نووسەر: کامیل ئەحمەدی
پوخته:
هاوسەرگیریی منداڵان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییه که له ئێران هاوشێوەی دیکەی وڵاتانی ڕوو له گەشە و گەشەنەکردوودا بەدی دەکرێت. شانەی کلتووری-نەریتی و قەیرانە ئابووریی و خێزانییەکان له هۆکارەکانی دیاردەی هاوسەرگیریی منداڵان له ئێراندایه. هاوسەرگیریی منداڵان جۆرێک هاوسەرگیرییه که لانیکەم یەکێک له هاوسەرەکان تەمەنی ژێر 18 ساڵانه و زیاتر کچان لەم چەشنه هاوسەرگیرییەدا، منداڵن و پتر تووشی زیان و خەسار دەبن. یەکێک له گرنگترین لێکەوتەکانی منداڵهاوسەری، زۆربوونی تەڵاقی منداڵان و هەڵکشانی ڕێژەی منداڵانی بێوەیه. ئامانج لەم توێژینەوەیە پێناسه و هەڵسەنگاندنی ڕێژەی پەرەسەندنی هاوسەرگیری و تەڵاقی منداڵانە له وڵاتی ئێراندا. شێوازی ئەم لێکۆڵینەوەیە چۆنایەتی، مەیدانییە و لەسەر ئاستی کەڵانه. ئەنجامەکان ئەوه دەردەخەن که زیاترین ڕێژەی هاوسەرگیری و تەڵاقی منداڵان لەسەر ئاستی هەر حەوت پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، خووزستان و سیستان و بەلووچستان، ئازەربایجانی ڕۆژاوا، هورمزگان و ئیسفەهان ڕوو دەدات. گرنگترین هۆکارەکەی هەژاری، زانست و خوێندەواریی کەم و ڕەواداری ئاینییه. له گرنگترین ڕيگەچارەکانی بەرەنگاربوونەوەی هاوسەرگیری و تەڵاقی منداڵان دەتوانین ئاماژه بکەین به گۆڕین و دیاریکردنی تەمەنی هاوسەرگیری، قەدەغەکردن و بەتاوانزانینی هاوسەرگیریی منداڵان، بەستێنسازی کلتووریی و کۆمەڵایەتی، بەشداری پێکردنی کەسایەتییه ئایینی و ڕێبەرییەکان، باشترکردنی بارودۆخی ئابووری و دروستکردنی هەلی کار، گۆڕین و باشترکردنی سیاسەتەکانی یەکسانیی ڕەگەزێتی بۆ دەستەبەرکردنی پشتیوانی له قوربانییان و منداڵان، دەستەبەری بوونی سیاسەتی جێبەجێکاری گونجاو بۆ ڕێگری له هاوسەرگیریی منداڵان و هاسەرگیریی زۆرەملێ.
وشه کلیلییەکان: هاوسەرگیری، منداڵان، تەڵاق، یاسا، کلتوور
پێشەکی
له ڕوانگەی زۆر کەس، منداڵهاوسەری یان هاوسەرگیریی پێشوەخته کاریگەریی لەسەر ژیانی منداڵان دادەنێ و به لێکەوتەگەلی زیاندەری تەندروستی، ئاڵۆزتری دەکا و هەموو ئاستەکانی پێشکەوتن، گەشە و سەرتری تاکایەتی دەخاته ژێر ڕکێفی خۆیەوه. منداڵهاوسەری له نۆڕمه نەریتی و باوەکان هەڵقووڵاوه و له ناوچه شاری و گوندییەکاندا پەرەی سەندووه. سەرنجی جیهانی بۆ ئەم دیارده و هەوڵه ئەنجامدراوەکان لەم بوارەدا وای کردووه ڕێژەی هاوسەرگیری پێشوەخته به شێوەی گشتی ڕوو له دابەزین بکا، ئەگەرچی ڕێژەیەکی بەرچاوی منداڵان هێشتا له خوار تەمەنی یاسایی کۆمەڵگای خۆیان هاوسەرگیری دەکەن. نموونەیەکی ڕوون و زەقی ئەم دیاردەیە، کۆمەڵگەی ئێرانه. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان به هەر چەشنه هاوسەرگیرییەک له خوار تەمەنی 18 ساڵان بەر لەوەی کچ له سۆنگەی دەروونی و جەستەییەوه ئامادەی وەئەستۆگرتنی بەرپرسایەتیی ژن و مێردی و منداڵداری بێ، ناوی دەنێ هاوسەرگیریی منداڵان. هەر بەم پێیه لەو حاڵەتانەی وا منداڵ ژێر ئەم تەمەنه هاوسەرگیری بکا، ئەوه هاوسەرگیریی پێشوەخته ڕووی داوه؛ هاوسەرگیرییەک که له لایەن باوک یان باپیری منداڵەوە بڕیاری لەسەر درابێ و لەودا گرنگی به لانیکەمی تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری نەدراوه.
هۆکاری سەرەکیی بەرپرس لەم پرسه هەڵکشانی ئاستی هەژاری، نەبوونی زانست و خوێندن و ملکەجی بۆ پێویستیییەکانی کلتووری پیاوسالارانه و ئەو باوەڕانەیه که به هەڵه ناچار کردنی کچان به هاوسەرگیری نەخوازراو و پێشوەخته به هۆکاری پشتیوانی و پاراستنی ئەوان له قەڵەم دەدن. بەداخەوه به هۆی بوونی لێکەوتەی جەستەیی و هەڵاواردن له دژی ئافرەتانی کەم تەمەن، هەوڵێکی ئەوتۆ بۆ کۆتاییهێنان بەکردەوەی هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان له ئێران نەدراوە.
لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و بایەخداری ئەوتۆ تایبەت به منداڵهاوسەری له ئێراندا ئەنجام نەکراوە و لەم بارەوه زانیاریی کەم لەبەر دەسته. ئامارە فەرمی و دەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران باس لەوە دەکەن که ساڵانه به دەیان هەزار کچ و کوڕی ژێر تەمەنی 18 ساڵان له لایەن بنەماڵەکانیانەوه ناچار به هاوسەرگیری دەکرێن. ئاماری ڕاستەقینەی ئەم منداڵانه له حەقیقەتدا زۆر زیاتر لەوەندەیە کە ڕاگەیەندراوە. زۆرێک له بنەماڵەکان له ئێران هاوسەرگیری له تەمەنی کەمدا تۆمار ناکەن، یان دەنا بە شێوەی نافەرمی تۆماری دەکەن. له ئێران بەپێی ئامار له ساڵی 1385ـی هەتاوییەوە هەتا نیوەی یەکەمی ساڵی 1394ـی هەتاوی ڕێژەی (زیادەیە) 890 هەزار کچی ژێر تەمەن 18 ساڵ بەشوو دراون که لەم نێوەدا کچانێکیش هەبوون که له کاتی بەشوودانیاندا تەمەنیان ژێر تەمەنی 10 ساڵان بووە. هەروەها له 9 مانگی یەکەمی ساڵی 1395ـی هەتاویدا 29 هەزار و 710 کچی خوار تەمەن 18 ساڵان هاوسەرگیرییان کردووه ( کە باشتر وایە بڵێین شوویان کردووە).
باوبوونی منداڵهاوسەری له ئێران، له ئەنجامی ڕوانگەی نەریتی، زەختی کۆمەڵایەتی و کلتووری، پشتیوانیی دەوڵەتی و و ڕێبەرانی ئایینی، ڕەگداکوتانی هەژاری و خواستی دایک و باوک بە مەبەستی کۆنتڕۆڵ کردنی پەیوەندیی سێکسیی کچەکانیان بەدی هاتووه. گرنگترین لێکەوتەکانی هاوسەرگیریی منداڵان، پەرەسەندنی تەڵاقی منداڵانه. منداڵانی بێوه یەکێک له لێکەوتەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختەن که له ئێراندا خەریکه پەرە دەستێنێت. ئەم توێژینەوەیە یەکەم جار به نیازه ڕێژەی پەرەسەندنی هاوسەرگیری و تەڵاقی منداڵان به پێداگری لەسەر هۆکاره کلتووریی و کۆمەڵایەتییەکان ڕوون بکاتەوه.
ڕوونکردنەوەی هۆکاره کۆمەڵناسییەکان
زۆرێک له سیستەمە دادییەکان بۆ تەمەنی هاوسەرگیری لانی کەمێک ڕەچاو دەکەن، واته کەسێک دەبێ بگا بەم لانی کەمی تەمەنی 18 ساڵان بۆ ئەوەی له ڕووی یاساییەوه ئیزنی هاوسەرگیری هەبێت. تەمەنێک که تێیدا کەسێک دەتوانێ به شێوەی یاسایی هاوسەرگیری بکا دەتوانێ لەگەڵ تەمەنی ڕەزامەندی بۆ پەیوەندیی سێکسی فەرقی هەبێت. لەو سیستەمە دادییانەی که تەمەنی هاوسەرگیری کەمتر له تەمەنی ڕەزامەندی بۆ پەیوەندیی سێکسییه، کاتێک یەکێک له هاوسەرەکان یان هەر دووکیان خوار تەمەنی ڕەزامەندیین، یاساکانی هاوسەرگیری زۆر جار یاساکانی تەمەنی ڕەزامەندیی له پەیوەندیی سێکسیدا ڕەچاو دەکەن. هەندێ له سیستەمە دادییەکان هەر هەموو پەیوەندییه سێکسییەکانی دەرەوەی هاوسەرگیرییان بەبێ ڕەچاوکردنی تەمەن قەدەغه کردووه. ڕاپۆڕتی یونێسکۆ ئەوه پیشان دەدا که له نێوان هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان و منداڵ خستنەوەی پێشوەخته لەو وڵاتانەی که هاوسەرگیریی منداڵان باوه، پەیوەندییەکی زۆر بەهێز بوونی هەیه. بۆ وێنه بەتەنیا له کیشوەری ئاسیا و ناوچەکانی ئۆقیانووسییه ساڵانه نزیکەی 6 ملیۆن کۆرپەڵە له دایکانی مێرمنداڵەوه دێنه دنیا.
