باسێک لەمەڕ بەرسازی زینا لەگەڵ مەحارم له وڵاتی ئێراندا
توێژەر و مرۆڤناس، پسپۆڕی شێوازی توێژینەوە و ماستەری خەڵکناسیی کۆمەڵایەتی، زانکۆی کێنت – ئینگلتەرا
پوخته
به پیرۆززانینی ناوەندی بنەماڵە لە ناو کۆمەڵگای ئێران و هەروەها ئاراستەی ئایینی سیستەمی دەسەڵات و ئەو یاسا فیقهییانەی که له سەر بناغەی ئەم ئاراسته باڵادەستە دامەزراوە، ناهێڵێ بابەته نائەخلاقییەکانی ناو ئەم ناوەنده (خانەوادە) ئاشکرا و ڕوون بکرێتەوه. هەر بۆیە بە پێی ئەم بۆچوونە مەحافزەکارانەوە توندوتیژی و دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان له لایەن مەحارمەوه ڕەت دەکرێتەوە و بەم شێوە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی پرسەکە بەردەوام دەبێت. ئەم وتاره بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە سەر ئەو هۆکار و زەمینە یاساییانەی که کاریگەریان لە سەر دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان له لایەن مەحارم لە ناو خێزاندا هەیه و هەروەها ناسینی یەکگرتوویی نێوان پێکهاتە یاسایی و ئایینییەکان لەگەڵ دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان ئەنجام دراوە. پرسیاری بنچینەیی ئەوە بوو که دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە لایەن مەحارمەوه لە وڵاتی ئێراندا لە سەر چ بنەمایەکی یاساییە؟ زانیارییەکانی ئەم توێژینەوە بە بەکارهێنانی شێوازی داتابنیات لە ڕێگەی تەکنیکی دیمانەی نیمچە پێکهاتەیی لە کۆمەڵگەیەکدا بە دەست هات کە لە کەسانێک پێکهاتبوو کە لە تافی منداڵیدا دەستدرێژیی سێکسییان بەئەزموون کردووه. قەبارەی نمونەکه 452 کەس بوو به شێوەی نموونەگیریی تۆپەڵە بەفری و ئامانجدار بە پرۆسەی کۆدینگی شتراوس و کۆربین بە دەست هات. ئەنجامەکان ڕوونی دەکەنەوە: وتەزای دەستدرێژیی سێکسی وەک کارلێک یان واقیعێک لە لایەن خێزان و کۆمەڵگا و یاساوە هەستی پێناکرێ مەگەر ئەوەی له ڕەهەندە هەمەچەشن و فرەچەشنەکانی قووڵ ببینەوه. هەروەها زاڵبوونی گوتاری ئەخلاقی و عورفی و ئایینی ڕێگە بە لێکدانەوەی لۆژیکی و بەڵگەدارانەی دیاردەی دەستدرێژیی سێکسی و ڕەهەندەکانی نادات. هەر ئەم گوتاری ئەخلاقییه، دەستدرێژیی سێکسی وەک بێنامووسی و بێئابڕوویی له قەڵەم دەدا و وەک تاوانبار و گوناهبار سەیری کەسی دەستدرێژیکراو دەکا و دواجار شەرعییەت بە تاراندن و سەرکۆنەکردن و سزادانی کەسی دەستدرێژیکراو دەدات. بەو پێیەی که ڕێژیمی ئێران، سروشتێکی ئایدیۆلۆژیکی هەیە ئاماده نییه له قوتابخانە و سیستەمه پەروەردەییەکانی دیکە سەبارەت به بابەتی سێسکی ڕاهێنان پێشکەشی قوتابییەکان بکا و به تابۆ و بڤەی دەزانێت؛ هەر چەشنه باسێک لە مەڕ ئەم بابەتە ئیدانە دەکا و بە تاوان له قەڵەمی دەدا کە ئەنجامی ئەوەش دەبێته هۆی ئەوەی میکانیزمی سەرکوت و نهێنیپارێزی چالاک بێت. بەشێک لە نهێنیپارێزیی کەسی دەستدرێژیکراو هەڵدەگەڕێتەوه بۆ ئایدۆلۆژیای پێکهاتەیی و بەشێکی دەچێتەوه سەر کارلێکه مەسڵەحەتییەکانی بنەماڵە. ئەو بیر و باوەڕە باوەی کە ڕێگری لە ئاشکراکردنی دەستدرێژیی سێکسی لە لایەن کەسانی دەستدرێژیکراوەوە دەکا بریتییه له وتەزای ئابڕوو، قەزاوەت له سەرکردن، سەرزەنشتکران، و کارلێکه مەسڵەحەتییەکانیش بریتین له نکۆڵیکردن و قبووڵنەکردن، سزادان و تەمبێکردن، تاراندن و هەڕەشەلێکردن، سووکایەتی، گاڵتەپێکردن، جەنگ و شەڕ و گرژی و … . ناتەواوییەکانی سیستەمی دادوەری، نەبوونی سیاسەت و بەرنامە و ڕێوشوێنی پشتیوانی لە قوربانیانی توندوتیژیی سێکسی، منداڵهاوسەری، دیارینەکرانی تەمەنی منداڵی، هەڵاواردنی جێندەری کە باڵی به سەر پێکهاتەی باوکسالاریی کۆمەڵگا و یاسادا کێشاوه و هەروەها پێکهاتەی ئابووری له ڕێگەی گۆڕینی سزا بۆ سزای نەختی به هاوقۆڵی لەگەڵ پێکهاتەی فەرهەنگی، گوتاری یاسایی لە سزای دەستدرێژیی سێکسی هەڵدەپەسێرێ و جیای دەکاتەوه کە ڕەنگە له درێژەدا ئەم هەڵپەساردنه ببێتە زەمینەخۆشکەری بەردەوامیی زینا لەگەڵ مەحارم.
وشەی کلیلییەکان: خەسارەناسیی یاسایی، توندوتیژیی سێکسی له دژی منداڵان، بەرسازی زینا لەگەڵ مەحارم، یاساکانی ئێران.
1- داڕشتنی پرسیار
دیاردەی دەستدرێژیی سێکسی لە دەیەی 1980 زایینی سەرنجی هۆگرانی ئەم بوارەی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و بە هۆی پەرەسەندن و کاریگەرییە بەرفراوانەکانی ئەم دیاردە، سەرنجی زۆرێک لە توێژەرانیشی بەرەو لای خۆی ڕاکێشاوە (گراب و ترنر، 2012). توندوتیژییە سێکسییەکان لە هەر کاتێکدا ڕوو بدەن بە هۆی ئەو زیانە توندەی کە بە قوربانییەکەی دەگەیەنن، لە توندوتیژییەکانی دیکە سەرنجڕاکێشترن بەڵام کاتێک ئەم زیانە لە ناو خێزان و لە لایەن ئەو کەسانەوە ڕوو دەدا کە هاوخوێن و مەحرەمی کەسەکەن، زیانەکانی ئەم دەستدرێژییە سێکسییە دووقات دەبێتەوه. ئەم کردارە نەشیاو و نانۆرمە زۆر جار کپ دەکرێ و نادرکێنرێت. هەروەها لە هەندێک حاڵەتدا ئەگەر لەقاو بدرێ ئەوە بڕواپێکردن و سەلماندنی چەتوونە چونکە ویژدانی گشتیی کۆمەڵگا، خانەوادە بە ناوەندێکی گەرم دەزانێ کە لەم چەشنە زیانانە بێبەرییە (زارعی، 2016). له هەمان کاتدا بەو پێیەی که زۆر جار و بەتایبەت له ناو کۆمەڵگای ئێراندا به هۆی ئەو ئاراسته ئایینییە زاڵ و باڵادەسته، خێزان هەمیشه وەک ناوەندێکی پیرۆز تەماشا کراوه، ڕوونکردنەوەی دەستدرێژیی سێسکی له لایەن ئەم ناوەندەوه، وەک پیرۆزیسڕینەوه سەیر دەکرێ و له زەینییەتی کۆمەڵگادا قێزەونه و له ئەنجامدا حاشای لێ دەکرێت. کەواته پێویستە پەیوەندیی نێوان پێکهاتەی یاسایی و پێکهاتەی ئایینی بخرێتە بەر تیشکی چالنج و ڕەخنەوە.
