نووسەر: کامیل ئەحمەدی
ڕێکەوت: 2009/11/8
ئەم وتاره به بابەتێکی ئێتنۆگڕافانەوە هەوڵ دەدا ڕوانگەیەکی مرۆڤناسانەی بەرامبەر به هەموو حاڵەتە شاراوەکانی هاوڕەگەزخوازی و تڕەنسێتی له نێو کەلتووری کوردیدا هەبێت. ئەم بابەته له کەلتووری کورد و ئێرانییەکانیشدا هاوشێوەی هەموو کۆمەڵگاکانی دیکەیه بەڵام له هەمان کاتدا به پێی نۆڕمه کەلتوورییەکان وەک نهێنییەکی ئاشکرابوو ئەم پرسه لای خۆیان دەهێڵنەوه، واته هەمووان له بوونی ئاگادارن بەڵام هیچ کەس لەم بارەوه قسه ناکات. به هۆی نەبوونی هیچ هۆگرییەک بۆ ئەم بابەتە، کەسانی هاوڕەگەزخواز و یان تڕەنس له کۆمەڵگای کوردستان دەورێکی به فەرمی ناسراویان نییه. یەکێک له هۆکاره گرنگەکانی ئەم پرسه دەوره ڕەگەزێتییه باوەکانه.
سەرەڕای ئەوەی کەس له بارەیانەوه نادوێ، هاوڕەگەزخوازیی پیاوان بابەتێکی ناسراوه، بەڵام تڕەنسبوون و هاوڕەگەزخوازی له ناو ئافرەتاندا کەمتر قبووڵ کراوه و تەنانەت له حاڵەتی نافەرمیشدا پەسند ناکرێت. بەڵام لەگەڵ هەڵکشانی فیمینیزم له ناو ژنانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەوان ئێستا له ڕێگەی ئەم پاڕادایمەوە زیاتر له بارەی ڕەگەزێتی خۆیان ئەزموون وەدەست دێنن. سەبارەت به پرسی هاوڕەگەزخوازی له نێو کوردەکان پێشینەی نووسراو له ئارادا نییه، بەڵام نووسەرانی کورد و ئێرانی هەوڵیان داوه لە بواری ئەم تابۆ کەلتوورییه له نێو هاوڕەگەزخوازاندا دەست بدەنه توێژینەوه.
هەر بۆیه سەرچاوەی نووسراوی زۆر کەم له بەر دەسته. سەرەڕای ئەوەی که کۆمەڵگای کوردیی کوردستان و تەنانەت بەشگەلێک له دەرەوەی سنووری فیزیایی کوردستان به شێوەی هەمیشەیی و تەنانەت تونداژۆیانه دژی مۆدێڕنیته و گۆڕینی دەوره ڕەگەزێتییەکان (کە لێکەوتەی ئەوە) دەوەستنەوە و له دژی دەجەنگن، له بواری ئازادی ڕەگەزێتی ڕێژەی قبووڵکردن زۆر کەمه. له درێژەدا دەمهەوێ چەندین حاڵەتی توێژینەوەی تایبەت له بواری ئەو کەسانه بخەمه ڕوو که له سەر بابەتی ئەم توێژینەوه قسەم لەگەڵ کردن و ئەنگێزه و داپەڕەکانی ئەوانم له پەیوەندیی لەگەڵ هاوڕەگەزخوازی خستۆته بەر تیشکی لێکدانەوه و له بارەی ڕوانگەیەک که له کۆمەڵگای کوردیدا لە مەڕ خۆیان هەیانه پرسیارم لێ کردن.
حاڵەتی یەکەم
کوڕه دێته ناو ژوورەکە، داوام لێ کرد دانیشێ، ئەو دانیشت و من به فارسی سڵاو و حەواڵپرسیم کرد. و ڕوونی دەکەمەوه که بڕیاره به شێوەی پڕۆفیشناڵ پێکەوه ماوەیەک ئیش بکەین. دۆسییەکەی ئەویان له یەکێک له بەشە یاساییەکانی شارەوانی لەندەن پێدام کە لەوێ کارم دەکرد. لێی دەپرسم پێی خۆشه به کاکه بانگی بکەم یان دادە؟ و ئەو زۆر جیدییانه وڵام دەداتەوه تکایه هەمیشه به دادە بانگم بکه من ئافرەتم. ئینجا دەستبەجێ داوام لێ دەکا به پسپۆڕێکی بناسێنم بۆ ئەوەی بتوانێ ڕەگەزی خۆی بگۆڕێ، ناوی خۆی بۆ ناوێکی ئافرەتانه بگۆڕێ و له کۆتاییدا داوام لێ دەکا که ئادرەسی گەڕەکی سۆهۆ پێ بڵێم (گەڕەکێکە بۆ له دەور یەک کۆبوونەوەی هاوڕەگەزخوازان له ناوەندی لەندەنی بریتانیا) داوێنێکی زۆر کورت و تاپێکی پەمەیی له بەر بوو، ئەوەنده یەخەی تاپەکەی ئاوەڵا بوو که بێچمی مەمکی تەواو دەرکەوتبوو. قاچەکانی پڕ بوو له جێ شوێنی بڕینی تیغ و ڕوونی کردەوه که زۆر له هەوڵدایه بۆ ئەوەی تا ئەو جێگایەی دەلوێ هەر هەموو مووی قاچی بتاشێ بۆ ئەوەی قاچەکانی موویەکی کەمتریان هەبێت. ناوبراو موویەکی ئەستوور و ڕەشی هەبوو و هەر ئەم بابەتەش پیشان دەدا که بە هۆی ئەوەوە ئیشێکی ئاسوودەی نییه. به لای منەوه گوارەکان، ئەنگووستیلەکان، زنجیرەکان و پێڵاوە پاژنه بەرزەکەی هەوڵێکی چەتوون بوو بۆ ئەوەی بڵێ: من ئافرەتم.
له ماوەی هەفتەیەک که لەگەڵی بووم سەبارەت به ژیانی خۆی له وڵاتی ئێران قسەی بۆ کردم، ئەوەی که چۆن کارمەندێکی باڵا له شاری ئاینیی قووم ئیزنی گۆڕینی ڕەگەزی پێداوه. بە هۆی ڕوانینێکی نەرمینوێنتر بەرامبەر به گۆڕینی ڕەگەز ڕەنگه بتوانین ئێران وەک وڵاتێکی ناوازه له سەر ئاستی هەموو جیهانی موسڵمانان له قەڵەم بدەین، هەڵبەت ئەگەر هاوڕەگەزخوازان بە هۆی هۆگریی سێکسی خۆیان سەربەستانه ئیش بکەن سزای سێدارەیان به سەردا دەسەپێنرێ، بەڵام کەسانی تڕەنس نەک هەر لەم وڵاتانه قبووڵ کراون، بەڵکوو تەنانەت بۆ چارەسەری خۆیان له پشتیوانی دەوڵەتیش سوودمەندن.
ئیمام خومەینی له ساڵی 1989 ڕاگەیاندنێکی بەناوبانگی هەیه که ڕایگەیاندووه ئەو کەسانەی وا پێیان وایه له لەشێکی هەڵەدا گیریان کردووه دەبێ ئەم چانسەیان پێ بدرێ که لەم زیندانه دەرباز بن، و تەنانەت پاش گۆڕینی ڕەگەز بۆیان هەیه له ناسنامەی نوێ سوودمەند بن. ڕەنگه هۆکاری ئەم پرسه ئەوه بێ که هاوڕەگەزخوازی به تاوانێکی زۆر نگریس دەزانن و هەر لەبەر ئەوه تڕەنسێتیان لە جیات هاوڕەگەزخوازی قبووڵ کردووه.
