ژیانی فرەئێتنیکی-نەتەوەیی و فرەشوناسی تایبەتمەندیەکی لەمێژەی کۆمەڵگای ئێرانە. بۆیە هەندێ لە بیرمەندان لەسەر ئەو باوەڕەن کە هەر شرۆڤەیەکی گشتگر لەسەر کۆمەڵگا فرەئێتنیکییەکان بەبێ ئاوڕدانەوە و تاوتوێکردنی فاکتەری ئێتنیسیتە سەقەت و ناتەواوە. بەپێی گرنگیی هەمیشەیی کۆمەڵگا ئێتنیکییەکان لە سازدان و پتەوکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیدا، تاوتوێکردنی زانستیی ئێتنیکەکان زیاتر لە ڕابردوو ئاوڕی پێویستی بە شیکردنەوە و توێژینەوەیە.
ئەم بەرهەمە، لێکۆڵینهوهیهکه سهبارهت به شوناس، ئێتنیسیتە و نەتەوە لهسهر تهوهری ئاشتی که به ڕوانگهیهکی خهڵکناسانه له سێزده پارێزگای ئێران ئهنجام دراوه. ئهم لێکۆڵینهوه که به شێوازێکی سەرەکی لهسهر کهسانی نوخبە و پسپۆڕی گرووپه ئێتنیکی-نەتەوەییەکانی ئێران و تا ڕادەیەکی کەمیش بە گەڕانەوە بۆ کهسانی ئاسایی و خهڵکی کووچه و کۆڵان ئەنجام دراوە، ئامانجی ئهوهیه کە لە ڕوانگەی شرۆڤەگەرایی و میتۆدناسیی چۆنایەتییەوە، بە میتۆدی تیۆریی بنەمایی (گرۆندد تیۆری) وهڵامی ئهم پرسیارانه بداتهوه که ئەتنیک-نەتەوەکان چ تێگهیشتنێکیان له خۆیان و شوناسهکانی دیکه ههیه که لێک جیاوازیان دهکاتهوه و له پێکهاتهی سیاسی، ئابووری و کۆمهڵگای ئهمڕۆی ئێران چ جێگه و پێگهیهک بۆ خۆیان دهبیننهوه و بیروڕایان لهسهر یهکگرتن، بهشداری سیاسی، زمانی زگماکی و ناوهند-پهراوێز چییه؟
ئەم کتێبە بێجگە لە کورتە بەشەکانی پێشوتار، پێشەکی و دەرەنجام، لە چوار فەسڵی سەرەکی و فەسڵێکی پاشکۆ پێکهاتووە. لە پێشوتاردا بەستێنی سەرهەڵدانی بابەتە ئێتنیکییەکان لە ئێران و هۆکارە کەسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئاوڕدانەوەی زانستی لەسەریان خراوەنەتە ڕوو و دواتر لە پەنای لێکدانەوەی گشت ڕەهەندە پرسناسانەکانی بابەتی ئێتنیکی لە جێهانی هەنووکەدا، سیمایەکی ڕوونتر لە پێگە و گرنگایەتی دیاردەی ئێتنیکی لە ئێراندا، تێکڕای پرسیارە بنەماییەکان و میتۆدۆلۆژیی توێژینەوەکە روون کراونەتەوە. پێشەکی بەرهەمەکە وێڕای تێڕامانێکی گشتی بەسەر پرسی ئێتنیکی لە جیهاندا، باس لە پێکهاتە و داڕشتەی کتێبەکە و شیکردنەوەی تایبەتمەندییەکانی وەشان (دەقی)ی نوێی ئەم بەرهەمە دەکات. لە فەسڵی یەکەمدا، چەمک و تیۆرییەکانی شوناس، ئێتنیسیتە و نەتەوە وەک چەمکە بنەماییەکانی توێژینەوە تاوتوێ کراون تاکوو بە یارمەتیی تیشک خستنە سەر چەمک و بنەما تیۆرییەکان، بەستێنێکی گونجاوی شیکاری بۆ هەڵسەنگاندنی بابەتەکان بێتە ئاراوە. لە فەسڵی دووهەمدا، وێڕای پێداچوونەوەیەکی پوخت بەسەر مێژووی ئێتنیک-نەتەوەکان لە ئێراندا، ڕابردو، پێگە و دەوری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کەلتوورییان لە مێژووی ئێران بە تایبەت سەردەمی هاوچەرخدا شرۆڤە کراوە. لە کۆتایی ئەم