لێکەوتەناسیی زینا لەگەڵ مەحارم له وڵاتی ئێران

داگرتنی pdf

توێژینەوەیەک سەبارەت به دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان

توێژەر: کامیل ئەحمەدی[1]

پوخته

لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێ لێکەوته نەرێنییەکانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە ناو خێزاندا بناسرێت. لەم سۆنگەوه لێکەوتە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و دەروونی و بایۆلۆژییەکانی زینا لەگەڵ مەحارم بە بەکارهێنانی شێوازی زەمینەیی دەستنیشان کران. کۆمەڵگەی بەرلێکۆڵینەوەی ئەم توێژینەوه ئەو کەسانەن که لە تافی منداڵیدا هەموو جۆره دەستدرێژییەکی سێکسییان لە ناو خێزاندا بە ئەزموون کردووه؛ قەبارەی نموونەی دیمانە لەگەڵکراو ٤٥٢ کەس و شێوازی نمونەگیرییەکە به شێوەی تۆپەڵە بەفری و ئامانجدار بوو. ئەنجامەکە ئەوەیە کە: بە پێی فەرهەنگ و باوەڕە باوەکانی ناو کۆمەڵگای ئێران، لێکەوتەکانی توندوتیژیی سێکسی بەرامبەر بە منداڵان له لایەن مەحارمەوه لە سێ بەشدا شیاوی پۆلێنبەندییه: لاوازکردنی سەرمایە کۆمەڵایەتییەکان، لێکەوتە ئاست مامناوەندییەکانی وەکوو قەیران لە ناو خانەواده و پەروەردە، و لێکەوتە تاکەکەسییەکانی وەکوو تێکچوونی باری دەروونی. قووڵایی ئەم خەسارەتانه بە پێی جۆری چالاکییە سێکسییە سەپێنراوەکان، جۆری پەیوەندییەکانی ناو خێزان و پەیوەندیی خزمایەتیی لایەنەکانی زینا و هەروەها تەمەن و ڕەگەزی قوربانییەکان جیاوازه. هەندێک لەو لێکەوتە هەرەگرنگانەی که لەم توێژینەوەدا دەستنیشان کراون بریتی بوون لە: لاوازبوونی پەیوەندییەکان و متمانەی کۆمەڵایەتی لە ڕەوتی ژیاندا، کەمبوونەوەی سەرمایە کۆمەڵایەتییەکان، تێکچوونی ڕۆڵگیری و پێکهاتە و کارداکانی خێزان، هاوسەرگیریی پێشوەختە یان هاوسەرگیری نەکردن و گرژی لە پەیوەندیی هاوسەرێتی و تەڵاق، ڕوانگەی پڕ له سووکایەتی بەرامبەر به سێکس، دژایەتی لەگەڵ کۆمەڵگا و کەسانی دەوروبەر و پچڕان و لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، تێکچوونی باری دەروونی و کەسایەتی، هاوڕەگەزخوازی، پەرەپێدانی گەڵاڵەی ناکۆک، تێکچوونی کارکردەکان، زیانە جەستەییەکان، هەوڵی خۆکوشتن و لەخۆدان، باڵقبوونی پێشوەخته، ئاشنابوونی ناوەخت بە بابەته سێکسی و ڕەفتارە سێکسی و ناسێکسییە مەترسیدارەکان، ئالوودەبوون بە پەیوەندیی سێکسی، ڕوانگەی نەشیاو بەرامبەر بە ئەندامەکانی جەستە، هەستکردن بە ترس، تووڕەیی، خۆسەرکۆنەکردن، گوناح، ئازاری ویژدان، ڕق، نەبوونی ئاسایش، هەستکردن بە دەستدرێژی له کاتی سێکسکردندا، هەستی حەقداریەتی، سووکی / سووکایەتی‌پێکردن، تارێنران و گۆشەگیری، تەنیایی، نیگەرانی، دڵشکاوی، شەرم، بێزاری، وەحشەت و تۆقان، تۆڵەسەندنەوە، بێ‌تاقەتی، داماوی و بێبەشی، خەم و خەفەت، ناڕەحەتی، کشانەوە، هەستکردن بە پیسی یان قێزەونی، بێدەسەڵاتی، بێهیوایی، ڕەشبینی، هەستکردن بە قوربانیبوون، وابەستەیی سۆزداری، ناهومێدی، هەستکردن بە شکست، بێ‌بایەخی، هەستکردن بە شیاوی بەزەیی‌بوون، ئیرەیی، نەبوونی هەست و هەندێک هەستی دیکەی وەکوو هەستی خۆشی دەستلێدان، خۆ به لەشفرۆش‌زانین، هەستکردن بە هاوڕەگەزخوازی و هەستکردن بە جیاوازبوون له دیتران. هەستی کەسانی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی بە پێی بارودۆخه و لە هەر بارودۆخێکدا کە وەبیرهێنەرەوەی دەستدرێژییەکە بێ یان هاوشێوەی بارودۆخەکە بێ ئەوا هەستی خۆیان دەردەبڕن و هەڵبەت له هەندێ له بارودۆخه ناوەندییەکاندا دەتوانن هەستە دەربڕدراوەکان بە شێوەی ئاوێتەیی و هەندێک جار دژی دۆخەکە دەرببڕن.

وشە کلیلییەکان: لێکەوتەکانی دەستدرێژیی سێکسی، زینا لەگەڵ مەحارم، خێزان لە ئێران، منداڵان

1.پێشه‌كی

بەشی یەکەمی وتاری زینا لەگەڵ مەحارم له دژی منداڵان ئەو هۆکار و فاکتەر و بوارانه تاوتوێ دەکا که پرسی زینا لەگەڵ مەحارمی له کۆمەڵگای ئێراندا بەدی هێناوه و بەشی دووەم تەرخان کراوە به لێکەوتەناسییەکانی زینا لەگەڵ مەحارم کە لەم وتارەدا ئەمانە دەخرێته ڕوو. ئەنگێزه و ئامانجی سەرەکیی ئەم وتاره لێکدانەوەی لێکەوتە خراپەکانی توندوتیژیی سێکسی بەرامبەر بە منداڵان لە ناو خێزان و لە لایەن کەسانی مەحرەم و ڕوونکرنەوه و ناسینی ئەم دیارده و ڕەهەندەکانی و لە هەمان کاتیشدا بەکارهێنانی لە پێناو ڕێگری و کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیه بۆ ئەوەی لەم ڕێگەوه بەستێنەکان بناسرێن و پلانی بۆ ئاماده بکرێ و بۆ نەهێشتنی ئەم دیارده له ناو کۆمەڵگادا سیاسەتی کاریگەرانه بگیرێته بەر. هەر بۆیه هەوڵ دەدرێ لێکەوته نەرێنییەکانی ئەم دیارده له سەر ئاستی کەڵان/پێکهاتەیی، ناوەندی/دامەزراوەیی و ورد/تاکەکەسی به فوکوس کردنه سەر بواری منداڵان و پشتبەستن به نموونە وەدەستهاتووەکانی داتای دیمانەکان دەستنیشان بکرێت.

بواری سێکسوالیته و توندوتیژیی سێکسی لە فەرهەنگی ئێراندا به هۆی تابۆبوون و بڤەبوونی ئەم دیاردانه و دەستڕانەگەیشتن بە زانیارییەکان هێشتا به تەواوەتی لێک نەدراوەتەوه و توێژینەوه نیشتمانییەکان لەم بوارەدا سنووردارن. هەژموونیی ئایینیش که تێکەڵ بە سیاسەت بووه بواری بۆ توێژینەوەی زانستی و پشتیوانیی کاریگەر لە چوارچێوەی پشتیوانیی پزیشکی و یاساییدا تەسک کردۆتەوه. ئەم باڵادەستیی ئاراسته و گوتاری ئایینییە کە تابۆبوونی لێ کەوتۆتەوه و هەروەها ئەو میکانیزمه مێژووییەی که باڵی به سەر ڕەهەند و جومگەکانی کۆمەڵگەی ئێراندا کێشاوه، هەمیشه بوونی هەبووه و نەیهێشتووه بابەتی لەم چەشنه ڕوون بکرێتەوه و کۆسپ و تەگەرەکانی بەر دەمیان لا بچێت. ئەو کەمه توێژینەوەی کە لە لایەن توێژەرە هۆگرەکانەوە ئەنجام دراوه، قووڵیی ئازار و ڕەنجی کەسانی دەستدرێژیکراو، لە ناویاندا منداڵان، دەردەخات. سەرەڕای برەوی ئەم دیاردە لە ناو کۆمەڵگادا، نەک هەر ئەم قوربانیانە وەک پێویست پشتیوانی ناکرێن، بەڵکوو لە زۆر حاڵەتدا نۆرمه کۆمەڵایەتییەکان و یاسا ستەمی زیاتر لەم قوربانییانه دەکەن کە بە پێی ئەم فەرهەنگ و باوەڕە باوانەی ناو کۆمەڵگا، لێکەوتەی جەستەیی و دەروونی و تڕۆمای زۆر قووڵتر له قۆناغەکانی دواتری گەشەدا بە سەر منداڵ دەسەپێنرێ که بە پێی جۆری چالاکییە سێکسییە سەپێنراوەکان، جۆری پەیوەندییەکانی خێزان و خزمایەتیی لایەنەکانی زینا و هەروەها تەمەن و ڕەگەز جیاواز دەبێت.