زۆرێک له ئایینەکان له دیاریکردنی تەمەنی هاوسەرگیری کاریگەرن. ئایین به دەسەڵاته زاڵەکەی لەسەر کۆنتڕۆڵی نۆڕم و بێچمدان بە کلتوور، هۆکارێکی کاریگەر و بەرچاوە بۆ ئەو کەسانەی که له بڕیارە سەرەکییەکانیاندا ئەویان کردووه به سەرچەشن. دەسەڵاتی ئایین به جۆرێک کاریگەری لەسەر ڕۆڵ و دەوری دایک و باوکەکان دادەنێ که ئەمه بۆته خاوەندارێتیی منداڵان له دایک و باوکیانەوه. سەرەڕای هەموو ئاڵۆزییەکانی تەمەن و جۆرەکانی باڵقبوون، چالاکییە جۆراوجۆره کۆمەڵایەتییەکان تەمەنێکی دەستپێکی تایبەت دەخوازێت. له کۆمەڵگە ئەوڕۆییەکاندا که چالاکییه کۆمەڵایەتییەکان بەربڵاو و جیهانگیر بوون و هاوبەشی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیادی دەوێ، پێوەرێکی تایبەت بۆ پێناسەی منداڵی و گەورەساڵی پێویسته. کاتێک که تەمەنی توانای هاوسەرگیری بۆ کەسێک به پێی یاسا ئاینییەکان کەمتر له تەمەنی هاوسەرگیری له وڵاتێک بێ، یاسای دەوڵەتی سەروەره. ڕاستییەکان ئەوه دەنوێنن که لەو وڵاتانەی که کچان به شێوەی دادپەروەرانه دەستیان به خوێندن، بەهێز کردنی بەهره و هەلی کار ڕادەگا، هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان زۆر دەگمەنه. [سوویتمەن (1382ـی هەتاوی)]. سوویتمەن له کتێبەکەیدا ئەوه دێنێته بەر باس که له ویلایەته یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەنیا ٤ له سەدی کچان خوار تەمەنی ١٩ ساڵان هاوسەرگیری دەکەن. لە وڵاتی کەنەدا ئەم ئاماره دەگاته ١ له سەد و له وڵاتی بریتانیا ٢ له سەده.
پەیوەندیی نێوخۆیی نێوان هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان و کەمخوێندەواری و ئاستی نزمی خوێندەواری، هۆکاری بەکگڕاندنی بۆ تەندروستی و متمانه به خۆبوونی کەم و گۆشەگیری تاکایەتییه. بێگومان هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان خاڵی کۆتاییهاتنی خوێندنی کچانه، بەتایبەت لەو وڵاته هەژارنشینانەی که تێیدا هاوسەرگیریی منداڵان باوه.
هاوسەرگیریی منداڵان به ڕیشه قووڵەکانی له نایەکسانییه ڕەگەزێتییەکان کاتێک که تەمەنی پیاو دوو قاتی تەمەنی ئافرەتەکەیه، کاریگەریی زیاتر لەسەر کچان هەیه. هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان زیاتر پەیوەسته به بەجێهێشتنی هاوسەر.
تەڵاق یان بەجێهێشتنی هاوسەر زۆر جار ئەم کچه کەم تەمەنانه تووشی هەژاریی زێدەتر دەکا، چونکه ئەو زۆر جار دەبێ به تەنیایی بەرپرسایەتیی منداڵان له ئەستۆ بگرێت.
لەو ڕووەوەی که زۆرینەی ئەم کچانه له تەمەنی زۆر کەم و له حاڵێکدا که نەخوێندەوارن، شوویان کردووه، لێهاتوویی وەدەستهێنانی داهاتیان له ئاستێکی کەمدایه (ئەگەر نا هیچ) و له ئەنجامدا هەژاریی زێدەتری لێ دەکەوێتەوه.
لەو ڕووەووەی که له منداڵهاوسەریی تەمەنی کچان به شێوەی زۆر بەرچاو کەمتر له مێردەکانیانه، ئەوان له تەمەنی کەمتردا تەڵاق دەدرێن، کەواته له چاو ئەو ئافرەتانەی که له تەمەنی زیاتردا هاوسەرگیرییان کردووه، لەوانەیه له ڕەهەندێکی قووڵتر و بەربڵاوتردا بەرگژەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی به ئەزموون بکەن.
ئەو کۆمەڵگەیانەی که هاوسەرگیریی منداڵانی تێدا باوه زیاتر ئامادەی تەڵاقی پێشوەخته و منداڵانی تەڵاق دراوه. ڕێژەی تەڵاقیش له ئێران له گرووپی تەمەنی 10 بۆ 18 ساڵان به شێوەی زۆر سەرنجڕاکێش له ئاستێکی بەرزدایه، به جۆرێک که به پێی دوایین داتاکانی حەشیمەتناسی، 21 هەزار و 149 کچ و کوڕی ژێر تەمەنی 18 ساڵان له ساڵی 93ـی هەتاوی تەڵاقیان وەرگرتووه. به پێی دوایین لێکۆڵینەوەکان ڕێژەی تەڵاقی ژێر تەمەنی 18 ساڵان له ماوەی دەیەی ڕابردوو بەرزبوونەوەی به خۆوه بینیوه.
چارتی 1. هەڵکشانی ڕێژەی تەڵاقی ژێر تەمەنی 18 ساڵان له درێژەی دەیەی ڕابردوو
لایەنەکانی یاسای بنەڕەتی، باوەڕە ئاینییەکان، ڕەهەنده ڕەگەزییەکان و هەروەها نۆڕمەکان و داب و نەریتی کۆمەڵایەتییەکان دەورێکی سەرنجڕاکێشیان له هاوسەرگیریی پێشوەختە له کۆمەڵگەی ئێراندا هەیه. بەر له شۆڕش به پێی مادەی 23ـی یاسای پشتیوانیی بنەماڵه (ساڵی 1353ـی هەتاوی) شووکردنی ژنان بەر له گەیشتن به تەمەنی 18 ساڵان تەواو و ژنهێنانی پیاوان بەر له کۆتایی هاتنی 20 ساڵان قەدەغه بوو. گۆڕانی ئەم تەمەنه بەر له شۆڕش له ئێران ڕووی دا. گۆڕانکارییه سەرەتاییەکان به شێوەی کاتی بێچمی گرت و ئەم ماده لەگەڵ مادەی 1041 یاسای مەدەنی گۆڕدرا. بەگوێرەی مادەی 1041 له یاسای مەدەنیی ئێران تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچان 13 و بۆ کوڕان 15 ساڵان ڕاگەیەندرا. سەرەڕای ئەمه هەر ئەم یاسایه ئیزن به کچان دەدا که خوار تەمەنی 13 ساڵان و کوڕان خوار تەمەنی 15 ساڵان به مەرجی ڕەزامەندیی باوک یان ئیزنی دادگا بتوانن هاوسەرگیری بکەن. بەدەر لەوه ئەگەر سەرپەرشتیاری منداڵ (باوک یان باپیر) وەها داواکارییەکی هەبێ و دادگا بەم ئەنجامه بگا که ئەو بۆ هاوسەرگیری کردن به ڕادەی پێویست باڵق بووه، منداڵ دەتوانێ تەنانەت له تەمەنی کەمتریشدا هاوسەرگیری بکات.