هەڵبەت وەبیری نایە که له ئێران هەڵسووکەوتێکی باشیان لەگەڵ کردبێت. ئەوەی که له ئێران چەند نەشیاوانە هەڵسووکەوتی لەگەڵ و ناوبراو ناچار بووه بەرەو بلاڕووس کە دەکەوێتە ئورووپای ڕۆژهەڵات کۆچ بکا بۆ ئەوەی لەوێ یارمەتی پڕۆفیشناڵ دەست بخا و له کۆتاییدا ڕەگەزی خۆی بگۆڕێت. له چاوپێکەوتنی دووهەممدا له میانەی قسەکانماندا تەلەفۆنیان بۆ کردم، هاوڕێیەک له ئێرانەوه تەلەفۆنی بۆ کردم بۆ ئەوەی بزانێ ئایا دەتوانم چەند بەرگ کتێبی بۆ پۆست بکەم؟ لەگەڵ ئەوە دەنگی داگۆڕا. ئەو زۆر به ئارامی لێ پرسیم که خەڵکی کوێم؟ و منیش وڵامم داوه. به ڕفتارمدا بۆی دەرکەوت که خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم (کوردستانی ئێران)، کەمێک تێڕاما و ئینجا به دەنگێکی نزم وتی: منیش کوردم، خەڵکی کرماشانم.
لێم پرسی به لایەوه کێشه نییه که منیش کوردم؟ و ئەو له وڵامدا وتی: خانەوادە ئاخیان کردووم، باوکم کاتێ زانی من هاوڕەگەزخواز / تڕەنسم هەوڵی دا بمکوژێ، من ناچار بووم له کوردستان ڕا بکەم و بچم بۆ تاران. گەلی کورد زۆر دەمارگژن. تکا لێت دەکەم، من ئاماده نیم کەس بزانێ کوردم. من تەنانەت لای کەس ناڵێم ئێرانیم. خەڵک ئەگەر بزانن کێشەم بۆ دەنێنەوه و به چاوی خراپ لێم دەڕوانن، ئەوان وەک مرۆڤێک هەڵسووکەوتم لەگەڵ ناکەن. لێرەدا بوو که له پڕ فرمێسکی هاتنه خوار.
تەنیا دوو خەونی هەبوو، ئەوەی که بۆ گۆڕینی ڕەگەزی خۆی نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ بکرێ، و ئەوەی که دیسان بە هاوڕێکەی شاد بێتەوە که بەڵێنی پێ دابوو که ئەگەر ببێته کچ هاوسەرگیری لەگەڵ بکات. ناوبراو له درێژەدا وتی: من له کوردستان ژیانێکی ناخۆشم بووه، بۆم نەبوو لای کەس بڵێم که من هاوڕەگەزخوازم، زۆر دەترسام کە ڕۆژێ له ڕۆژان باوکم بەم بابەتە بزانێت. هەڵبەت زۆر کەس له بارەی هۆگریی سێکسی من زانیارییان هەبوو یان لانیکەم به ڕفتارمدا شکیان کردبوو، مەبەستم ئەوەیه که من هاوشێوەی ئافرەتێک ڕفتارم دەکرد و دەنگێکی ناسکم هەبوو. بەڵام هیچ کەس به شێوەی ئازادانه لەم بارەوه قسەی نەدەکرد. ئەم بابەته نهێنییەک بوو که هەمووان لێی به ئاگا بوون. کاتێک پیاوه بەتەمنترەکان لێیان دەڕوانیم یان به تووڕەییەوه کاتێک منیان دەبینی ڕووی خۆیان وەردەگێڕا، پیاوه گەنجەکان هەندێ جار تێدەکۆشان له باوەشم بکەن، یان له مەڕ ڕەواڵەتم تانە و توانجم لێ بدەن. هەڵبەت له تاران دۆخەکە کەمێک جیاواز بوو. هیچ کەس منی نەدەناسی، لێت ناشارمەوە کە خۆشم ئیتر گرنگیم نەدەدا. له درێژەی ئەو ساڵانەی که له ئێران دژیام شەرمم له خۆم دەکرد، بە هۆی شتێک که بووم و دەمویست ببم. خەتای خۆم بوو، من هەر له منداڵییەوه لە دیتران جیاواز بووم، من کوڕەکانم له کچەکان خۆشتر دەویست. هەمیشه پێم خۆش بوو جلوبەرگی جوان لە بەر بکەم و به ئەسپایی له کاتێکدا که له ژوورەکەی خۆم بووم و کەس له لام نەبوو ئارایشتم دەکرد و وێنەم له خۆم دەگرت.
دیاره من مۆڵەتی گۆڕینی ڕەگەزم وەرگرتبوو، دوو ساڵ پارەم کۆ کردەوه، بۆ ئەم پرسه هەموو کارێکیشم کرد، له شتنی قاپ و کەوچکەوە بگرە هەتا شتنی ئۆتۆمبێلەکان. سەرەڕای ئەمە پارەی پێویستم نەبوو و نەمدەتوانی بەم پاره خەرج و تێچووی تەواوی گۆڕینی ڕەگەزێتیم دابین بکەم. هەروەها دەبا پارەی دەرزی هۆرمۆن و دیکەی شتەکانم بدابایه. هەر لەبەر ئەوەش چوومه بلاڕووس. کاتێک چوومه ئەوێ ڕێکخراوی نەتەوەکان پشتیوانی لێ کردم. ئەوان هەوڵیان دا لەم وڵاتەدا بۆ نەشتەرگەریی گۆڕینی ڕەگەزێتیم بەرنامەم بۆ دابڕێژن. ژیان لەو وڵاتەدا زۆر ئەستەم بوو. کاتێک هاوشێوەی کچێک جلوبەرگم له بەر دەکرد و دەچوومه دەرەوه کەسانی بەساڵاچوو و پیر به بینی من تفیان له عەرز ڕۆ دەکرد و کاتێک به لایاندا تێپەڕ دەبووم پیاوان و ژنه گەنجەکان هۆیان لێ دەکردم. تەنانەت کادری پزیشکیش زۆر هۆمۆفۆبیک (دژی هاوڕەگەزخوازان) بوون و هەر کەس دەهات بێڕێزی پێ دەکردم.
بێگومان دڵخۆشتر بوو بەڵام زۆر نیگەران بوو، هەتا ئەوەی کە ڕۆژێکیان ناوبراو بەسەرهاتێکی ترسناکی بۆ من گێڕاوه کە له مەڕ هێرشی دوو پیاو له باکووری لەندەن (لەو کاتەی که کاتی گۆڕینی ڕەگەزێتی هاتبوو) بوو، ئەوان پەیتا پەیتا له زکیان دەدا و ناو و ناتۆرەی ناشیریان دەخستە پاڵی (جنێوێک بۆ بێڕێزی به هەموو هاوڕەگەزخوازان) و به دەموچاوێکی خوێناوییەوه لەوێ بەڕەڵایان کردبوو، ناوبراو وەها ترسا بوو که هەتا چەند ڕۆژ له ماڵەوه دەرنەکەوتووە و تەنیا ئەو کاته له ماڵ هاته دەرەوه که بەرپرسانی خزمەتگوزارییه کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵی بوون.