لە کۆمەڵگایەکی وەکوو ئێران کە بارودۆخی کۆمەڵایەتیی ژنان لە پێگەی نزم‌دایە، ئەوان بەرەوڕووی هەموو جۆرە ناوەنیتکەی ئەخلاقیی نەرێنی دەبنەوە. وا دیارە کۆمەڵگا کەسی قوربانیی دەستدرێژی نەک وەک کەسێکی ئاسایی یان تەنانەت وەک قوربانییەک، بەڵکوو وەک لادەر و تاوانبارێک دەناسێ و بە ناونیتکەلێنانی دیسان زوڵمی لێ دەکاتەوە. تاراندنی کەسی قوربانی، قوربانی لە داپەڕ و ڕێوشوێنی پشتیوانیی خۆبەخشانە و چارەسەر‌ و هەروەها خزمەتگوزاریی پەروەراندنەوەی حکومی و ناحکومی بێبەش دەکات. (ایروانیان، 1389 هەتاوی). بۆیە چارەسەری ئەم بابەتە لەم ڕووەوه پێویسته چونکه:

1- لە لایەک زەمینە بۆ توندوتیژی دژ به منداڵان بەتایبەت توندوتیژیی سێکسی خۆش دەکات. 2- لە لایەکی ترەوە بە هۆی نەبوونی پاڵپشتیی کاریگەر، نەبوونی فێرکاریی سێکسی لە قوتابخانە و ڕێکخراوەکانی دیکه و هەروەها 3- ئەو ناو و ناتۆرانەی کە به هۆی ئەم دیاردەوه دروست دەبێ کە لە زۆر حاڵەتدا کۆسپی بەر دەم ئاشکراکردنی ڕووداوی دەستدرێژییه؛ ڕووی له زیادبوونه و کەمتر لە لایەن داڕێژەرانی سیاسەت و پلانەکانی گەشە له کۆمەڵگای ئێراندا سەرنجی پێ دراوە هەر بۆیە لە ئاستی کەڵان، داڕشتنی سیاسەت و ئامادەکردن و دەرکردنی یاسا بۆ پێشگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردە زۆر پێویسته. پێویستە سیاسەت و یاساکان لە سەر بنەمای توێژینەوە و زانست و مەعریفەی بەرهەمهاتووی ئەم بوارە بن بۆ ئەوەی کاراتر بن. لە پلانی گەشەی شەشەمدا کە پرسی خەسارەتە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرچاو گیرا پرسی منداڵان بەتایبەت توندوتیژی دژی منداڵان، کەمتر ئاوڕی لێ دراوەتەوه و هەروەها پرسی منداڵان لە سیاسەتە گشتییەکانی ئێراندا هیچ بایەخێکی پێ نەدراوە. هەر بۆیە بە هۆی بوونی ئەزموونی توندوتیژیی سێکسی لە ناو ژینگەی خێزان و بە هۆی لێکەوتەکانی ئەم دیاردە بۆ سەر ئەو کەسانەی کە قوربانین بەتایبەت منداڵان سەرنج خستنه سەر ئەم پرسه تا دێ گرینگتر دەبێت. دەستنیشانکردنی لێکەوتەکانی ئەم کێشە، ڕێگە بە سیاسەتدانەران و پسپۆڕان دەدا کە بۆ ڕێگریکردن لەم دیارده بتوانن ڕێوشوێنی گونجاو بگرنه بەر و دەستێوەردانی کاریگەرتریان هەبێت. توێژینەوەی لەم چەشنه لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی دیکەدا، خاڵی دەستپێکی بیرکردنەوە، پێداچوونەوه و لە ئەنجامدا دانانی سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژیی سێکسی لە ناو خێزان و کۆمەڵگایه. پێویستە حکومەتەکان سەرنجێکی زیاتر بپرژێننه سەر ئەم بابەتە، چونکە دەستدرێژیی سێکسی، جگە لەوەی کەرامەت و متمانە بە خۆیی منداڵان، نەک تەنها لە تەمەنی منداڵیدا، بەڵکوو لە قۆناغەکانی دیکەی ژیانیاندا پێشێل دەکا بەڵکوو زیانیان پێدەگەیەنێ و دەتوانێ بەردەوامیی ئەم پرۆسە بەهێز بکات. بۆ بەدیهێنانی ئەمە، ئەم پرسیارەی خوارەوە بە کەڵکوەرگرتن لە گەڵاڵەی چۆنایەتی و توێژینەوەی مەیدانی دەخرێته بەر تیشکی لێکدانەوه: لێکەوتە پێکهاتەیی، دامەزراوەیی و تاکەکەسیەکانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە لایەن کەسانی مەحرەمەوه لە وڵاتی ئێراندا چین؟

2 – شێوازناسی

زۆربەی ئەو توێژینەوانەی کە لەم بارەوە ئەنجام دراون، بە هۆی تابۆیی و نهێنییەتی و ئاستەنگه یاساییەکان نەیانتوانیوە دەلاقەیەک بەرەو دنیای دەستدرێژی‌کراوان و دەستدرێژیکاران (ئازاربینراوان و ئازاردەران) بدۆزنەوه. ناسینی ئەم دیاردە لە لایەک پێویستی بە بەدەستهێنانی متمانەی دەستدرێژیکراوان و دەستدرێژیکارانە و لە لایەکی دیکەوە پێویستی بە ئاشنابوون بەو تێگەیشتن و واتایانەیە کە لە ئەزموونی ئەم کەسانەدا هەیە. لە شێوازی چۆنایەتی و بەتایبەت لە شێوازی توێژینەوەیی گڕەندد تیۆری ئەم جۆرە تایبەتمەندییانە بوونیان هەیە و بە کورتی پێی دەوترێ GT. ئەم شێوازە بەو تەکنیک و ئامرازانەی کە بۆ توێژەری دابین دەکا، دەتوانێ زۆر بە باشی لێکۆڵینەوە لە سەر بەستێن و بارودۆخی هۆکاری، فاکتەر، ئەزموون، ڕێکارەکان و لێکەوتەکانی دیاردەی “توندوتیژیی سێکسی بەرامبەر بە منداڵان” بکا و لە کۆتاییدا، تیۆری و یان مۆدێلێکی زەمینەیی لەم دیاردە بخاتە ڕوو. ئەم توێژینەوە بۆ کۆکردنەوه و شیکاریی داتاکان ئەم شێوازەی بە کار هێنا.

کۆمەڵگەی بەرسەرنجی ئەم توێژینەوە هەموو ئەو کەسانەن کە لە سەردمی منداڵیدا جۆرەکانی دەستدرێژیی سێکسییان بەئەزموون کردبوو؛ واتە ئەو کەسانەی کە لە تەمەنی کەمتر لە ١٨ ساڵیدا له لایەن مەحارمی خوێنی (نەسەبی) و مەحارمی ناخوێنی (سەبەبی) دەستدرێژیی سێکسی کرابووە سەریان. ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەم لێکۆڵینەوەدا دیمانەیان لەگەڵ کرا 452 کەسه. شێوازی نموونەگیریی بە شێوازی تۆپەڵە بەفری و ئامانجدار بوو. بۆ کۆ‌کردنەوەی داتاکانی توێژینەوە سوودمان لە تەکنیکی دیمانەی نیمچە پێکهاتوو وەرگرت و بۆ شرۆڤە و شیکاریی داتاکان، پرۆسەی کۆدینگی شتراوس و کۆربین بە کار هێنرا.

C:\Users\HI\Desktop\Screenshot 2023-04-26 115211.png

چارتی ژماره 1: لێکبڵاویی فرەیی وڵامدەران به پێی تەمەن

داتاکانی ئەم توێژینەوە لە سێ سەرچاوەی سەرەکی وەرگیراون: ١- ئەزموونی ئەو کەسانەی کە دەستدرێژی کراوەتە سەریان. ئەم کەسانە بە هۆی ئەزموونی ژیاوی دەستدرێژی و هەستکردن به لێکەوتەکانی دەستدرێژیی سێکسی سەرچاوەی ئەو زانیارییانەن کە دەتوانرێ لە داڕشتنی سیاسەتدا بقۆزرێتەوە. 2- پێشنیاری پسپۆڕان و خاوەن‌تیۆریی بوارەکانی وەکوو دەروونناسی، یاریدەدەری کۆمەڵایەتی، توێژینەوەی ژنان، کۆمەڵناسی، یاسا و پسپۆڕانی بواری منداڵان بە هۆی زانیاری کردەیی خۆیانەوە یەکێک لە سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی زانیاری سەبارەت بەم بابەتەن. 3- ئەدەبیاتی بواری منداڵئازاری کە خوێندنەوەیان بۆ بەهێز و پێزکردنی ئەم بابەتە بەسوود بوو.

3- لێکەوتەناسی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە ناو خێزاندا

یەکێک لە گرینگترین بابەتەکانی بواری منداڵی لە وڵاتی ئێراندا ئەوەیه که لە لایەن بنەماڵە و کۆمەڵگا قۆناغەکانی تافی منداڵی و هەڕەتی مێرمنداڵی بە نەناسراوی ماوەتەوه و قۆناغبەندی نەکراوه. بە گشتی مێرمنداڵی لە پانتای کارلێکدا ڕووبەڕووی پرسگەلی وەکوو شوناس و هەست و سۆزی نەرێنی وەکوو ترس، تووڕەیی، دڵەڕاوکێ، نەبوونی متمانە و ئاسایش و هتد دەبێتەوە. دەستدرێژیی سێکسی لەم قۆناغەدا دەتوانێ زۆر خەسارەتبەخشتر بێ و ببێتە هۆی بەردەوامبوون و خەست‌تربوونی ئەم کێشە و هەستانە و باری کەسایەتیی کەسەکە لەم قۆناغە ئاڵۆزەدا چ لە ڕەهەندی تاکەکەسی و چ لە ڕەهەندی کۆمەڵایەتیدا قەتیس دەمێنێ و ناهێڵێ بەرەو قۆناغەکانی دواتر هەنگاو بنێ و له ڕووی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەوه گەشە بکات. بەڵگەکان دەریدەخەن ئەو کەسانەی کە خۆڕاگرترن و سەرچاوەی خۆڕاگریی زیاتریان هەیە واته خاوەن پاڵپشتیی کۆمەڵایەتین باشتر دەتوانن به سەر لێکەوتەکانی ئەزموونی توندوتیژیی سێکسیدا زاڵ بن و بگەڕێنەوە بۆ ناو ژیانی ئاسایی (ایروانیان، 1389 هەتاوی).

1-3- لێکەوتە کەڵان/پێکهاتەییەکان

– لەناوبردنی سەرمایەی کۆمەڵایەتی

سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە سەر ئاستی تاک واته: هەڵدانی کۆی ڕێژەی پەیوەندییه کۆمەڵایەتییەکان له چۆنیەتیی متمانەی ناو پەیوەندییەکان (روثستاین، 1393 :25-123). هەبوونی متمانە و ئاسایش، تاک به کەسانی گرینگی ژیانەوە دەبەستێتەوە و لە ئەنجامی ئەمەدا هەستی هۆگری و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و سۆزداری دروست دەکا و هەلی تێکەڵبوون بە گرووپە کۆمەڵایەتییەکان واتە خانەواده و گرووپەکانی تر دەڕەخسێنێ، بە پێچەوانەوە کاتێک ئەم متمانە و هەستکردن بە ئاسایشە تێک دەچێ یان لاواز دەبێ، ئەوە دەبێتە هۆی تاراندنی کۆمەڵایەتی و دابڕانی تاک لە گروپ و لە ئەنجامدا، ئەو ناتوانێ لە پاڵپشتیی سۆزداری و پەیوەستبوون به گروپ سوودمەند بێت. سەرمایەگەلی وەکوو متمانە و ئاسایش هاوسۆزیی کۆمەڵایەتی به دوای خۆیدا دەهێنێ و کاریگەری لە سەر پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی تاک لەگەڵ گروپ و کۆمەڵگا و هەروەها یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی دادەنێت. سەمانە تەمەن ٣٥ ساڵ و ماستەری یاسا، وتی:

کەسێکی وام شک نەدەبرد که بچم لای باسی بکەم. کەس نەبوو که متمانەی پێ بکەم و لێم تێبگات. بریندار بووم ئێستا که بیری لێ دەکەمەوه هیچ کەس و شوێنێکی شیاوی متمانه نەبوو که بچم هاواری بۆ بەرم. هیچ ئاسایشێک بۆ من دابین نەکرابوو. با بڵێم دواتر شتێکی باشترم بە سەر دێت.