چارتی 2. پەرەسەندنی هاوسەرگیریی پێشوەخته له ماوەی ده ساڵی ڕابردوو و جیاوازیی ڕەگەزێتی له ئامارەکانی هاوسەرگیریی منداڵان
شێوازی توێژینەوه
ئاراستەی شێوازناسی بەکارهێنراو لەم توێژینەوه شێوازی چۆنایەتی له پێوەری کەڵان بوو. قەبارەی کۆمەڵگە، قەبارەی نموونه، شێوازی نموونەگیری، ڕێژەی دیمانەی دیاریکراو بۆ هەر ناوچە و گەڕەکێک، تەنانەت کاتی تەرخانکراو بۆ هەر پارێزگایەکی تایبەت ڕەنگدانەوەیەک لە پەرەسەندنی هاوسەرگیریی منداڵان لەو ناوچه بووه. پرسیارنامەی بەکارهاتوو له هەر ناوچەیەک کۆپییەکی خۆجێییکراو له پرسیارنامه ئەندازەییەکانی حەشیمەت و تەندروستین بووه، بەڵام زۆربەی بەشەکانی بەدی هێنابوو. پارێزگاکان به شیکاریی داتاکانی حەشیمەتناسی سەبارەت به ئامارەکانی هاوسەرگیری له یەک دەیەی ڕابردوودا دەستنیشان کراون. پێڕستی بەکارهاتوو لەم توێژینەوه به هەڵبژاردنی ئەو پارێزگایانه دەستی پێ کرد که زیاترین ئاماری منداڵهاوسەرییان له خۆ گرتووه و له ماوەی ئەم ده ساڵه له چاو پارێزگاکانی دیکە زیاتر دووپات بوونەتەوه. بەم پێیه حەوت پارێزگا دەستنیشان کران: ١. خوراسانی ڕەزەوی، 2. ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، 3. خووزستان، 4. سیستان و بەلووچستان، 5. ئازەربایجانی ڕۆژاوا، 6. هورمزگان و 7. ئیسفەهان.
پرسیارە بنەڕەتییەکان له پرسیارنامەدا بەم بابەتانەی ژێرەوه هاتبوون: پێش زەمینەی وڵامدەر، هاوسەرگیری، بڕیاردانەکانی هاوسەرگیری، سکپڕبوونی ژنان، بەباوکبوونی پیاوان، ڕوانگه ڕەگەزێتییەکان، پێگەیشتنی پەیامی پێشگیرانەی هاوسەرگیریی منداڵان، توندوتیژیی سێکسیی ژنان، توندوتیژیی خێزانیی پیاوان. پرسیارنامه لەسەر ڕێژەی پەرەسەندن و هۆکاری هاوسەرگیریی منداڵان له ناوچه ڕووماڵکراوەکان چڕ ببووەوه. ئەم پرسیارنامەیە، تەنیا له دیمانە لەگەڵ کەسانی خۆجێیی بەکار دەهێنرا. توێژینەوه هەروەها بریتی بوو له دیمانه لەگەڵ بەرپرسان، کەسایەتییه حکوومی، ئایینی و هەروەها ڕێبەرانی خۆجێیی بوو. پرسیاره گەڵاڵە کراوەکان به پێی ئەوەی که کەسی دیمانه لەگەڵکراو له چ بوارێکدا دەستڕۆیشتوو و زانا بوو، لەسەر بواره تایبەتەکان فوکووسی دەکرد و ڕەوتی دیمانەکان له ڕووی پێکهاتەییەوه جیاواز بوو.
ئەنجامەکانی توێژینەوه
پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی
خوراسانی ڕەزەوی یەکەم پلەی له هاوسەرگیریی پێشوەختەی کوڕان له تەمەنی 10 بۆ 14 ساڵان و کچان له تەمەنی 15 بۆ 19 ساڵی بۆ خۆی مسۆگەر کردووه. به پێی ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوه هاوسەرگیریی منداڵان له خوراسانی ڕەزەوی هێشتاش باوه، بەڵام خواست بۆ ئەم چەشنه هاوسەرگیرییه ڕووی له کەمبوونەوەیه. بەگوێرەی ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە، مامناوەندی هاوسەرگیریی منداڵان لەنێو کچان له هی کوڕان پتره. به پێچەوانەی کەمبوونەوەی هێدی هێدیی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان، له چاو یەک دەیەی ڕابردوو ڕووبەڕووی هەڵکشانی ڕێژەی تەڵاق لەم پارێزگایه بووینەتەوە.
شیکاری وردی هەر دوو چارتەکەی ژێرەوه پیشان دەدا که هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان کاریگەرییەکی قووڵتری لەسەر کچان هەیه هەتا کوڕان.