پاش نەشتەرگەری پێی وتم که ئێستا بوومەتە خاتوونێکی تەواو. وتی لەم دنیایەدا شادترین ژنی کورده. ناوبراو به شێوەی نیمچه کات له باری سۆهۆ وەک بەرپرسی بار ئیش دەکا و خواردنەوه سێرڤ دەکا و ئێستا چاوەڕێیه چاوی به هاوسەری داهاتووی بکەوێت.
حاڵەتی دووهەم
ئەستەنبوڵ شوێنی نیشتەجێبوونی پتر له یەک ملیۆن کورده که زۆربەیان له تێکهەڵچوونەکانی دەیەی نەوەد له نێوان هێزە دەوڵەتییەکان و پکک ناوچەی کوردستانیان له باشووریترین بەشی تورکیا به جێ هێشتووه و پاش کاولبوونی هەزاران گوندی ئەم ناوچه بەرەو ئەستەنبۆڵ کۆچیان کردووه. له نزیک ناوچەی گەشتیاری سوڵتان ئەحمەد ئاکسارایدایه که دەتوانین بڵێین زۆربەی زۆری کۆچبەرانی کورد لەوێ کار و ئیشی بچوکیان بۆ خۆیان جێبەجێ کردووه، ناوچەیەک له دووکانی بچووک، و تەنانەت هەندێ کەس له سەر شەقامەکان به شێوەی ڕاستەوخۆ دەستفرۆشی دەکەن.
له نزیک هۆتێلی عەزیز کۆلانێکی تاریک و پیس بەدی دەکرێ که بە بارێک له ژێر زەوی کۆتیایی پێ دێ، ئەم باره بارێکی تایبەت بە هاوڕەگەزخوازانی پیاو و ئافرەتی کورده. لەم بارەدا مووسیقای ڕاستەوخۆیان هەیه و جەوەکەی تەواو تاریکه، بۆ ئەوەی بەم شێوه پانتاکه ڕۆمانسی بکەن. لەگەڵ هاتنتان بۆ ناو ئەم باره هەمووان سەیرتان دەکەن، ڕەنگه له بەر ئەوه بێ بزانن پیاون یان ژن. گرووپێکی پێکهاتوو له 4 پیاو و ژن. له مێزەکەی پەنادا لەگەڵ هاوڕێکەم که خانمێکه بە مەبەستی خواردنەوە بانگهێشتی سەر مێزێکم دەکەن.
پاش خواردنەوەی چەند پەیک ئەوان سەبارەت به هۆکار و چۆنیەتی بەجێ هێشتنی کوردستان دەستیان کرد به قسه کردن. یەکێک له کچەکان که لە ئێن جی ئۆیەکی پشتیوانی له هاوڕەگەزخوازانی ژن ئیشی دەکرد و سەر به ڕێکخراوێکی سوویدی بوو سەبارەت به ئەزموونەکانی خۆی و ئەوەی که بۆچی نەیتوانیوه له زێدەکەی خۆی (باتمان) بمێنێتەوه قسەی کرد. ناوبراو وتی: زۆر سادەیه، هۆکارەکەی ئەوەیه که من هاوڕەگەزخواز بووم، باشم له بیره کاتێک مێرمنداڵ بووم عاشقی ئامۆزاکەم بووم و کاتێک کچە مامەکەم لەگەڵ له قۆناغی ئامادەییدا شووی بە دۆستەکەی کرد من هەوڵم دا خۆم بکووژم بەڵام نەمتوانی و زیندوو مامەوه.
ژنێکی دیکه دەڵێ بۆ ماوەی 5 ساڵ هاوسەرگیری کردبوو بەڵام له مێردەکەی بێزار بووه؛ ئەو ناپاکی لەگەڵ کردم و لەو کاتەوه من نامهەوێ لەگەڵ هیچ پیاوێک بم، من ئێستا لەگەڵ دۆستەکەم که کچێکی ڕووسییه زۆر شادترم، ئەم کچه چەند مەتر دوورتر له ژنەکە دانیشتبوو. پیاوەکانیش بەسەرهاتی هاوشێوەیان هەبوو، یەکیان تەنیا دەیتوانی به تورکی ئاخافتن بکا (له کاتێکدا که به تورکییە ئەستەنبوڵییەکەی من پێدەکەنی) وتی: من خەڵکی گوندێکی بچووکم، لەو گونەدا خەڵک منیان لە کاتی سێکسکردن لەگەڵ پیاوێکی دیکه بینیبوو و دەنگۆ لێرەوه دەستی پێکرد و مەلای گوند و پیاوماقووڵەکانی گەڕەک و مامی منیان برد بۆ مزگەوت و هەواڵەکەیان پێدان. هاوڕێی قوتابخانەکەم به هەڵکەوت ئەم بەسەرهاتەی له چەند کوڕی دیکه بیستبوو، خێرا بەرەو ئەو مەزرایه ڕا دەکا که من تێیدا ئاگام له ئاژەڵەکان بووه. من هەر ئەوەنده پارەم بوو که خۆم گەیانده ئەنقەرە و لەو کاتەوه ئیتر نەگەڕاومەتەوه بۆ گوندەکەی خۆمان. بەڵام جار جار لەگەڵ دایکم قسه دەکەم.
حاڵەتی سێیەم
هەر دووکیان تەمەنیان بیست و ئەوەنده ساڵه، له یەکێک له زانکۆ ئەهلییەکانی ئێران لە بواری زانسته کۆمەڵایەتییەکان دەخوێنن. من (ک) و (ف) له کاتێکدا که خەریکی لێکۆڵینەوه له بواری کەلتووری گەنجان له ئێران بووم له ڕێگەی چالاکڤانێکی مافەکانی ژنان لەگەڵیان ئاشنا بووم. دەڵێ هیچ کەس نازانێ ئەو کچێکی هاوڕەگەزخوازه، ئەگەر کەسێک بەم بابەتە بزانێ من زۆر تووشی کێشه دەبم، نه تەنیا خانەوادەکەم لەوانەیه بمکوژن، بەڵکوو تەنانەت دەوڵەتیش لەوانەیه بمخاته بەندیخانەوه. لەم کاتەدا دەنگی نزم دەکاتەوه و دەڵێ تەنانەت لەوانەیه هاوشێوەی پارەکه که دوو گەنجی فارسیان به تاوانی هاوڕەگەزخوازی له سێداره دا منیش له سێداره بدەن. ناوبراو درێژه به وتەکانی دەدا: من هەتا ئەو کاتەی که لەگەڵ (ک) له زانکۆ ئاشنا نەببووم نەمدەزانی هاوڕەگەزخوازم. هەموو شتێک له پەردیسی زانکۆ دەستی پێکرد، ڕۆژێکیان که ئەو کوڕەی وا خۆش دەویست له بەر کچێکی دیکه وازی له من هێنا، (ک) لەو شەوەدا که من زۆر بێتاقەت بووم هاته لام بۆ ئەوەی سووکناییم بداتەوه. ئێمه هاوژوور بووین، کاتێک که باوەشی پێدا کردم هەستێکی خۆش کەوته دڵمەوه، ناوبراو زۆر به باشی له من تێدەگەیشت و ڕاست دەیزانی چۆن دەبێ من ئارام بکاتەوه. لەو کاتەوه ئێمه پێکەوەین.