ئەو تۆڕە پەیوەندییانەی که لە منداڵانەوه نزیکه وەکوو دایک و باوک یان مامۆستا یان هەر کەسێکی تر کە منداڵ هەست دەکا کە دەتوانێ ئەم متمانە و ئاسایشە لای ئەوان بە دەست بهێنێ، زۆر گرنگە. بوونی ئەوان وا لە منداڵ دەکا که هەست بکا کە دیتران و ئەم جیهانە جێی متمانەن و دنیا بۆ ژیانی ئەو شوێنێکی ئارامە.

جگە لە دژایەتییە دەروونییەکان و تێکچوونی ئاسایش و متمانە لە ناو پانتای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کەسی دەستدرێژیکراو، تووشی هەستی دژەکۆمەڵایەتی دەبێ و لە ئەنجامدا کارلێکێک دەگرێته بەر که لە سەر بنەمای گۆشەگیری و دوورکەوتنەوە لە کەسانی دیکەیه. هەڵبەت هەندێ گێڕانەوەش هەیە کە گوزارشت لەوە دەکا کە هەندێک لەو منداڵانە کارلێکی وەکوو سەرکەشی و توندوتیژیی لە ڕادەبەدەر و ناتەبابوون لەگەڵ ژینگە و کەسانی دەوروبەر له خۆیان نیشان دەدەن. هەندێک له گێڕانەوەکان گوزارشت لەوه دەکەن کە ئەو منداڵانەی دەستدرێژیی سێکسییان دەکرێتە سەر بەتایبەت لە لایەن مەحارمەکانیانەوه زۆر جار ڕفتاری توندڕەوانه و ناهاوسەنگ یان کەڵکەڵەی بینران له خۆیان دەنوێنن و یان هەوڵی نەبینران دەدەن ئەنجامەکەی دەبێتە گۆشەگیری و دوورەپەرێزی، لە هەر حاڵەتێکدا، نەبوونی هاوسەنگیی کارلێک لەم کەسانەدا ناهێڵێ پەیوەندییەکی بنیاتنەر و هاوسەنگ لەگەڵ ئەو جیهانەی کە تێیدا دەژین، ساز بکەن. کاتێک ئەم منداڵانە به هۆی دەستدرێژییەوه متمانەیان بە دیتران و کۆمەڵگا لە دەست دەچێ ئەوه ڕووبەڕووی لاوازبوونی سەرمایە کۆمەڵایەتییەکان دەبینەوە کە یەکێک لە بەربەستەکانی گەشەسەندنی هاوسەنگه.

2-3- لێکەوتەکانی ئاستی مامناوەند/دامەزراوەیی

3-2-1- کەوتنەوەی پشێوی لە ناو خێزاندا

– نەبوونی ڕاهێنان لە بواری ڕێگری لە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە کۆمەڵگای ئێراندا و هەروەها نەبوونی سیاسەت و خزمەتگوزاریی سیستماتیکی کۆمەڵایەتی لە لایەن دامەزراوە و ڕێکخراوەکانەوە بۆ پشتیوانی لە قوربانیانی دەستدرێژیی سێکسی وای کردووه که ڕێژەی ئەم جۆرە دەستدرێژییانە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر بێ و لێکەوتەکانی توندتر بن. خانمێکی تەمەن 21 ساڵ، شارەزای بواری یاریدەدەریی کۆمەڵایەتی وتوویەتی:

من و دایکم بە هۆی هەندێک کێشەی خێزانییەوە لێک جیا بووینەوە. بە هۆی ئالوودەبوونی باوکم به مادەی هۆشبەر و کێشەکانی دیکەوە من پەیوەندییەکی سۆزداریی ئەوتۆم لەگەڵ دایکمدا نەبوو؛ ئەم نەبوونی پەیوەندییه سۆزدارییه هەر هەیه و مینش کاری لە سەر دەکەم. پەیوەندیی سۆزداریمان باش نەبوو و مینش نەمدەزانی ئەگەر ئەمە لای دایکم بدرکێنم کاردانەوەی چی دەبێت”. بۆ وێنه دەڵێ ئەم قسانه بۆ تۆ شوورەییه لەم تەمەنەدا قسەی وا مەکە یان دەڵێ بۆچی وا دەڵێی درۆ مەکە. زۆر دەترسام ڕۆژێ بە هۆی ئەمەوە شەڕ ڕوو بدات.

– دەستدرێژیی سێکسی لە هەڕەتی منداڵیدا کاریگەری لە سەر بۆچوونی تاک سەبارەت به چێژی سێکسی و ڕێژەی پەیوەندیی سێکسیش هەیە و ئەگەر ئەم دەستدرێژییە لە لایەن هاوڕەگەز بێ دەتوانێ کاریگەری لە سەر هۆگریی هاوڕەگەزخوازانەی تاک دابنێ و لە قۆناغەکانی داهاتووی ژیانیدا دەوری یەکلاکەرەوەی هەبێت.

– ئەزموونی دەستدرێژی لە تافی منداڵیدا دواتر به شێوازی جۆراوجۆر کاریگەریی نەرێنی لە سەر پەیوەندیی ژیانی هاوبەشی ژن و مێردی دادەنێ و دەبێتە هۆی ناڕازیبوون لە ژیانی هاوژینی و له کۆتاییدا داڕمانی بنەماڵەی لێ دەکەوێتەوه. لە میانەی ئەم توێژینەوەدا دەرکەوت که کۆمەڵێ لە کەسانی دەستدرێژی‌کراو کاتێک که چوونەتە ناو ژیانی هاوبەشەوە بە هۆی ئەزموونی دەستدرێژی و بابەتە پەیوەندیدارەکانیەوه له ژیانی هاوسەرێتیدا ڕووبەڕووی کێشەی جیدی بوونەتەوه. هەندێک لەم ژنانە لە ژیانی هاوبەش و پەیوەندیی سێکسیدا هەستیان دەکرد که دەستدرێژی دەکرێتە سەریان یان خۆیان وەک سۆزانی و لەشفرۆشێک دەبینی. پەرەسەندنی ئەم جۆرە بیرۆکانە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی جددی لە ژیانی هاوبەش و تێکچوونی پەیوەندیی سۆزداری لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر.

3-2-2- هاوسەرگیریی پێشوەخته یان دواکەوتنی هاوسەرگیری

زوو هاوسەرگیریکردن (هاوسەرگیری لە تەمەنی بچووک) یان هاوسەرگیری نەکردن، یەکێکی دیکه لە لێکەوتە ئەگەرییەکانی دەستدرێژیی سێکسی لە تەمەنی منداڵییه، کە هەر دوو دیاردەکە هۆکاری کۆمەڵایەتییان هەیە. لە سەر بنەمای نۆرمەکانی پاکیزەیی و شەرەف، تاکەکان بەتایبەت کچان نابێ بەر له هاوسەرگیری سێکس بکەن و ئەگەر بە هەر هۆکارێک نامووسیان لەکەدار بکرێ ئەوا پاکیزەیی کچەکە و وەج و ئابڕووی ئەو و خێزانەکەی دەکەوێتە مەترسییەوە. هێشتا لە هەندێک کۆمەڵگادا پەردەی کچێتی بۆ کچ وەک بەهایەک سەیر دەکرێ، بەڵام کاتێک دەستدرێژی‌کراو به هۆی دەستدرێژییەوە پەردەی کچێتیی خۆی لە دەست دەدا ئیتر ئەمه دەبێته کێشه. کاتێک خوازبێنی بۆ دێ لە ترسی ئاشکرابوونی ئەم بابەتە و ئابڕووچوون و لەکەداربوونی وەج و شەرەفی خۆی و بنەماڵەکەی بەڵێ بۆ هاوسەرگیری ناکات. دەستدرێژیکراو لەوه دەترسێ که پاش ئەوەی زاوا بەم بابەتەی زانی، دەری بکا یان تەڵاقی بدا، هەر بۆیە لەبەر ترس له حەیاچوون و دەرکران لە زۆر حاڵەتدا هەلی هاوسەرگیری لەدەست دەدات. له هەندێ حاڵەتدا ئەوه خوازبێنه که به هۆی نەبوونی پەردەی کچێتییەوه نایخوازێ و هەر ئەمەش دەبێتە بەربەستێک لە بەردەم هاوسەرگیریی ئەم کۆمەڵە کەسانە. لەو حاڵەتانەی کە هاوسەرگیریش ڕوو دەدا پەیوەندیی هاوژینییەکە تێک دەچێ و یان تەڵاقی لێ دەکەوێتەوه.

لەو حاڵەتانەی که پرسەکە ئاشکرا دەبێ ڕەنگه دوو ئەنجامی لێ بکەوێتەوه: یەکەم ئەوەی کە له کەسی دەستدرێژیکاری مارە دەکەن چونکە پێیان وایە داوێنی کچەکەیانی لەکەدار کردووە، هەر بۆیە دەبێ قەرەبووی هەڵەکان بکاتەوە، دووەم: کچەکە له یەکەم خوازبێن مارە دەکەن ئیتر به لایانەوه گرنگ نییە کە ئەمە بۆ کچەکەیان هەڵبژاردەیەکی باشه یان نا یان کچەکەیان لە ڕەهەندە جیاوازەکاندا پێگەیشتووە یان نا. هاوسەرگیریی کەسی دەستدرێژیکراو لەگەڵ کەسی دەستدرێژیکار لە بنەڕەتەوە هەڵەیه چونکە دەستدرێژیکارەکە ئەو تەندروستییه دەروونییەی نییە که بتوانێ ژیانی خۆی و خێزانەکەی بەڕێوه ببات. لە لایەکی ترەوە هاوسەرگیریی کەسی دەستدرێژیکراو لەگەڵ کەسی دەستدرێژیکار دەتوانێ ببێتە هۆی بەردەوامبوونی ئەزموونی هەستی نەرێنی وەکوو توڕەیی و ڕق و دڵەڕاوکێ و هەستی لەو چەشنه که ئەمانه هەر هەموویان کاریگەری لە سەر پەیوەندیی ئەو لەگەڵ هاوسەرەکەی و لایەنەکانی دیکەی ژیانی دادەنێت. نەبوونی حەز و ئارەزووی هاوسەرگیری، یەکێکی دیکه له لێکەوتەکانی دەستدرێژیی سێکسی له هەڕەتی منداڵییە.

