانی گەڕەکە شارییەکاندا (کەرتی فەرمی)، له کەرتی نافەرمیشدا زبڵەکان به نرخی دیاریکراو به پەیمانکار یان نوێنەرەکانیان دەفرۆشن. به گشتی پەیوەندییەکانی کار له کەرتی نافەرمی به تەواوەتی چەوسێنەرانەیه به جۆرێک که نرخی فرۆشتنی زبڵەکان و نرخی ڕسووم له لایەن پەیمانکاران و نوێنەرەکانیان دیاری دەبێت. به گوێرەی ئەو دیمانانەی که لەگەڵ کەسانی زبڵگەڕ ئەنجام درا و به پێی ئەو گەڕەکەی که تێیدا کار دەکەن، زبڵگەڕەکان به شێوەی مانگانه بڕە پارەیەکیان له نێوان 2 ملیۆن و 500 هەزار تمەن هەتا 4 ملیۆن تمەن دەدا به پەیمانکار. هەروەها به پێی نرخی فرۆشتنی زبڵەکان و قەبارەی کۆکردنەوەی زبڵ له ڕۆژدا له لایەن زبڵگەڕەکانەوە دەتوانین بڵێین که داهاتی ڕۆژانەی زبڵگەڕەکان به شێوەی مام­ناوەند 71 هەزار تمەنە و بەو پێیەی که له کاتی دیمانەدا زۆربەی ئەم کەسانه  ئاماژەیان بەم خاڵه دەکرد که له حەفتەدا ڕۆژێک پشوو دەدەن، کەواته دەتوانین بڕی داهاتی مانگانەی ئەوان به شێوەی مام­ناوەند به ملیۆنێک و 860  هەزار تمەن بخەمڵێنین.

زبڵگەڕەکانیش زۆربەیان له چوارچێوەی توڕی خزمایەتیدا خەریکی کارن. ئەم تۆڕانه به دابین­کردنی زانیاری بۆ کۆچبەرە نوێکانی وڵاتی ئەڤغانستان ئەوان دەهێننە ناو پرۆسەی زبڵگەڕییەوه. له لایەکی دیکەوه له کاتی کۆکردنەوەی زبڵیش به گوێرەی ئەم تۆڕانه زبڵ کۆ دەکەنەوه. شوێنی نیشتەجێ­بوونیان بەتایبەت له ناو قووڵکەکان له باشووری شاری تاران به پێی ئەم تۆڕانه دابەش دەبن. بۆ وێنه کاتێک که ئەم کەسانه پارچه زەوییەک بۆ گواستنەوەی زبڵ و جیاکردنەوەی زبڵەکان لەوێ به کرێ دەگرن، ئەم پارچه زەوییه له ناو خۆیاندا، که له زۆربەی حاڵەتەکاندا کەسەکان هاوئێتنیک و خزمن، دابەش دەکەن و کار دەکەن. هەر لەم بوارەدا، یەکێک له بەشداربووان گوتی:

ئێمه ئێستا سێ کەسین. خۆمان بۆ خۆمان ئیش دەکەین. یەکیان ماممه، خۆمان بار بۆ خۆمان کۆ دەکەینەوه. یەکیان ماممه که ئێره خاوێن دەکاتەوه و منیش لەگەڵ کوڕەمامەکەم زبڵ کۆ دەکەینەوه.

 لەم گێڕانەوەدا، مەبەست له ڕستەی ” ئێمه ئێستا سێ کەسین” ئەوەیه که ئەم سێ کەسە بەشێک له بنکەی زبڵیان (گاراژ) – که نزیکەی50 کەس تێیدا ئیش دەکەن، بۆ خۆیان به کرێ گرتووه و ئەوان کاری تێدا دەکەن. له ڕاستیدا ئەم سێ کەسە بۆ خۆیان گرووپێکیان پێک هێناوه که له سەر بنەمای پەیوەندی ئێتنیکییه.

زبڵگەڕەکان به ئامرازگەلی وەکوو داشقە، تەلیس، عارەبانه و ئۆتۆمبێل و وانێت زبڵەکان کۆ دەکەنەوه. کۆکردنەوەی زبڵ به ئۆتۆمبێل له دانگی بەیاناندا له ژێر چاودێری بەکارهێنانەوه ئەنجام دەدرێت. کۆکردنەوەی زبڵ به وانێت له چاو ئامرازەکانی دیکە ئاسانترە و قەبارەی کۆکردنەوەی زبڵ بەم ئامرازانه زیاتره. ئەم ئۆتۆمبێلانه دەدرێ بەو کەسانەی که له کەرتی فەرمیدا ئیش دەکەن نه له کەرتی نافەرمی. کۆمەڵێکی دیکەی زبڵگەڕەکان داشقه یان عارەبانه به کار دێنن. ئەم چەشنه کەرەسانه “ئاغاکان” دەیدەن به زبڵگەڕەکان و کرێکارەکانیش له بەرانبەر ئەوە بڕه پارەیەک دەدەن به ئاغاکانیان یان له بەرانبەر تێچووی داشقه زبڵ به ئاغاکانیان دەفرۆشن.

یەکێک له کێشەکانی زبڵگەڕەکان کاتی بەکارهێنانی داشقەیه که ئەگەر له ڕۆژانی سه­یرکردنی هێزەکانی شارەوانی له گەڕەک، ئەگەر ئەوان خەریکی کارکردن له گەڕەک بن، کەرەسە و بارەکەیان لێ دەگیرێ و هەتا ئەو کاتەی دیسان بتوانن داشقەیەکی دیکه جێبەجێ بکەن بێکارن. لەم بارەوه دەتوانین پشت به وتەی گەنجێکی تەمەن 19 ساڵان ببەستین که دەڵێ:

پیاوەکانی شارەوانی زۆر گیرمان پێ دەدەن، داشقەکەم دەبەن. هه­ندێ­جار جنێو دەدەن، شەڕ دەکەن، داشقەکەم دەبەن، ئێمه داشقەیەکی دیکه دەکڕین، زۆر بووه، هەتا ئێستا 20 داشقەیان لێ بردووم، هەر داشقەیەک به 180 هەزار تمەن دەکڕم.

تاقمێکی دیکەی زبڵگەڕەکان به “کەتفی” یان تەلیس زبڵ کۆ دەکەنەوه. ئەوان ئەو تەلیسانه (که پێی دەڵێن کەتفی) دەخەنە کۆڵیان و زبڵەکان له ناو ئەو تەلیسانەدا کۆ دەکەنەوه. زبڵ­کۆکردنەوه به کەتفی له چاو کەرەسەکانی دیکه زبڵی کەمتری تێدا هەڵدەگیرێ و هەر لەبەر ئەوەش به هۆی هەڵگرتنی زبڵ به شێوەی ڕاستەوخۆ دژوارییەکی زیاتره. له هەندێ له گەڕەکەکاندا، شارەوانی کەڵک­وەرگرتن له کەرەسەگەلی وەکوو داشقەی قەدەغە کردووه و زبڵگەڕەکان به تەلیس زبڵ کۆ دەکەنەوه. لێرەدا دەتوانین ئاماژه به قسەی مێرمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵانی زبڵگەڕ بکەین که بەم شێوه وڵامی پرسیاری “هۆی بەکارنەهێنانی کەرەسەکانی دیکەی وەکوو داشقە چییه؟ دایەوە:

ڕۆژانه 100 یان 120 کیلۆ زبڵ کۆ دەکەمەوه […] داشقە لێره ڕێگەپێدراو نییه، دەنا 200 بۆ 300 کیلۆم کۆ دەکردەوه.