حاڵەتی چوارەم
(ئـ ف) پیاوێکی کەمتەمەنی پێگەیشتووه، و له وڵاتی ئاڵمان کۆڕسی باڵای تەواو کردووە. ناوبراو دەڵێ له شاری هەڵەبجه (لە هەرێمی کوردستان) له دایک بووه. من زۆر سەبارەت بەوێ شتم وەبیر نایه. من بۆ هاوسەرگیرییەکی بنەماڵەیی و سەردانی بنەماڵه گەڕامەوه بۆ کوردستان بەڵام لەوه ناچێ بتوانم لەوێ بژیم. (لەم کاتەدا هەست دەکەم بێتاقەت بوو) دیاره مەبەستم ئەوەیه که من ناتوانم لەوێ بژیم، ئەمه بۆ منێک که پیاوێکی هاوڕەگەزخوازم، مومکین نییه، (ئینجا درێژە بە وتەکانی دەدا) من خەڵکی ناوچەی هەورامانم و ئەمه پرسەکە ئەستەمتر دەکات. به ڕای من هەورامان هێشتا زۆر ئاینیتر له ناوچەکانی دیکەی کوردستانه. ناوبراو له درێژەدا دەڵێ: ئەگەر خزمەکانم و بەتایبەت کوڕه مامەکەم که سەرۆکی عەشیرەته بەم بابەتە بزانێ خوا دەزانێ چ ڕوو دەدا، دەزانی چی ئەم کەسە حاجییه (کەسێک که زیارەتی مەککەی کردووه) و له نێو خزمەکاندا زۆر ڕێزی هەیه. (دەست دەکا به جگرە کێشان و درێژەی پێدەدا) ئەم ڕووداوانه هەمووی له ئورووپا دەستی پێکرد.
با ڕاستەکەی بڵێم، من نەمدەزانی هاوڕەگەزخوازم هەتا ئەوەی که شەوێکیان من لەگەڵ یەکێک له هاوڕێ هاوزانکۆییەکانم بووم و ئەو جووڵەیەکی کرد، ئێستا که بیر له ڕابردوو دەکەمەوه دەزانم بۆچی هیچ کات عەشقی هیچ کچێک نەدەبووم. (ئینجا بزەیەک دەنیشته سەر لێوی) دەڵێ: من ئێستا لەگەڵ ئەو کوڕەی خۆشم دەوێ دەژیم و هەموو شتێک باشه. تەنیا کێشەکەم ئەوەیه که دەبێ پەیوەندییەکەم بشارمەوه، خۆ دەزانی بۆ؟ من زۆر کەس له ناوچەی خۆمان که نایانناسم بەڵام بۆ سەردانی ئێمه دێنه ئێره و ئیمە پێیان دەڵێین که خوێندکار حەزی لێیه که (ئـ ف)ـین و له ژووری جیادا دەژین. پێموا هەمووان بڕوا به قسەکەمان دەکەن کە ڕۆژێ لە ڕۆژان بتوانن ئازادانه بڵێ ئەوە کێیه. ناوبراو دەڵێ: من ئیتر لەم ژیانه دووانەییه ماندوو بووم، له سەرەتادا ئەم پرسه سەرنجڕاکێش و زۆر ورووژێنەر و مەترسیدار بوو، من پێم خۆش بوو، بەڵام ئێستا ئەو کوڕەی خۆشم دەوێ بەم بابەته ناڕازییه و بەردەوام دەڵێ بۆچی وا بکەین؟ من به ڕاستی تێدەکۆشم بۆی ڕوون بکەمەوه که تا چەنده بارودۆخی من ئاڵۆزه بەڵام وا هەست دەکەم ئەو تێناگا، هەڵبەت مافی خۆشیەتی. بۆ کەسێک که ژیانێکی زۆر جیاوازی لەگەڵ من بووه تێگەیشتن لەم پرسانه هەر وا ئاسان نییه. بە هەڵەدا مەچن، ئێمه تەنانەت له لایەن دۆستان و ناسراوانی ئەویش زۆر قبووڵ ناکرێین. هاوڕەگەزخوازیی تەنانەت له ئورووپاش هەر وا ساده نییه.
ڕوانینێک بۆ ئەم دیارده له گۆشە نیگای مرۆڤناسییەوە: سەرەڕای ئەوەی تابۆیەک پرسی هۆگرییه سێکسییە ناسازگارەکانی گرتۆته بەر، چ لە مەڕ هاوڕەگەزخوازان و چ له مەڕ تڕەنسەکان، ڕێبەرانی دەرەوەی وڵات دەستپێکەری باسی گشتی لەم بارەوه بوون. پاش ئەوەی له وڵاتی ئێران به هۆی ئەم تاوانه مافە مرۆییەکانی کاپڵێکی هاوڕەگەزخوازی کورد بە شێوەی تۆقێنەرانە پێشێل کرا و به قەمچی لێیان درا، پشتیوانێکی مافەکانی هاوڕەگەزخوازانی کورد له ئیندیمیدیا (Indymedia.com) نووسی: له کوردستان هاوشێوەی بەشەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هاوڕەگەزخوازی به ڕاستی جێی قبووڵکران نییه و هۆکاری ئەم پرسه له ئاین و کەلتووری ئێمەدایه. هاوڕەگەزخوازی هەمیشه و له هەموو زەمەنێکدا وەک کارێکی قێزەون بەراورد کراوه، بەڵام له ئورووپای کۆن کردەوەی نێربازیی زۆر باو بووه. هەر لەبەر ئەوه به شێوەی سرووشتی ئێمه هەمیشه دژی هاوڕەگەزخوازی بووین بەڵام له هەمان کاتدا کە یاساکانی شەریعەتم قبووڵ نییه، بە قەمچی لێدانی هاوڕەگەزخوازان هەتا ئەو کاتەی دەمرن یەکێک له ڕێساکانی شەریعەته.
ڕێگە بدەن ئەم کەسانه چۆنیان پێ خۆشه بژین. ئەگەر ئێوه کەسێکی ئاینپەروەرن، ئێوه خۆتان باش دەزانن که ئەوان لەو دنیا تووشی چی دەبن و ئەگەر ئاینپەروەر نین نابێ کێشەیەکتان لەگەڵ ئەم بابەته هەبێت.
مەلاکان هەمیشه بڕ و بیانو دەهێننەوه بۆ ئەوەی خەڵک له قەمچی بدەن، هۆکاری ئەم پرسه دەتوانێ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بەوان، خواردنەوەی شەراب و یان سێکسکردنی پیاو لەگەڵ پیاو و ژن لەگەڵ ژن بێت.
چالاکێکی مافەکانی ژنانی هاوڕەگەزخواز له کوردستان دەنووسێ:
هاوڕەگەزخوازی له ناو ژنان و پیاوان دیاردەیەکی ڕاستەقینەیه و هیچکات نابێ وەک نەخۆشییەک سەیر بکرێت.