لە پێکهاتەی فەرهەنگی و یاسایی کۆمەڵگای ئێراندا، کەسی دەستدرێژیکراو وەک کەسێکی ئاسایی یان تەنانەت قوربانی لێی ناڕوانرێ، بەڵکوو وەک کەسێکی چەوت و تاوانبار دەناسرێت. ئەم پڕۆسە وێڕای ئەوەی به ناوە نیتکه لێنان، دیسان ستەم لە قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی دەکاتەوه، هەمیشه وەک تاوانبارێک که گوناحێکی لێ وەشابێتەوه سەیری دەکا و تاوانبارێک کە دەبێ له بەردەم یاسادا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت. ئەم شێوه گوتاری یاساییه که شەرعێتیی خۆی له گوتاری باڵادەست وەردەگرێ بە هاوپشتی لەگەڵ داب و نەریت و فەرهەنگ و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی زەمینه بۆ ستەمی دووقات لە قوربانی خۆش دەکات. نکۆڵی و تاراندنی کەسی قوربانی، قوربانی لە داپەڕ و ڕێوشوێنی پشتیوانیی خۆبەخشانە و چارەسەر و هەروەها خزمەتگوزاریی پەروەراندنەوەی حکومی و ناحکومی بێبەش دەکات (ایروانیان، 1389). چونکه بۆ تاراندنی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی سوود له گوتاری ئایینی و ئەخلاقی وەردەگیرێ و بە پێی ئەم گوتارە ئەمانه تاوانبارن و تاوانبارەکان دەبێ سزا بدرێن. لە هەمان کاتدا، حکومەتی ئێران بە هۆی سروشته ئایدیۆلۆژیکییەکەیەوه، نه له قوتابخانە و نه له سیستمە پەروەردەییەکانی دیکە ئاماده نییه ڕاهێنانی بابەتی سێکسی پێشکەش بکا و ئەمە به تابۆ و بڤه دەزانێ و هەر چەشنه باسێک سەبارەت بەمە ئیدانه دەکا که ئەنجامی ئەمەش دەبێتەوه کاراکردنەوەی میکانیزمی سەرکوتکردن و لە هەمان کاتدا هاندان و وروژاندن بەتایبەت لە قۆناغێکی وەکوو تافی منداڵی و مێرمنداڵی که ئارەزووی سێکسی زۆره؛ قسەیەک که نابێ له ناو جەماور و به ئاشکرا بدرکێنرێ بە نهێنی و لە مێشکدا دەورووژێنرێت. ئەمەش پێچەوانەی ئەو شێوازانەیه کە لە زۆرێک لە وڵاتاندا هەیه و له لایەن بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانەوه دانیان پێدا نراوه. ڕاهێنانی سێکسی، وێڕای بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی منداڵان سەبارەت بە بابەتی سێکس، فێری شێواز و تەکنیکەکانی خۆپارێزیشیان دەکات؛ بەڵام منداڵان بە هۆی ئەوەی لە ئێراندا بە شێوەی سیستماتیک دەستیان بەو ڕاهێنانانە ناگا و لە ئەنجامی ئەمەدا شارەزایی و ئاگاییان (بەتایبەت منداڵانی ناوچە دوورەدەستەکان و منداڵانی هەژاری ئێران) دەست ناکەوێ، زیاتر تووشی دەستدرێژیی سێکسی و توندوتیژی دەبنەوە. کەمیی مەعریفه و توانای منداڵان؛ بەرهەم و لێکەوتەی ئایدیۆلۆژیای داخراوی ئایینیی سیستەمی دەسەڵات لە کۆمەڵگەی ئێرانه و بەو پێیەی که ئەو یاسایانەی که لە بواری دەستدرێژیی سێکسی و پشتیوانی له دەستدرێژیکراوان پەسەند کراون و هەروەها ئەو ڕێکخراوانەی کە لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەدا بەشدارن، وابەستەی ئەم پێکهاتە ئایدیۆلۆژیکی و ئەمنییانەن که پێویستە پێداچوونەوەیان پێدا بکرێتەوه، چونکه ئەم ڕێکخراوانه خۆیان کێشەی پێکهاتەیی هەمەچەشنی وەکوو ناوڕێکخراوەیی و دەرەوەڕێکخراوەییان هەیه و ئەمانه لەم بوارەدا کۆسپ و تەگەرەی زۆر لەبەر دەمیانه که ناتوانن کاردا باشەکانیان ڕاپەڕێنن. یەکێک له کێشه پێکهاتەییەکانی ناوڕێکخراوی بریتییه له کەمیی مووچە و شایسته پاڵپشتییەکانی ئەو هێزه مرۆییەی که لەوانەدا کار دەکەن و هەروەها ئەو سیستەمە بیرۆکراسییه دەست و پاگیرەی که باڵی به سەر پانتای ناوڕێکخراویدا کێشاوه. کێشەی دەرەوەڕێکخراوەیش بریتییه له هاوتەریبکاری و بەریەککەوتنی ئەرک و بەرپرسایەتییەکانی ئەم ڕێکخراوانه لەگەڵ یەکتر و ئەو ئیمکانیات و گوژمانەی که له لایەن دەوڵەتەوه تەرخان دەکرێت. هۆکارەکانی دیکه بریتین له پرسە زەمینەیی و گەشەییەکانی وەکوو سیاسەتەکانی خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی، دەستەبەریی کۆمەڵایەتی، تەندروستی، پەروەرده، پەراوێزنشینی، پرسه سێکسییەکان و … . به هۆی نەبوون و لاوازیی ئەم سیاسەتە زەمینەییانەوه ئێمە شاهیدی پەرەسەندنی پرسی دەستدرێژیی سێکسی و زینا لەگەڵ مەحارم له ناو دڵی بنیاتی بنەماڵەین و هەروەها دەبینین ئەو یاسایانەشی کە بۆ ئەم مەبەسته پەسەند کراون بێکاریگەرن یان کاریگەرییان کەمترە، و هەروەها له بواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایانەدا ڕووبەڕووی چالنجی زێدەتر دەبینەوه.
لە لایەکی دیکەوە، فەرهەنگ و فیقهی ئیسلامی کە لە یاساکانی ئێستای ئێراندا چەسپاوه، بۆته بەربەستی بەردەم ئاشکراکردنی ڕووداوی دەستدرێژی، پێکهاتەیەک کە بۆ سەلماندنی دەستدرێژی و دادخوازی پێویستی بە چوار شایەتحاڵی دادپەروەرە و ئەگەر چوار شایەتحاڵ جێبەجێ نەبوو ئەوا کەسی قوربانی (دەستدرێژیکراو) به تاوانبار، گوناحبار و خەتاکار تۆمەتبار دەکرێ و پێویستە لە لایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە سزا بدرێت؛ ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی قوربانییەکە نکۆڵی لە دەستدرێژییەکە بکا و نەیدرکێنێ و ئەمەش لە حاڵەتێکدایە کە دەستدرێژییەکە لە شوێنێکدا ڕوو دەدا کە لە ژێر کۆنتڕۆڵ و چاودێریی خەڵک دەرچووە و هەر ئەم تایبەتمەندیی دووربوون له ژێر چاودێریی کۆمەڵایەتی و نەبوونی شایەتحاڵەیه که سەلماندنی دەستدرێژییەکە ئەستەم دەکا و ئەگەر دەستدرێژکار کەسی مەحرەم بێ و تاوانەکەش بسەلمێنرێ، ئەوه لە سەر بنەمای فیقهـ سزای سێدارە بۆ ئەندامی خێزانەکە دەردەچێ (کە دەستدرێژیکارە) که ئەمه ئاستەنگی بەر دەم درکاندنی دەستدرێژیی سێکسییه. هەر بۆیە زەمینه بۆ توندوتیژی دژی منداڵان بەتایبەت توندوتیژیی سێکسی لەباره و لە لایەکی دیکەشەوه نەبوونی پشتیوانیی کاریگەر، نەبوونی پەروەردەی سێکسی لە قوتابخانەکان و ڕێکخراوەکانی تر و ئەو ناوناتۆرە کۆمەڵایەتییەی کە بە هۆی ئەم دیاردەوە لە ناو کۆمەڵگادا دێتە ئاراوە، هەروەها ناکارامەیی یاساکانی ئێستا؛ لێکدانەوەی ئەم پرسه دوو هێندە پێویست و زەرووری دەکات. لە سەر ئاستی کەڵان، پێویستە سیاسەتی دروست لە سەر بنەمای دۆزینەوەی زانستی و بۆچوونی پسپۆڕان و شارەزایان و تەنانەت کەسانی دەستدرێژیکراویش دابنرێ، دەنا شایەدی تەشەنەکردن و بەردەوامیی هەرچی زیاتری دەستدرێژیی سێکسی و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتیشدا سزای قوربانییەکان و دەستدرێژیکراوان دەبینەوه. بۆ بەدیهێنانی ئەمە، ئەم پرسیارەی خوارەوە بە کەڵک وەرگرتن لە گڵاڵەی چۆنایەتی و لێکۆڵینەوەی مەیدانی دەخرێته بەر تیشکی لێکدانەوه: لە وڵاتی ئێراندا دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە لایەن کەسانی مەحرەمەوه لە سەر چ بەستێنێکی یاسایی دروست دەبێت؟
2. شێوازناسی
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی کە لە داڕشتنی پرسیارەکەدا گەڵاڵە کرا پێویستمان بە بەڵگە و داتای ئەزموونییە. ناسینی ئەم دیاردە لە لایەک پێویستی بە بەدەستهێنانی متمانەی دەستدرێژیکراوان و دەستدرێژیکارانه و لە لایەکی دیکەوە پێویستی بە ئاشنابوون لەگەڵ ئەو تێڕوانین و مانایانەیه کە ئەو کەسانە لە ئەزموونیاندا هەیانە. لە شێوازی چۆنایەتی و بەتایبەت لە شێوازی توێژینەوەیی گڕەندد تیۆری ئەم جۆرە تایبەتمەندییانە بوونیان هەیە و بە کورتی پێی دەوترێ GT. کۆمەڵگەی بەرلێکۆڵینەوەی ئەم توێژینەوه ئەو کەسانەن که لە تافی منداڵیدا یەکێک لە جۆرەکانی دەستدرێژیی سێکسییان بە ئەزموون کردووه؛ واته ئەو کەسانەی که له تەمەنی کەمتر له 18 ساڵ دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەریان. قەبارەی نموونەی دیمانەلەگەڵکراوان ٤٥٢ کەس و شێوازی نمونەگیرییەکە به شێوەی تۆپەڵە بەفری و ئامانجدار بوو. هەروەها کەڵکمان له تۆڕه کۆمەڵایەتییەکان و ژووری گفتوگۆ وەرگرت بۆ ئەوەی کەسانی دەستدرێژیکراو بدۆزرێنەوە و دیمانەیان لەگەڵدا بکرێت. بە بەکارهێنانی شێوازی نموونەگیریی ئامانجدار، هەندێک لەو کەسانەی که ئەزموون یان زانیاریی تایبەتیان هەبوو، سوودمان لێ وەرگرتن. بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکانی توێژینەوە، تەکنیکی دیمانەی نیمچەپێکهاتەیی به کار هێنرا و بۆ شیکاریی داتاکان پرۆسەی کۆدینگی شتراوس و کۆربینمان بەکار هێنا.