کەرەسەی کاری هەندێ له زبڵگەڕەکان داشقەیه، داشقە زبڵدانی نیلی و چوار تگەرییه که بەکارهێنانەوەی هەندێ له گەڕەکەکان دەیدەن بە کرێکاران بۆ ئەوەی له شوێنی مەبەستدا چالاکی بکەن و ئەگەر لەم گەڕەکانەدا کرێکاران بۆ کۆکردنەوەی زبڵ کەرەسەی دیکه به کار بێنن، بەکارهێنان بەرەنگاریان دەبێتەوه. هەر لەم بوارەدا، زبڵگەڕێکی تەمەن 16 ساڵان گوتی:

شارەوانی ئەم زبڵدانانەی دا به بەسیر و بەسیریش دای به ئێمه. له ڕۆژدا 3 یان 4 جار ئەم  زبڵدانانه پڕ دەکەین.

4‌‌‌4. لێکەوته و مەترسییەکانی زبڵگەڕی

زبڵگەڕی هەندێ کێشەی وەکوو ماوەی درێژخایەنی کار و زەختی زۆر، بارودۆخی نالەباری تەندروستی، پیسی ژینگه که کاریگەری نەرێنی له سەر تەندروستی جەستەیی کەسی زبڵگەڕ دادەنێ، زیان­بەرکەوتن و ڕووداوی کاتی کار، هەستی ناخۆشی دەروونی که له کاتی کۆکردنەوەی زبڵ تووشی دەبێ، گرژی و ناکۆکی، و مەترسی دیکەی به دواوه. له ژێرەوه ئاماژه به هەندێ لەم مەترسیانه دەکەین.

مەترسی جەستەیی: ئەم مەترسییانه بریتییه له برینداربوون و زیان­مەندبوون و نەخۆشی و مەرگ. کەسانی زبڵگەڕ به دەست، به نیازی دەس­خستنی زبڵی وشک به ناو زبڵدنەکاندا دەگەڕێن و هەر لەبەر ئەوه ئەگەری بڕین و برینداربوونی دەستیان به شتی تیژ و بڕێنەری وەکوو شووشه و ئاسن یەکجار زۆره. زبڵگەڕێکی تەمەن 15 ساڵان وتوویەتی: “دەستم زۆر بریندار بووه؛ شووشە دەیبڕێ، دەرزی پێیدا هەڵدەچەقێ، ئاسن لێی دەکەوێ، تیغی تێدایه. ماوەیەک پێش ئێستا دەرزی له دەستم هەڵچەقی، چوومه شەرای مەرگ. ئیتر هەتا شەش ڕۆژ نەمتوانی کار بکەم.” 73 له سەدی زبڵگەڕەکان له وڵامی ئەم پرسیارەی که “ئایا هەتا هەنووکه بریندار بوون یان نا؟” وڵامی بەڵێیان داوەتەوه. له زۆربەی حاڵەتەکاندا منداڵان تێگەیشتنێکی ئەوتۆیان له چۆنیەتی برینداربوون یان لێکەوتەکانی برینداربوون نییه و که­ره­سته­کانی خۆپارێزی وەکوو دەمامک، جل­وبەرگ و کەرەسەی کار به کار نابەن. 68 له سەدی زبڵگەڕەکان دەستەوانەیان به دەستەوه بوو بەڵام دەستەوانەکەیان باش نەبوو.

بۆ وێنه هەندێکیان دەستکێشیان له ناو زبڵدانەکان دۆزیبۆوه یان دەستەوانەکەیان به هۆی تەڕی یان عارەقەکردنی دەست شیاوی به کارهێنان نەبوو. لەو کاتانەی که کەسانی زبڵگەڕ بریندار دەبن یان سەردانی پزیشک دەکەن یان ناکەن. تێچووی قورسی چارەسەر، وای کردووه که ئەگەر کەسانی زبڵگەڕ بریندار بن، نەتوانن به شێوەی گونجاو خۆیان چارسەر بکەن. هەر لەم بوارەدا، یەکێک له زبڵگەڕەکان له وڵامی ئەم پرسیاره که “ئاخۆ هەتا ئێستا له کاتی کاردا بریندار بووی و چۆنت چارسەر کردووه؟” گوتی: “جارێکیان دەرزی دروومان له دەستم هەڵچەقی، هەڵماسی. ئیتر خۆم له ناو کانێکس ناس – جۆرێک مادەی هۆشبەرم له سەری دانا، کەمێک ماسینەکەی نیشتەوه، ئینجا چوینه دوکتۆر؛ ڕۆژێ 100 هەزار تمەنی وەردەگرت”.

یان منداڵێکی تەمەن 13 ساڵان سەبارەت به چاره­سەری برینەکەی گوتی: “کارێکی وا ناکەین، له ناو زبڵەکاندا دەگەڕێم پەڕۆیەک دەدۆزینەوه بەوه برینەکەمان دەپێچینەوه”.

نەخۆشی: بەکارهێنانی شێوازی ناستاندارد لەوانەیه هەوکردن و دیکەی نەخۆشییە بێ‌چارەسەکانی لێ بکەوێتەوه. هەندێ­جاریش ئەم کەسانه به هۆی کۆکردنەوەی زبڵ تووشی نەخۆشی پێستی دەبن؛ وەک منداڵی تەمەن 12 ساڵان دەیگێڕێتەوه: “دەم­وچاوت بۆچی ئاوای لێ هاتووه؟ ئەمه ساله­که. [لەم پیشەدا وات لێ هاتووه؟] ئەرێ. [چوویه دوکتۆر؟] جارێکیان چووم. چووم گوتی ئەمه نەخۆشی سالەکە. 5 دانه دەرزییان لێدام هەتا ئێستاش چاک نەبوومەتەوه. جارێک له دەم­وچاوم دەرهات. هاتمه ئێره وام لێهات. له ئەڤغانستان وا نەبووم.” له هەندێ له حاڵەتەکاندا زبڵگەڕەکان تووشی نەخۆشی هەڵامەت دەبن که لەوانەیه به هۆی سەردان­نەکردنی پزیشک، تووشی ئانفۆلانزا ببن. هەندێ­جاریش ژانەسەری به هۆی بۆن­کردن به بۆی پیسی زبڵ ئازاریان دەدا و دەبێته هۆی ئەوەی ماوەی چەند ڕۆژ نەتوانن ئیش بکەن.

زبڵگەڕەکان هەروەها به هۆی بارودۆخی کار و ژیانیان تووشی جۆرەکانی نەخۆشی ئازاری گورچیله، ئازاری گوێ، ئاسم، پشت‌ئێشه، ئازاری پێستی. کارکردن له کەش­وهەوای نەگونجاو، نەبوونی مەکینه و کەرەسەی پێویستی کاری گونجاو و پارێزراو، ژيان­کردن له شوێنی پیس و نەپارێزراو، (له هەندێ حاڵەتدا) خواردنەوەی ئاوی پیس، خواردنی خۆراکی نەگونجاو، خەوی ناڕێک و ناتەواو، و کاتی زۆری کارکردن له فاکتەره سەرەکییەکانی مەترسی جەستەیی زبڵگەڕی بەتایبەت نەخۆشییەکانه.