سرووشت بۆ هەر کام له سیستەمەکانی خۆی هۆکارێکی هەیه. کەسانی هاوڕەگەزخواز نزیکەی 0.1 هەتا 1.0 له سەد له حەشیمەتی مرۆڤەکان له دنیادا پێک دێنن. ئەم پرسه تەنیا له مرۆڤەکاندا سنووردار نابێتەوه و له ئاژەڵەکان و تەنانەت ڕووەک و گوڵەکانیشدا بوونی هەیه. هەندێ کەس پێیان وایه هۆکاری دەرکەوتنی ئەم دیارده کۆنتڕۆڵکردنی حەشیمەتی ڕووی گۆی زەوییه بۆ ئەوەی ڕێگری له کارەسات بگیرێ، چوونکه زۆر بوونی ڕێژەی حەشیمەتی ڕووی زەوی دەتوانێ قەیرانێکی نوێ بەدی بێنێ، بۆ وێنه کاتێک مرۆڤەکان دەست دەخەنە نێو دنیای پەلەوەرەکان و ڕێژەیەکی زۆری پەلەوەر بۆ به کارهێنانی مرۆڤ بەرهەم دێنن، دەبینین که نەخۆشی ئەنفلۆوانزای باڵنده دروست دەبێ که نه تەنیا ژیانی پەلەوەرەکانی جیهان بەڵکوو ژیانی ئێمەش دەخاته مەترسییەوه.
زۆربەی کەسانی هاوڕەگەزخوازی داهێنەر و هونەرمەندن، ئەگەر ئاوڕێک له مێژوو بدەینەوه شایەدی ئەوەین که زۆرێک له هونەرمەندان و نووسەرانی جیهان وەکوو ئۆسکار واید، ڕامبۆ و هەتد لەم حاڵەتە بەدەر نین.
وڵامی پرسی هاوڕەگەزخوازی توند و تیژی نییه و ئەم ڕێکاره هەرگیز نەیتوانیوه کێشە چارەسەر بکات. ئەگەر ئێمه هەڵوەدای بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی مۆدێڕن و داهێنەرانه بین، دەبێ دان به جیاوازییەکانی خۆمان لەگەڵ دیتران بنێین و بتوانین به ئاشتی و دۆستایەتییەوه پێکەوه بژین، کەسی هاوڕەگەزخواز دەتوانێ کچ، کوڕ، هاوسەر یان دۆستی نزیکی ئێوه بێت. ئەگەر ئەوان ئەم بابەته دەشارنەوه ئەوه ناگەیێنێ که ئەم پرسه بوونی نییه. ئێمه له سەرەتای مێژووەوه هەین و دیسانیش له پاڵ ئێوه دەبین و درێژه به ژیانی خۆمان دەدەین، کەواته باشتر وایه ئێمه قبووڵ بکەن و ڕێز لەم بابەته بگرن. بەهەر حاڵ عەشق سەرشۆڕی نییه و ئەوه دەبێ خەجاڵەت ببێتەوه که عەشق به سەرشۆڕی دەزانێت.
مارگارێت مید له ڕوانگەی مرۆڤناسییەوه کتێبێکی به ناوبانگی نووسیوه و تێیدا پێشنیاری کردووه که ئەو نیگەرانییانەی که لە تێپەڕین لە مێرمنداڵییەوە بۆ گەورەساڵی دەمێنێتەوه (وەکوو هۆگریی سێکسی که تازه هەستی پێکردووە) پێکهاتەی کەلتووریی له خۆ دەگرن. ناوبراو له سامۆوا لەگەڵ گەنجان ئیش دەکا، لێرە کەلتوور هانیان دەدا که هۆگریی سێکسی خۆیان تەنانەت به سێکسکردنی بەر له هاوسەرگیری به ئەزموون بکەن، و گریمانەی ئەوه لە ئارادایە که ئەم ئیشه له کۆمەڵگادا متمانه به خۆبوونێکی زیاتری لێ دەکەوێتەوه و کاتێک وەک گەورەساڵێک توانیان هاوسەرگیری بکەن له ژیانی سێکسی خۆیاندا متمانه به خۆبوونێکی زێدەتریان دەبێت. هەڵبەت لەو کۆمەڵگایانەی که تەواو پێشپیشەسازی نین، وەکوو سامۆواکان و به وتەی ناوبراو زۆر له ژێر کاریگەری بەها ئیسلامییەکانن، ڕوانین بۆ تافی مێرمنداڵی وەک هەڕەتێکی پڕبشێوی و ئیسترێس و کارەساتێکی پەنگراوە. ڕوانگەی مید بەرامبەر به بوونی ڕوانگەیەکی کراوه سەبارەت به پەیوەندیی سێکسی و ڕۆمانسی و ئازادی بۆ بە ئەزموونی کردنی ئەم بابەتانه له نێو مێرمنداڵانی سامۆوایی، لەگەڵ ئەزموونی گەنجان له ئێران بە تەواوەتی فەرقی هەیه، لە وڵاتی ئێران له نێوان هەر دوو ڕەگەزەکه دیوارێک دانراوه و پەیوەندییه سێکسییەکانیان وەک پرسێکی مەترسیدار قەدەغە کردووه. لەم ڕووەوە ڕوانگەوە سەبارەت بە مەترسییەکانی پەیوەندیی ژنان و پیاوان بەر له هاوسەرگیری ڕەنگه سەرسامهێنەر نەبێت.
ئایدیاکانی ڕفتاری ژنانە شانۆیی، دراماتیک، لەگەڵ شەرمەزاری و پارێزراو ڕەنگە ئەنجامی هەر ئەم ڕوانگه بێ و دەتوانین لەگەڵ هەستی ورووژانی پەیوەست به مێرمنداڵی له ئورووپا و ئەنجامدانی ڕۆژانەی بەراوردی بکەین. خاڵی سەرنجڕاکێش کە دەبێ لەم بارەوه ڕەچاوی بکەین درێژەدان به ڕفتاری منداڵانەی ژنان له گەورەساڵیدایه. له بەرامبەردا کوڕان له پرۆسەیەکی یەکدەست به هۆی دوو ساڵ خزمەتی سەربازی که هەیانه دێنه ناو کۆمەڵگا و بەم شێوه ڕاستەخۆ دەورەکانیان له کۆمەڵگا دەگۆڕدرێ و له مێرمنداڵییەوه دەبنه گەورەساڵ (سینکلر -وب، 1990 ؛ کاپلان، 1990).
پاش ئەوه ئەگەر ئەم کەسانه پیشەیەکی تایبەتی هەڵنەبژێرن، یان درێژه به خوێندن نەدەن، دەچنه ناو کار و کاری بنەماڵەیی یان دوکانێکی بچووک به هاوکاری بنەماڵه دەکەنەوه، له ناوچەی کوردستان زیاتر دۆخەکە بەم شێوەیه. مۆدێڕنیزه بوون بۆته هۆی تێکچوونی هاوسەنگی و کەوتنه ژێر پرسیاری دەوری ئافرەتان. به شێوەی نەریتییانە ژنان تەنیا له ڕێگەی هاوسەرگیرییەوە گەوره دەبوون، بەڵام له ئێستادا زۆریان له کۆتاییەکانی تافی مێرمنداڵی یان سەرەتاکانی تەمەنی بیست ساڵان ماڵەوه به جێ دێڵن و دەچنه زانکۆ و بەم شێوه بە ڕادەیەک له سەربەخۆیی ئابووریی دەگەن. سەرەڕای ئەوەی کە به گشتی له کوردستان کێشەی دانەمەزران و بێکاری هێشتا بوونی هەیه، بەڵام هەلی دامەزراندن بۆ ژنان له کەرتی دەوڵەتی و کەرتی تایبەت زۆر کەمتره و ئەم بواره بە هی پیاوان دەزانرێت. توحیدی، 1994.