3. پێشینەی توێژینەوه: جۆرناسیی یاسایی و عوڕفی توندوتیژیی سێکسی
به پێی توێژینەوه ئەنجامدراوەکان، توندوتیژی لە سۆنگەی فەرهەنگییەوە دیاری دەکرێ و لە هەندێک حاڵەتدا یاساش پێوەریەتی. ڕەنگە هەندێک کەس زیان بە کەسانی دیکە بگەیێنن، بەڵام بە پێی پێشزەمینە فەرهەنگی و بیروباوەڕەکانیان، کردەوەکەی خۆیان وەک توندوتیژیی سەیر نەکەن. بۆ نموونه له پەیوەندیی ژن و مێردیدا، لەوانەیه پەیوەندیی سێکسی پیاو لەگەڵ ژنەکەی له حاڵەتێکدا بێ که ژنه نەیهەوێ سێکس بکا بەڵام دیسانیش پەیوەندییه سێکسییەکەیان نەک هەر وەک توندوتیژیی سێکسی له قەڵەم نادرێ بەڵکوو له ڕووی فەرهەنگی و تەنانەت له ڕووی یاساییشەوه ڕەوا و قبووڵکراوه، وەک له یاساکانی ئێستای ئێراندا باس له ملکەجی یان ملکەجنەبوونی ژن کراوه. یان منداڵهاوسەری به گوێرەی بیر و باوەڕی هەندێک له کۆمەڵگا و یاسادانەران، نەک هەر بە کردەوەیەکی زیانبەخش نازانرێ، بەڵکوو لە ڕووی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە پەسەندکراوە و لە ڕووی یاساییەوە ڕەوایە، لە کاتێکدا به گوێرەی ئەنجامە توێژینەوەییەکان و پێناسە بایەخدارەکانی ناوەنده جیهانییەکان منداڵهاوسەری زیانی زۆره و ئەو پەیوەندییە سێکسیەی کە تێیدا ڕوو دەدا وەک جۆرێک لە دەستدرێژیی سێکسی پێناسە دەکرێت.
لاوازییەکانی سیستەمی دادوەری و نەبوونی سیاسەت، بەرنامە و ڕێوشوێنی پشتیوانی له قوربانیانی توندوتیژیی سێکسی لەو کێشانەن کە زۆرێک لە توێژەران لە لێکۆڵینەوەکانیاندا ئاماژەیان پێ کردووە. ئادێلسۆن بە پێداچوونەوە بە زیاتر لە ٨٠ توێژینەوەی پەیوەندیدار بە ئەزموونی توندوتیژیی خێزانی له دژی منداڵان، کێشەی ئەو منداڵانەی که شایەتحاڵی ئەزموونی توندوتیژیی خێزانین بۆ سەر سێ بەشی سەرەکی پۆلێنبەندی کردووە: ١- کێشە کارکردییە ڕەفتاری و سۆزدارییەکان، ٢- پرسی ڕوانگه و کارکردی مەعریفی و 3. پرسەکانی کارکردی جەستەیی (ادلسون، 1999).
دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان واتە ناچارکردن یان هەڵخەڵەتاندنی منداڵان بۆ بەشداریکردن لە چالاکییە سێکسییەکان (کە مەرج نییە هەمیشه توندوتیژی لەگەڵدا بێت)، جا چ منداڵەکە ئاگاداری بێ که چی ڕوو دەدا یان ئاگادار نەبێ کە چی دەکەوێتەوە. سەبارەت بە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان لە ناو ژینگەی خێزاندا پێناسەیەکی یەکدەستمان نییه. بەڵام منداڵ جگە لە ئازاردرانی له لایەن کەس و کاری واته دایک و باوک، خوشک، برا یان خاڵۆی، لەوانەیە کەڵکاوەژۆیی و دەستدرێژییەکە لە لایەن کەسێکی نزیک لە منداڵەکەوە بە شێوەیەکی تر ڕوو بدا وەکوو زەڕدایک و زەڕباوکی منداڵەکە، هاوڕێیان، ئەندامانی خێزان یان چاودێری منداڵان (پرتال رویە آنلاین[2]). بە پێی پێناسەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی[3]، توندوتیژی دژی منداڵان هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی کەسانی خوار تەمەنی 18 ساڵ دەگرێتەوە. ئەم توندوتیژییانە بریتین لە ڕفتاری خراپ لەگەڵ منداڵان لە ڕووی جەستەیی و سۆزداری و سێکسی و پشتگوێخرانی منداڵ لە لایەن دایک و باوک و دیکەی ئەو کەسانەی که بەرپرسی منداڵەکەن (پۆرتاڵی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی).
سیگل لە جۆرناسی و پێناسەی دیاردەی توندوتیژیی سێکسی و دەستدرێژیی سێکسی، سەرەتا پێناسە یاساییەکەی دەقۆزێتەوه. لە یاسای عورفیدا دەستدرێژیی سێکسی بریتییە لە “پەیوەندیی سێکسی لەگەڵ ژنێک بە شێوەی ناچاری و بە پێچەوانەی ویستی ئەو”. سەبارەت بە شێوە و جۆرەکانی دەستدرێژیی سێکسی و دەستدرێژیکاران، سیگل پێی وایە هەندێک له دەستدرێژییەکان پلانیان بۆ داڕێژراوه، هەندێکی دیکەیان خۆورووژاون، هەندێکیان سەرنجیان لە سەر قوربانییەکی دیاریکراو چڕ دەکەنەوه و هەندێکیشیان لەگەڵ تاوانی دیکەدا ڕوو دەدەن. هەندێک لە دەستدرێژیکارانی سێکسی یەک تاوان ئەنجام دەدەن و هەندێکی تریش چەندین تاوان ئەنجام دەدەن و هەندێکی دیکەش وەک گروپ یان باند ئەم کارە ئەنجام دەدەن. هەندێکیان لە دژی نێچیرەکەیان هێزی زەبر بە کار دەهێنن و هەندێکی تر بە بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان یان کحۆل نێچیرەکەیان بێهێز دەکەن و ئامانجەکەیان دەپێکن. لەبەر ئەوەی یەک جۆر دەستدرێژی یان دەستدرێژیی سێکسی بوونی نییە، تاوانناسان هەوڵیان داوە جۆرەها بارودۆخی دەستدرێژیی سێکسی پێناسە و پۆلێنبەندی بکەن. یەکێک لە باشترین پۆلێنبەندییەکانی دەستدرێژیی سێکسی لە لایەن نیکۆلاس گرۆس خراوەتە ڕوو. بە گوێرەی بۆچوونی گرۆس، هەر چەشنه دەستدرێژییەک لانیکەم یەکێک لەم توخمانە لە خۆ دەگرێ: تووڕەیی، هێز و دەستدرێژیکاری. لە پۆلێنبەندیی گرۆسدا، جۆرەکانی دەستدرێژیی سێکسی بریتین لە: 1. دەستدرێژیی بەکۆمەڵ، 2. دەستدرێژیی زنجیرەیی، 3. دەستدرێژی بۆ سەر کەسی ناسیاو کە قوربانییەکە دەناسێ، وەکوو ئەندامانی خێزان و هاوڕێکان، دەستدرێژیی سێکسی له ماوەی دۆستایەتی که ئەویش دەچێته ڕیزی دەستدرێژیی سێکسی که بریتییه پەلاماری سێکسی له ماوەی ئاشنایەتیدا. بە هەمان شێوە لەم تاقمەدا زینا لەگەڵ منداڵان یان لەگەڵ مەحارم زینایەکه کە تێیدا قوربانییەکە نەگەیشتووەتە تەمەنی یاسایی و دەستدرێژیی ژن و مێردی، سێکسی ناچاری نێوان ئەو کەسانەیه کە بە شێوەی یاسایی هاوسەرگیریان کردووە. بە وتەی سیگڵ، دەستەواژەی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵ یان مەحارم ئاماژە بۆ پەیوەندیی سێکسی نێوان منداڵێکی خوار تەمەنی یاسایی و گەورەساڵێک دەکات. هەرچەندە ڕەنگە پەیوەندییه سێکسییەکە بە زۆرەملێیی نەکرێ، بەڵام بەو پێیەی که به گوێرەی یاسا منداڵانی کەمتەمەن توانای ڕەزامەندیی ئاگادارانەیان نییە، کەواته به پێی یاسا وەک کارێک سەیر دەکرێ که له سەر بنەمای ڕەزامەندی نییه، ٤- دەستدرێژیی سێکسی له ناو هاوڕێیان، ٥- دەستدرێژیی سێکسی له ناو ژینگەی زانکۆ، ٦- دەستدرێژیی سێکسی بە فێڵ، ٧- دەستدرێژیی سێکسی له ناو کووچه و کۆڵان (سیگل، 2015).
بڕاون[4] لە پۆلێنکردنی جۆرەکانی توندوتیژی چەمکی لایەن (سپێکترۆم) بەکا دەبات. ناوبراو بۆ ڕوونکردنەوەی تێکەڵبوونی توندوتیژییە سێکسییەکان لێکچوونی ڕەنگەکانی بە کار هێناوە، چونکە نابێ وەک ڕەهەندی سەربەخۆ یان جۆری دەگمەن لێیان بڕوانین، ئەوان لێک جیاوازن بەڵام سەریەککەوتنی بەرچاویان هەیە (بڕاون، 2011: 171).
4. چاوخشاندنێک به سەر پێکهاتەی یاسایی ناکارامە و بۆشایی یاسا هەنووکەییەکانی ئێران
هە تا بەر له پەسەندکردنی یاسای پشتیوانی له منداڵان و مێرمنداڵان لە 23/02/1399 هەتاوی، هیچ یاسایەکی دیاریکراو سەبارەت بە پشتیوانی لە منداڵانی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی و سزادانی دەستدرێژیکار[5] و تەنانەت پاڵپشتی لە منداڵان و مێرمنداڵان بۆ ڕێگری له دووبارەبوونەوەی تاوانی لەم چەشنه هیچ یاسایەک له گۆڕا نەبوو، بەڵام پەسەندکردنی ئەم یاسایە هەندێک له کەلێنەکان پڕ کردەوه. هەتا بەر لەو کاتە بنەمای مامەڵەکردن لەگەڵ دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان، بەتایبەت له جۆری دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر مەحارم، یاسای سزادانی ئیسلامی بوو، بەڵام هێشتا سەبارەت به جێبەجێکردنی ئەم یاسایه له لایەن کارگێڕه پابەندەکانەوه تێڕامان و نیگەرانی لە ئارادایە و بۆ دڵنیابوون له جێبەجێکرانی ئەو یاسایانە لە لایەن کارگێڕه پابەندەکانەوه هەمیشە چاودێریکردن به سەر کەرتی تایبەت و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان (NGO) بابەتێکی پێویستە.