بارودۆخی سەختی کار: زبڵگەڕی هەندێ زەختی وەکوو درێژخایەن­بوونی ماوەی کار، به کۆڵ گواستنەوەی باری قورس و ماندووێتی لەڕادەبەدەر هەیە. هەندێ­جار کەسەکه له یەکەم ساتەکانی ڕۆژەوه هەتا شەو کار دەکات. بۆ وێنه بەیانی زبڵە کۆکراوەکان جیا دەکاتەوه و پاش­نیوەڕۆ و شەو زبڵ کۆ دەکاتەوه. هەروەها بارودۆخی شوێنی نیشتەجێ­کردنی زبڵگەڕەکان له ئاستێکی باشدا نییه. هەموو ئەم مژارانه له درێژەی کاتدا دەتوانێ توانای کەسی زبڵگەڕ له ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە کەم بکاتەوه. له زۆربەی کاتەکاندا، به هۆی کۆچی نایاسایی و تێچووی قورسی ئەم کۆچکردنه، کەسی زبڵگەڕ ناچاره بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم تێچووانه کاتێکی زیاتر کار بکات. کاتی کاری درێژخایەن ماوەی پشووی کەسەکە دەفەوتێنێ و خەوی تەواو و پشووی لێ زەوت دەکات. منداڵێکی تەمەن  13 ساڵانەش سەبارەت به دژواری کاری و بێ‌خەوی گوتی: “دژوارییەکەی شتێکی وا نییه، بەڵام خاوێن­کردنەوەی ناخۆشه. خەوت دێ، ده­مه­و بەیانی دەبێ ئەم زبڵانه پاکژ بکەیتەوه، ناتوانی. خەوت دێ پێت خۆش نییه خەوت بزڕێت.” یەکێکی دیکه له منداڵەکان سەبارەت به دژواری کارەکە وتی:

ناخۆشی کارەکە له بێخەوییەتی؛ هەر دەبێ کار بکەیت. دەبێ ئەم‍‍‍ تەلیسانه به کۆڵ هەڵبگری. هەر به دوای زبڵدا بگەڕێی. زبڵ کۆ بکەیتەوه، دژواره. کەم‌خ‍ەوی زۆر پیاو تووڕه دەکات. ئیتر ئێمه کاتژمێر١٠ی شەو دەچینەوه هەتا نانی شه­و ساز دەکەین، نان دەخۆین، کاتژمێرێک دەخایێنێ، دوازده و نیوی شەو دەخەوین، شەشی بەیانیش له خەو ڕادەپەڕین. ئیتر دژوارییەکەی له جیاکردنەوەیەتی.

ڕووداوی کاتی کار: منداڵانی زبڵگەڕ هەندێ جار له کاتی کاردا تووشی ڕووداو دەبن؛ بۆ وێنه ئەو کاتەی که منداڵ توانای چەماندنەوەی زبڵدانی نییه دەچێته سەر زبڵدان یان دەچێته ناو زبڵدانەوه، یان هەندێ جار له کاتی گەڕان بۆ زبڵ زبڵدانەکە دادەنەوێنن که لەم حاڵەتەدا لەوانەیه زبڵدانەکە بکەوێته سەر پایان و بریندار بن. کوڕێکی زبڵگەڕی تەمەن 15 ساڵان وتوویەتی: “ئێمه بچووکین باڵامان به ناو زبڵدانەکە ناگات. جارێکیان  زبڵدانەکەم دانەواندەوه، کەوته سەر قاچم و قاچم بریندار بوو.” له لایەکی دیکەشەوه گواستنەوەی هەندێ له زبڵگەڕەکان له شوێنی نیشتەجێ­بوونیانەوه، له باشووری تاران به کامیۆن ئەنجام دەدرێ و کاتی گەڕانەوەش ئەم کامیۆنانه به کار دەبەن، بەو جیاوازییەی له گەڕانەوەدا کامیۆنەکان پڕ له زبڵن و زبڵگەڕەکان ناچارن له سەر میچی کامیۆن یان له سەر زبڵەکان دابنیشن.

لەم بارودۆخەدا، ئەگەری ڕوودانی مەترسی یان ڕووداو بۆ ئەم کەسانه زۆره. یەکێک له زبڵگەڕەکان گێڕایەوه: “ئیتر چەتوونه، هەتا نان بخۆی، بخەوی، نه خەوی خەوه، نه گەرماوێک، نه هیچ. ماندوو دەبین ئیتر. هەر له ده­مه­و بەیانییەوه هەتا شەو دەبێ به ڕێگاوه بڕۆی، دەی ماندوو نابی؟ ئیتر ئەستەمه. ئێستا منداڵانی ده دوازده ساڵان کار دەکەن. دوو کەس دەتوانن یان سێ کەس دەتوانن له ناو خاوەرییەکە دابنیشن. هەمووان له سەرەوه دادەنیشن. باران ببارێ و بەرد ببارێ هەموو له سەرەوه دادەنیشن. [سەرەوه کوێیه؟] له سەر باری زبڵەکان، له سەر خاوەرەکە. [ دەی ئەوێ مەترسیدار نییه؟] با، ئەی دار گیر دەکا، کوێر دەبی، هەیه دەکەوێته خوارەوه. کەیبڵێک له زبڵەکە گیر بکا، ژێرەوەمان داره، باری زبڵەکان له سەرەوەیه. دەچێته بن داره­کان، دەکەوێت. [خۆت قەت چوویته سەرەوه؟] من هەمیشه له سەرەوەم. [پێم بڵێ چۆن چۆنییه؟] بۆ وێنه هەوا سارده، له پێشدا بارەکە دەخەنه ناو خاوەرییەکە، دەچینه سەر خاوەرییەکە، ئیتر دادەنیشی. دار گیر دەکات. سەرمایه ئیتر.”

زەخته جەستەییەکان: زەختی جەستەیی و خەسارەتەکانی له پیشەی زبڵگەڕیدا زۆرن، به جۆرێک که هەڵگرتنی باری قورس و ماندووێتی له ڕادەبەدەر دەبێته هۆی ئەوەی ئێسک و ماسوولکەکانیان زیانی پێ بگات. زبڵگەڕە نافەرمییەکان بۆ کۆکردنەوەی زبڵ کەره­سەگەلی وەکوو تەلیس یان کەتفی و داشقە به کار دەبەن. ئەوان ناچارن له کاتی کۆکردنەوه و گواستنەوەی زبڵەکان تابشتی کێش و قورسی بار له سەر شەقام بێنن. تابشت­هێنانی ئەم بارودۆخه بۆ منداڵان ئەستەمتره و لێکەوتەی جیاجیای لەگەڵه، چونکه کاریگەری له سەر قۆناغەکانی گەشەکردنی ئەوان دادەنێت. بەکارهێنانی داشقەش مەترسی خۆی هەیە و هەمیشە ڕێگەپێدراو نییه. بۆ وێنه له هەندێ له گەڕەکەکانی تاران، وەکوو گەڕەکە باکوورییەکان که لێژی زۆره بەکارهێنانی داشقە جێبەجێ نابێ و لەوانەیه تلار ببێتەوه و بەرکەوتنی لەگەڵ ئۆتۆمبێل هەبێت. یەکێک له زبڵگەڕەکان دەیگێڕێتەوه: “ئێره داشقه به کار نایه، سەرەولێژی هەیه، بەری بدەی تلار دەبێتەوه له ئۆتۆمبێلێک دەکەوێ، دەبێ خەسارەت بدەیت.”