3-3 – لێکەوتەکانی ئاستی ورد/تاکەکەسی

1 -3-3 – سەرهەڵدانی پشێویی دەروونی و کۆمەڵایەتی

دەستدرێژی وەک جۆرێک لە توندوتیژیی سێکسی ڕەنگە نەبێتە هۆی مردن یان برینداربوون، بەڵام لێکەوتە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی بۆ ئەو کەسانەی کە بەئەزموونی دەکەن و هەروەها بۆ خێزانەکانیان بۆ چەندین ساڵ درێژەی هەیه. ئەم لێکەوتانە دەتوانن دەستبەجێ و ئاشکرا یان ساڵانێک دوای یەکەم دەستدرێژییەکە خۆیان بنوێنن. کاریگەری و لێکەوتەکانی بریتین لە: لەدەستدانی متمانەی منداڵ بە دایک و باوک و خێزان، دەرکەوتنی دڵەڕاوکێ، تڕۆما، سترێسی دوای تڕۆما، زیان بە خۆ گەیاندن، مەیلی خۆکوژی، خەمۆکی، تێکچوونی باری کەسایەتی، بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان، هەستکردن بە بێدەسەڵاتی و بێهێزی، دەرکەوتنی کێشە لەگەڵ ئایدیای دایکایەتی، دەروون‌پەشێوی و … . مامۆستایەکی پیاوی تەمەن ٥٠ ساڵ دەڵێ:

جارێکیان کاتی جەنگ بوو و هەموومان لە ژوورێکدا دەژیاین، نیوەشەو بوو کە بە دەنگی ناڵە و نرکەی دایکم و سرته سرتی باوکم لە خەو هەڵسام. پێم وا تەمەنم له ناو هەشت ساڵ بوو و گوێم لێ بوو که دایکم لەبەر ئێش دەیناڵاند و دەیوت بەسه ئیتر یان دەیوت ئێشی دێ، باوکم دەیوت “دەی هیچ نییە” و بەردەوام دەبوو. ئەوەی دەگوزەرا زۆر به لامەوه سەیر بوو بۆچی باوکم کە لەگەڵ دایکم زۆر میهرەبان و نەرم و نیان بوو کەچی ئاوا هەراسانی دەکرد؟ لەگەڵ یەکتردا دەمەقاڵەیان دەبوو و دەنگیان بەرز و نزم دەبوو و ناڵه و نرکەیان دەهات و من نەمدەزانی ناڵەی ئێشه یان چێژە. منیش گێژ و وڕ دەبووم ئیتر ئەوانیش دەخەوتن، بەڵام که ڕۆژ دەبووەوه سەیرم دەکردن و دەمبینی نێوانیان ئاساییە. ساڵێک دواتر نیوەڕۆ بوو پێکەوه سێکسیان دەکرد کە دەرگای ژوورەکەیانم کردەوە و سەرم وشک بوو باوکم هیچی نەگوت، بەڵام دایکم خێرا چووه دەرەوه و منیش خۆم له گەوجی دا هەر چەنده سەرم لەمانه دەرنەدەچوو بەڵام دەمزانی جارێکی تر هەمان ئەو ناڵه و نرکانه دووبار دەکەنەوە. که تەمەنم گەورە بوو، ناڵه و نرکەی ناو فیلمه پۆڕنەکانم دەبیست هەم پێم خۆش بوو و هەم لێیان بێزار بووم، تەنانەت داوام لە هاوبەشە سێکسییەکانم دەکرد هەمان شت بکەن و هەمان ئەو ناڵه و نرکانه دووباره بکەنەوه. ئایا پێت وایە ئەمە شتێکی ئاساییە؟ من وای بۆ ناچم.

کاتێک منداڵان و مێرمنداڵان بەرکەوتنیان لەگەڵ ورووژێنەرە سێکسییەکان و وێنە و ڤیدیۆ پۆڕنەکان دەبێ، به ئەگەری زۆر تووشی باڵقبوونی پێشوەختە دەبن، ئەم کێشە زەمینه بۆ ڕەفتاری سێکسیی پێشوەخته، ورووژانی خراپی به هۆی گۆڕانکارییە جەستەییەکان و تەنانەت تارێنران له لایەن هاوتەمەنەکان خۆش دەکات. سەیرکردنی فیلمی پۆرن لەوانەیە مێرمنداڵ بۆ بەئەزموونکردنی سێکس دنه بدا و ببێتە هۆی ئەوەی بچێتە ناو پەیوەندییە سێسکییە مەترسیدارەکانەوە کە لە ڕووی جەستەیی و دەروونی و یاساییەوە زۆر خەسارەتبەخشه. هەموو بەرهەمە پۆرنۆگرافییەکان وێنەیەک له پەیوەندییە سێکسییەکان به بینەر پیشان دەدەن که زیادەڕەوی و درۆیە و تاک بەم وێنەوه دەچێتە ناو ژیان و پەیوەندییەکی سێسکیی ڕاستەقینەوە. ئەم بەرسازه زەینییه لەگەڵ واقیعی پەیوەندییە سێکسییەکان کە دواتر لە قۆناغەکانی گەشەکردندا و لە پرۆسەی کۆمەڵگاگریدا لە لایەن دامەزراوەکانەوە پێی دەناسێنرێ. یان ئەوەی وەک پەیوەندیی سێکسیی ئاسایی و باو لە لایەن فەرهەنگی کۆمەڵگایەکی وەکوو ئێران ناسراوە، یەک ناگرێتەوه که ئەمه له ناکۆکییه دەروونییەکانی تاکەوه بگره تا دەگاته دابەشبوونی دووانەیی (کەسی ئاسایی و نائاسایی، تەندروست و لادەری سێکسی، هاوڕەگەزخواز و ناهاوڕەگەزخواز و هتد) له خۆ دەگرێت. هەروەها لە پەیوەندییە سێکسییەکانی نێوان هاوسەرەکان، که داخوازیی تاکەکان لە سەر بنەمای ئەم بەرسازه زەینییانه لە شێوەی فانتاسیا سێکسییەکاندا خۆی دەنوێنێ، هیچ ئەنجامێکی نییه جگە لەوەی ئارەزووەکان به نائاسایی له قەڵەم دەدرێن و پەیوەندییەکە ڕووبەڕووی چالنج دەبێتەوه. لەم پرۆسەدا ئەوەی لە لایەن کۆمەڵگا و لە ژینگەی کۆمەڵگاگریی سەقەت و ناکارامەدا دروست دەبێ (دیاردەی زەینی لادەر) له کاتێکی دیکەدا لە لایەن هەمان ئەو کۆمەڵگاوە ئیدانە دەکرێ و سزای لێ دەکەوێتەوه و بەو پێیەی که زانست له پێناو شەرعییەت‌بەخشین به دابەشکارییه دووفاقەییەکان هاوکاریی دەسەڵات دەکا، ئەم پرۆسەی دەسەڵات – زانست بەردەوام دەبێت.

دەستدرێژیی سێکسی له هەڕەتی منداڵی و مێرمنداڵیدا دەبێتە هۆی سەرکوتکرانی تافی منداڵی و هەڕەتی مێرمنداڵی، و لەو قۆناغه تەمەنییانەدا کە داهێنان و ئازادی وەک غەریزه بوونیان هەیه، ئەم ئەزموونانە هەستی چەوساوەیی و بێدەسەڵاتی دروست دەکەن. ئەم هەستکردن بە بێدەسەڵاتییه کە لە ئەزموونی ژیاوی دەستدرێژی سێکسی له تافی منداڵی و مێرمنداڵیدا دروست دەبێ، ڕەنگه له ناو دڵ و دەرووندا بچەسپێ و به شێوەی خۆبەکەمزانین و هەستی نەرێنی وەکوو سووکی و بێبایەخی له کەسایەتیی تاکدا زەق دەبێتەوه. ئەم کەسایەتییە بەرسازکراوه کاریگەری له سەر قۆناغەکانی داهاتووی ژیانی تاک و پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەسانی دیکە (پەیوەندی نائاسایی یان گۆشەگیری) و ژینگەی دادەنێت. ژنێکی کابانی ماڵ و تەمەن ٤٩ ساڵ دەڵێ:

ئێستا لەبەر ئەوەی که لە ژێر چارەسەر و ڕاوێژکاری خۆمدا باسم کردووە، دەتوانم ئاوا به ئاسوودەییەوه قسە بکەم و به ئێوەشی بڵێم. من ساڵانێکی زۆر لەگەڵ کوڕ و کچەکەمدا هاوجێییم کرد. هەموومان باش دەزانین کە دایک نابێ کاری وا بکا و منیش نه بیانووی بۆ دەهێنمەوه و نه پاکانەشی بۆ دەکەم و خۆم بە تیۆرییەکانی فرۆید و ئەو جۆرە شتانە هەڵناخەڵەتێنم. بەڵام هەمیشە حەشەری بووم و لەو کاتەدا هاوسەرەکەم ساڵانێکی زۆر لە بەرەکانی جەنگ بوو. بە ڕای خۆم و بە هۆی ژینگەی داخراوی ئەوسا وام پێ باش بوو که خۆم به منداڵەکانم بحەسێنمەوه نەک له کۆڵان و شەقام. کوڕەکەمم دەخسته ژێر خۆم و چون ئەندامی نێرینەی بوو خۆشتر بوو بەڵام دەستم لە کچەکەشم دەدا و داوام لێ دەکرد پەنجە بکاته ناو … هەتا تێر دەبم.