لە یاسا جیاجیاکانی ئێراندا، بە پێی بابەت یان تەمەن، هیچ یاسایەکی تایبەت بۆ منداڵان ڕەچاو نەکراوه، بۆ نموونە بۆ ناونانی قۆناغی منداڵی سێ وشەی ساوا، منداڵ و مێرمنداڵ بە کار دەبرێ کە ئەمەش نیشانەی نەبوونی یەکدەنگی لە نێوان یاسادانەرانی ئەم بوارەیه. نەبوونی سنوورێکی ڕوون لە نێوان ئەم قۆناغانە (ساوا، منداڵ و مێرمنداڵ) وای کردووە کە لە پرسی دەستدرێژیی سێکسیی زینا لەگەڵ مەحارم پرس و کێشەی نوێ و ڕەهەندی تازە دروست ببێت. چونکە دیاردەی منداڵی لە ڕووی سروشت و پێکهاتەوه لەگەڵ دیاردەی مێرمنداڵی فەرقی هەیە و وەکیەک سەیرکردنی ئەو دووانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە پرسی دەستدرێژیی سێکسی لە لایەن مەحارمەوه سیاسەتی مامەڵەکردن وەکوو یەک بێ و جگه توندتربوونی کێشە و دەرکەوتنی ڕەهەندە نوێکانی ئەم دیارده هیچی دیکەی لێ سەوز نەبێت.
لە یاسای سزادانی ئیسلامی و یاسای پاڵپشتیی له منداڵان و مێرمنداڵان کە تایبەتە بە پرسی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان، پرسی سزادانە. لەم یاسایەدا، تەمەنی منداڵ بە ١٥ ساڵ دیاری کراوە. لە مادەی ٢٢١دا هاتووە کە “زینا بریتییە لە پەیوەندیی سێکسی نێوان ژن و پیاوێک کە هاوسەرگیرییان نەکردووە و جێی گومان نەبێت”. لە تێبینیی 2ی هەمان مادەدا هاتووە “کاتێک هەر دوو لایەن یان یەکێکیان منداڵی پێنەگەیشتوو و ناباڵق بێ، ئەوە زینا ڕووی داوە بەڵام کەسی ناباڵق سزا نادرێ و بە ڕێوشوێنی دابینکردنانە و پەروەردەییانە کە لە کتێبی یەکەمی ئەم بابەتەدا دیاری کراون حوکم دەدرێت”. لە مادەی ٢٢٤دا سزای زینادا لە هەندێک حاڵەتدا سێدارەیه، وەکوو زیناکردن لەگەڵ مەحرەمە خوێنییەکان (سەبەبی). هەروەها لە مادەی ٩١ی یاساکەدا هاتووە کە “زینا بە شایەتیی چوار پیاوی دادپەرەوەر یان سێ پیاوی دادپەروەر لەگەڵ دوو ژنی دادپەروەر دەسەلمێنرێت. جا چ ببێتە هۆی سزای لێدان یان سزای بەردبارانکردن” ئەم یاسایە گیر و گرفتی زۆرە بۆ وێنە تەمەنی منداڵی بە 15 ساڵ دیاری کردووە لە کاتێکدا بە پێی زۆرێک لە بەڵگە نێودەوڵەتییەکان کە ئێرانیش ئەندامی هەندێکیانه، تەمەنی منداڵی 18 ساڵانه. دووەم ئەوەی کە سەپاندنی سزای سێدارە لەم حاڵەتانەدا نەک هەر نەبۆتە هۆی ڕێگری، بەڵکوو دژی کەرامەتی مرۆییشە و پێویستە دادپەروەریی چاکسازی ببێتە بەدیلی ئەم یاسایه. پرسە گرینگترەکە سەلماندنی پرسی زینا لەگەڵ مەحارمە. بەڵگە مێژووییەکان دەریدەخەن کە هەندێک جار ئەوە کچۆڵە قوربانییەکانی دەستدرێژین کە بە تاوانبار دەناسرێن.
لە یاسای پاڵپشتی لە مافەکانی منداڵان و مێرمنداڵاندا، ئەم بابەتە لە شێوەی زینادا باس نەکراوە، بەڵکوو لە بابەتگەلێکی وەکوو دەستدرێژیی سێکسی، لەشفرۆشی، سووکی، ورووژێنەری سێکسی، مەترسیی زۆر و پۆرنۆگرافی باس کراوە، بە جۆرێک کە هەر چەشنە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵ لەم حاڵەتانەی سەرەوەدا دەبێتە هۆی دەستێوەردان. لە دەستپێکی ئەم یاسادا چەمکگەلێکی زۆر ناڕوون لە بواری تافی منداڵیدا بەدی دەکەین. بۆ نموونە لە پێناسەی منداڵدا هاتووە کە “هەر کەسێک کە نەگەیشتبێتە تەمەنی باڵقبوونی شەرعی”. ئەگەر مەبەست لە تەمەنی شەرعی، تەمەنی ٩ ساڵ بۆ کچان و ١٥ ساڵ بۆ کوڕان بێ، ئەوا شاهیدی هەڵاواردنی ڕەگەزێتین (جێندەری). پێناسەی مێرمنداڵیش بەم شێوەیە: “هەر کەسێک کە لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵی هەتاوی بە تەمەنی باڵقبوونی شەرعی گەیشتبێت”. ئەوەی کە یاسا لە سەر بنەمای ئەم شەرعە دامەزراوە کێشەی بنەڕەتی هەیە. هەروەها لە مادەی 2دا هاتووە: “هەموو ئەو کەسانەی کە تەمەنیان نەگەیشتووەتە هەژدە ساڵانی هەتاوی، ئەم یاسایە دەیانگرێتەوه” بەڵام تەمەنی منداڵی بە وردی پێناسە نەکراوە و لەم بوارەدا چەندین ناوی ناڕوون هەیە. له درێژەدا هەموو جۆرەکانی سزا بۆ کەسانی دەستدرێژیکار و ئازاردەر و ئینجا شێوازی پشتیوانی له کەسانی دەستدرێژیکراو دیاری کراوه. سەرەڕای ئەوەی ئەم یاسایه له چاو یاساکانی دیکه لەم بارەوه پێشکەوتووتره بەڵام هێشتا له سۆنگەی پێناسەکانی ئەم بواره کێشەی زۆره.
5 – هەندێک له داتا مەیدانییەکان
ئێستا ڕوانگەی بەشداربووان سەبارەت بەم یاسایه لێک دەدرێتەوه. ئەم ڕوانگانه پیشاندەری یاساکانی ئێستای ئێران نییه، بەڵام بەو پێیەی که ئەوان چ بۆچوون و ئاراستەیەکی فیکریان سەبارەت یاساکانی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان هەیه، سەرنجڕاکێشه. بە پێداچوونەوە و پۆلێنبەندیی ڕوانگەی بەشداربووان، سێ تەوەری بنەڕەتی لەم بوارەدا دەستنیشان کراون، کە بریتین لە: 1- نەبوونی پاڵپشتیی یاسایی، 2- جێبەجێنەکردنی بڕگە یاساییەکان، 3- پێگەی پیاوسالاری لە ناو یاسا. هەندێک لە بەشداربووان پێیان وایە کە هیچ یاسایەکی تایبەت لە بواری پاڵپشتی له منداڵانی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسیدا له ئێراندا بوونی نییە[6]. خاتوو ئیسماعیلی مامۆستا و ڕاهێنەری نیگارکێشی لە هەندێ له ڕێکخراوی ناحکومییەکاندا وتوویەتی:
لە دۆسیەکەی تووسیدا بۆمان دەرکەوت لەم وڵاتەدا هیچ یاسایەک بوونی نییە.
خاتوو ئیسماعیلی ئاماژە بە بەڕێز سەعید تووسی قورئانخوێنی بەناوبانگ دەکا که بەوه تۆمەتبار کراوه که دەستدرێژیی سێکسی کردۆته سەر کۆمەڵێ له قوتابییەکانی. سەرەڕای ئاشکرابوونی ئەم دۆسیە و سکاڵاکردنی چەندین جارەی دایک و باوکەکانیان، تووسی ئازاد کرا. زۆرێک لە بەڵگەکان دەریدەخەن که “لە پرۆسەی دادوەریی دا دەستێورەدان” کراوه . کاک شەعری دامەزرێنەر و سەرۆکی کۆمەڵەی ئایدزی ئێران وتی:
لە کتێبی نەخۆشییە دەروونییەکان یان DSM کە بۆ پۆلێنبەندی نەخۆشییە دەروونییەکان تەرخان کراوه، پۆلێنبەندیی جیاوازی هەیە کە منداڵئازاریی منداڵان لە هەموو جیهاندا جگە لە ئێران بە تاوان ناسراوه و ئێستاش ئەوه سەیرە کە ئەمه له ئێراندا بە تاوان له قەڵەم نەدراوه. شتێک کە سەبارەت بە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵانە و زۆر گرینگە کە من پێی دەڵێم پێدۆفیلیا شتێک کە زۆر باو و ئاساییە یەکەم ئەوەی کە ئەو حاڵەتانەی کە ڕادەگەیێنرێن لەو حاڵەتانەی کە لە ڕاستیدا ڕوویان داوە زۆر جیاوازن. زۆرێک لەوانە بە هیچ شێوەیەک ڕاپۆرت ناکرێ و نزیکەی ٧٠ له سەدیان بە هیچ شێوەیەک لەم جۆرە حاڵەتانەدا ڕاپۆرت ناکرێت.
خاتوو مەحموودی، پسپۆڕی دەروونناس لە شاری سنە وێڕای ئاماژه به ئەستەمیی و تەنانەت نامومکینیی سەلماندنی دەستدرێژیی سێکسی لە ناوەنده یاساییەکان وتی:
کەیسێکم هەبوو خوازبێنی بووه و نەیویستووە هاوسەرگیری بکا، چونکە پوورزاکەی (خوشکەزای دایکی) لەگەڵ سێ کەس له هاوڕێکانی شەوانه دەچن پەلاماری دەدەن. ئیتر هاته لام و منیش به تەلەفۆن قسەم لەگەڵ دەستدرێژکارەکە کرد. پێم وت من له ناوەنده یاساییەکان بەدواداچوونی بۆ دەکەم. وتی ئەگەر بیسەلمێنی کە من پەلامارم داوه لە خزمەتدام و قسەکەشی ڕاست بوو چونکە دەیتوانی بڵێ دۆستم بووه و منیش بە ڕەزامەندیی ئەو سەرجێییم لەگەڵ کردووە. دەزانی چۆنه لە ئێران یاسایەک نییە بەرگری له دەستدرێژیکراوان بکا، هیچ پەناگەیەک نییە.