بوونه قوربانی تاوان و توندوتیژی: له ناو شاردا له کاتی کۆکردنەوەی زبڵ و له شوێنی نیشتەجێ­بوون زبڵگەڕەکان دەبنه قوربانی هەموو جۆرەکانی تاوان و توندوتیژی. بەڵگە وەدەست­هاتووەکانی مەیدانی توێژینەوه پیشان دەدا که زبڵگەڕەکان دەبنه قوربانی دزینی جۆراوجۆر که گرینگ­ترین دزییەکەیان بریتییه له دزینی شتەکانیان له شوێنی نیشتەجێ­بوون، دزینی شتەکانیان له کاتی کۆکردنەوەی زبڵ له ناو شار، و دزینی زبڵەکانیان له کاتی کاردا. زەختی ئەم دزییانه زۆره، چونکه زۆربەی بەشداربووان له درێژەی دیمانەدا ئاماژەیان بەوه کرد که “شتەکان” یان “بارەکانیان” دزراوه. منداڵێکی تەمەن 17 ساڵان بەم شێوه بۆی گێڕاینەوه:

“زبڵمان زۆر لێ دەدزن. ئێرانییەکان به ئۆتۆمبێلەوه دێن لێمان دەدزن، ئۆتۆمبێلەکانیان هی خۆیانه”. کاتێک له منداڵێکی تەمەن 17 ساڵەمان پرسی که “سەختی کاری زبڵگەڕی چییه؟” ئەو له وڵامدا گوتی: “ئەمه سەختییەکەیەتی؛ بارێک زبڵ کۆ دەکەیتەوه، دڵی پیاو دەشکێنن، له ناکاو دەبینی دیار نییه”. دزی له شوێنی نیشتەجێ­بوونیان زۆر باوه. یەکێکی دیکه له زبڵگەڕەکان گێڕایەوه: “شەوێکیان منداڵەکان نووستبوون. بەیانی که هەستان بینیمان چوار دانه موبایل دیار نییه. ئیتر کاری هەر کەس بێ ڕفاندی. [کێ دزی دەکا؟ له دەرەوه دێن یان منداڵەکانی خۆتانن؟] نا، له دەرەوه دێن.”

زبڵگەڕەکان له شوێنی کاردا له کاتی کۆکردنەوەی زبڵ هەموو جۆرەکانی توندوتیژی بەئەزموون دەکەن که زۆربەی توندوتیژییەکانیش به هۆی شێوازی ڕێکخستنی کار له لایەن پەیمانکارانەوه ڕوو دەدەن. 73 له سەدی زبڵگەڕەکان وتیان که توندوتیژییان بەئەزموون کردووه. لەم نێوانەدا 76 له سەدی توندوتیژی دەروونی و 69 له سەدیان توندوتیژی جه­سته­ییان بەئەزموون کردبوو.

زبڵگەڕەکان زیاتر له لایەن ئەجێنداکانی پەیمانکاران. شارۆمەندان، و دیکەی زبڵگەڕەکان توندوتیژی بەئەزموون دەکەن. یەکیان دەیگێڕێتەوه: “ئیتر ئەمانه پێش دێ، بەکارهێنان ئەگەر له گەڕەکی 5 یەکێ بێته ئێره، دەیبا، ئەوەندەی لێ دەدەن. ئەگەر ئێستا به داشقه بچمه گەڕەکی 2، دەمگرێ تێم­هەڵدەدا. له گەڕەکی 5ـیش ڕێگه به داشقه نادەن، ڕووبەڕوو کرێکاری گەڕەکی 2 دەبێتەوه. بچینه گەڕەکێکی دیکه قاچاغچی تێمان­هەڵدەدەن.”

چارتی ژماره 1. فاکتەرەکانی سەپاندنی توندوتیژی له دژی زبڵگەڕەکان

شێوازێکی زۆر باوی توندوتیژی و هەڕەشەکردن له ئاسایشی گشتی زبڵگەڕەکان ئەو کاتەیه که بەرپرسانی فەرمی پەلاماری گاراژ یان قووڵکەکانیان دەدەن و دەیڕۆخێنن. له زۆربەی حاڵەتەکاندا، ناوەنده فەرمییەکانی وەکوو هێزی داد، پۆلیس، شارەوانی و دیکەی ناوەندەکان لەگەڵ دیاردەی بنکه بێ‌مۆڵەتەکانی فڕێدانی زبڵ نەرمی دەنوێنن و نایانڕۆخێنن. بەڵام له هەندێ حاڵەتدا به هۆی هەندێ زەخت و گوشارەوه هێرش دەکەنە سەر ئەم بنکانه و دەیانڕۆخێنن. زۆر جار بەرپرسان بۆ ڕۆخاندنی ئەم ناوەندانه پاساوی تەندروستی و ژینگەیی دەهێننەوە. ناوەنده فەرمییەکان بەتایبەت شارەوانی تاران له لایەک به پێی ئەو تەوگیرەی که بۆ جیاکردنەوەی زبڵ کردوویانه و بردوویانەتە بواری جێبەجێ­کردن، خۆیان هۆکاری بەدیهاتنی ئەم چەشنه ناوەندانه له شاری تارانن و له لایەکی دیکەشەوه کاتێک که شارەوانی تاران زەخت و گوشار دەکرێته سەری به هاوکاری دیکەی ناوەندەکان دەست دەدەنه ڕۆخاندنی ئەم ناوەندانه. لەم بوارەدا گێڕانەوەی یەکێک له زبڵگەڕەکان بەم شێوەیه:

“شارەوانی له هەر کوێ بزانێ هۆدەمان داناوه فڕێی دەدا، له ئەشرافاوه دەیکوت شتەکانتان کۆ بکەنەوه دێ و هۆدەکان کۆ دەکاتەوه. شتی خەڵکیشی تێدایه. دەڵێ ئێوه بۆتان نییه هۆده لێ بدەن. به زۆری دێت. به 6 پیاوی کەلانتەرییەوه دێ. خاوەنی پارچه زەوییەکە پاره به شارەوانی نادات. ئەو حەفته ئێمه چووین و هۆدەکەمانی کۆ کردەوه. 6 دانه کەلانتەری بوون. من خەوتبووم کاتژمێری 6 بەیانی بوو؛ کوڕێک هاواری کرد وتی کەلانتەرەکان هاتن کۆتان بکەنەوه. ئێمه هەستاین، کەلانتەرەکان ڕژانه ناو ئەشرەفاوا، 6 دانه ئۆتۆمبێلی هێزەکانی ئاسایش بوون. کەلانتەری خاوەرشار بوو، 10 دانه ئۆتۆمبێلی شارەوانی بوو، هی گەڕەکی 20 بوو، 15 بوو، بەیانی که له خەو ڕاپەڕیبووین 2 ئۆتۆمبێل هاتن که هۆدەکان کۆ بکەنەوه. هاتین بینیمان شارەوانی دەڵێ شتەکانتان کۆ بکەنەوه من ئەو هۆده هەڵدەپێچم. 60، 50 هۆده بوو. ئیتر ماوەی پێ نەداین.”

نیشتەجێ­کردنی مەترسیدارانه و خۆراکی نەشیاو:

شێوازی نیشتەجێ­کردنی زبڵگەڕەکان و دەست­پێڕاگەیشتنیان به خزمەتگوزاری شاری ڕەهەندێکی دیکەی ژیانی زبڵگەڕییه که مەترسی زۆری لێ دەکەوێتەوه. شوێنی نیشتەجێ­بوونی ئەو زبڵگەڕانەی که تاقی بەیانان کار دەکەن له ناو بەکارهێنانەوەکانه که تا ڕادەیەک دەستیان به  ئامراز و خزمەتگوزاری شاری دەگا، ئەوه له حاڵێکدایه که چڕی نیشتەجێ­کردن لەوێ زۆره. شوێنی نیشتەجێ­کردنی ئەو کەسانەی که له دانگی پاش­نیوەڕوان و له کەرتی نافەرمیدا کار دەکەن له ناو قوڵکەکان، کوورەخانەی دروست­کردنی خشت و بنکەکانی جیاکردنەوەی زبڵه که زۆربەیان دەکەونه گەڕەکە  باشوورییەکانی شار وەکوو ئەشرەفاوا، مەحموودئاوا و خەلازیری تاران. له زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەوان له ناو کەپرە دەستکردەکانی پاڵ زبڵه کەڵەکەبووەکان ژیان به سەر دەبەن که له زۆرێک له که­ره­سته­گه­لی خزمەتگوزاری بێبەشن. بەڵگە وەدەست­هاتووەکانی مەیدانی توێژینەوه پیشان دەدا که چۆنایەتی ژیانی تاکەکان لەو شوێنانه زۆر خراپ و تەنانەت نامرۆڤانەیه. یەکێک له زبڵگەڕەکان له بارەی شوێنی نیشتەجێ­کردنیان وتوویەتی:

