توێژەرێک: ژمارەی منداڵانی کار لە ئێران بە نزیکەی حەوت میلیۆن بەراورد دەکرێ
“کامیل ئەحمەدی”، توێژەری خەسارناسیی کۆمەڵایەتی و مرۆڤناسی، ژمارەی منداڵانی کاری لە ئێراندا بە دوو تا پێنج میلیۆن هەڵسەنگاند.
ناوبراو باسی لەوە کرد کە بەشێک لە توێژەران ئاماری منداڵانی کار بە هەژمارکردنی ئەو منداڵانەی کە لە کارگەکان کار دەکەن، بە نزیک ٧میلیۆن بەراورد دەکەن.
هەروەها بەداخبوونی خۆی لە نەبوونی توێژینەوەی گشتگیر و سەربەخۆ و ئاماری دژ بە یەک دەربارەی منداڵانی کار دەربڕی و گوتی: ” جیا لەو منداڵانەی لەسەر شەقامەکان کار دەکەن دەبێ ئەو منداڵانەی لە کارگەکانیش کار دەکەن بە منداڵانی کار هەژمار بکرێن”.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو منداڵانە دەستەیەکی گەورەتر لە منداڵانن کە کار دەکەن، بەڵام نابینرێن و سەختترین کاری جەستەییان پێ دەکەن.
بە وتەی ئەم توێژەرە، دۆخی کار و تەندروستیی ڕۆحی و ڕەوانی ئەو منداڵانەی لە سەر شەقام کار دەکەن، کەمێک باشترە لەو منداڵانەی لە کارگەکان کار دەکەن، چونکە ئەوان بەهۆی بینینیان لە لایەن کۆمەڵگەوە تا ڕادەیەک گرینگی بە کێشەکانیان دەدرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردوە کە ئاماری جیاواز دەربارەی منداڵانی کار لە ئێران بڵاو دەکرێتەوە، بە پێی دوایین ئامار کە لە ساڵی ٩٨ بڵاو کراوەتەوە، “شکراللە حەسەن بەیگی”، جێگری پارێزگاری تاران ڕایگەیاند، چوار هەزار منداڵ کە خەریکی کۆکردنەوەی زبڵ و پاشماوەکانن لە شەقامەکانی تاران دەبینرێن کە لە سەتا ٨٠ ی ئەو منداڵانە لە دەرەوە هاتوون.
ئەم توێژەرە بە ئاماژەدان بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نیگەرانی خۆی لە تووشبوونی ئەو منداڵانە بە ڤایرۆسەکە دەربڕی، چونکە بە پێی لێدوانی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پشتیوانی لە مافی منداڵان، ئەو منداڵانەی لەسەر شەقام کار دەکەن لە گرووپی ٥٠ تا ٦٠ کەسیدا بەیەکەوە دەژین و ئەمەش مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە نێویاندا زیاتر دەکا.
منبع: کوردستان وکرد