پەیوەندیی نێوان دایک و باوک و منداڵ پەیوەندییەکی قووڵە کە لە سەر بنەمای هەستی هۆگری و وابەستەیی دامەزراوە. منداڵان دایک و باوک وەک پشتیوان و پاڵەوانی ژیانی خۆیان سەیر دەکەن و بەشێکی زۆری ژیانی خۆیان بە وابەستە بەوان دەزانن. کاتێک لە ئەنجامی دەستدرێژیی سێکسیدا ئەم جۆرە تێڕوانینە سەبارەت به پەیوەندی تێک دەچێ قەڵای وێناکانی منداڵان سەبارەت بە دایک و باوکیان تێک دەڕووخێ و تووشی هەستی هەمەجۆر و هەندێ جار لێکدژ دەبنەوە، له لایەک دایک و باوک هێشتا بۆ ئەوان دایک و باوکن و لایەکی دیکەشەوه ئەمانه دایک یان باوکێکن که دەستدرێزیی سێکسییان کردوۆتە سەر ئەو منداڵه و هەستیارترین پەیوەندیی نێوان ئەوان واته بابەتێکی بڤه و تابۆیان پێشێل کردووه. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​منداڵان به هۆی بەئەزموونکردنی ئەم چەشنه دەستدرێژییانه تووشی زیانێکی دەروونیی گەورە دەبنەوە. یەکێک له لێکەوتەکان دەتوانێ ترسی تێکەڵ به تووڕەیی و گوناح بێ که له ئەنجامی پەیوەندیی وابەستەیی نێوان منداڵ یان مێرمنداڵ لەگەڵ دایک یان باوکێکی دەستدرێژیکار وەک “ئەویترییەکی گرینگ” بیچم دەگرێت. دەرەنجامی وەها پەیوەندییەک دەبێتە هۆی دروستبوونی کەسانی وابەستە که لەگەڵ ژینگەی کۆمەڵایەتییاندا پەیوەندیی لکێنەرانەیان دەبێ پەیوەندییەک که ناباڵقانه و بێبەری لە کەسایەتیی سەربەخۆیه و بەم جۆرە کەسایەتیی سەربەخۆ لە ڕووی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەوه که پێش‌نیازی گەشەی کۆمەڵگایه دروست نابێت. بە لاوازبوونی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و نەبوونی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی بنیاتنەر و پشتبەستوو به سەربەخۆیی کەسایەتی، ڕەوتی گەشەسەندنی کۆمەڵگا لەبار دەچێت.

وا دیارە هەرچی پەیوەندیی نێوان منداڵ و دەستدرێژیکار نزیکتر بێ یان له نێوان منداڵ و دەستدرێژیکار پەیوەندیی سۆزداری له ئارادا بێ، ماوەی دەستدرێژییەکە درێژتر دەبێتەوە و بە هۆی وابەستەییەوه لێکەوتەکانی دەستدرێژییەکە بۆ منداڵەکە ترسناکتر دەبێت. سەرکوتکردنی هەڕەتی مێرمنداڵی لە ڕێگەی هەستکردن بە بێدەسەڵاتی و بێتوانایی، ڕوانگەی پشتبەستوو به قارەمانێتی و ڕۆڵی ڕزگاریبەخش لەو لێکەوتە وێرانکەرانەیە کە کاریگەری له سەر درێژەی ژیانی تاک و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ژینگەی دەوروبەری دادەنێت.

دەستدرێژیی سێکسی دەتوانێ قوربانی لە منداڵێکی دڵخۆشەوە بکا بە منداڵێکی دڵتەنگ و خەمۆک و لە پرۆسەی ژیانی ئاسایی بێبەشی بکات. یەکێک لە گرنگترین لێکەوتەکانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان ئەوەیە کە ئەم دەستدرێژییە له سونگەی دەروونی، کۆمەڵایەتی و ڕەهەندی زەینیییەوە لە ناخیاندا بەدەروونی دەبێ و له هەمان ئەو تەمەن و بارودۆخەی که دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەریان قەتیس‌ دەمێننەوە.

لە هەندێک لە گێڕانەوەی دیمانەکاندا، کەسی دەستدرێژیکراو لە یەک ساتدا بە شێوەی ئاوێتەیی چەندین هەستی نەرێنی بەئەزموون کردووە، هەستی سووکایەتی، گاڵتەپێکردن، کەمتەرخەمیی دایک، و لە هەمووی ڕووخێنەرتر هەستکردن بە بێدەسەڵاتی و بێتوانایی کە ئەمه وای کردووه کەسی دەستدرێژیکراو لە قۆناغەکانی دواتری ژیانیدا ورەی داببەزێ و متمانەی بە خۆی نەمێنێت. هەروەها هەستکردن بە شەرمەزاری لە پێوەندی لەگەڵ کەسانی دیکەدا مانای هەیه. شەرمەزاری و خەجاڵەتبوون لەوەی کە دواتر چۆن قەزاوەتی له سەر دەکەن و کاردانەوەی خەڵک چی دەبێت؟ ترس یەکێکی دیکه لە لێکەوتەکانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵانه. هۆکارەکانی ترسی منداڵان زۆر جیاوازن. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کاردانەوەی خێزانەکان، تارێنران، ترس لە لەدەستدانی خێزان یان پشتیوان، سزادان، باوەڕپێنەکردنی کەسانی دەوروبەر، دەرکران لە قوتابخانە و هەڕەشەی دەستدرێژیکار. کاتێک دەستدرێژیکار باوک، دایک یان ئەندامانی تری خێزانی منداڵ بن؛ ترس لە لەدەستدانیان یان سزادرانیان لە لایەن ئەوانەوە وا دەکا منداڵەکە ڕووداوی دەستدرێژییەکە نەدرکێنێت. هەندێک جار منداڵان ترسیان لەوە هەیە کە دوای ئاشکراکردنی توندوتیژییەکە، خانەواده یان تۆڕە پشتیوانییەکانی دیکه باوەڕ بە قسەکانیان نەکەن و چیتر متمانەی پێ نەکەن.

بنەماڵەی ناوشیار و ڕانەهێنراو، لە ڕێگەی میکانیزمی دەسەڵاتەوە، هەوڵی حاشاکردن له دەستدرێژییەکه دەدەن و بۆ پاساو و دیترهاوێژیی پرسی دەستدرێژیی سێکسی لە لایەن یەکێک لە ئەندامانی خێزانی خۆی، تێدەکۆشێ کە قوربانییەکە بە درۆزن پیشان بدا یان به شێت و نەخۆشی دەروونی له قەڵەمی بدا و له ئەنجامی دابەشکاری دووفاقەیی و ئەویتریسازی، کەسی دەستدرێژیکراو له بری پاڵپشتی دەتارێنرێ و سزا دەدرێت. لە ڕاستیدا خانەواده و کۆمەڵگا لە سێ میکانیزمی هاوبەشی دەسەڵات سوودمەندن: نکۆڵی، دیترهاوێژی و پاساوهێنانەوە.

3-3-2- باڵقبوونی پێشوەخته و دەرکەوتنی ڕەفتاری سێکسیی و ناسێکسیی مەترسیدار

کاتێک که منداڵان تووشی دەستدرێژیی سێکسی دەبنەوه ئەندامە سێکسییەکان، هەست و بیرکردنەوەکانیان بەم پەیوەندییانەوه تێوەدەگلێ و ڕەنگه ببێته هۆی حەشەری‌بوونیان. هەر بۆیه تووشی باڵقبوونی پێشوەخته دەبن که له ئەنجامدا دەبێته هۆی ئەوەی ئەو منداڵانه پەیوەندیی سێکسیی پەیتا پەیتایان هەبێ و ئالوودەی پەیوەندیی سێکسی بن. ئالوودەبوون بە پەیوەندییە سێکسییەکان کاریگەریی ڕووخێنەری دەروونی و کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوه که ئەمەش کاریگەری و لێکەوتەی قەرەبوونەکراوی لە سەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کار و شێوازی ژیان و ژیانی کۆمەڵایەتی دادەنێ بۆ وێنه: تێکچوونی باری کەسایەتی، نەتوانین له وتنی “نا”، نەبوونی توانای سێکسیی تەندروست و … کاریگەرییە دەروونییەکانی باڵقبوونی پێشوەخته دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵان زۆر زوو بکەونه بەر سترێسی تافی مێرمنداڵی. هەروەها باڵقبوونی پێشوەختە دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە پەیوەندی لەگەڵ کەسانێک ساز بکا که هاوتەمەنی ئەو نین و لەڕێگەی ئەم پەیوەندییەوە، ئەو دۆخانە بەئەزموون بکا کە بۆ تەمەنی ڕاستەقینەی خۆی گونجاو نییه وەکوو هۆگری بۆ بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان، ئالوودەبوون بە پەیوەندیی سێکسی، لەشفرۆشی، ڕەفتارە سێکسییە مەترسیدارەکان. ئەو کەسانەی کە زانیاریی تەواویان سەبارەت بە پەیوەندییە سێکسییە مەترسیدارەکان نییه، تەندروستیی خۆیان ڕووبەڕووی مەترسی و زیانی بێژومار دەکەنەوه که ئەمه دەتوانێ ڕێخۆشکەری هەموو جۆره نەخۆشییە سێکسییە گواستراوەییەکان و ئایدز بێت. بەئەزموونکردنی دەستدرێژیی سێکسی لە تەمەنی منداڵیدا بۆ هەر یەک لە ڕەگەزەکان (کچ و کوڕ) کاریگەری و لێکەوتەی جیاوازی هەیه بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە هۆی پێشهاتەکانی دەستدرێژیی سێکسییەوه خاڵی هاوبەشیان هەیه. بۆ وێنه له پیاواندا هۆگریی سێکسیی هاوڕەگەزخوازانه دروست دەبێ و ژنانیش به نیازی تۆڵەکردنەوه پەیوەندیی سێکسیی بێژوماریان دەبێت.

3-3-3- خەسارەتە جەستەییەکان

دەستدرێژیی سێکسی لە هەندێک حاڵەتدا کۆمەڵێ زیانی جەستەیی لەگەڵدایە وەکوو زیانگەیاندن بە ئەندامە سێکسییەکان. گرنگترین زیانە جەستەییەکان کە لەم توێژینەوەدا دەستنیشان کراون بریتین لە: واژینیسمووس، تێکچوونی ئەندامی سێکسی، تێکچوونی چاو، لەدەستدانی پەردەی کچێتی، نیشانە جەستەییەکانی وەکوو لاوازی، هێمۆرۆیید، خوێنبەربوون، تا و لەرز، سەرئێشە و هێڵنجدان، HPV، شێرپەنجەی منداڵدان، ترپەی دڵ … لە هەندێک حاڵەتدا منداڵەکە بە هۆی سەختیی زیانی جەستەیی کە بە هۆی دەستدرێژیی سێکسییەوە دروست دەبێ، دەمرێت. ڕێک لەو کاتەدا که منداڵ لە قۆناغی ناسینی جەستە و لەشدایە، دەستدرێژی دەکرێتە سەری و ئەم دەستدرێژییه جگە لە نیشانە فیزیکی و بایۆلۆژییەکانی سەر جەستە، وەک تانه و توانجێک هەمیشه لە سەر دەروون و ڕۆحی قوربانییەکە دەمێنێتەوه و هەمیشە و لە هەموو ساتەکانی ژیانیدا ئەم ناو و ناتۆرەی وەبیر دێنێتەوه کە هەمیشە لە ڕەهەندی زەینی و دەروونیدا چەسپاوە.