[ئەم پارچه زەوییه هی کێیه؟] هی بەنده­یه­کی خودایە. کوورەی دروست­کردنی خشت کۆنه، زەوییەکە به کرێ دەگرین. لێره مانگی سێ ملیۆن دەدەین و سێ ملیۆنیش دەدەین به کارەبا. [ئاوی هەیە؟] نا. ئاوی شیرینی نییه؛ ئاوی چای هەیە. تەوژمی ئاو کەمە. پۆمپەکە دەسووتێنێت. بۆ ئاوی خواردنەوه به ئۆتۆمبێل ئاومان بۆ دێنن. تۆنگەیی دەکڕین. تۆنگەی هەزار و 500 تمەنە. [ئێره گەرماوی هەیه؟] نا دەبێ بچیته ئیسلاماوا. شەش هەزار تمەن وەردەگرن، پارەی ئاوی پەتی. حەفتەیه­ک جارێک دەچین. [چۆن شوێنی خەوتان گەرم دەکەنەوه؟ هیچ کێشەیەکتان بۆ پێش نایه؟] به غاز؛ نا. مەترسیمان له سەر نییه چونکه کون و کەلێنی زۆره.

 

وێنەی ژماره 2. هەندێ وێنەی شوێنی نیشتەجێ­کردنی زبڵگەڕەکان

ئەوان له لانیکەمی که­ره­سته­کانی ژیان وەکوو ئاو، گەرماو، کەرەسەی گەرم­کەرەوەی پارێزراو و کەل­وپەلی لەو چەشنه بێبەشن. 77 له سەدی زبڵگەڕەکان وتوویانه ئاوی خواردنەوه دەکڕن و 49 له سەدیان حەفتەیه­ک جارێک دەچنه گەرماو. زۆر جار بۆ ئەوەی شوێنی نیشتەجێ­بوونیان گەرم بکەنەوه کەپسوولی غاز به کار دەبەن و به هۆی ترس له خنکان، له کاتی خەوی شەوانەدا دەیکووژێننەوه. منداڵان به هۆی ئەوەی له درێژەی حەفتەدا چەندین کاتژمێر ئیش دەکەن چیتر بۆ کاروبارەکانی دیکەی وەکوو خوێندن و یاری وزەیان تێدا نامێنێ و زبڵگەڕی و بۆنەکانی ئەم کاره هەڕەتی منداڵیان به تاڵان دەبات. له ڕۆژانی پشوو یان خۆیان خاوێن دەکەنەوه و یان دەخەون. له ڕووی خۆراکەوه ئەم منداڵانه به هۆی هەژاری خۆراکەوه دەناڵێنن، فره­چەشنی ئەو ماده خۆراکییانەی که دەبێ بیخۆن زۆر سنوورداره و له هەندێ حاڵەتدا به هۆی بارودۆخی کارەوه ناچارن سەرەڕای کاری دژوار ژەمە خۆراکییەکانیان وەلا بنێن. منداڵێک گێڕایەوه: “[… چی دەخۆن؟] هێلکه؛ سۆسیسێک دەکڕین. [نانی نیوەڕۆ و شه­وتان ئەوەیه؟] نانی شه­و ناخۆین، دەخەوین. بۆ بەیانی بەرچایی دەخۆین. [واته نانی شه­و ناخۆن؟] نا. [له گەڕەکیشدا نایخۆن؟] ئەگەر بخۆین تێچووی زۆره، بۆمان نامێنێتەوه. ناخۆین.”

خەسارەتهەڵگریی کۆمەڵایەتی:

کۆچ، بارودۆخی سەختی کار و ژیان، بەئەزموون­کردنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و گووشار بە هۆی هەستی ناخۆش دەتوانێ ئەوان بخاته بەر دەم هەموو جۆرەکانی زیانی کۆمەڵایەتی وەکوو بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر. بەکارهێنانی جۆره مادەیەکی هۆشبەر له ناو زبڵگەڕەکاندا به ناوی ناس باوه و مادەی هۆشبەری دیکەش دەکێشن. یەکێک له منداڵەکان وتی: “زۆر مادەی هۆشبەر بەکار دەبەن؛ دوانمان هەیە. ئەوان دەکێشن. [چی دەکێشن؟] کریستاڵ و دەوا.” ئەمه ئەوه ناگەیێنێ که هەموو زبڵگەڕەکان مادەی هۆشبەر دەکێشن بەڵام کۆمەڵێکی زۆریان دەکێشن. سەرەڕای ئەوەی له ناو منداڵاندا کێشانی ماده هۆشبەرەکان بەدی نەکراوه بەڵام ئەزموونی کاری دژوار لەگەڵ بینینی ئەم چەشنه هه­ڵسوکه­وتانه له ناو شوێنی کاردا دەتوانێ خەسارەتهەڵگریان بکات.

  1. کۆبەندی و ئەنجامگرتن

هەندێ فاکتەری وەکوو هەژاری، داب­ونەریته هەڵەکان، یاسا و ڕێسای جیاکارانه و بەڕێوبەری ناکارامەی شاری له بواری کۆکردنەوه و نەبوونی پلانی کاریگەر و ئاماده بۆ ڕاهێنانی شارومەندان بۆ لێک­جیاکردنەوەی زبڵ له سەرەتاوه، هەروەها نەبوونی ژێرخانی گونجاو بۆ کۆکردنەوەی زبڵ و نابەرپرسایەتی شارومەندان له ئاست زبڵ و  بەرهەم­هێنانی زبڵی زۆر وای کردووه که منداڵان و دیکەی کەسەکان ڕوو بکەنە کۆکردنەوەی زبڵ له کەرتی نافەرمیدا. وەک بەڵگەکان پیشانی دا گرێبەستی کاری له نێوان زبڵگەڕەکان و پەیمانکاران، شێوازی کۆکردنەوەی زبڵ له لایەن زبڵگەڕەکان له ڕەهەندی جۆراوجۆردا وەکوو شێوازی کۆکردنەوه، شێوازی کڕین و ئیزنی کار، ماوەی کار، شێوازی جیاکردنەوه، ئامرازی کار، تووشی کێشەی جۆراوجۆر دەبێتەوه. به واتایەکی دیکه دەتوانین بڵێین شێوازی ڕێکخستنی کۆکردنەوەی زبڵ بە تایبەت له کەرتی نافەرمی و شوناسەکەی چەوسێنەرانه و نامرۆڤانەیه، به جۆرێک که دەبێته هۆی دزینی ئەو  زێدەباییه که زبڵگەڕەکان بەرهەمی دێنن و ئەمه زیانی جەستەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوه.

ئەم مژارانه به هۆی کەمتەرخەمی شارەوانی و لایەنە جێبەجێ­کارەکانی له دابەزاندنی یاساکانی بەکارهێنانەوەی زبڵ و چاودێری­نەکردنی کارکردی پەیمانکارانی شارەوانی به هۆی شێوازی ناکارامەی ڕێکخستنی سیستەمی کۆکردنەوەی زبڵه. جیا لەوه، ئەم زبڵگەڕانه له پاڵ کار و ژیانی خۆیان ڕووبەڕووی هەندێ کێشه دەبنەوه. زبڵگەڕی وەک یەکێک له خراپترین جۆررەکانی کاری منداڵان نه تەنیا ڕێگری له خوێندن و یاری­کردنی منداڵان دەکا بەڵکوو له ڕەهەنده جیاجیاکانەوه تەندروستییانی خستۆته مەترسییەوه. منداڵان له کاردا هەموو جۆرەکانی توندوتیژی بەئەزموون دەکەن، کۆکردنەوەی زبڵ له ناو زبڵدان له پاڵ ئەوەی که زیانیان پێ دەگەیێنێ و دەبێته هۆی نەخۆشی، ئەزموونێکی زۆر ناخۆشه که هەموو جۆرە هەستێکی نەرێنی ئاوقانی منداڵان دەکات.