تەنانەت سەرەڕای ئەوەی هاوڕەگەزخوازی له دێرزەمانەوه له کۆمەڵگای کوردستاندا بابەتێکی ئاشنا بووه، و کاتێ باس لە پیاوانی هاوڕەگەزخواز دەکرا وەک ئاسەواری پەستی کۆمەڵگا له قەڵەم دەدران، ڕوانگەی کۆمەڵگا بۆ هاوڕەگەزخوازی ژنان هێشتا له قۆناغه سەرەتاییەکانیدایه. ئەم پرسه له پێشدا له باکووری کوردستان (تورکیا) دەستی پێکرد، له بەشەکانی دیکەی کوردستان ژیانی کۆمەڵایەتی به شێوەی کردەیی بۆ هاوڕەگەزخوازانی پیاو و ژن بوونی نییه، کوردانی دەرەوەی وڵات به هۆی ئەو فوکووسەی که له سەر کەمپەینەکانی دیکە هەیانه هەتا هەنووکه نەیانتوانیوه ئەم پرسه بخەنه ناو ڕێسای ئیشی کەمپەینەکانی خۆیانەوە. بەڵام یاساناسانی تورکیایی بۆ کەسانی هاوڕەگەزخوازی پیاو و ژن و تڕەنس و ڕێکخراو و لۆبییه گشتییەکانی پەیوەست بەم چالاکییانه هەندێ دەرفەتیان هێناوەته کایە بۆ ئەوەی بۆ قبووڵکرانی ئەم کەسانه له ناو کۆمەڵگادا هەندێ داپەڕ ئەنجام بدەن، ئەم هەوڵانه زیاتر هی ئێن جی ئۆکانی دانیشتووی ئەستەنبوڵه. بەڵام زەروورەتی بوونی ئەم کۆمەڵگایانه بۆ کۆمەڵەی هاوڕەگەزخوازانی پیاو و ژن و تڕەنسه کوردەکان هێشتا زۆر پشتگوێ دەخرێت.
لەم کەلتوورانەدا زۆر جار هاوڕەگەزخوازی دژی دیترڕەگەزخوازی و هەبوونی تایبەتمەندیی نێر و مێ ڕەچاو دەکرێت. سێ فۆڕمی سەرەکی پەیوەندییە هاوڕەگەزخوازییەکان له لایەن مرۆڤناسان پێشنیار کراوه که بریتیین:
یەکسانخوازی، پێکهاتەی ڕەگەزێتی و پێکهاتەی تەمەنی. له نێو ئەم مژارانه یەکیان زیاتر له کۆمەڵگایەکی دیاریکراو له کاتێکی دیاریکراو زاڵ دەبێت. به ئاوڕدانەوه له مێژووی کوردەکان و ڕوانگەیان بەرامبەر به هاوڕەگەزخوازی، دەتوانین زۆر کەس (زیاتر دەوڵەمەند و مامناوەند تەمەن، و هەمیشه پیاو) دەست بخەین که سەبارەت بەوان دەنگۆی ئەوه له ئارادا بووه که پارەیان به کوڕانی کەم تەمەن دەدا بۆ ئەوەی پەیوەندیی سێکسیان لەگەڵ ساز بکەن. له هەمان کاتدا ئەمانه کەسانێک بوون که (مومکینه له ڕۆژاوا پێیان بووترێ پێدۆفیلیا) بەڵام وەکوو پیاوی بنەماڵه ژیانێکی ئاساییان هەبوو، بەڵام هەر کات باس له ئامۆژگاری کوڕانی کەم تەمەن دەهاته گۆڕەوه دەکەوتنە هەناسە بڕکێ. له زۆربەی کاتەکاندا، ئەو کوڕه کەم تەمەنانەی که دەستدرێژی سێکسی دەکرایه سەریان له کۆمەڵگا زۆر سووکایەتیان پێ دەکرا و دەبوایه له وڵاتی (شەرمەزارهێنەر)یان بۆ پاشماوەی ژیانیان ئەم سووکایەتییەیان لە کۆڵ نایە. هەر بۆیە زۆریان وایان به لاوه پێ باشتر بوو که به هۆی بوونی ئەم پێشینه و ڕابردووەوە نیشتمانی دایکیی خۆیان به جێ بێڵن. ئەم پرسه تەنیا به هۆی ئەوه خرایه ڕوو که دەربکەوێ فۆڕمی هاوڕەگەزخوازی دیاریکراو به چ شێوەیەک بووه که بزانن ڕوانگەی تاوانبارانه و لادەرانه که سەبارەت بەم کەسانه هەیه به چ شێوەیەکه. هەڵبەت پێدۆفیلیاش له کۆمەڵگا هەبووە و هەیه بەڵام ئەوەش وەک نهێنییەکی درکێنراو ڕەچاو دەکەن.
هاوڕەگەزخوازیی نۆڕماڵی گەورەساڵان و تڕەنسبوونیان له چاو فۆڕمی چەوسانەوەیی ئەم هۆگرییانه کەمتر قبووڵ دەکرێت. هەڵبەت ئەم هۆگرییه له چاو هاوڕەگەزخوازان و تڕەنسەکان ڕەنگه دیاردەیەکی زۆر نوێتر و ئەنجامی خەباتی کۆنسێرڤاتیڤ دژ بە مۆدێڕنیتە بێت. ئەم چەشنه ژیانه سێکسییه له خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و له کەلتووری کوردستان بۆ چەندین سەده بەردەوام بووە.
له نێو زۆرێک له کەلتووری موسڵمانانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست سەرچاوه بایۆلۆژیکی، مێژوویی و دەروونناسیی جیاواز بوونی هەیه و داپەڕی هاوڕەگەزخوازانه زۆر بەربڵاو و گشتی بووه. شاعیرانی فارس زمانی وەکوو (عەتار مردوو 1002)، (ڕۆمی، 1021)، (سەعدی، 1091)، (حافز، 1189)، (و جامی 1490) و هەروەها شاعیری کورد شێخ ڕەزا تاڵەبانی له پەیوەندیی لەگەڵ هێماگەلی هۆمۆئۆرۆتیک کۆمەڵێ شێعریان هەیه. توێژینەوه له بارەی ناهاوسانانی سێکسی وا پیشان دەدا که سەرەڕای ئەوەی بینراوبوونی ئەم پەیوەندییانه کەم بۆتەوه بەڵام ڕێژەیان کەمی نەکردووه. دوو فۆڕمی زیاتر تۆمارکراو بریتین له هەبوونی پەیوەندیی سێکسی بە پارە لەگەڵ پیاوانی تڕەنس یان ئەو پیاوانەی ڕفتاری وەکوو تڕەنس لە خۆیان دەنوێنن و نموونەگەلێک لەم کەسانەن که ئەوان به نێوی بچووکی 2 و منداڵی 3 بانگ دەکەن و هەروەها داپەڕی مەعنەوی سۆفییەکان که تێیدا تاک له داپەڕێکی پاکداوێنانه و ئایدیالانه دەگا به داپەڕێکی هۆگرییانە.
