بە کاتی گریانی پیاوان

کتێبی “بە کاتی گریانی پیاوان؛ توێژینەوەیەک سەبارەت بە توندوتیژی دژی ڕەگەزی نێر لە کۆمەڵگەی ئێراندا” چاپ و بڵاوکرایەوە

کتێبی “بە کاتی گریانی پیاوان…” لە نووسینی کامیل ئەحمەدی و هاوکارانی وەک نوێترین بەرهەمی بواری لێکۆڵینەوەیی ڕەگەز و جێندەر چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەم لێکۆڵینەوە بە ڕوانگەیەکی نوێ و مێتۆدی مەیدانی، یەکێک لە لایەنە پەردەپۆشکراوەکانی توندوتیژی جێندەری دەخاتە ڕوو، کە بریتییە لە ئەزموون و خەسارە بەرکەوتووەکانی پیاوان و کوڕان لە بەڕامبەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کلێشەکانی پیاویەتی.

دیارە تاوتوێکردنی ئەم پرسە قەت بە مانای بێ بایەخکردنی توندوتیژی دژی ژنان نییە. لە ڕوانگەی ئەم توێژینەوەیەوە، هێشتا توندوتیژی دژی ژنان بابەتێکی جیددی و حاشا هەڵنەگرە کە پێویستی بە گرنگیدان و کردەوەی بەردەوام هەیە. بە واتایەکی تر ئامانجی ئەم توێژینەوەیە دژبەری یان کێبڕکێی نێوان ئازارەکان نییە؛ بەڵکو فراوانکردنی بواری دیدمانە بەرەو دیاردەی توندوتیژی. تێگەیشتن لە توندوتیژی کاتێک تەواوتر دەبێت کە هەموو دەنگەکان بە ژن و پیاو و کچ و کوڕ و تاک و گروپی خاوەن ئاراستە و شوناسی جۆراوجۆرەوە ببینرێن و ببیسترێن.

” بە کاتی گریانی پیاوان …” بانگهێشتێکە بۆ تێگەیشتنێکی گشتگیرتر لە دادپەروەری و ئاسایش؛ ئەو جێگایەی کە ژیانێکی دوور لە توندوتیژی مافی هەموو مرۆڤەکانە. چاپکراوی ئەم بەرهەمە کە ئێستا لەبەردەستی خوێنەران و ئارەزوومەندانی توێژینەوەی جێندەر و کۆمەڵناسیی ڕەگەزە، لەلایەن چاپخانەی ئاڤای بووف ڕەوانەی بازاڕی کتێب کراوە.

وەشانی PDFی کوردیی کتێبەکە لە خوارەوە بۆ دابەزاندن بەردەستە. بەستەری YouTubeی خوارەوە بۆ بەشی یەکەم (پێشەکی)ی کتێبەکەیە؛ بەستەری دابەزاندنی کتێبی دەنگیی تەواو لەم لاپەڕەیەدا نەخراوەتە ڕوو.

دابەزاندنی وەشانی PDFی کوردیی کتێبی «بە کاتی گریانی پیاوان»