4-3-3- زیانه ڕەفتارییەکان

– دەستدرێژیی سێکسی ڕەنگه ببێتە هۆی ناڕێکیی جەستەیی، کە جۆره تێکچوونێکی دەروونییه کە تاک تێدا زۆر نیگەرانی عەیبێکی خەیاڵی یان زۆر بچووک لە سەر جەستەی دەبێ و هەمیشە بیری لێ دەکاتەوه. ئەمە عەیبێکی خەیاڵییه و یان ئەگەر بە ڕاستی کەموکوڕییەکی جەستەیی هەبێ کەسی دەستدرێژیکراو ئەم عەیبەی زۆر به لاوه گەوەرەیه و شەرم لە عەیب و کەموکوڕییە ڕواڵەتییەکانی دەکا و دایمه بیر له نەشتەرگەریی جوانکاری دەکاتەوه بۆ ئەوەی عەیب و کەموکۆڕییەکانی چارەسەر بکات.

– هەروەها بەئەزموونکردنی دەستدرێژیی سێکسی دەبێتە هۆی ئەوەی که گەڵاڵەی وەکوو بێ‌متمانەیی، بەدڕەفتاری، شەرم یان زیانبەرکەوتن لە مێشکی منداڵدا بیچم بگرێت. ئەو منداڵ و مێرمنداڵانەی کە قوربانیی ئازار و دەستدرێژیی سێکسین بە پێی هەستەکە زاڵەکەیان کە هەمان هەستی گوناح و تاوانباری و سەرزەنشته، جیهانی کۆمەڵایەتیی خۆیان لێک دەدەنەوە و دەست دەکەن بە ماناسازی و لە ئەنجامی ئەم هەستکردن بە تاوانبارییە، تووشی ئازاری ویژدان دەبن که لە ساڵانی دواتری ژیانیدا ئەم هەستکردن بە گوناح و تاوانبارییه که توانای لێکدانەوەی لۆژیکی لە بارودۆخە جیاوازەکانی ژیان له کەسی دەستدرێژیکراو زەوت دەکا و دنەی دەدا بۆ ئەوەی له پەیوەندییەکانیدا هەمیشه باج بدا و هەمیشە ڕۆڵی قوربانی و ڕزگارکەر دەگێڕێ و بەرهەمی دەهێنێتەوە.

– کێشەی فێربوون و کەم‌سەرنجی یەکێکی دیکه لە کێشە باوەکانی ناو منداڵانی دەستدرێژیکراوه. ئەوان تووشی کێشەی دەروونیی جۆراوجۆر دەبنەوه وەکوو نینۆک خواردن، دڵەڕاوکێ، ترس و خەمۆکی. ئەوان پێیان وایە تۆڕە پشتگیرییەکانیان یان هەندێکیان نەک هەر پشتیوان نین بەڵکوو دەستدرێژیکاریشن، هەر بۆیە توانای تەرکیزکردن و سەڕنجدانیان نییه. ئەمەش خۆی دەتوانێ یەکێک لە میکانیزمەکانی سەرنەکەوتن له خوێندن بێت. پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ دنیای ڕاستەقینه و نەبوونی سەرنج، کاریگەریی وێرانکەری لە سەر پرۆسەی فێربوونی کۆمەڵایەتییان لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا دەبێت.

– دڵەڕاوکێ یەکێکی دیکه لە نەخۆشییە باوەکانی منداڵانی دەستدرێژیکراوه.

– یەکێک لە کاریگەری و لێکەوتە گرنگەکانی تری دەستدرێژیی سێکسی دروستبوونی وەسواس و هەموو جۆرە ڕەفتارێکی گیرۆدەیی و چەندبارەیه که کەسی دەستدرێژیکراو بۆ ئەوەی ئەو فشار و دڵەڕاوکێیەی کە لە ئەنجامی دەستدرێژی دروست دەبێ، کەم بکاتەوه.

– لە ئەنجامی دەستدرێژیی سێکسی لە ناو منداڵانی دەستدرێژیکراودا تێکچوونی دووجەمسەری یان سنووری، شتێکی باو و ئاساییە. کەسانی دەستدرێژیکراو بە بەراورد لەگەڵ کەسانی دیکە ئاستی ئارامی و سۆز و هاوسەنگیی ڕەفتاریان کەمترە، ئەم فاکتەرە خۆی دەبێتە هۆی ئەوەی کەسانی دەوروبەر متمانەیان به کەسانی دەستدرێژیکراو نەبێ و دەستدریژیکراوان لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیاندا شکست بێنن.

– له ناو هەندێک لە قوربانیاندا بە مەبەستی ساڕێژکردنەوەی ئەزموونی دەستدرێژی ڕفتارگەلی وەکوو زیانبەخۆگەیاندن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەبینرێت. لەو وەهمانەی کە بە هۆی کێشانی مادە هۆشبەرەکانەوە دروست دەبێ و ئەو خەیاڵ و زەینییەتەی که بە هۆیەوە زیان بە خۆیان دەگەیەنن، هەندێ هێمای زمانی ناڕەزایەتیی بەرامبەر به دەستدرێژیی سێکسی بەدی دەکرێت.

– هەروەها ڕەفتارگەلی خۆئازاری (مازۆخیست) و دیترئازاری (سادیست) لە ناو ئەم کۆمەڵە منداڵانەدا باوه. هەڵبەت بە پێی ڕوانگەی ئێریک فرۆم، هەر دۆسییەیەکی خۆئازار هاوکات و لە دۆخێکی دیکەدا دەتوانێ دیترئازار بێ و ئەمه دەستدرێژیکراوی سێکسیش دەگرێتەوه. کەسی دەستدریژیکراوی سێکسی لە بەرامبەر دەستدرێژیکار وەک دۆسییەیەک، دەکەوێتە بەر دەستدرێژی و هێز بەڵام هەر ئەم کەسە دەتوانێ لە دۆخێکی دیکەدا وەک میکانیزمی قەرەبووکردنەوە مامەڵە بکا و بە هۆی ئەو هەست و بابەتانەی کە له ئەنجامی دەستدرێژییەکەدا تووشی بووە وەکوو توڕەیی، ڕق، ئیرەیی و … له پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیدا ئەویتری به هەر جۆرێک بێ ئازار بدا و ببێته دیترئازار یان کەسێکی سادیسم.

– شەڕانگێزی یەکێکی تر لە پرسە باوەکانی هەندێک لە منداڵانی دەستدرێژیکراوه. کردەوەی شەڕانگێزی دەتوانێ جەستەیی یان زارەکی بێ و له ڕووی سروشتەوه ڕەنگە جەستەیی یان دەروونی بێت. هەبوونی مەبەستی زیانگەیاندن یان ئازاردان بژێرەی سەرەکیی شەڕانگێزییە. کارلێکی پشتبەستوو به گۆشەگیری و دوورەپەرێزی و تارێنران لە لایەک و کارلێکی پشتبەستوو به شەڕانگێزی و توڕەیی لە لایەکی ترەوە دوو دیوی ئەو کارلێکانەن کە هەندێک جار بە تەنیا یان هاوکات لەگەڵ یەک لە کەسانی دەستدرێژیکراودا دەبینرێن.

C:\Users\HI\Desktop\Screenshot 2023-04-28 062544.png

چارتی ژماره 2: گۆڕانکارییه دەروونی و ڕفتارییەکانی دوای بەئەزموونکردنی دەستدرێژیی سێکسی

3-3-5- دەرکەوتنی کێشه سۆزدارییەکان

منداڵان لە ئەنجامی بەئەزموون‌کردنی دەستدرێژیی سێکسی لە لایەن مەحارمەکانەوه، تووشی کۆمەڵێک هەستی ناخۆش دەبن کە چ لە کاتی دەستدرێژی و چ لە قۆناغەکانی دواتری ژیانیاندا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان له ژیانیاندا دەبێ، هەندێک لە هەستانه بەم شێوەن:

– خۆسەرزەنشتکردن بە هۆی هەستی شەرمەزاری و گوناح: لێکەوتەی ئەم هەستە ئەو کارلێکانەن کە کەسی دەستدرێژیکراو لە پانتایی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بارودۆخ و ڕووداوەکانی ژیاندا نیشانی دەدات. ئەمە ئەو پرەنسیپەیە کە لە زۆربەی گێڕانەوەکاندا دەبینرێت.

– هەستی ڕق و کینە: سەرچاوەی ڕق و کینەش کەسی دەستدرێژیکار، ڕەگەزی بەرامبەر بە مانای گشتی، خۆی و چاودێرانی منداڵن کە بە باشی ئاگایان لێی نەبووە.

– هەستکردن بە تارێنران و گۆشەگیری: کە تاکەکان لەم حاڵەتەدا هەستی تارێنران و خۆشەویستنەبوون و نائەمنی بەئەزموون دەکەن.

– هەستکردن بە تەنیایی لەگەڵ هەستی خەمۆکی:، هەڵبەت هەستگەلی وەکوو تارێنران، گۆشەگیری و تەنیایی سەریەککەوتنێکی بەرچاویان هەیە.

– هەستی وەحشەت و ترس: سەرچاوەی هەستکردن بە ترس و وەحشەت دوو هۆکاری هەیە: یەکەم ئەوەی که کاتێک منداڵەکە دەکەوێته بەر پەلاماری سێکسی و دووهەم ئەو کاتەی که کەسانی دەوروبەری بەم دەستدرێژییه سێکسییە دەزانن.

– هەستکردن بە بێدەسەڵاتی و داماوی؛

– هەستکردن بە پیسی یان قێزەونی. ترس لە پیسی و چەپەڵی یەکێک لە جۆرەکانی نەخۆشیی وەسوەسەی فکری و ڕەفتارییە.

– هەستکردن بە نائومێدی؛

– هەستی تۆڵەسەندنەوە، ئەگەر لە کەسانی دەستدرێژیکراو بپرسن کە هەستی سەبارەت به دەستدرێژیکارەکە چییه، ئەوان ئاماژە بە دوو هەستی ڕق و تۆڵەسەندنەوە دەکەن. بەو پێیەی که ژمارەیەک لە کەسانی دەستدرێژیکراو هەست دەکەن کە بەشێکی گرنگی ژیانیان له ژێر کاریگەریی ئازار و دەستدرێژیی سێکسییە، هەمیشە هەستێکی بەهێزی تۆڵەسەندنەوەی له کەسی دەستدرێژیکار له ناخیاندا هەیە؛

– هەبوونی ئارەزووی سێکسی بۆ کەسی هاوڕەگەز،

– هەستی جیاوازبوون، ئەم هەستە، جگە لەوەی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی کەسی دەستدرێژیکراو لەگەڵ خەڵک لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا سست و لەق دەکا، پەیوەندیی ئەو لەگەڵ واقیعی تاکایەتی و کۆمەڵایەتی و وێنەی ئەوان دەبچڕێنێت.