چارتی ژماره 3. ڕێژەی هاوسەرگیریی ژێر تەمەنی 18 ساڵان له دەیەی ڕابردوو له پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی
چارتی 4. ڕێژەی تەڵاقی ژێر تەمەنی 18 ساڵان له دەیەی ڕابردوو له پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی
2. ئازەربایجانی ڕۆژهەلات
بەگوێرەی ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە، هاوسەرگیری خوار تەمەنی 18 ساڵان لەم پارێزگایه ڕەوتی بگۆڕ و ناجێگیری بووه. له درێژەی دەیەی ڕابردوو هاوسەرگیریی منداڵان له سۆنگەی ڕێژە و زۆرییەوه، ئامارێکی زۆری له خۆ گرتووه که لەم ساڵانەی دواییدا ڕەوتی دابەزینی به خۆوه بینیبوو. به پێچەوانەوه ئاماری تەڵاق ڕووی له هەڵکشانه. ساڵانه ڕێژەیەکی زۆری منداڵه بووکەکان و منداڵه زاواکان درێژەدان به ژیانی هاوبەشیان به ناکردەیی دەزانن و هەر لەو تەمەنە کەمەدا لێک جیا دەبنەوە. وەک له چارتی 6دا دەیبینین زۆریی بێوه گەنجەکان ڕووی له بەرزبوونەوەیه.
چارتی ژماره 5. ڕێژەی هاوسەرگیریی ژێر تەمەنی 18 ساڵان له دەیەی ڕابردوو له پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات
چارتی 6. ڕێژەی تەڵاقی ژێر تەمەنی 18 ساڵان له پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات
3. خووزستان
له پارێزگای خووزستانیش هاوسەرگیری بۆ کچانی گەنجی ژێر تەمەنی 18 ساڵان زۆر زیاتر له ڕێژەی هاوسەرگیریی کوڕان هەر لەم تەمەنەدایه بەڵام به پێی چارتی 7 دیاره له پڕەسپێکتیڤێکی ده ساڵەدا، چاوەڕێی ڕەوتی داکشان دەکرێت. به پێچەوانەی هاوسەرگیریی پێشوەخته که له درێژماوەدا ڕووی له داکشانه، تەمەنی تەڵاق ساڵانه زۆر منداڵ دەکاته ئامانج. کچانی خەسارهەڵگر و تەڵاقدراوی ژێر تەمەنی 18 ساڵان، له کوڕه منداڵە تەڵاقدراوەکانی ئەم پارێزگایه زیاترن.
چارتی ژماره 7. ڕێژەی هاوسەرگیریی ژێر تەمەنی 18 ساڵان له پارێزگای خووزستان
چارتی 6. ڕێژەی تەڵاقی ژێر تەمەنی 18 ساڵان له پارێزگای خووزستان
له ئابادان وەها باوه کە بۆ هاوسەرگیریی کچانی خوار تەمەنی 13 ساڵان، تەمەن دەکڕن و له نرخی 100 هەزار هەتا 500 هەزار تمەن به گوێرەی ساڵانی کڕدراو جیاوازه. به گشتی 75 له سەدی پیاوانی دیمانه لەگەڵکراو خاوەن 2 منداڵ بوون و 25 له سەدیان له تەمەنی 16 ساڵاندا ببوونه باوک. له زۆرێک له حاڵەتەکانی هاوسەرگیری منداڵان، کچان شوویان به پیاوانێکی زۆر گەورەتر له خۆیان کردبوو و له هەڵبژاردنی مێردەکانیاندا هیچ دەسەڵاتێکیان نەبوو. بەڵگەکانمان ئەوه دەردەخەن که پتر له نیوەی ئەم گرووپه باسیان کرد که مێردەکانیان پتر له 10 ساڵ له خۆیان گەورەترن. 39 له سەدیان وتیان هیچ سوودێک له هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵاندا نییه و 22 له سەدیان لەو باوەڕەدان که ڕێگری له پەیوەندیی سێکسیی بەر له هاوسەرگیری قازانج و خاڵی بەهێز له هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵانه. زۆرێک له وڵامدەران سەبارەت به تەمەنی یاسایی زانیارییان نەبوو و ئەم کەمیی زانیارییه له بارەی یاسا و هاوسەرگیریی منداڵان وەک کۆسپێک له بەردەم بنەبڕبوونی دیاردەی هاوسەرگیریی منداڵان خۆی دەنوێنێت.
4. سیستان و بەلووچستان
هەمیشه بینراوه که هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان له سیستان و بەلووچستان هەڵکشانی به خۆوه بینیوه. چارتی هەڵکشانی منداڵهاوسەری له ماوەی ده ساڵی ڕابردوو به سووڕانەوەیەکی ڕوو له خوار له ساڵی 1389 هەتا ساڵی 1393 پیشان دەدات. ئەم هەڵکشانه هێدییانه و دابەزینی کتوپڕ بۆ هەر دوو ڕەگەزەکه له ساڵی 1390ـی هەتاوی بەم لاوە ڕاسته. بەڵام ڕێژەی تەڵاق له سیستان و بەلووچستان له چاو پارێزگاکانی دیکەی زۆری و دووبارەبوونەوەی کەمتری پیشان داوه. بەکگڕاندە ئاینییەکان، بێبەشیی پارێزگا ئاوێتە لەگەڵ شێوازی ژیانی عەشیرەتی بۆته هۆی ڕێژەی کەمیی تەڵاق لەم ناوچه. ئەم ڕێژەیە له ساڵانی دواییدا بەرز بۆتەوه.