له مۆدێلی ژێرەوه له پرۆسەیەکی لۆژیکیدا به­ستێن و لێکەوتەکانی زبڵگەڕی پیشان دراوه. له بەشەکانی پێشتردا سەبارەت به توخمی مۆدێل ڕوون­کردنەوەی زۆرمان داوه. تەنیا پێویسته ئاماژه به چەند دانەیان بکەین. له بواری کۆمەڵگەی بەکارهێنەردا وەک یەکێک له به­ستێنەکانی زبڵگەڕی دەبێ بڵێین بەکارهێنانی بەربڵاو بەتایبەت له چوارچێوەی بەستەبەندی له لایەک و دابین­نەکردنی بەستێن و فەرهەنگی جیاکردنەوەی زبڵ له سەرەتا له لایەکی دیکەوه وای کردووه قەبارەیەکی زۆری زبڵی جیانەکراوه بیچم بگرێ که زەمینە بۆ بیچم­گرتنی زبڵگەڕی بڕەخسێنێت. یان شێوازی جێبەجێ­کردنی یاساکان ئاماژه به جێبەجێ­کردنی هەموو ئەو یاسایانە دەکا که بەکارهێنانی منداڵی بۆ کار قەدەغە کردووه بەڵام به هۆی جێبەجێ­نەبوونی ئەم یاسایانه زەمینە بۆ کاری منداڵان خۆش کراوه، لەم به­ستێنەدا دەتوانین ئاماژه به یاساکانی کار، ڕاگەیاندنی یاسای قەدەغەکردن و داپەڕینی خێرا بۆ سڕینەوەی خراپترین جۆری کاری منداڵان، ڕێسای چاودێری به سەر میکانیزمی کۆکردنەوەی پاشخوانە وشکەکان و هتد بکەین.

ڕێکارەکانی منداڵان و دیکەی زبڵگەڕەکان بەتایبەت له کەرتی نافەرمی له ڕووبەڕووبوونەوه لەگەڵ شێوازی ڕێکخستنی زبڵگەڕ و مەترسییه جۆراوجۆرەکانی ئەو کاره له چوارچێوەی تۆڕی کۆمەڵایەتی وەکوو خزمایەتی و دۆستایەتییه. ئەم تۆڕانه له کار و شوێنی نیشتەجێ­بووندا کۆمەڵێ پشتیوانی بۆ زبڵگەڕەکان دابین دەکات. بۆ وێنه له هەندێ حاڵەتدا ئەوان له ڕێگەی ئەم تۆڕانەوه جیا له هەندێ بۆنە وەکوو پێدانی “ڕسووم” کەسانی دیکه دەهێننه ناو پرۆسەی زبڵگەڕییەوه. سەرباری ئەوەی زبڵگەڕەکان باش دەزانن که له کاردا دەچەوسێنرێنەوه و زبڵگەڕی هەموو بوارەکانی ژیانیان دەخاته ژێر کاریگەری خۆیەوه، بەڵام به هۆی ئەوەی دەزانن دەنگیان به هیچ کوێ ناگا و هەوڵەکانیان هیچی لێ سەوز  نابێ و ناچارن ئیش بکەن له چوارچێوەی ئەم تۆڕانە و پەیوەندییەکانی درێژە به کار بدەن.

 

وێنەی ژماره  3‌‌‌ مۆدێلی زەمینەیی زبڵگەڕی منداڵان له شاری تاران

زبڵگەڕی هەڵگری کۆمەڵێک لێکەوتە بۆ منداڵانه که له ئاستێکی جیاوازدا دەتوانێ تەندروستییان بخاته مەترسییەوه و هەڕەتی منداڵییان پێشێل بکا، هەڕەتێک که دەیانتوانی پارێزراو بن و یاری بکەن و شاد بن و بخوێنن. له سەر ئاستی بەربڵاوتردا لێکەوتەکانی زبڵگەڕی بریتییە لە کۆمەڵێک پرسی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی که له سەر ئاستی شاری و بەتایبەت له قوڵکەکانی زبڵدا دەیبینین. زبڵگەڕی منداڵان سیمای شاری تارانی نامرۆڤانه کردووه، واته بنەڕەتی­ترین مافەکانی منداڵ لەم شارەدا پێشێل دەکرێت. به مەبەستی کەمکردنەوەی دەرد و نەهامەتی زبڵگەڕەکان و نەهێشتنی زبڵگەڕی وەک خراپترین جۆرەکانی کاری منداڵان هەندێ پێشنیار خراوەتە ڕوو. به گشتی چەند ئاراستەی سیاسەتی بۆ کاری منداڵان بوونی هەیە که بەم شێوەن:

1) ئاراستەی به پێی خۆشگوزەرانی:

ئەم ئاراسته پێداگری له سەر باشترکردنی کار و بارودۆخی ژیانی زبڵگەڕەکان و کەمکردنەوەی کێشەی ڕۆژانه و باشترکردنی پێداویستییەکانی ئەم گرووپه دەکات. گومانی گشتی سەبارەت به زبڵگەڕەکان و منداڵانی زبڵگەڕ ئەوەیه که ئەوان خەڵکانێکی هەژارن که پێویستیان به هاوکارییه. ئەم ئاراسته هەڵوەدای گۆڕینی بارودۆخ نییه. نموونەکانی دەستێوەردانی پشتبەستوو به ئاراستەی خۆشگوزەرانی بریتین له پێدانی خزمەتگوزاری تەندروستی، شتن و چاودێری تەندروستی؛ پێدانی کەرەسە و ئامرازه خۆپارێزییەکان؛ ڕێکخستنی چالاکی سەرگەرمی بۆ منداڵان و دابین­کردنی خانوبەرە بۆ بنەماڵەکان.

2) ئاراستەی به پێی گەشە:

ئەم ئاراسته هەڵوەدای پەرەدان به توانای تاکەکان و دابین­کردنی سەرچاوەی دارایی و جه­سته­یی و هەروەها دەرفەتە پەروەردەییەکانه. گومانی گشتی سەبارەت به زبڵگەڕەکان و منداڵانی زبڵگەڕ ئەوەیه که ئەوان خەڵکانێکی هەژارن که پێویستیان به هاوکارییه و هەندێ توانایان هەیه که دەبێ ئەم توانایانە بە هێز بکرێن و دەبێ بۆ پەرەدانی ئەم توانایانه دەرفەتیان پێ بدرێت. هەندێ نموونە دەستێوەردانی پشت­بەستوو به ئاراستەی گەشە بریتییه له: دابین­کردنی که­ره­سته­کانی چاودێری ڕۆژانه؛ دابین­کردنی پەروەردەی فەرمی و نافەرمی و ڕاهێنانی پیشەیی و دابین­کردنی هەلی کاری بەدیل بۆ پیشه، بوودجە و بەرهەم­هێنانی داهات.