فەسڵەشدا، خوێندنەوەی دیاردەی ئێتنیکی و ئێتنیکی-نەتەوەیی لە ڕوانگەی ئێتنیکناسانی ئێرانەوە، بە شێوازێکی ڕەخنەیی خراوەتە بەر باس و لێکدانەوە. فەسڵی سێیەم کە کرۆکی کتێبەکەیە، باس و شێکردنەوەی دەستکەوتەکانی توێژینەوەی مەیدانیی لەخۆ گرتووە. دراوە و زانیارییە کۆکراوەکانی توێژینەوەی مەیدانی پاش تێپەراندنی قۆناغەکانی کۆددانان و واتابەخشی، بە یارمەتیی شیکاریی ئاماری و هێڵکاری، لە دووتوێی واتا سیاسی، کولتووری، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا، خراوەنەتە بەردەست. فەسڵی چوارەم، لە دەرەنجام و پێشنیارەکان پێکهاتووە، کە تێیدا پاش کۆبەستنێکی گشتیی دەرەنجامەکان، مۆدیلی چەمکیی لێکۆڵینەوەکە داڕێژراوە و لەسەر ئەوبنەما لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئێتنیسیتە لە ئێراندا شی کراوەتەوە و ئەو کات ڕێکار و گەڵاڵەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئاشتیخوازانەی کێشە و گرفتە ئێتنیکییەکان پێشکەش کراون. فەسڵی کۆتایی، واتا پاشکۆش دەپەرژێتە سەر ئەو رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی کە لە نێوان ساڵانی ١٣٩٨ بۆ ١٤٠١ی هەتاویی گۆڕپانی گشتیی ئێرانیان گرتەوە.
لێکدانەوە و شیکردنەوەی دەرەنجام و دەسکەوتەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە سەبارەت بە پێگەی ئێتنیکەکان و پرسی ئێتنیکی لە ئێران، وێڕای داننان بە پێوەندی و پێکەوەژیانی مێژوویی ئێتنیکەکان لەم وڵاتەدا، داهاتووی ئێران لە ئاسووی دوو سیناریۆدا وینا دەکات؛ سیناریۆی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و سیناریۆی لەناوچوون و ڕووخانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی، کە ئاماژە بە ڕەوتی ڕوو لە زیادبوونی لێکترازانی ئێتنیکی لە ئێراندا دەکات و هۆکاری سەرەکی و خێراکەری ئەم دیاردە بۆ گوتارە ناسیۆنالیستییە باڵادەستەکان و سروشتی سیستەمی سیاسیی دەسەڵات لە ئێراندا دەگەڕێتەوە، کە بە سیاسەتی ئێتنیکی و ئایینی خۆیان، سیمایەک لە شوناسی نیشتمانی و نەتەوەییان نەخشاندووە، کە پەراوێز خستن و سڕینەوەی شوناسی ئێتنیکی و پشتگوێخستنی ماف و شایستەیی گرووپە ئێتنیکەکانی لێ کەوتۆتەوە.
ئەم ڕەوتە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا لەژێر دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژیکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا و هاوتەریب لەگەڵ قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان چڕتر بووەتەوە، هەروەک زۆرێک لە شارەزایانی بواری کۆمەڵگا و سیاسەت هۆشدارییان داوە؛ کە بە درێژەدان بە پرۆسەی ئێستا، داڕمانی کۆڵەکەکانی ژیانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی ئێران و ئەگەری لەناوچوونی بواری ئاشتەوایی حەتمی دەبێت.