بەڕێز ڕیازەتی (پارێزەر) وێڕای ئاماژه به کەموکوڕییەکانی یاسا لە بواری دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و ئەو پێشکەوتنانەی که لە یاساکەدا بەدەست هاتوون، وتی: یەکێک لە کەموکوڕییە گەورەکانی یاسا، دیارینەکردنی سزای کاریگەر بۆ باوک و باپیرانی بکوژه کە ڕەگ و ڕیشەی ئەمه دەچێتەوه سەر تێگەیشتنی هەڵە لە فیقهـ، بە شێوەیەک کە ئەگەر باوک منداڵەکەی خۆی بکوژێ، هیچ سزایەکی کاریگەر بۆ ئەو دانانرێ کە ئەمەش نیشانەی دەسەڵاتی پیاوسالاری لە یاساکانی ئێرانه و ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ فیقهـ. بە وتەی بەڕێز ڕیازەتی له پڕۆژەیاسای پاڵپشتیی له منداڵان و مێرمنداڵان که له ئێستاشدا بووەتە یاسا پێشکەوتنی بەرچاو لە بواری پاراستنی مافەکانی منداڵاندا بەدی هاتووە:
له یاسا دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان بە تاوانێکی گشتی دادەنرێ و پێویستی بە سکاڵاکاری تایبەت نییە، واتە هەر کەس به بینیی حاڵەتێکی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان بۆی هەیه ڕاپۆرتی بکا و دادستێنیش وەک داواکاری گشتی بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکات. زۆرترین سزای دیاریکراو لەم یاسایەدا ٦ مانگ زیندانیکردن و یەک ملیۆن تمەن سزای نەختییه. هەرچەندە پەسەندکردنی ئەم یاسایە بۆ یارمەتیدانی منداڵانی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی بە هەنگاوێکی گەورە دادەنرا، بەڵام هێشتا کەموکوڕیی گەورەی هەیه. گرینگترین چالنجی ئەم نێوەندە سەبارەت بە کوشتنی منداڵ لە لایەن باوکە. لە مادەی “220” لە یاسای سزادانی ئیسلامیدا هاتووە “باوک یان باپیرەی باوکی کە منداڵەکەی دەکوژێ قیساس ناکرێ و به پێدانی دییه به کەس و کاری قوربانی و زیندان سزا دەدرێت”. ئەم سزایە به پشتبەستن به مادەی “612”ی یاسای سزادانی ئیسلامییە، کە ڕاشکاوانه جەخت دەکاتەوه که ئەگەر کەسێک سزای قیساس بیگرێتەوه و ئەم حوکمەی بۆ دەرنەکرێ بە پێی لایەنی گشتیی تاوانەکە، سزای سێ بۆ 10 ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێندرێت. قیساسنەکران باوک و باپیرەی باوکی، هەڵدەگەڕێتەوه بۆ هەندێک بۆچوونی فیقهی، کە هەڵبەت ئەمه دایکان ناگرێتەوە. ئەم مادە بووەتە هۆی کەڵکاوەژۆیی هەندێ لە باوکان و لە زۆر حاڵەتدا بووەتە هۆی ئەوەی تاوانبار لە سزای شیاوی خۆی، ڕا بکات.
دوکتور خوڕەمی بنارەکی، پزیشکی پسپۆڕی مێشک و ئەعساب کەیسێک دەگێڕێتەوە کە تایبەتمەندیی توندوتیژیی پێکهاتەیی و فەرهەنگی پیاوسالاری لە ناو یاسادا نیشان دەدات. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: یاسا چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵێک دەکا کە له لایەن مەحارمەوه دەستدرێژیی سێکسی دەکرێتە سەری و زکی پڕ دەبێت؟ گێڕانەوەی خاتوو خوڕەمی بنارەکی وەڵامێکە بۆ ئەم پرسیارە. هەروەها توندوتیژیی فەرهەنگی ئاماژە بۆ زۆڵبوونی ئەم کۆمەڵە منداڵە دەکات. ئەم توندوتیژییە نەک هەر لە دەرفەتە کۆمەڵایەتی – ئابوورییەکان بێبەشیان دەکا بەڵکوو لە کۆمەڵگا دوور دەخرێنەوە و لە ژیانی پارێزراویش بێبەش دەبن:
یەکەم دیاردەیەک کە لە ژووری فریاکەوتن بینیم، کچێکی تەمەن ١٤ ساڵ بوو کە بە ئازاری دڵەوە هێنایانه بەر دەستم. کاتێک پشکنینمان بۆ کرد، بینیمان لە سکیدا هەستمان بە گرتکێک کرد. دواتر زانیمان ئەمە نه مێردی هەیه نه دەزگیران. لە دێوه هێنابوویانه فریاکەوتنی شار کەمێک پێمان سەیر بوو ئیتر حاڵەتی مامناوەندیان نییه کچ لە چواردە ساڵاندا دەدەنه شوو یان هەر نایدەن به شوو. چووین پشکنینی تیشکمان بۆ کرد (سنۆگڕافی) وتمان لەوانەیە تۆمۆر بێ، بەڵام بۆمان دەرکەوت کۆرپەلەیە. کچەکە دانیشت و گریا جا چ به نەهامەتییەک دایکەمان هێنا، تۆمەس ئەم کۆرپەلە له باوکەیه، دەترسا باوکەکە کۆرپەلە دەربهێنێ و بیفرۆشێت. ئێمەش به ناوەنده یاساییەکانمان ڕاگەیاند و متمانەمان پێکرد، کچەکە مافی لەباربردنی نییە و باوکیش سەرپەرشتیاره و دەبێ سزا بدرێت. هێشتا خەفەتی ئەو کچه دەخۆم، نازانم کچەکە چی بەسەر هاتووە چونکە لە ژێر چاودێریی ئێمه لایان برد و ئەمه دەرده ئەوەی که ئێمە وەک پزیشکێک چەندە بێدەسەڵاتین. و خودی یاساکە چەندە سووکایەتیمان پێ دەکات، و ئەو یاسایەی کە کەڵکاوەژۆیی لێ دەکرێ و یاسایەک که دەستدرێژیکاره ماف دەدا و و نەرم و نیانی هەڵسوکەوت دەکا نازانم له چی تێدەگا، دواتر هەر ئەم یاسایه بەو منداڵه دەڵێ منداڵی زۆڵ و حەرامزاده. ئەم منداڵە خۆی لە ڕوانگەی شەریعەتەوە کێشەی دەبێت. یاسا پشتگیری لێ ناکات.
لەم گوتارانەدا ئەوەی شەرعییەت به پێکهاتەی یاسایی بۆ سزانەدانی دەستدرێژیکاری سێکسی دەدا، ئەو گوتارەیە کە لە سەر بنەمای هەڵاواردنی جێندەری دامەزراوە کە دەرەنجامی زاڵبوونی فەرهەنگی پیاوسالاری بە سەر کۆمەڵگایه. هەروەها گوتاری ئابووری لە ڕێگەی گۆڕینی ئەم سزایە بۆ سزای نەختی لە هاودەستی لەگەڵ ئەم گوتارە فەرهەنگییە، دەبنە هۆی ئەوەی کە گوتاری یاسایی سزاکە هەڵپەسێرێ و کەسی دەستدرێژکار ئازاد بکات. ئەم هەڵپەساردنە دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی پەیتا پەیتای دەستدرێژیی سێکسی (زینا لەگەڵ مەحارم) چونکە لە ڕوانگەی یاساییەوە و لە ڕێگەی ڕێکاری یاسایی و دادوەرییەوە سیاسەتی ڕێگرانەی بۆ لە بەر چاو نەگیراوە، دەرەنجامی ئەم ڕەوت و پرۆسانە لەدایکبوونی مرۆڤێکە کە لە ڕێگەی هەر هەمان ئەو کۆمەڵگاوه کە بە هۆی گوتارە باڵادەستەکانیەوە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی دەستدرێژیی سێکسیی لەگەڵ مەحارم، ناوەنیتکەی شەرعی له قوربانیی دەستدرێژییه سێکسییەکە دەدا و لەم قۆناغەدا گوتاری ئایینی به ناوەنیتکەی زۆڵ، فەرمان به ناشەرعیبوونی دەدا و لەم ڕێگەوه دەیخاته ناو پێکهاتەیەکی یاسایی که له ماف و کەرامەتی مرۆیی بێبەرییه و دامەزراوە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لە سەر بنەمای فیقهـ و شەریعەت ئاماده نین له چوارچێوەی سیاسەتی خۆشبژێوی و دابینکردنی کۆمەڵایەتی و ئابووری پشتیوانیی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی ئابووری پێشکەش بکەن.
خاتوو کێشاوەرزنیا، دەرچووی بواری توێژینەوەی ژنان و چالاکی بواری ژنان و منداڵان، چەند بابەتی بنەڕەتی لە یاسادا دێنێتە بەر باس کە هۆکاری زیانبەرکەوتنی منداڵانی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسییه. پرسی یەکەم پاڵپشتینەکردنی یاسا له منداڵانی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسییه. بەو پێیەی که منداڵان پشتگیرییەکی ئەوتۆ ناکرێن، ئەزموونی ئازاردانی سێکسییەکە ڕاپۆرت ناکەن و تەنانەت ئەگەر ڕاپۆرتیش بکەن به هۆی نەبوونی پشتیوانیی یاساییەوه زیاتر لە لایەن خێزانەکەیانەوە دەتارێنرێن که ئەمەش زەمینه بۆ خەسارهەڵگریی زیاتریان خۆش دەکات. پرسێکی تر لە یاسادا پرسی پیاوسالارییە. لە کۆتاییدا پرسێکی جددی لە یاسادا منداڵهاوسەرییه کە جۆرێکە لە توندوتیژیی پێکهاتەیی. بە گوێرەی یاسا، هاوسەرگیری لە خوار تەمەنی ١٥ ساڵ بۆ کوڕان و خوار تەمەنی ١٣ ساڵ بۆ کچ ڕێگەپێدراوە، چونکە لە یاسای ئێراندا هاتووە: “کچ پێش ئەوەی بگاتە تەمەنی ١٣ ساڵی هەتاوی و کوڕیش پێش ئەوەی بگاتە تەمەنی ١٥ ساڵی هەتاوی، بەستراوەتەوه به ئیزنی سەرپەرشتیار به مەرجی لێکدانەوەی دادگای کارامە.” بۆیە لە یاسای ئێراندا هیچ تەمەنێکی دیاریکراو بۆ هاوسەرگیری دانەنراوە و کچێکی دە ساڵان یان تەنانەت بچووکتر دەتوانێ هاوسەرگیری بکات. هەروەها بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە ساڵانە هەزاران کچ لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا هاوسەرگیری دەکەن. هەر چەشنه پەیوەندییەکی سێکسی لەم تەمەنەدا جۆرێک دەستدرێژیکردنە سەر منداڵانه.