3) ئاراستەی به پێی یاسا:

ئامانجی ئەم ئاراسته دروست­کردنی پانتای سیاسی زیاتر بۆ زبڵگەڕەکان و هەروەها بەهێزکردنی پێگەیان وەک گرووپێک له ناو کۆمەڵگایە. هەنگاوی یەکەم پێدانی ئیزن بۆ دەربڕینی سکاڵا به کۆمەڵگای ئامانج و زیاتر بینرانی ئەم کۆمەڵگەیه. لەم ئاراستەدا، زبڵگەڕەکان وەک کەسانێک فام دەکرێن که دەبێ داکۆکییان له سەر بکرێ و مافی ژیانێکی باشتریان پێ بدرێت. نموونەکانی دەستێوەردانی به پێی ئاراستەی یاسا بریتین له: ڕێکخستن، لۆبیگەری، دنەدانی بەشداری سیاسی، بۆ وێنه ڕێکخستنی زبڵگەڕەکان له ناو هەرەوەرزییەکان بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ناوبژیوانەکان کەم ببێتەوە و داهاتی زبڵگەڕەکان باشتر بێ؛ هەڵکشاندنی ئاستی وشیاری سەبارەت بە کاری منداڵان له ناو کۆمەڵگاکان و چاکسازی یاسایی و باشتر دابەزاندنی یاساکانی کار؛ چاکسازی یاسایی ئاماژه به بارودۆخی باشتری کار واته ماوەی کار، لانیکەمی تەمەنی، لانیکەمی مووچه، تەندروستی پیشەیی (پارێزراوی، دەنگه دەنگ)، بیمەی دەرمانی و هتد دەکات.

4) ئاراستەی به پێی سیستەم:

ئامانجی ئەم ئاراسته ئەوەیه که سیستەمی بەڕێوبردنی زبڵ به جۆرێک بگۆڕدرێ که زبڵگەڕەکان له کەرتی نافەرمی تێکەڵ بە کەرتی فەرمی بکات. تێکەڵ­کردن له ڕێگەی بەفەرمی­کردنی کارەکانیان لەگەڵ دیکەی خاوەن­بەرژەوەندییەکان بەتایبەت خاوەن­بەرژەوەندییه فەرمییەکان، وەکوو دەوڵەتە خۆجێییەکان یان کەرتی تایبەت، بەشداری­پێکردنی زبڵگەڕەکان له بەفرمۆلەکردنی سیاسەتە شاری / نیشتمانییەکانی بەڕێوبردنی زبڵ له نموونەکانی دەستێوەردانی به پێی ئاراستەی سیستەمە (ڕێکخراوی جیهانیی کار: 2004).

چارەسەری پرسی زبڵگەڕی و زبڵگەڕی منداڵان له ئێراندا پێویستی به هەندێ دەستێوەردانی سیاسی له وڵاتی ئەڤغانستان و بەڕێوبردنی کۆکردنەوەی زبڵ له شاری تارانه. له وڵاتی ئەڤغانستان هەژاری هۆکاری سەرەکی کۆچ­کردن و کاری منداڵان له ئێرانه و سەرچاوە سەرەکییەکانی هەژاری بریتییه له دابەش­کرانی نادادپەروەرانەی دەرفەتەکان له ناو توێژ یان چینه کۆمەڵایەتییەکان و کەرتە ئابوورییەکان و پانتای جوگرافیایی، چڕبوونەوەی هەژاری له ناوچه لادێییەکان، نەبوون یان کەمی هەلی پەروەردەیی و تەندروستی له هەندێ له ناوچەکان بەتایبەت ناوچه گوندییەکان، بێکاری، هاوسەرگیری پێشوەخته و ڕێژەی زۆری زک­وزا، گەندەڵی، هەڵاواردن، کەڵکاوەژۆیی له دەسەڵات، جەنگ و نائارامی و مەترسییه سرووشتییەکان؛ کەواته ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییه سرووشتییەکان، باشترکردنی هەلی خوێندن بەتایبەت له ناوچه گوندییەکان، دابەش­کردنی دادپەروەرانەتر و له ئەنجامدا دادپەروەرانەتری سەرچاوه و سامان دەتوانێ کاریگەری له سەر کەم­کردنەوەی ڕێژەی هەژاری له کۆمەڵگای ئەڤغانستان دابنێت.

له ئێرانیش پەرەسەندنی کەرتی نافەرمی و شێوازی بەڕێوەبردنی زبڵەکان له شارەوانی تاران و ڕێکخراوی پاشخوان بوو به یەکێک له به­ستێنەکانی کاری منداڵان. لەم پێناوەدا پێشنیار به وەزارەتی کار و شارەوانی تاران و ڕێکخراوی پاشخوان دەدرێ کە کەرتی نافەرمی و کۆکردنەوەی زبڵ ئاوێتەی کەرتی تایبەت بکرێت. لەم بارودۆخەدا، هەم زیاتر دەتوانرێ چاودێری هه­ڵسوکه­وتی پەیمانکاران بکرێ و هەم ڕێگری له بەکارهێنانی منداڵان له زبڵگەڕی بکرێت. به تێکەڵ­کردنی کەرتی نافەرمی و کەرتی فەرمی، هەڵوەشانەوەی یاسا ستەم­کارەکانی (ڕسووم)، باشترکردنی ئاستی کار و هەڤیازییە پیشەییەکان (بۆ وێنه ماوەی کار، داهات و بیمه) گەورەساڵان و پشتیوانی کردنیان، دەتوانرێ به مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی هەژاری هاوکاری بنەماڵەکان بکرێت. جێبەجێ­کردنی ڕێکارەکانی پێشنیارنامەی 204 سەبارەت به تێپەڕین له ئابووری نافەرمی بۆ فەرمی ڕێکخراوی نێودەڵوەتی کار (2015) دەتوانێ لەم بوارەدا بەسوود بێت.

شارەوانی تاران و ڕێکخراوی پاشخوان ناتوانن یاساکانی شێوازی بەکارهێنانەوەی زبڵ جێبەجێ بکەن و به شێوەی بەئەنقەستانە یان نائەنقەستانه لەم بوارەدا کەمتەرخەمی دەنوێنن. له ئەنجامدا، دەبێ شارەوانی و چاودێرەکان له ئاسته جیاجیاکاندا به وردی یاسا و ڕێسا پەسەندکراوەکان بەتایبەت بڕگەی 26 داببەزێنن. هەروەها پێشنیار دەکرێ ئەنجومەنی ئیسلامی شاری تاران سەبارەت به بەکارنەهێنانی منداڵان له کاری زبڵگەڕی چاودێری بەڕێوبردنی پاشخوان بکەن. له پاڵ شۆرای شار (ئەنجومەنی شار) به مەبەستی چاودێری­کردنی ناوەنده مەدەنییەکان دەتوانین میکانیزمێک دابین بکەین. وێڕای ئەمه، به مەبەستی کەم­کردنەوەی کاری زبڵگەڕی منداڵان له کورت­خایەندا، یەکەمایەتی به کەمکردنەوەی خەسارەتی ئەم بوارە بدرێ و له درێژماوەدا ئامانجی نەهێشتنی کاری زبڵگەڕی منداڵان ئەوەیە کە ئاستی توانای تاکەکان بەرز ببێتەوە و داهاتی بنەماڵه زۆر بێ و ڕێژەی بێکاری له ناو ئەو بنەماڵانەدا کەم ببێتەوە.

سەرچاوه:

احمدی، کامیل و همکاران (1400)، ردپای استثمار در جهان کودکی، انتشارات آوی بوف، دانمارک.

افراخته، حسن؛ حجتی‌پور، محمد. (1396). اقتصاد زباله‌ای در روستاهای پیراشهری جنوب تهران. فصلنامه اقتصاد و فضا و توسعه روستایی، 6 (4)، 47‌‌‌72.

استراوس، انسلم و کربین، جولیت. (1397). مبانی پژوهش کیفی: فنون و مراحل تولید نظریه زمینه ای. ترجمه ابراهیم افشار. تهران: نی.

انجمن حمایت از حقوق کودکان. (1398). یغمایی کودکی: پژوهشی درباب شناخت، پیش‌گیری و کنترل پدیدۀ زباله‌گردی کودکان در تهران. تهران: روز.

ایثاری، مریم؛ علی رضا، شجاعی زند. (1399).  زمینهها و فرایندهای شکلگیری زیست غیررسمی زبالهگردی: مطالعۀ موردی کارگران افغانستانی در تهران. بررسی مسائل اجتماعی ایران. 10 (1): 63‌‌‌95.