چارتی ژماره 9. ڕێژەی هاوسەرگیریی ژێر تەمەنی 18 ساڵان له پارێزگای سیستان و بەلووچستان
چارتی 10. ڕێژەی تەڵاقی ژێر تەمەنی 18 ساڵان له پارێزگای سیستان و بەلووچستان
لەم پارێزگایه دایک و باوکەکان ناتوانن تێچووی قووتابخانه یان زانکۆی ڕۆڵەکانیان دابین بکەن. له ئەنجامدا ئەوان ناچار به هاوسەرگیری دەکەن. کێشەی توندی دووگیانی و منداڵخستنەوە له هۆکاره سەرەکییەکانی مردنی لەنێو ئافرەتانی 15 بۆ 19 ساڵان لەم پارێزگایەیه. هەر هەموو وڵامدەران له تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری بێئاگا بوون. لێکدانەوەکان ئەوه پیشان دەدەن که ئاماری تەڵاق له هەر دوو ڕەگەزەکه، لەم پارێزگایه ڕووی له زیادبوونه، بەڵام ئاستی ئەم هەڵکشانه له نێوان کچانی خوار تەمەنی 18 ساڵان، له چاو کوڕان پتره. ئەمه واته هەموو ساڵێک ڕێژەیەکی زۆری منداڵان دەبنه بێوه. بەتایبەت ئەو کاتەی کچۆڵەیەک شوو بە پیاوێکی زۆر گەورەتر له خۆی دەکا، ئەم پرسه بەدی کراوه؛ هاوسەرگیرییه هەڵوەشێنراوەکان، زۆرێک له کچان ناچار به تەنیایی ژیان بەسەربردن و بەخێو کردنی بەبێ پشتیوانانەی منداڵەکانیان دەکات.
5. ئازەربایجانی ڕۆژاوا
هاوسەرگیریی خوار تەمەنی 18 ساڵان له پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، به جیاوازییه قووڵەکەی لە نێوان کچان و کوڕان له مەودای 10 ساڵ ڕووی له داکشان کردووه. ڕێژەی ئەو کچانەی که لە خوار تەمەنی 18 ساڵان هاوسەرگیری دەکەن زۆر زیاتر له ڕێژەی کوڕانه. ئاماری تەڵاق له هەر دوو ڕەگەزەکه لەم پارێزگایه ڕووی له هەڵکشانه بەڵام ئاستی ئەم هەڵکشانه لەنێو کچانی خوار تەمەن 18 ساڵ له چاو کوڕان پتره. ئەمه ئەوه دەگەیەنێ که ساڵانه ڕێژەیەکی زیاتری منداڵان بێوه دەبن.
چارتی ژماره 11. ڕێژەی هاوسەرگیریی ژێر تەمەنی 18 ساڵان له پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا
چارتی 12. ڕێژەی تەڵاقی ژێر تەمەنی 18 ساڵان له پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا
منداڵانی بێوه بەتایبەت ئەو کاتەی که کچۆڵەیەک شوو بە پیاوێکی زۆر گەورەتر لە خۆی دەکا، زیانی ڕۆحی و دەروونی و کۆمەڵایەتیی زۆری بۆ ئەم منداڵه بێوە لێ دەکەوێتەوه. بەتایبەت ناو و ناتۆرەی کۆمەڵایەتی و شوورەییەک که تەڵاق بۆ ئەم کەسەی دروست دەکا و پێگەیەک که ژنان لەم کۆمەڵگەیەدا هەیانه. هاوسەرگیرییه هەڵوەشێنراوەکان، زۆرێک له کچان ناچار به تەنیایی ژیان بەسەربردن و بەخێو کردنی بەبێ پشتیوانانەی منداڵەکانیان دەکات.
6. هورمزگان
پارێزگای هورمزگانیش ڕەوتی ڕوو له داکشانی له کۆی ڕێژەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان له خۆ گرتووه. له بەرامبەردا ڕێژەکانی تەڵاق لەم پارێزگایه ڕووی له هەڵکشانه. کچانی خوار تەمەن 18 ساڵان تەڵاق دراون و ئەم ڕەوته ساڵ لە دوای ساڵ ڕووی له بەرز بوونەوەیه.
چارتی ژماره 31. ڕێژەی هاوسەرگیریی ژێر تەمەنی 18 ساڵان له پارێزگای هورمزگان
چارتی 14. ڕێژەی تەڵاقی ژێر تەمەنی 18 ساڵان له پارێزگای هورمزگان
7. پارێزگای ئیسفەهان
له ئیسفەهانیش هاوشێوەی دیکەی ئەو شارانەی که باسیان کرا، منداڵهاوسەری باوه. ڕێژەی جیاوازیی به پێی ڕەگەزێتی ئەوه پیشان دەدا که منداڵهاوسەری لەنێو کچان له هی کوڕان پتره. لێکدانەوەکان دەرخەری کەم بوونەوەی ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵان له تەمەنی 10 ساڵانن. له بەرامبەردا ڕێژەی تەڵاقیش له پڕەسپێکتیڤی دەیەی ڕابردوو کێشراوەتەوه. دیاره ڕێژەی تەڵاق ساڵانه گۆڕانی به سەردا دێ بەڵام نه له ڕەوتێکی نەگۆڕدراو.