بۆ وێنه له ئێرانی کۆن هاوڕەگەزخوازی و هۆمۆئۆرۆتیک له زۆرێک له شوێنه گشتییەکان پەسندکراو بووه، بۆ وێنه له دێیر و حەوزە عیلمییەکان هەتا دەگاتە مەیخانه، کەمپی سەربازی، گەرماو و قاوەخانەکان. له سەرەتاکانی حکومەتی سەفەوی (152 هەتا 1201) شوێنگەلێک به نێوی ئەمروودخانه هەبوو که تێیدا پیاوانی لەشفرۆش ئیشیان دەکرد، ئەم شوێنانه یاسایی بوون و باجیان دەدا. ئەدەبیات و هونەرێکی بەهێز سەر لە نوێ بێچمی گرتەوه که تێیدا هاوڕەگەزخوازی له خۆرهەڵاتی نێوەڕاست به شێوەی شووبهاندنی عەشقی پیاوان خۆی نواندبوو. بەم پێیه گانیمێد (ساقی خودایان) سیمبۆلی دۆستێکی (کوڕ) ئایدیال بوو. موسڵمانان و زۆربەی ئەو سۆفی و شاعیرانەی که له وڵاتانی عەرەبی و ئێرانی بوون سەبارەت به کوڕانی ساقی جوانی مەسیحی دواون و ئیدعا دەکەن که له ڕۆژدا له مەیخانه میواندارییان لێ دەکەن و له شەودا دەخزێنه ناو پێخەفەکەیان. له زۆرێک لەم ناوچانه ئەم داپەڕه هێشتا له سەردەمی نوێدا دەبینرێ (ئەم پرسه له لایەن ڕیچارد فڕانسیس بارتۆن، ئاندره گاید و ئەوانی تریش تۆمار کراوه).
هاوڕەگەزخوازان له کۆمەڵگا ڕۆژاواییەکان هێشتاش له پێناو وەرگرتنی ماف و دادپەروەری بۆ خۆیان خەریکی خەباتن. کەسێکی هاوڕەگەزخواز پیاو یان ئافرەت و یان کەسێکی تڕەنس هێشتا لەوانەیه له شەقامدا بێڕێزی پێ بکرێ و یان له هەندێ له شوێنه گشتییەکان مافی هاتنه ژوورەوەیان نەبێت. له بریتانیا لەم ماوەی دواییدا باسێک له نێوان دەوڵەت و چالاکڤانانی پیشەسازی گەشتیاری ڕووی دا و هەندێ له هۆتێل و میوانخانەکان داوایان کردووه که دەوڵەت ڕێگەیان ئەوەیان پێ بدا کە ئەو کاپله هاوڕەگەزخوازانەی که وەکوو هەر کاپڵێکی دیکه داوای ژوورێک دەکەن بکەنە دەرەوه. له حاڵێکدا کەسانی هاوڕەگەزخوازی ئورووپایی به خەستی هەڵوەدای وەرگرتنی مافی هاوسەرگیری له هەندێ له وڵاتانن، ئەم ڕاستییانه بۆتە هۆی ئەوەی دنیا لەم بارەوه بۆچوونێکی دووجەمسەرانەی هەبێ و لەم بارەوه مشتومڕی سیاسی بێته ئاراوه و تەنانەت له هەندێ له وڵاتان بابەتەکه پەلکێشی دادگاکان بکرێت. له ساڵی 2002 له هۆڵندا، بەلژیکا، ئیسپانیا، کەنەدا و ئەفریقای باشووری هاوسەرگیری لەگەڵ هاوڕەگەز بە یاسایی کراوه. بەڵام له بواری هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازان له ویلایەته یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تەنیا له ویلایەتی هاوبەرژەوەندی ماساچۆست مافی هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازان به فەرمی ناسرا و ویلایەتەکانی وێرمۆنت و کانکتیکات ئیزنی پەیوەندیی مەدەنیان پێ داون.
له هەمان کاتدا وڵاتانی دیکه، که زۆربەی وڵاتانی ئورووپایی دەگرێتەوه کۆمەڵێ یاسایان پەسند کردووه که به گوێرەی ئەو کەسانی هاوڕەگەزخواز بۆیان هەیه پەیوەندیی مەدەنیان پێکەوه هەبێ و بەم چەشنه کاپڵه هاوڕەگەزخوازەکان لەو مافانه سوودمەند دەبوون که کاپڵه هاوسەرگیریی کردووەکان له بواری یاساییدا لێیان سوودمەندن. لەم چەشنه دەتوانین ئاماژه به یاساکانی میرات و کۆچ بکەین. زۆرێک له وڵاتانی سکادیناڤیا یاساکانی هاوبەشیی ناوخۆییان له دەیەی 1982 بەم لاوه له یاساکانی خۆیاندا گونجاندووه. له ویلایەته یەکگرتووەکانی ئەمریکا چڕکردنەوەی مشتومڕەکان له سەر به یاسایی کردنی هاوسەرگیریی له بری قبووڵکردنی یەکیەتی مەدەنی دەتوانێ ببێتە هۆکاری سەرەکی شکستی ئەو هەوڵانەی که لەم بوارەدا ئەنجام دراون و له لایەن گرووپه مەحافزەکار و ئاینییەکانەوه بەرهەڵستی کراوه. بۆ وێنه له کالیفۆڕنیا، فەرماندار ئاڕنۆڵد شوارتزینگێڕ ڕایگەیاند که به تەواوەتی پاڵپشتی له یاسای پشتیوانی له هاوژینە هاوڕەگەزخوازەکان دەکا بەڵام باشتر وایه پرسی هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازان له لایەن خەڵک یان دادگاکان یەکلایی بکرێتەوه.
له ڕوانگەی زۆرێک له لایەنگرانی نەریت و به ئاوڕدانەوه لەو ڕوانگه نەخوازراوانەی که لەم بوارەدا له هەندێ له ئاینزاکاندا هەیه، هەندێ ناڕەزایەتی دژ بەم بابەته ئەنجام دراوه، بۆ وینه ئەم باسه له ئارادایه که هاوسەرگیری میکانیزمێکی دیاریکراوه که بۆ دانانی بناغەی دایک و باوکبوون بەرنامەی بۆ داڕێژراوە و ناتوانین پێکەوەبوونی به بێ بوونە دایک و باوک ناو بنێین هاوسەرگیری. ئەنجوومەنی دەروونناسیی ئەمریکا ئەم باسەی تەواو ڕەت کردۆتەوه (پترسون، 1995) و ڕایگەیاند که زۆربەی لێکۆڵینەوەکانی ئاکادمیک به بێ جیاکاری لە بواری هاوڕەگەزخوازانی ژن یان پیاو که پێکەوه دەژین بە تەواوەتی دژی ئەم باوەڕانەن. سەیرتر ئەوەی که سیاسەتمەدارانی هاوڕەگەزخواز توانیویانه ڕێژەیەکی زۆری کورسییه دەوڵەتییەکان تەنانەت لەو وڵاتانە وەدەست بێنن که یاساگەلی دژه نێربازی و یان کوشتنی هاوڕەگەزخوازانیان له مێژووی هاوچەرخی خۆیاندا هەبووه. هاوڕەگەزخوازان له کابینەی بریتانیا وەکوو وەزیری پێشووی کریس سمیت (لۆڕد سمیتی ئەوڕۆیی له فینزبێری که یەکێک لەو چەند کەسەیه که هەڵگری HIV زایدن که ئەم بابەتەی ڕاشکاوانه ڕاگەیاندووه) و نیک بڕان و هەروەها حاڵەتی زۆر نوێی پتر ماندڵسۆن که کۆمیسێرێکی ئورووپایی و هاوڕێی زۆر نزیکی تۆنی بلێره و یان پێرکریستییەن فووس که هەتا ساڵی 2015 وەزیری کاروباری دارایی نەرویژ بوو، سەربەستانه هاوڕەگەزخوازبوونی خۆی ڕاگەیاند.