– هەستکردن بە جیاوازی و هۆگری بۆ خۆڕەحەتکردن، کە ئەمه دەتوانێ ببێتە ئاستەنگی بەر دەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بنیاتنەرەکان. هەروەها خۆڕەحەتکردن دەروازەیەکە بەرەو ڕووی ڕەفتارە سێکسییە مەترسیدارەکان. کەمترین لێکەوتەی ئەم ڕەفتارە، هەستکردن بە گوناح و ئازاری ویژدان و خۆسەرزەنشتکردن و دواجار پەنابردن بۆ هێزه مەتافیزیکییەکانه بۆ ئەوەی داوای لێخۆشبوون و لێبوردن بۆ گوناحەکانی بکات.

– هەبوونی ڕوانگەی کاڵاگەرایانه بۆ خۆ کە هەندێک جار دەبێتە هۆی دەستکاریکردنی جەستە بۆ ئەوەی ڕەزامەندیی کەسێکی دیکە یان کەسانی دیکە بەدەست بهێنێت.

4- دواوته

ئەنجامی لێکدانەوەکان ئاماژە بەوە دەکا کە بە هۆی ئەو ناکارامەییه پێکهاتەیی و کارداییەی که دامەزراوە کۆمەڵگاگری و پشتیوانییەکان له ئێراندا هەیانه واته ناوەندی بنەماڵە و بێهزیستی و دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی دیکە؛ دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان، لە بری ئەوەی چارەسەر بکرێ و ڕێگری لێ بکرێ، لە ڕێگەی سیاسەتدانان له ئاستە جیاحیاکان و داڕشتنی بەرنامە لە ڕەهەندە زەمەنییەکاندا بە شێوەی سیستماتیک زەمینه بۆ خەسارەتەکانی دیکه و پرسە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی وەکوو ڕاکردنی کچان لە ماڵەوە و هاوسەرگیریی زۆرەملێ و … دەڕەخسێنێت.

ئەو منداڵانەی له لایەن مەحارمەکانیانەوه و بەتایبەت له لایەن دایک و باوکیانەوە دەستدرێژیی سێکسی دەکرێتە سەریان لە هەڕەتی گەورەساڵیدا و لە قۆناغەکانی دواتری ژیاندا له سۆنگەی ڕۆحی و دەروونییەوه تووشی لێکدژی و دژوازی دەبنەوه که لە ڕووی هەستی ئاسایش و متمانەکردن لەگەڵ جیهانی کۆمەڵایەتی و جیهانی ژیانیان تووشی کێشەی پەیوەندیسازکردن دەبنەوه. جگە لە لێکدژییە دەروونییەکان و لاوازبوونی سیستەمی ئاسایش و متمانە لە ناو فەزای پەیوەندییه کۆمەڵایەتییەکاندا، کەسی دەستدرێژیکراو تووشی هەستی دژەکۆمەڵایەتی دەبێتەوە و لە ئەنجامی ئەوەدا کارلێکی گۆشەگیرانه و دوورەپەرێزانه دەگرێته بەر، لە ئەنجامدا دەبینه شایەدی کەسانێکی دژەکۆمەڵایەتی کە کارلێکی بنیاتنەر و تێکۆشەر و چالاکیان لەگەڵ جیهانی کۆمەڵایەتیی خۆیاندا نییه که ئەنجامی ئەمەش دەبێتە لاوازبوونی سەرمایە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو ڕاستگۆیی، متمانە، هاوسۆزی و پارێزراوی؛ لە لایەکی ترەوە هاوسەنگیی کارلێک لەم کەسانەدا بە ڕادەیەک دادەبەزێ کە ناتوانن لەگەڵ جیهانی ژینگەیان کارلێکه هاوسەنگ و بنیاتنەرەکان ئەنجام بدەن و سەرتاسەری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها وتەزای پیشە و شێوازی ژیان و ژیانی کۆمەڵایەتیی تاک دەچێته ژێر کاریگەریی لێکەوتە قەرەبوونەکراو و وێرانکەرەکانیەوه.

منداڵێک کە لە لایەن مەحارمەکانیەوه دەستدرێژیی سێکسی دەکرێته سەر، به هۆی ئەوەی له کۆمەڵگایەکدا دەژی کە بە هیچ شێوەیەک لە لایەن دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانەوە پشتیوانی لێ ناکرێ و هیچ سیاسەتێکی کۆمەڵایەتی لە لایەن کۆمەڵگاوە بۆ گۆڕینی شێوازی ژیانی دەستدرێژیکراو دانەڕێژراوە؛ لە کۆتاییدا بەرەو کردەوە نایاساییەکان هان دەدرێ و ڕەنگه دواتر له ناوەندێکی چاکسازی و ڕاهێنان (اصلاح و تربیت) که وەکوو زیندانی منداڵانه خۆی ببینێتەوه. ئەو منداڵ و مێرمنداڵانەی کە قوربانیی ئازار و دەستدرێژیی سێکسین بە پێی هەستگەلێک کە هەمان هەستی گوناح و تاوانباری و سەرزەنشته، جیهانی کۆمەڵایەتیی خۆیان لێک دەدەنەوە و دەست دەکەن بە ماناسازی و لە ئەنجامی ئەم هەستکردن بە تاوانبارییە، به ئازاری ویژدانەوه تێوەدەگلێن که لە ساڵانی دواتری ژیانیدا ئەم هەستکردن بە گوناح و تاوانبارییه توانای لێکدانەوەی لۆژیکی لە بارودۆخە جیاوازەکانی ژیان له کەسی دەستدرێژیکار زەوت دەکا و لێکەوته شاراوه و ئاشکراکانی بە شێوەی قووڵ و فرەڕەهەند کاریگەریی لە سەر هەموو ژیان و ڕەهەندە بایۆلۆژییەکانی تاک و کۆمەڵگا دادەنێت. لێکەوتەکانی دەستدرێژیی سێکسی لە درێژەی گەشەکردنی منداڵدا یەک لە دوای یەک دەردەکەون و به شێوەی پرۆسەیەک کار دەکەنە سەر کارلێکەکانی تاک و دووبارە بەرهەمی دەهێننەوە. کەسانی دەستدرێژیکراو له چاو کەسانی دیکه سەقامگیری و هاوسەنگیی ڕەفتاری و سۆزدارییان کەمترە؛ لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا کارلێکی پێشبینی‌نەکراو و ناشەفافیان لێ دەوەشێتەوه. ئەم فاکتەرە دەبێتە هۆی ئەوەی کەسانی دیکە متمانەیان پێ نەکەن و لە ئەنجامدا لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا تووشی شکست ببن. لە لایەکەوه بە هۆی دەستدرێژیی سێکسییەوە متمانە و هاوسۆزییان کەمی کردووە، لە لایەکی دیکەوە لە پەیوەندییە دەرەکی و کۆمەڵایەتییەکانیشدا خەڵک کەمتر متمانەیان پێ دەکا، بە واتایەکی دیکە فاکتەرە دەروون‌ناسی و کۆمەڵایەتییەکان لە پەیوەندییەکی دیالێکتیکیدا “کاریگەریی دوولایەنە”یان هەیه و به شێوەی لکێنراو درێژەپێدەر و توندکەرەوەی یەکترن.

5- ڕێکاره پێشنیارییەکان

دەستنیشانکردنی لێکەوتە بایۆلۆژی و دەروونییەکانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وردی پزیشکی و دەروونییە، هەر بۆیە پێویستە پسپۆڕانی ئەم بوارە لێکۆڵینەوەی مەیدانی و قووڵ لەم بوارەدا ئەنجام بدەن. بە مەبەستی چاکسازی و کەمکردنەوە و ڕێگریکردن لە دیاردەی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە لایەن مەحارمەوه ئاماژه به هەندێک حاڵەت لە ئاستی کەڵان و مامناوەند و ورددا دەکەین:

– بە دەستنیشانکردن و ڕاهێنانی ڕەتکردنەوەی بەها نامرۆییەکان کە باڵی به سەر کۆمەڵگەی پیاوسالاردا کێشاوه و هەروەها به ڕاهێنان و پلاندانان ڕەگ و ڕیشەی فەرهەنگی پیاوسالاری بنەبڕ بکرێ و ئاستەنگەکانی بەردەم یەکسانیی یاسایی ژنان و منداڵان لا ببرێت؛

– له ڕێگەی دامودەزگا مەدەنییەکانەوە فشار بخرێته سەر دام‌ودەزگا جێبەجێکار و دادوەرییەکان بۆ ئەوەی بڕگەکانی بەڵگەنامەی ٢٠٣٠ جێبەجێ بکرێت.

– بۆ ئەوەی له ژینگەی ماڵ و کۆمەڵگادا چالاکانە ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی ببینەوه دەبێ لە سەر ئاستی کۆمەڵگادا شوێنە گشتیەکان دەستەبەر بکرێن و لە ڕێگەی دامەزراوە پەروەردەییەکانەوە هۆشیاری کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی بە منداڵان بدرێت؛

– فەرهەنگی خاوەنداریەتی‌تەوەر نەمێنێ و چیتر پەردەی کچێتی وەک پێوەرێک بۆ بەهادان بە ئافرەتان بایەخی پێ نەدرێ بۆ ئەوەی ئەو کچانەی که دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەریان، لە ترسی ئابڕووچوون مل به هاوسەرگیریی زۆرەملێ و منداڵهاوسەری نەدەن؛

– چاوێک بە یاساکانی پەیوەست بە منداڵان و دەستدرێژیی سێکسی و توندوتیژی دژ به منداڵاندا بخشێنرێتەوه؛

– نووسینگەی یاریدەدەری پسپۆڕی له یاسای داد بەهێز بکرێ و له قوتابخانە و فریاکەوتنه پزیشکی و کۆمەڵایەتی و گەڕەکەکانی سەر ئاستی شار و دێهات نووسینگەی یاریدەدەری دابنرێت؛

– ئەنجوومەنی داکۆکی لە مافەکانی منداڵان لە دەزگای دادوەری دابمەزرێنرێ و ئەندامەکانی ئەم ئەنجومەنە لە پسپۆڕانی دەروونناسی، کۆمەڵناسی، ڕەفتارناسی و یاسا پێکهاتبێت؛

– بۆ ئەوەی دادخوازی له سەر دۆسییەی دەستدرێژی سێکسی له ناو چوارچێوەی خێزان بکرێ پێویسته پارێزەرە پسپۆڕەکان ڕاهێنانیان پێ بکرێت؛

– ئەو دامەزراوانەی کە تەندروستیی گشتیی هاووڵاتیان دەستەبەر دەکەن وەکوو وەزارەتی تەندروستی، ڕێکخراوی چاکژیانەوه و یارمەتیدەری و … (بهزیستی و رفاه، مددکاری) هەستیار بکرێن بۆ ئەوەی دەستوەردان لە قەیرانەکان و توندوتیژی و شەڕانگێزی لە بواری خێزاندا بکەن؛

– ناوەوندی ڕاوێژکاری بۆ چارەسەری گروپ‌دەرمانیی قوربانیان دابنرێ بۆ ئەوەی ڕێگری له لێکەوتەکانی دەستدرێژیی سێکسی بکرێتەوه و هەروەها گروپ‌دەرمانیی بۆ دەستدرێژیکاران (لە ئەگەری دەستنیشانکران) دابنرێ بۆ ئەوەی هۆکار و زەمینه و میکانیزمەکانی بەردەوامیی دەستدرێژیی سێکسی بناسرێ و هەوڵی چارەسەریان بۆ بدرێت.