چارتی ژماره 15. ڕێژەی هاوسەرگیریی ژێر تەمەنی 18 ساڵان له پارێزگای ئیسفەهان
چارتی 16. ڕێژەی تەڵاقی ژێر تەمەنی 18 ساڵان له پارێزگای ئیسفەهان
لێکدانەوەکان لەم پارێزگایه پیشاندەری جیاوازیی تەمەنی نێوان ژن و مێرد له 8/10 له سەدی حاڵەتەکان پتر له 10 ساڵ بوو و له 7/29 له سەد خوارتر له 10 ساڵ بوو. بەدەر لەوه، 1/57 له سەدی پیاوان خاوەن هاوسەرانێک بوون که دەتوانین بڵین هاوتەمەنی خۆیان بوون. به شێوەی گشتی، 20 له سەدی وڵامدەران پێیان وابوو که هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان دەبێ بوەستێنرێت. 5/29 له سەدیان پێیان وابوو که ئەم هاوسەرگیرییانه دەبێ بەردەوام بن و 50 له سەد بەردەوامیی ئەویان گرێ دەداوه به تایبەتمەندیی تاکایەتی، شێوەی جەستە و ڕفتاری کەسەکه.
باس و کۆبەند
له ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوه هاوسەرگیری گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و دەستەبەری مانەوەی نەوەی مرۆڤه و ئارامیی و ئاسایش له کۆمەڵگایەکدا، ئەنجامی هاوسەرگیریی تەندروست و ژینگەیەکی هێمنانەیه، بەڵام هاوسەرگیریی پێشوەخته دەتوانێ خەسارەت و کێشەی زۆر لەسەر ئاستی تاکایەتی و کۆمەڵایەتیی لێ بکەوێتەوه. هاوسەرگیریی پێشوەخته، دەستدرێژی کردنه سەر مافه مرۆییەکانی کچانه و له زۆربەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا سەرنجی پێ دراوه. کاریگەریی نەرێنی هاوسەرگیریی پێشوەخته تەنیا له ژنان و منداڵەکانیاندا سنووردار نابێتەوه، بەڵکوو کاریگەریی لەسەر بنەماڵه و کۆمەڵگەش دادەنێت. هاوسەرگیریی پێشوەخته دەبێته هۆی دابەزینی ئاستی چۆنایەتیی ژیانی ژنان و کاڵبوونەوەی دەوری ژنان له کۆمەڵگەدا. هاوسەرگیریی پێشوەخته دەبێته هۆی چوونی ژنان بۆ نێو پرۆسەی هەژاری و ژنان و منداڵان و بنەماڵەکانیان له هەژاری بەردەوامدا دەهێڵێتەوه. هاوسەرگیریی پێشوەخته ڕێگری له بەرزبوونەوەی ئاستی پیشه و خوێندنی ژنان دەکا و دەبێتە هۆی دابەزینی هەڵدانی ئابووری و گەشەی ئافرەتان له کۆمەڵگەدا.
کۆمەڵگەی له حاڵی تێپەڕینی ئێران ڕووبەڕووی نالێکییەکی سەیر بۆتەوه. له حاڵێکدا که له لایەکەوه شایەتحاڵی هەڵکشانی تەمەنی هاوسەرگیری له نێو کچان و کوڕانداین (به هۆکاری جۆراوجۆری وەکوو هەڵکشانی ئاستی خوێندەواریی کچان، تێچووی قورسی هاوسەرگیری، بێکاریی لاوان و …)، له لایەکی دیکەوه هێشتا هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان بەدی دەکەین. بینینی ئاماری هاوسەرگیریی پێشوەخته لای ئەم گرووپه تەمەنییه، سەرنجی تایبەتیی بیرمەندان، بڕیاردەران و بەرنامەداڕێژەرانی بوارەکانی زانسته مرۆییەکان، تەندروستی و سیاسییەکانی دەوێت. وڵاتی ئێرانیش یەکێکه لەو وڵاتانەی که ئەم دیاردەی تێدا باوه و یاساکان و هۆکارە کۆمەڵایەتییەکانی تێدا کاریگەرن. له ئێران به گشتی 369 هەزار و 721 حاڵەتی هاوسەرگیری لەژێر تەمەنی یاسایی له ساڵی 1390ـی هەتاوی تۆمار کراون و دەبێ ئەوەش له بەرچاو بگرین که ڕێژەی وردی ئەم هاوسەرگیرییانه له بەردەستدا نییه چونکه زۆرینەیان لەنێو بنەماڵەدا ڕوو دەدەن و له شوێنێکی دیکەدا تۆمار ناکرێن. ئەم ئامارانه له ساڵی 1391، 1392، 1393ـی هەتاوی به ڕیز بریتییه له 349 هەزار و 676، 312 هەزار و 879، 287 هەزار و 77. له ساڵی 1394ـی هەتاوی حاڵەتەکانی هاوسەرگیریی کچانی نێوان 10 بۆ 14 ساڵ 48 هەزار و 519 کەس و کوڕانی 10 بۆ 14 ساڵان 14 هەزار و 71 کەس بووه. تەنیا له 9 مانگی یەکەمی ساڵی 1395ـی هەتاوی، 29 هەزار و 710 کچ ژێر تەمەنی 15 ساڵان شوویان کردووه.