ایمانی، نفیسه؛ نرسیسیانس، ایملیا (1390). مطالعه انسان‌شناسانه پدیده کودکان کار خیابانی در شهر کرج. مسائل اجتماعی ایران، 3 (1)، 7‌‌‌32.

حسینی، سید حسن. (1383). وضعیت کودکان کار و خیابان در ایران. فصلنامه رفاه اجتماعی، 5 (19)، 155‌‌‌173.

دستور العمل نظارت بر عملیات جمع‌آوری پسماندهای خشک. حوزه معاونت خدمات شهری سازمان مدیریت پسماند. نظام فنی و اجرایی عملیات جمع اوری پسماند خشک (4). شهریور 1391.

زند رضوی، سیامک؛ رحیمی پورانارکی، ناهید. (1390). مقایسه وضعیت کودکان کارگر ایرانی و افغان در استان کرمان بر پایه چهار اصل پیمان‌نامه حقوق کودک (سه اصل جامعه‌شناختی و دو راه‌حل). مجله مطالعات اجتماعی ایران، 5 (1)، 72‌‌‌98.

نوذرپور، علی. (96). آمار تفکیک زباله در تهران. دنیای اقتصاد، 24 اردیبهشت، (4044).

وامقی، مروئه؛ روشنفکر، پیام و دیگران. (1394). بررسی ترکیبی و ارزیابی سریع وضعیت کودکان خیابانی و ویژگی‌های کار آنان در تهران. بررسی مسائل اجتماعی. 6 (2): 416‌‌‌391.

وزارت اقتصاد جمهوری اسلامی افغانستان. (2013). چکیده گزارش تحلیل وضعیت فقر.

Aljaradin, M.; Persson, K.M.; Sood, E. (2015). The role of informal sector in waste management, a case study; Tafila‌‌‌Jordan. Resources and Environment, 5(1), 9–14.

Batool, Z.; Akram, M.; Anjum, F.; Faiz, S.; Ibrahim, M. (2015). Occupational hazards and health status of trash picker children in Faisalabad city, Punjab, Pakistan. Mediterranean Journal of Social Sciences, 6(5), 590‌‌‌595.

Cuadra, S. (2005). Child labour and health hazards: Chemical exposure and occupational injuries in Nicaraguan children working in a waste disposal site. Lund University.

Diallo,. Yacouba; Etienne, Alex; Mehra, Farhad. (2013). Global child labour trends 2008 to 2012. International Labour Organization.

Dias, Sonia. (2012). Not to be taken for granted: what informal waste pickers offer the urban economy. in The Global Urbanist, http://globalurbanist.com/2012/11/27/waste‌‌‌pickers.

Emerson, Patrick M. (2009). The Economic View of Child Labor. In Hindman, Hugh D. The World of Child Labor. M.E. Sharpe press

Hunt, C. (1996). Child waste pickers in India: the occupation and its health risks. Environment and Urbanization, 8 (2), 111‌‌‌118.

Jha, M. (2009). Child Workers in India: Context and Complexities. Human Rights Review 10: 205–18.

ILO. (2004). Addressing the Exploitation of Children in Scavenging (Waste Picking): a Thematic Evaluation of Action on  Child Labor.

ILO. (2017). Global estimates of child labor: Results and trends, 2012‌‌‌2016. Geneva: International Labour Organization Geneva.

Malik, B.; Lyndon, N.; Wong, V. (2018). Accounts of Discrimination: A Phenomenological Study of Afghan Refugees in Pakistan. International Journal of Academic Research in Business and Social Sciences, 8 (13), 113‌‌‌121.

Medina, M. (2007). The World’s Scavengers: Salvaging for Sustainable Consumption and Production. AltaMira Press, Lanham, MD.

Patwary Masum A.; O’Hare, William Thomas; Sarker Mosharraf H. (2011). Assessment of occupational and environmental safety associated with medical waste disposal in developing countries: a qualitative approach. In Safety Science, 49 (8), 1200‌‌‌1207.

Rogerson, c. (2001). The waste sector and informal entrepreneurship in developing world cities. Urban Forum, 12 (2), 247‌‌‌259.

Scott, A.J. (2012). A World in Emergence: Cities and Regions in the 21st Century, Edward Elgar, Cheltenham.

Thieme, T. (2013). The “hustle” amongst youth entrepreneurs in Mathare’s informal waste economy. Journal of Eastern African Studies, 7 (3), 389‌‌‌412.

United Nations (UN). (1990). Convention on the Rights of the Child. Available online at: http://www2.ohchr.org/english/law/pdf/crc.pdf (accessed 17 November 2020).

United Nations Children’s Fund (UNICEF). (2007) Child Protection from Violence, Exploitation and Abuse. Available online at: http://www.unicef.org/protection/index_childlabour.html (accessed 25 December 2020).

Wilson, D.C.; Rodic, L.; Scheinberg, A.; Velis C.A.; Alabaster, G. (2012). Comparative analysis of solid waste management in 20 citie in Waste Management & Research, 30 (3), 237‌‌‌254.

ماڵپەرەکانەکان

اطلس شهرداری تهران. پێداچوونەوە لە در 15 ڕێبەندان 1397 هەتاوی، لە http://www.Atlas.tehran.ir.

بانک جهانی (2019). پێداچوونەوە 1 ڕێبەندان 1397 هەتاوی، از

http://www.worldbank.org/en/topic/poverty/publication/poverty‌‌‌reduction‌‌‌in‌‌‌afghanistan‌‌‌despite‌‌‌economic‌‌‌growth‌‌‌widening‌‌‌inequality.

پرتال آمار (2019). پێداچوونەوە 15 ڕێبەندان 1397 هەتاوی، لە https://www.ourworldindata.or.

سازمان بینالمللی کار. پێداچوونەوە 1 ڕێبەندان 1397 هەتاوی، لە

https://www.ilo.org/global/lang‌‌‌‌‌‌en/index.htm.

سازمان بین المللی کار. پێداچوونەوە 3 گوڵان 1398 هەتاوی، لە https://www.ilo.org/dyn/normlex/en/f?p=NORMLEXPUB:12100:0::NO::P12100_ILO_CODE:R204

سازمان بینالمللی کار. پێداچوونەوە 16 ڕێبەندان 1397 هەتاوی، لە https://www.ilo.org/ipec/facts/lang‌‌‌‌‌‌en/index.htm

ماڵپەرەکان آمار. نرخ باروری در افغانستان.پێداچوونەوە 1 نەورۆز 1398 هەتاوی، لە https://www.statista.com/statistics/262034/fertility‌‌‌rate‌‌‌in‌‌‌afghanista.

فیلسوفی، کامیار. میزان تولید زباله در ایران، پێداچوونەوە 15 ڕێبەندان 1397 هەتاوی، لە  (http://www.fardanews.com/fa/news/145118)

قانون مدیریت پسماند. 15 ڕێبەندان 1397 هەتاوی، از http://rc.majlis.ir/fa.

لیست مشاغل چهارگانه مجاز اشتغال اتباع خارجی در استان تهران. پێداچوونەوە لە 8 گوڵان 1398 هەتاوی، از

https://www.mcls.gov.ir/icm_content/media/…/129303_orig.pdf.

ئەم ماڵپەڕە کۆمەڵێک شەکرۆکەی (cookie) تێدا بەکار هێنراوە تا ئەزموونێکی جیاوازترتان بۆ سەردان و خوێندنەوە هەبێت. پاش گەڕان بەنێو ماڵپەڕەکەدا  ئێوەش کەڵک وەرگرتنی ئێمە لە شەکرۆکەکان بەسوود دەبینن