ئەو هۆگرییە گشتییەی که بۆ بواری قبووڵکردنی زۆربەی پیاوان و ژنانی هاوڕەگەزخواز له کۆتاییەکانی سەدەی 20 بەدی هات به ڕێکخراوه سکۆلارەکان سنوودار نەبوو. ئەم ڕووداوه له زۆرێک له دامەزراوه ئاینییەکانیش ڕووی دا. جوولەکایەتی ڕیفۆڕمخواز که گەورەترین لقی جوولەکایەتی له دەرەوەی ئیسڕائیله هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازانی بۆ شوێنکەوتووانی خۆی له کەنیسەکان ئاسان کردەوه. کلێسای ئانگلیکان تووشی هەندێ ناکۆکی هات که بووه هۆی لێکدابڕانی کلێساکانی ئەفریقا و کلێسای ئانگلیکانی ئاسیایی له لایەک و کلێساکانی ئەمریکای باکووری له لایەکی تر. هۆکاری ئەم ناکۆکییه هی ئەو کاته بوو که کلێساکانی ئەمریکا و کەنەدا هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازانیان قبووڵ کرد و ڕێگەیان بە کەسانی هاوڕەگەزخواز دا که پێکەوه بن. کلێساکانی دیکە هاوشێوەی کلێسای مێتۆدیست ڕووبەڕووی بابەتی بەڕێوه چوونی دادگا بۆ زانایانی ئاینی هاوڕەگەزخواز بوونەوه که هەندێ ئیدعایان کردبوو ئەم کاره دژی بنەما ئاینییەکانه و فەرمانی دەرکراو بۆ ئەم کەسانه به پێی ناوچەی جوگرافیایی جیاواز بوو. لێرەدا ئیسلام تەنیا بەشێک له کێشەکەیه. چوونکه بینیمان له هەندێ له شوێن و فۆڕمەکاندا جۆرەکانی هاوڕەگەزخوازی قبووڵ کراوه.
سەبارەت بە کوردستان، حیزبه سیاسییە چەپەکانی کورد به شێوەی نەریتیی پشتیوانییەکی کەمتریان له هاوڕەگەزخواز و تڕەنس و مافەکانی ئەوان کردووه بەڵام هەر ئەم پشتیوانییه کەمەش به دەگمەن بۆته داپەڕێکی گشتی.
بێگومان پرسی زۆر زیاتر له بەرنامەی سیاسیی کوردەکاندا هەیه که دەتوانین ئاماژه به مافەکانی مرۆڤ بۆ هەموو تاکەکان بکەین، هەر لەبەر ئەوه کوردەکان لەم بوارەدا داپەڕێکی ئەوتۆیان ئەنجام نەداوه. چالنجی گەورەتر له کۆمەڵگای کوردی ئەوه نییه که هۆگریی بلیمەتە سیاسییەکان بگۆڕن، له ئێرانیش لەم بارەوه ڕوانگەیەکی هاوشێوەی سیاسەتمەدارانی کۆنسێرڤاتیڤ و ئاینیی ئەمریکایی بوونی هەیه. لێرەدا چالنجی سەرەکی پرسی کەلتوور و کۆی حەشیمەته که هێشتا وەک باسێکی سزایی سەیری هاوڕەگەزخوازی و تڕەنسەکان دەکەن و ئەمه تاکه سناریۆی شیاوی قبووڵکردن لە بواری ئەم بابەتەیه.
ئەم بابەته له بواری مافەکانی ژنان له کوردستانی ئێرانیش به شێوەی گشتیتر بەدی دەکرێت. له کۆمەڵگایەکدا که تێیدا تاکە حاڵەتی قبووڵکردنی دەربڕینی سێکسی له ڕێگەی هاوسەرگیرییه، و بەتایبەت به هۆی ئەو نۆڕمانەی که له کوردستان هەیه ئازادییەکانی ژنان نه تەنیا له بواری سێکسی بەڵکوو له بواری کۆمەڵایەتیشدا زۆر سنوورداره. هەڵبەت ئەم پێویستییانه له بواری ڕفتارەکانی دیکەی وەکوو دەرکەوتنی گۆڵمەزبزوێنی قەتڵی نامووسی که لەم ماوەی دواییدا له کوردستان و دەرەوەی کوردستان زۆر جێی باس بووه بەدی دەکرێت. له ڕوانگەی سێکسی و کۆمەڵایەتییەوە، دەبێ فێر بین هەموو شتێک به ڕوانگەیەکی زۆرینەخوازتر ببینین. واته دەبێ مافێکی زێدەتر به هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا بدەین. له بواری سێکس و ڕەگەزێتی، هیچ ناو یان ڕوونکردنەوەیەک به تەنیایی ناتوانێ بۆ هەر هەموو تاکەکان به کار بهێنرێ و خەڵک دەبێ بتوانن هەموو شتێک به ئەرێنی ببینن و فێر بن ئەو کەسانەی که بووێری تەواویان هەیه که ڕادەپەڕن و خۆی ڕاستەقینەیان پیشان دەدەن به شوورەیی و عەیبه ئازار نەدەن. ئەم پرسه له کۆمەڵگای کوردی پێشینەیەکی زۆر دوور و درێژی هەیه و ئەگەر کورد بیهەوێ ببێته کۆمەڵگایەکی مۆدێڕن دەبێ بتوانێ به شێوەی گشتی و به بێ شەرمکردن ئەم پرسه چارەسەر بکا و پشتیوانی له مافەکانی مرۆڤ بکات.
سەبارەت به نووسەر
کامیل ئەحمەدی، خەڵکناسی کۆمەڵایەتی و توێژەر، براوەی خەڵاتی «نامووس» له زانکۆی یاسای لەندەن له بنیاتی مافەکانی ژنان (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی» بنیاتی جیهانی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانسته مرۆییەکان له زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت به گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست به ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵان بووه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو به زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی له ژێر ئەم ناوانه چاپ کراون:
– ڕوانینێکی دیکه بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب و نەریتی مزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)
– به ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێران) که له لایەن Uncut Voices Press-Frankfurt و وەشانخانەی شیرازه چاپ کراوه؛
– زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان له ئێران) بڵاو بۆتەوه له Nova Science Publisher, Inc., New York 2017 ؛
– ماڵێک له سەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە / هاوسەرگیری کاتی له ئێران) که دەقە فارسییەکەی له لایەن وەشانخانەی شیرازه بڵاو بۆتەوه و وەشانخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کراوە؛
– ماڵێک بە درگای ئاوەڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری سپی له ئێران) بە ئینگلیزی و فارسی کە وەشانخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کراوە؛
– توێژینەوەیەکی دیکه به ناوی تاڵانی منداڵی بۆ ئەنجوومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان ئەنجام درا که بابەتی زبڵگەڕی منداڵانی له تاران تاوتوێ کردووە و له ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛
– دەقی ئینگلیزی و فارسی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان له ئێران) که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛
– و توێژینەوەیەکی ناوبراو له ژێر ناوی له سنوورەوه هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به شوناس و ئێتنیکایەتی له ئێران) که 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛
-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری مندالان لە ئێران خەریکە چاپ دەکرێت.
توێژینەوەکانی لە ماڵپەڕی خۆیان دەست دەکەوێت: www.kameelahmady.com