له هۆکاره سەرەکییەکانی هاوسەرگیریی منداڵان له ئێران، هەژاری، کەمخوێندەواری، ڕەواداری ئایینی، بنەماڵەی لێکترازاو و بشێو، لاوازیی یاسا و زاڵبوونی باوەڕە نەریتییەکان بووه. دەرهاویشتەکانی هاوسەرگیری منداڵان بەرزبوونەوەی تەڵاقی منداڵان، پەرەسەندنی کێشەی منداڵانی بەدسەرپەرشت و بێسەرپەرشت، بەرهەمهێنانی سووڕی هەژاری و لەشفرۆشی، زیانە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان لەسەر ئاستی تاکایەتی و کۆمەڵایەتییه. له گرنگترین ڕيگە چاره کردەییەکان بۆ کەمکردنەوه و وەستاندنی ئەم کێشه کۆمەڵایەتییه، دەتوانین ئاماژه بکەین به هۆکارەکانی گۆڕان و دیاری کردنی تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری، به نایاسایی کردن و به تاوانزانینی هاوسەرگیریی منداڵان، بەستێنسازیی کلتووری و کۆمەڵایەتی، گیرۆده کردنی کەسایەتییه ئایینی و ڕێبەرییەکان، باشتر کردنی بارودۆخی ئابووری و دروستکردنی (خوڵقاندنی) هەلی کار، گۆڕین و باشتر کردنی سیاسەتەکانی یەکسانی ڕەگەزێتی بۆ دەستەبەر کردنی پشتیوانی له قوربانیان و منداڵان، دەستەبەری هەبوونی سیاسەتی جێبەجێکاری گونجاو بۆ ڕێگری له هاوسەرگیریی منداڵان و هاسەرگیریی زۆرەملێ.
سەبارەت به نووسەر
کامیل ئەحمەدی، خەڵکناسی کۆمەڵایەتی و توێژەر، براوەی خەڵاتی «نامووس» له زانکۆی یاسای لەندەن له بنیاتی مافەکانی ژنان (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی» بنیاتی جیهانی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانسته مرۆییەکان له زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت به گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست به ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵان بووه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو به زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی له ژێر ئەم ناوانه چاپ کراون:
– ڕوانینێکی دیکه بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب و نەریتی مزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)
– به ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێران) که له لایەن Uncut Voices Press-Frankfurt و وەشانخانەی شیرازه چاپ کراوه؛
– زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان له ئێران) بڵاو بۆتەوه له Nova Science Publisher, Inc., New York 2017 ؛
– ماڵێک له سەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە / هاوسەرگیری کاتی له ئێران) که دەقە فارسییەکەی له لایەن وەشانخانەی شیرازه بڵاو بۆتەوه و وەشانخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کراوە؛
– ماڵێک بە درگای ئاوەڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری سپی له ئێران) بە ئینگلیزی و فارسی کە وەشانخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کراوە؛
– توێژینەوەیەکی دیکه به ناوی تاڵانی منداڵی بۆ ئەنجوومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان ئەنجام درا که بابەتی زبڵگەڕی منداڵانی له تاران تاوتوێ کردووە و له ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛
– دەقی ئینگلیزی و فارسی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان له ئێران) که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛
– و توێژینەوەیەکی ناوبراو له ژێر ناوی له سنوورەوه هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به شوناس و ئێتنیکایەتی له ئێران) که 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛
-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری مندالان لە ئێران خەریکە چاپ دەکرێت.
توێژینەوەکانی لە ماڵپەڕی خۆیان دەست دەکەوێت: www.kameelahmady.com
سر چاوه کان:
[1] . احمدی، کامیل(1396). طنین سکوت: طنین سکوت: پژوهشی جامع درباب ازدواج زودهنگام کودکان در ایران، تهران: نشر شیرازه.
[2] . یونسکو، ازدواج زودهنگام و زایمان زودرس: دیر برای اسباب بازی و زود برای بچه داری.
[3] . کارولین سویتمن (1382)، جنسیت، توسعه و ازدواج، انجمن آکسفورد برای کمک به قحطی زدگان با تأکید بر جنسیت
[4] . مرکز بین المللی تحقیق درزمینه زنان(1384) ،جوانتر از سن ازدواج: تحصیلات و اقدامات به سوی پایان دادن ازدواج کودکان، واشنگتن دی سی
[5] . بروس، جی و همکاران(1374)، خانواده ها در مرکز توجه: نگرشی نوین بر مادران، پدران و کودکان، انجمن جمعیت نیویورک
[6] . جفنی ریس راث (1390)، قانون بین المللی به عنوان ابزاری برای مبارزه با ازدواج کودکان، مجله بین المللی حقوق بشر. شماره 15: 373-359
[7] . https://kameelahmady.com/fa/wp-content/uploads/2015/03/ECM-Study-Final5..pdf
[8] . ایران- ازدواج کودکان در سراسر دنیا
[9] . DHS
[10] . احمدی، کامیل(1396). طنین سکوت: طنین سکوت: پژوهشی جامع درباب ازدواج زودهنگام کودکان در ایران، تهران: نشر شیرازه، صفحه 179.
[11] . احمدی، کامیل(1396). طنین سکوت: طنین سکوت: پژوهشی جامع درباب ازدواج زودهنگام کودکان در ایران، تهران: نشر شیرازه، صفحه 199.
[12] . . احمدی، کامیل(1396). طنین سکوت: طنین سکوت: پژوهشی جامع درباب ازدواج زودهنگام کودکان در ایران، تهران: نشر شیرازه، صفحه 218.
[13] . احمدی، کامیل(1396). طنین سکوت: طنین سکوت: پژوهشی جامع درباب ازدواج زودهنگام کودکان در ایران، تهران: نشر شیرازه، صفحه 239.
[15] . احمدی، کامیل(1396). طنین سکوت: طنین سکوت: پژوهشی جامع درباب ازدواج زودهنگام کودکان در ایران، تهران: نشر شیرازه، صفحه 239.