لە یاسا جیاجیاکانی ئێراندا بۆ ناونانی قۆناغی منداڵی سێ وشەی ساوا، منداڵ و مێرمنداڵ بە کار دەبرێ کە ئەمەش نیشانەی نەبوونی یەکدەنگی لە نێوان یاسادانەرانی ئەم بوارەیه. نەبوونی سنوورێکی ڕوون لە نێوان ئەم قۆناغانە (ساوا، منداڵ و مێرمنداڵ) وای کردووە کە لە پرسی دەستدرێژیی سێکسیی زینا لەگەڵ مەحارمدا پرس و کێشەی نوێ و ڕەهەندی تازە دروست ببێت. چونکە دیاردەی منداڵی لە ڕووی سروشت و پێکهاتەوه لەگەڵ دیاردەی مێرمنداڵی فەرقی هەیە و وەک یەک زانینی ئەو دووانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە پرسی دەستدرێژیی سێکسی لە لایەن مەحارمەوه سیاسەتی مامەڵەکردن وەکوو یەک بێ و جگه لە خەستتربوونی کێشە و دەرکەوتنی ڕەهەندە نوێکانی ئەم دیارده هیچی دیکەی لێ سەوز نەبێت.
لە ماوەی ئەو ساڵانەی کە ئەزموونم وەدەست هێناوه بۆم دەرکەوتووه کە ئەو یاسایەی ئێستا لە وڵاتدا (ئێران) هەیە پڕە لە کەموکوڕی کە نەک هەر پشتگیری ناکا بەڵکوو لایەنێکی پارێزەریشی بۆ کەسی دەستدرێژیکار هەیه. بۆچوونی ئەوان ئەوەیە کە ئەو یاسایەی که لە ئێراندا حوکمڕانی دەکا زۆر جێندەرییه، بۆیە باسکردنی یاسا بەتایبەت له دژی توندوتیژیی سێکسی، پێویستە بۆ هەمیشە سڕ بکرێ و ڕەنگە قوربانییەکە خۆی زیاتر زیانی پێ بگات […]. هەروەها دەتوانن ئەم بابەتانە له دەستدرێژیی سێکسی و قەتڵی نامووسیدا ببینن که ئەم پرسانە کێشەدارن و لە هەمووی خراپتر هاوسەرگیریی منداڵان و هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمە کە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو و شیاوی تێگەیشتن نییە. دەی ئەمە ڕاستەوخۆ توندوتیژیی سێکسی و دەستدرێژیی سێکسییە، بەڵام یاسا هێشتا پشتگیری لە دیاردەی سێکسی دەکا و مژارێکی دیکه کە لە یاسای ئێراندا هەیە و پێویستی به هەموارکردنەوەی زۆره سەرپەرشتیاریی باوک یان باپیری باوکییه که ئەمە کەموکۆڕییەکی زەبەلاحه. چونکە ئەگەری ئەوە هەیە ئەم دەستدرێژی سێکسییە لە ناو هەمان خێزانی باوکایەتیدا یان لە لایەن خودی باوکەوە ڕوو بدات. چونکه بڕیاردەری ئەم کەسە چ بۆ هاوسەرگیرییەکەی و چ بۆ ئەو کێشانەی که ڕوو دەدەن، بڕیاردەر یاسا نییە، بەڵکوو باوک و خێزانی باوکییەتی.
خاتوو کێشاوەرزنیا بابەتی جددی لە یاسادا دەستنیشان کردووە، پرسگەلێکی وەکوو نەبوونی پشتیوانی لە کەسی قوربانی، هاوسەرگیریی منداڵ کە جۆرێکە لە توندوتیژیی سێکسی، پیاوسالاری لە یاسادا و یاسای دیکەی لەو چەشنە پێویستیان بە چاکسازییە. یەکێک لە پرسە یاساییە گرینگەکانی پەیوەست بە کەسانی دەستدرێژیکار، سزادانیانه که له یاساشدا سزای توندی وەکوو سزای سێدارەیان بۆ دیاری کراوه. سزای توند کێشەی جددی لێکەوتۆتەوه. بۆ نموونە لە هەندێک حاڵەتدا دەستدرێژیکار مەحرەم و ئەندامی خانەوادەی منداڵەکەیە، ئەم بابەتە دەبێتە هۆی ئەوەی که ئەزموونی دەستدرێژیکردنەکە بە هۆی ترسی سزادان ڕاپۆرت نەکرێ لەبەر ئەوەی قوربانی و دەستدرێژیکارەکە چاک ببنەوه و کێشەکە توندتر دەبێتەوه و لێکەوته خەساربەخشەکانی زیاتر دەکات. له هەندێ حاڵەتدا دەستدرێژییەکە به هۆی کارێکی ورووژێنەرانه یان هەڵخلیسکان لە لایەن کەسی دەستدرێژکاره بۆ ئەوەی به پێی پیلانی پێشوو، دەستدرێژییەکە بکات. هەر بۆیه سزاکه دەتوانێ لێکەوتەی قورسی لێ بکەوێتەوه. هەر بۆیە پێویستە لە بنەڕەتەوه یاساکان لەم بوارەدا گۆڕانیان به سەردا بێ و لە یاسای سزادانەوە بگۆڕدرێ بۆ یاسایەکی چاکسازی و پاڵپشتی و لە پرۆسەیەکی مرۆییدا، هەلی گەڕانەوەی دەستدرێژیکاران بۆ ناو کۆمەڵگا دابین بکرێت.
خاتوو ماندانی، بەڕێوەبەری (خانه کودک) و (مادر طلوع بینشانها) دیوێکی دیکەی کێشەکە واته جێبەجێکردنی یاسای ورووژاندووه. بەڕێزیان زیاتر ڕوانیویەتییه سەر پرسی کاربەدەستانی جێبەجێکاری یاسا کە نەک هەر یاسا جێبەجێ ناکەن بەڵکوو بەربەستی جۆراوجۆریشیان خستۆتە بەردەم چالاکوانانی بواری منداڵان:
لە سەر کاغەز بەڵێ، بەڵام جێبەجێکردنی خودا دەیزانێ کاتێک بە دواداچوونی بۆ دەکەین یەکەم جار تیرێک ئاراستەی دامەزراوەکەمان دەکەن که بۆچی بەدواداچوونی بۆ دەکەن بۆچی پرسەکە ڕوون دەکەنەوه له ئێراندا بە هیچ شێوەیەک شتی وا نییە.
نەبوونی یاسایەکی دیاریکراو و نەبوونی دامەزراوەی پشتیوانی لە قوربانیانی دەستدرێژیی سێکسی بۆتە هۆی ئەوەی که نەک هەر پشتگیری نەکرێن، بەڵکوو ئەگەر دەستدرێژییەکە ئاشکرا بکرێ لە لایەن خێزانەوە دەتارێنرێن. کێشەی بنەماڵەی باوکسالار، شەرەف و کەرامەتە بۆیە وایان پێی باشترە میکانیزمی بێدەنگی و یان شێوازی دیکەی ئازاردان بگرنه بەر وەکوو هاوسەرگیریی منداڵان و هاوسەرگیریی زۆرەملێ و یان به زیانی دیکەی وەکوو خۆفرۆشتن، ڕاکردن لە ماڵەوە، ئالوودەبوون و هتد تێوەبگلێن.
کۆمەڵگای ئێران بە هۆی نەبوونی پێکهاتەی یاسایی و مەدەنیی کارامە و هەروەها نەبوونی سیستەمی پشتیوانی، لە ڕێگەی نکۆڵی کردن له مەسەلەی دەستدرێژیی سێکسیی له لایەن مەحارمەوه نەک هەر نەیتوانیوه له ڕێگەی گەڕاندنەوەی کەسی دەستدرێژیکراو بۆ ناو کۆمەڵگا ڕێگری لەم خەسارەتە بکا بەڵکوو بووەتە هۆی زۆربوون و توندتربوونەوەی خەسارەت و پرسە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە. بنەماڵە و کۆمەڵگای ئێرانی هەر دووکیان بەرامبەر بە دەستدرێژیی سێکسی لە لایەن مەحارمەوه میکانیزمێکی هاوبەشیان هەیە و ئەویش ئەوەیه که لە ڕێگەی سەروەریی یاسا و هەژموونیی فەرهەنگەوە لە هەموو بارودۆخەکان و هەموو چینە کۆمەڵایەتییەکاندا میکانیزمی نکۆڵی دەگرنه بەر.