– دروستکردنی هێڵی تەلەفۆنی تایبەت بۆ ڕاگەیاندنی ئازار و دەستدرێژیی سێکسیی خێزان بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ پارێزراوییان ڕەچاو بکرێت.

– سیاسەتدانانی خۆشبژێوی – پەروەردەیی به فوکووسخستنه سەر خانەوادەی ئێرانی له پەیوەندیی دەوڵەت و ڕێکخراوه جەماوەرییەکان (NGO) و دام‌ودەزگا پشتیوانییەکان، بۆ ئەوەی بێبەشییه فرەڕەهەندەکان کەم ببنەوه.

– داوا بکرێ که سەبارەت به مافەکانی منداڵان هۆشداری بدرێ و له ڕێگەی سووڕیی ئازادانەی زانیارییەکانەوه ژینگەی ئەم منداڵانه واته ماڵ و قوتابخانه و کۆمەڵگا له توندوتیژی و دەستدرێژیی سێکسی بێبەری بێت.

– هاوکاری کردنی منداڵەکان و ژنان بۆ بەزاندنی ئەو زەینییەتەی که ناچاریان دەکا بێدەنگی بنوێنن و نکۆڵی بکەن؛

– له ڕێگەی بانگەشەی ڕاگەیاندنه سەربەخۆ و شەفافەکانەوه خانەوادەکان و شارۆمەندان به مافه کۆمەڵایەتی و تاکەکەسییەکانی خۆیان ئاشنا بکەن و هەروەها لەگەڵ زانستی نوێ ئاشنا بکرێن بۆ ئەوەی ورده ورده چاکسازیی – له بواری فەرهەنگی و ڕۆشنبیریی کۆمەڵگادا بکرێ و بیر و باوەڕە ناکارامەکان ئاسەواریان نەمێنێ و پیرۆزێتی به سەر سیمای تەکووزیی کۆنی بنەماڵەوە بسڕدرێتەوه.

– له ڕێگەی کەرتی تایبەت و ناوابەسته به دەوڵەت چالاکییه کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی پەیوەست به منداڵان هەموار بکرێتەوە؛

– له ڕێگەی فشاری کۆمەڵگەی مەدەنی له سەر یاسادانەران و جێبەجێکاران هەوڵ بدرێ که مەودای نێوان یاسا فیقهی و ئیسلامییەکان لەگەڵ یاساکانی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵ کەم بکرێتەوه.

– به نیازی دەستنیشانکردن و هاوکاریکردنی منداڵانی دەستدرێژیکراو له نێوان ناوەندی قوتابخانه، یاسا، کەرتی پزشیکی و یاریدەدەریی کۆمەڵایەتی هاواهەنگیی ئۆڕگانیکیی کاریگەر ساز ببێ و بەرنامەی پەروەردەیی ئاماده بکرێ بەڵام دەبێ مەرجی نهێنی‌پارێزی مسۆگەر و ئاسایشی ئەم کەسانه دەستەبەر بکرێت؛

– له ناو ژینگەی باغچەی ساوایان و قوتابخانەکاندا کەڵک له ڕاهێنەران و بەرپرسانی خاوەن‌ئەزموون و پسپۆڕی پرسه دەروون‌ناسییەکان بگیرێت؛

– بە دروستکردنی کەمپەین و ڕێکخراوی ناڕەزایەتی هەوڵ بۆ خێراکردنی بەسکۆلاریزمکردنی یاسا مەدەنییەکان بدرێ و لە ڕێگەی ئەو گروپە دەسەڵاتدارانەی کە متمانەپێکراوی خەڵکن و هەروەها فشارە نێودەوڵەتییەکان داواکارییەکان پێشکەش بکرێن؛

– لە ڕووی هۆکارناسی و لێکەوتەپێوەرییه جیاوازەکانیانەوه پێویستە لێکۆڵینەوە لە سەر دەستدرێژیی سێکسی بە پێی ڕەگەز و تەمەن (منداڵی و مێرمنداڵی) بکرێت.

– به شێوەی نێوان‌بواری و به ئاراستەی نوێی بواره توێژینەوەییەکان لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لە سەر هاوبەشی و پەیوەندییەکانی نێوان کێشە و خەسارەتە کۆمەڵایەتییەکان (پەیوەندیی نێوان ئالوودەبوون به مادەی هۆشبەر، هەژاری، تەڵاقی سۆزداری، لەشفرۆشی و فرەیی پەیوەندیی سێکسی، هاوڕەگەزخوازی، دزی و هتد) و دەستدرێژیی سێکسی بکەن و ئاوڕ لە زینا لەگەڵ مەحارم بدەنەوە بۆ ئەوەی له ئەنجامی ئەم خوێندنەوەدا که به شێوازی نوێیه هەندێ ڕێکار وەدەست بێنن و بتوانن له سیاسەتدانانه فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای ئێرانی کەڵکی لێ وەربگرن.

– ڕاهێنانی بەردەوام و جیدیی منداڵان سەبارەت بەوەی که چۆن خۆیان بپارێزن و له چ حاڵەتگەلێکدا دەبێ داوای هاوکاری بکەن و سەبارەت به تەندروستیی سێکسی ئاگادار بکرێنەوه؛

– فەرهەنگی خۆڕەخنەگری له درێژەی ژیانی تاکایەتی و کۆمەڵایەتی له تافی منداڵییەوه هەتا هەڕەتی گەورەساڵی دەبێ پەرەی پێ بدرێ بۆ ئەوەی بناغەی کەسایەتی و خۆڕاگری له هەمبەر سووکایەتی به هۆی دەستدرێژیی سێکسی بەهێز بێت؛

– به هاوکاریی ناوەندەکانی سەر ئاستی کۆمەڵگا، تاکەکان فێری بەڕێوەبردنی جەسته، خۆکۆنتڕۆڵکردن، ڕێز له خۆگرتن و ڕێز له خەڵک گرتن بن و بتوانن تووڕەیی و ورووژان و زەختی دەروونی و ڕۆحی و هەڵچوونی زۆر کۆنتڕڵ بکەن.

– دایک و باوکەکان لە پەیوەندییە سێکسییە پارێزراوەکان ئاگادار بکرێنەوە؛

– هەستی بەرپرسایەتی له ئەستۆگرتن و چاودێریکردنی منداڵ و مێرمنداڵ له لایەن دایک و باوک بەهێز بکرێ؛

– فێر بکرێن که له ئاست ترس له حەیاچوون خۆڕاگر بن.

– بەهاسڕینەوه له وتەزا دەسەڵات‌تەوەرەکانی پیاوسالاری واته وتەزای شەرم، ڕێزگرتن و وەج و ئابڕوو؛

– فێرکردن و دووبارەئەندێشی سەبارەت به بەکارهێنانی “بوێری” و خۆڕاگری له هەمبەر دەستدرێژکار؛

– سەرکۆنەنەکردنی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی و دروستکردنی کەشێکی نائارام بۆ کەسی دەستدرێژکار بۆ ئەوەی چیتر له سایەی بێدەنگیی کەسی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی ئیتر جەسارەتی ئەوە نەکا دەستدرێژیی سێکسیی بکاته سەر کەسانی دیکەش.

سەرچاوە و ئاماژەکان

سەرچاوە کوردییەکان:

– کامیل ئەحمەدی و هاوکاران (1396 هەتاوی). زایەڵەی بێدەنگی: توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە ئێران. تاران: چاپخانەی شیرازە.

– کامیل ئەحمەدی و هاوکاران (1400 هەتاوی). ئاسەواری چەوساندنەوە لە جیهانی منداڵان توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە جۆر، هۆکار و لێکەوتەکانی کاری منداڵان. دانیمارکڵ ئاڤای بووف.

سەرچاوە فارسییەکان:

– استراس، انسلم و کربین، جولیت. (1393). اصول روش تحقیق کیفی: نظریه مبنایی، رویه‌ها و شیوه‌ها. ترجمه بیوک محمدی. تهران: پژوهشگاه علوم انسانی و مطالعات فرهنگی.

– ایروانیان، امیر. (1389). باز آسیب‌دیدگی قربانیان جنسی در بستر پاسخ‌های اجتماع و نظام عدالت کیفری. پژوهش حقوق 12 (29): 24-1.

– روثستاین، بو (1393) دامهای اجتماعی و مسئله اعتماد. مترجمان‌الدن رهبری و دیگران. تهران، نشر آگه.

– گیدنز، آنتونی (1387) تجدد و تشخص: جامعه و هویت شخصی در عصر جدید. مترجم ناصر موفقیان، تهران: نشر نی.

– فروم، اریک (1387) گریز از آزادی. ترجمه: عزت‌الله فولادوند. تهران: مروارید.

– فوکو، میشل (1387). دانش و قدرت. ترجمه: محمد ضیمران. تهران: هرمس.

  1. . https://kameelahmady.com & [email protected] توێژەر و مرۆڤناس، ماستەری مرۆڤناسی کۆمەڵایەتی، زانکۆی کێنت – ئینگلتەرا
ئەم ماڵپەڕە کۆمەڵێک شەکرۆکەی (cookie) تێدا بەکار هێنراوە تا ئەزموونێکی جیاوازترتان بۆ سەردان و خوێندنەوە هەبێت. پاش گەڕان بەنێو ماڵپەڕەکەدا  ئێوەش کەڵک وەرگرتنی ئێمە لە شەکرۆکەکان بەسوود دەبینن