6-کۆتایی
لە ئێرانی ئێستادا، کێشەی دەستدرێژیی سێکسی وەک کردەوە، دیاردە یان واقیعێک لە لایەن بنەماڵە، کۆمەڵگا و یاساوە درکی پێناکرێ مەگەر ئەوەی له ڕەهەندە هەمەچەشن و فرەچەشنەکانی قووڵ ببینەوه. هەروەها زاڵبوونی گوتاری ئەخلاقی و عورفی وەها پانتای پەیوەندییه سێکسییه زاڵ و باڵادەستەکانی بەرتەسک کردووەتەوه که لێکدانەوەی لۆژیکی و بەڵگەدارانەی دیاردەی دەستدرێژیی سێکسی و ڕەهەندەکانی هەر وا به ئاسانی مەیسەر نابێت. له هەر گوتارێکی سیاسی – چینایەتیدا، ڕێسا ئەخلاقییەکان به شێوەی زەینی و به بێ ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ پێداویستییه بینراوییەکانی یەک به یەکی تاکەکانی خەڵکدا هەبێ، به پێی مانەوه و پاساوی ئەو پێکهاته بەرهەم دەهێنرێتەوه و به باش دەزانرێت. ئەم گوتاره ئەخلاقییه زاڵه، دەستدرێژیی سێکسی وەک بێنامووسی و بێئابڕوویی له قەڵەم دەدا و وەک تاوانبار و گوناهبار سەیری کەسی دەستدرێژیکراو دەکا و دواجار شەرعییەت بە تاراندن و سەرکۆنەکردن و سزادانی کەسی دەستدرێژیکراو دەدات. بەشێک لە نهێنیپارێزیی کەسی دەستدرێژیکراو هەڵدەگەڕێتەوه بۆ بیر و باوەڕی خانەواده و بەشێکی دەچێتەوه سەر کارلێکی مەسڵەحەتییانەی بنەماڵە. ئەو بیر و باوەڕەی بنەماڵه که ناهێڵێ دەستدرێژیی سێکسی لە لایەن کەسانی دەستدرێژیکراو ئاشکرا بکرێ بریتییه له وتەزای ئابڕوو، قەزاوەت له سەرکردن، سەرزەنشتکران و … و کارلێکه مەسڵەحەتییەکانیش بریتین له نکۆڵیکردن و قبووڵنەکردن، سزادان و تەمبێکردن، تاراندن و هەڕەشەلێکردن، سووکایەتی، گاڵتەپێکردن، جەنگ و شەڕ و گرژی و … .
لە لایەکی دیکەشەوە ئەو گوتارە یاساییەی کە لە کۆمەڵگای ئێراندا پشتبەستوو بە گوتاری ئایینییە هیچ جیاوازی و سنوورێکی لە نێوان دەستدرێژیی سێکسی و زینا لە بەر چاو نەگرتووە و ئەم دوو چەمکە لە ڕووی ماناوه به هاوواتای یەکتر به کار دەبرێن و هەڵبەت دەستدرێژیی سێکسی لە ژێر ناوی زینا لەگەڵ مەحارم سزا دەدرێت. هەر بۆیە بیر و باوەڕ و یاسای کۆنەپەرستانەی ئیسلامی کە لە یاساکانی ئێستای ئێراندا چەسپاوه ناهێڵێ دەستدرێژیی سێکسی ئاشکرا بکرێت.
یەکێکی دیکه له پرسه بنەڕەتییەکانی ناو یاسای ئێران، تەمەنی منداڵی و ئەو چەمکانەیە کە لە یاسادا سەبارەت بەم قۆناغە بوونیان هەیە. هەروەها دیاریکردنی یاسای پێشکەوتوو و پاڵپشتانه له منداڵانی دەستدرێژیکراویش زۆر پێویستە، بەڵام بەس نییە. یاسا با پێشکەوتوو و پاڵپشتانەش بێ ئەگەر بۆ جێبەجێکردنی بیر لە میکانیزمی کاریگەر نەکرێتەوە، ئەوا وەکوو زۆرێک لە یاساکانی تر تەنها وەک بەڵگەنامەیەک دەمێنێتەوە. دەزگا جێبەجێکارەکانی یاسای پشتیوانی له منداڵان و مێرمنداڵان لە ئێران بریتین لە: دەزگای داد، بێهزیستی (چاکژیانەوه) و هێزەکانی پۆلیس کە دەستوەردان و بەریەککەوتنی ئەرکەکانیان یەکێکی دیکه له کۆسپەکانی بەردەم بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەسەلەیه. هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا فریاکەوتنی کۆمەڵایەتی وەک یەکێک لە دامودەزگاکانی پاڵپشتی له منداڵان بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر بووە، بەڵام ئەم ڕێکخراوەش ڕووبەڕووی پرسی جددی دەبێتەوە. یەکێک لەم پرسانه، گیر و گرفتی دابینکردنی داراییه به جۆرێک کە ڕەنگە کارمەندەکانی بۆ ماوەی چەند مانگ مووچە وەرنەگرن یان لە ڕووی ئیمکانیاتی سەرەتایی وەکوو ئیمکانیاتی شوێنی مانەوەی منداڵ ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبێتەوە، لە زۆر حاڵەتدا منداڵانی دەستدرێژیکراو ڕادەستی بنەماڵەکانیان دەکرێنەوه که له لایەن ئەوانەوه دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەریان. که ئەمەش زەمینەخۆشکەری دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ئەو منداڵانەیه.
جۆرێکی تری دەستدرێژیی سێکسی کە لە چوارچێوەی منداڵهاوسەریدا ڕوو دەدا؛ ڕەهەندی پێکهاتەیی هەیە و لە چوارچێوەی خزمایەتییه. ئەم خەسارەتە بەو پێیەی که ڕەهەندێکی پێکهاتەیی هەیه هەندێ لە کچان ناچارن به هۆی نەریت و هەژاری و یاسای شەرعی مل بەم هاوسەرگیرییه بدەن. بە واتایەکی دیکه ئەم جۆره دەستدرێژییه سێکسییه له ناو بەستێنی یاسا و نەریتدا مەشرووعییەتی پێ دەدرێت.
پرسێکی گرینگی دیکه ئەو بەستێنە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەی ناو کۆمەڵگایه کە یاساکانی تێدا جێبەجێ دەکرێت. ئەگەر ئەم بەستێنانه بوونیان نەبێ یاسا هەر وا به تەنیایی ناتوانێ ئەو کارامەییه کاریگەرەی هەبێت. له ئێراندا ئەم بەستێنانه نەڕەخسێنراون. بۆ وێنه ئێمە شاهیدی هەژاری، نایەکسانی، داڕمان یان لاوازبوونی دامەزراوەگەلی وەکوو بنەماڵە، کەمبوونەوەی سەرمایەی کۆمەڵایەتیی نەریتی و بیچمنەگرتنی سەرمایەی کۆمەڵایەتیی نوێ، کۆبوونەوەی تایبەتمەندییە پێکهاتەییە نەخوازراوەکان لە ناو گەڕەکەکاندا وەکوو هەژاری، ناسەقامگیریی شوێنی نیشتەجێبوون و شتی دیکەین. ئەم تایبەتمەندیانە زەمینە بۆ خەسارەتە کۆمەڵایەتییە بەرفراوانەکان لەوانەش دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان دەڕەخسێنێن. له وەها بەسێتێنێکدا یاسا ئەگەر پێشەنگیش بێ ئەو کاریگەرییە ئەرێنییەی نابێت.
لە ڕەهەنده پێکهاتەیی و تاکەکەسیدا ڕۆڵی “دەسەڵات” لە ملکەچکردندا گرینگە. دەستدرێژیکاران بە زەبری ملهوڕی، زەبر و زەنگ و دەسەڵات و توندتیژی و حەڕەشەکردن ناهێڵن دەستدرێژیکراو ڕووداوی دەستدرێژییەکە بدرکێنێت. ئەم فاکتەرە وێڕای به تاوانبار پیشاندانی کەسی دەستدرێژیکراو، ڕووداوی دەستدرێژییه سێکسییەکە دەشارێتەوە و ئەمەش وا دەکا که ئەم دەستدرێژییه سێکسییە بەردەوام بێت. بەو پێیەی که دەستدرێژیکراو به تاوانبار سەیر دەکرێ و خودی قوربانیش هەر بەو چاوه له خۆی دەڕوانێ، بەستێنێکی لەبار دەروست دەبێ بۆ ئەوەی کەسی دەستدرێژیکار بتوانێ به هێزی جەستە و مڵهوڕی و کاریگەریی خۆی له بەردەوام دەستدرێژیی سێکسی بکات.
7- ڕێکاره پێشنیارییەکان
ئەنجامی داتای دیمانەکان ئەو پرسە جددیانەی ناو یاسامان وەبیر دەخاتەوە، مژارگەلی وەکوو پشتیوانی له کەسانی دەستدرێژیکراو، هاوسەرگیریی منداڵان کە جۆرێکه لە توندوتیژییه سێکسی، باڵادەستیی ڕوانگەی پیاوسالاری لە ناو یاسادا و … ئەم جۆرە مژارانه پێویستە لە یاسادا هەموار بکرێنەوه. یەکێک لە پرسە یاساییە گرینگەکانی پەیوەست بە کەسانی دەستدرێژیکار ئەوەیه که سزای توندی وەکوو سزای سێدارەیان بۆ دیاری بکرێت؛ لەو حاڵەتانەی کە دەستدرێژیکار کەسی مەحرەمە و ئەندامی خێزانی منداڵێکەیه، ئەم بابەتە وا دەکا که دەستدرێژیکراو بە هۆی ترسی سزادانی ئەندامی خێزانەکەی ڕووداوی دەستدرێژییەکە نەدرکێنێ، لە ئەنجامدا ئێمە شاهیدی زیاتربوونی ڕێژەی دەستدێرێژیی سێکسی و لێکەوته خەساربەخشەکانی دەبین. هەر بۆیه به مەبەستی ڕێگریی یاسایی لە دیاردەی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە ناو خێزاندا ئاماژه به هەندێک لەو مژارانه دەکەین که له سەر ئاستی کەڵان و پێکهاتەیی، مامناوەند و دامەزراوەیی، ورد و تاکەکەسین:
– هەموارکردنەوەی یاسا و جێبەجێکردنی کاریگەرانەیان: وڵاتی ئێران یاسایەکی دیاریکراوی له پەیوەندی لەگەڵ دەستدرێژیی سێکسی نییه و هەروەها بڕگەکانی یاساش پێکەوه ناکۆکن. بۆچوونی بەشداربووان سەبارەت بە یاسا زیاتر لە سەر بابەتگەلێکی وەکوو نەبوونی پشتیوانیی یاسایی، جێبەجێنەبوونی بڕگەکان، و پێگەی پیاوسالاری لە ناو یاساکانی ئێراندا چڕ بۆتەوه. هەر بۆیە پێویستە یاسایەکی کارا لەم بوارەدا دابڕێژرێ بۆ ئەوەی بتوانێ هەم پاڵپشتی له کەسانی دەستدرێژیکراو بکا و هەمیش هەلی گەڕانەوەی کەسانی دەستدرێژیکراو بۆ ناو کۆمەڵگا دابین بکات. پێویستە ئەم یاسایانە لە سەر بنەمای دۆزینەوە زانستییەکان و دابونەریتی کۆمەڵگا و ئەزموونی وڵاتانی پێشەنگ لەم بوارەدا دابمەزرێنرێن. بەشداریی کاریگەرانەی پسپۆڕان و چالاکوانانی بواری منداڵان خاڵێکی گرینگی دیکەی داڕشتنی یاساکانه. هەروەها پێویستە ڕوانگەی تەمبێکردن لە یاساکاندا بگۆڕدرێ و ببێ بە ڕوانگەی چاکسازی و قەرەبووکردنەوە. دەرکردنی یاساکان بە تەنها بەس نییە، پێویستە به مەبەستی جێبەجێکردنی شیاوی یاساکان میکانیزم کارامە ئاماده و جێبەجێ بکرێت. بوونی ناوەندی گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندی، نۆرم و هۆگرییه کۆمەڵایەتییە کارامەکان، فراوانکردنی هاودڵی و ئەویتریخوازی، سزادانی ئاشکرا و یەکسان، تێگەیشتن لەو ئاستەنگانەی کە ژیانی بایۆلۆژی و تەکنەلۆژیا به سەرماندا سەپاندوویانه هەر هەموو ئەمانه ڕەواندنەوەی تەنگژه کۆمەڵایەتییەکان کۆمەکمان دەکەن و لێکدژیی بەرژەوەندییەکان چارەسەر دەکەن یان ئەنجامی کۆمەڵایەتیی دڵخواز له ناو پەیوەندییەکانی خەڵکدا دابین دەکەن.
– زیادکردنی تەمەنی هاوسەرگیریی منداڵان: لە ئێراندا سەرەڕای فراوانیی ڕێژەی هاوسەرگیریی پێشوەختە، دابونەریتی کۆمەڵگا دژیەتی، سەرەڕای ئەوەی هەڵکشاندنی تەمەنی هاوسەرگیری له کارنامەی کاری مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی ئێراندا پەسەند کرا بەڵام لە ژێر زەخت و فشاری هێزه دژبەرەکان هەڵوەشاوە.
– ڕاهێنان بکرێ و پلان دابنرێ بۆ ئەوەی ڕەگ و ڕیشەی فەرهەنگی پیاوسالاری بنەبڕ بکرێ و ئاستەنگەکانی بەردەم یەکسانیی یاسایی ژنان و منداڵان لا ببرێ و بە دەستنیشانکردن و ڕاهێنان کۆمەڵگا فێری ڕەتکردنەوەی ئەو بەها نامرۆییانە بکەن کە باڵیان به سەر کۆمەڵگەی پیاوسالاردا کێشاوه.
– له ڕێگەی دامودەزگا مەدەنییەکانەوە فشار بخرێته سەر دامودەزگا جێبەجێکار و دادوەرییەکان بۆ ئەوەی بڕگەکانی بەڵگەنامەی ٢٠٣٠ جێبەجێ بکرێت.
– بە پەلە پێداچونەوە بە یاساکانی پەیوەست بە منداڵان و دەستدرێژیی سێکسی و توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵان بکرێت.
– له ڕێگەی فشاری کۆمەڵگەی مەدەنی له سەر یاسادانەران و جێبەجێکاران هەوڵ بدرێ که مەودای نێوان یاسا فیقهی و ئیسلامییەکان لەگەڵ یاساکانی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵ کەم بکرێتەوه.
– به نیازی دەستنیشانکردن و هاوکاریکردنی منداڵانی دەستدرێژیکراو له نێوان ناوەندی قوتابخانه، یاسا، کەرتی پزیشکی و یاریدەدەریی کۆمەڵایەتی هاواهەنگیی ئۆڕگانیکیی کاریگەر ساز ببێ و بەرنامەی پەروەردەیی ئاماده بکرێ بەڵام دەبێ مەرجی نهێنیپارێزی مسۆگەر و ئاسایشی ئەم کەسانه دەستەبەر بکرێت؛
– نووسینگەی یاریدەدەری پسپۆڕی له یاسای داد بەهێز بکرێ و له قوتابخانە و فریاکەوتنه پزیشکی و کۆمەڵایەتی و گەڕەکەکانی سەر ئاستی شار و دێهات نووسینگەی یاریدەدەری دابنرێت؛
– لە دەزگای دادوەری ئەنجوومەنی داکۆکی لە مافەکانی منداڵان دابمەزرێنرێ و ئەندامەکانی ئەم ئەنجومەنە لە پسپۆڕانی دەروونناسی، کۆمەڵناسی، ڕەفتارناسی و یاسا پێک بێت؛
– بۆ ئەوەی له ناو چوارچێوەی خێزاندا دادخوازی له سەر دۆسییەی دەستدرێژی سێکسی بکرێ پێویسته پارێزەرە پسپۆڕەکان ڕاهێنانیان پێ بکرێت؛
– بە دروستکردنی کەمپەین و ڕێکخراوی ناڕەزایەتی هەوڵ بۆ خێرا بەسکۆلاریزمکردنی یاسا مەدەنییەکان بدرێ و لە ڕێگەی ئەو گروپە دەسەڵاتدارانەی کە متمانەپێکراوی خەڵکن و هەروەها لە ڕێگەی فشارە نێودەوڵەتییەکانەوە داواکارییەکان پێشکەش بکرێن؛
– تاکەکان فێر بکرێن که دژی بێدەسەڵاتیی منداڵان و ئاراستە سیستماتیکی مرۆڤسڕینەوەی دەسەڵات و یاسا بووەستنەوە که باوک به سەرپەرشتیار و منداڵ به ملکەجی فەرمانی خاوەنەکەی دەزانێت.
– قۆناغبەندیی نێوان قۆناغەکانی کۆرپه و ساوا و منداڵ و مێرمنداڵ ڕوون بکرێتەوە، ڕخنە له ئاراسته جێندەرییەکانی ناو گوتارە یاساییەکان بگیرێ و تێکهەڵکێشبوونی ئاراستەی جێندەری لەگەڵ گوتاری فیقهی و خەسارناسی ڕێکخراوە جێبەجێکارەکانی چارەسەر بکرێت.
– ئاستی هۆشیاریی منداڵان و دایکان و باوکان سەبارەت به مافی منداڵان بەرز بکرێتەوه و لە ڕێگەی ڕاگەیاندنه گشتییەکان و ناوەندەکانی زانیارییەوە بەردەوام ڕۆشنگەریی پێشکەشی جەماوەری خەڵک بکرێت.
سەرچاوە کوردییەکان:
ئەحمەدی، کامیل و هاوکاران (2023). تابۆ و نهێنیپارێزی: توێژینەوەیەک سەبارەت بە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان بە جەختکردنەوە لە سەر زینا لەگەڵ مەحارم لە وڵاتی ئێران. دانیمارک: ئاڤای بووف.
سەرچاوە فارسییەکان:
استراس، انسلم و کربین، جولیت (1393). اصول روش تحقیق کیفی: نظریه مبنایی، رویهها و شیوهها. ترجمه بیوک محمدی. تهران: پژوهشگاه علوم انسانی و مطالعات فرهنگی.
ایروانیان، امیر (1389). بازآسیبدیدگی قربانیان جنسی در بستر پاسخهای اجتماع و نظام عدالت كیفری. پژوهش حقوق. 12 (29): 1-24.
زارعی، محمد حسین (1396) مطالعه تطبیقی حمایت از حریم خصوصی در فضای مجازی با تاکید بر مقررات جدید اتحادیه اروپا ارائه شده در همایش بین المللی جنبههای حقوقی فناوری مطالعات و ارتباطات.
مالجو، محسن (1389). تجاوز به محارم: زمینهها، استراتژیهای متجاوز و واکنشهای بزهدیده. رفاه اجتماعی. 9 (34): 83-113.
منصور، جهانگیر (1400) قانون مجازات اسلامی 1400. نشر دیدآور.
Brown, J. M., & Walklate, S. L. (Eds). (2011). Handbook on sexual violence. Routledge.
Brown, Jennifer. (2011). Psychological perspectives on sexual violence: generating a general theory. In B, Jennifer and Walklate S L. Handbook on Sexual Violence. Routledge.
Edleson, J.L. (1999), Children’s Witnessing of Adult Domestic Violence, Journal of Interpersonal Violence, 14 (8): 839-870.
Grubb, A., & Turner, E. (2012). Attribution of blame in rape cases: A review of the impact of rape myth acceptance, gender role conformity and substance use on victim blaming. Aggression and violent behavior, 17(5), 443-452.
Siegel, L. (2015). Criminology: Theories, patterns, and typologies. Nelson Education.
سایتها
آسیبشناسی قانون مجازات اسلامی مصوب ۱۳۹۲
پرتال سازمان جهانی بهداشت
پرتال رویه آنالین
https://judpub.ir/product/101225/
- .https://kameelahmady.com & [email protected] ↑
- . proceduresonline ↑
- .The World Health Organization ↑
- – Brown ↑
- – ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەی مالجو دەریدەخا کە دەزگای داد سەبارەت به پرسی دەستدرێژیی سێکسیی باوک بۆ سەر کچ بەوەی که سەرپەرشتیاریی له باوک دەستێنێتەوه و هەروەها دیاریکردنی سزا بۆ دەستدرێژیکار ناکارامەیه. لە زۆربەی حاڵەتەکانی دەستدرێژیی سێکسیدا، تەنانەت ئەگەر دەستدرێژیش ڕووی دابێ، دەستدرێژیکارەکان به بێتاوان دەردەچن و ڕزگار دەکرێن (مالجو، 1389 هەتاوی). ↑
- – بەو پێیەی کە لەم دواییانەدا یاسای داکۆکی له منداڵان و مێرمنداڵان پەسەند کراوه، ئەوه سروشتییە که کەسانی بەردیمانه که له ساڵی 1399 هەتاوی دیمانەیان لەگەڵ کرا، لە بوونی ئەو جۆرە یاسایانە ئاگادار نەبن. لە کردەوەشدا ڕێکار و میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی یاساکان دانەڕێژراوه و جێبەجێ نەکراوه و زۆر جار یاساکانیش جێبەجێ ناکرێن. ↑