بە لەبەرچاوگرتنی ڕەهەندە یاسایی، پێکهاتەیی و دامەزراوەییەکانی هەڵاواردن و چەوساندنەوەی ئێتنیکی و ئایینزایی لە ئێراندا کە لە ئاستێکی باڵاتردا بەستراوەتەوە بە سروشتی ڕژێمی سیاسیی دەسەڵاتەوە، هەر جۆرە هەوڵ و کردارێک بۆ گۆڕینی ئەو پەیوەندییانە و بەدیهێنان و دابینکردنی مافە ئێتنیکەکان بەگوێرەی بنەماکانی ماڤی مرۆڤ و ئازادییە چەسپاوەکانی نێو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، پێویستیان بە گۆڕانکاری لە کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی سیاسی وڵاتدا هەیە بەجۆرێک کە بە پشتبەستن بە توانای سیاسی و کۆمەڵایەتی پێکەوەژیان و ئاشتیخوازانە، تێکڕای دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی و دوژمنایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بوار بۆ ئەم گۆڕانکارییە دابین بکرێت و گواستنەوەیەکی سەرکەوتوو لە دۆخی قەیراناوی بەرەو بارودۆخێکی لەبار ڕووبدات. لە بارودۆخی ئێستای ئێراندا، بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستەکانی حکوومەت و پلانە کورتخایەن و مامناوەندەکانی، بەداخەوە کەمترین ئامادەکارییەکان لەبەردەستدا نین و تەنانەت تیشکێکی هیواش بۆ کردنەوەی دەرگاکانی گۆڕانکاری لە لایەن دەسەڵاتەوە نییە، بۆیە بەهۆی کەڵەکەبوونی قەیرانەکان و نەبوونی ئیرادەیەکی عەقڵانی و ستراتیژی لەلایەن رژێمەوە بۆ بەرنگاربوونەوەی، لەم ساڵانەی کۆتایی سەدەی ١٤دا، ئاسۆی ئابووری و سیاسی و کەلتووریی وڵات، زیاتر لە هەر سەدەمێکیتر، داهاتوویەکی تەمومژاوی وێنا دەکەن کە داڕووخانی کۆمەڵایەتی، زیادبوونی پرۆسەی ناڕەزایی و ئاژاوە و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و سەرهەڵدانی بیرۆکەی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان و تێپەڕاندنی ڕژێمی دەسەڵاتدار سیناریۆی ئەگەری دەبێت.
ئەم بەرهەمە بریتییە لە توێژینەوە لەسەر پێنج ئەتنیکی تورک، کورد، بەلووچ، عەرەب و فارس، و لەلایەن وەشانخانەی ئاڤای بووف، ساڵی 202٥ چاپ کراوە.
هەندێک لە زانیارییە مەیدانییە گرنگەکانی ئەم توێژینەوەیە لە خوارەوەدا خراونەتە ڕوو:
کەواتە لەڕوانگەی تاقمی بلیمەت و ئێلیتەوە، ئەتنیکە ئێرانییەکان بەهۆی ئایین و ئایینزاوە هەڵاواردنیان لەسەر دەکرێ و کەلێنێکی گەورە دەکەوێتە نێوان ئایینزاکان. ئەڵبەت لەڕوانگەی خەڵکی ئاساییشەوە ئەم هەڵاواردنە (سەتا 60.3) پشتڕاست کراوەتەوە.
بەپێی ئەنجام و زانیارییە دەستکەوتووەکان، سەتا 85.9ی تاقمی بلیمەت و ئێلیت و سەتا 63.9 خەڵکی ئاسایی لەسەر ئەو باوەڕەن کە خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایکی مافێکی یاساییە. هەروەها سەتا 14.1ی تاقمی بلیمەت و سەتا 15.7ی خەڵکی ئاسایی نەیاری شەرعییەتی پەروەردە بە زمانی دایکین.
گرووپە ئەتنیکییەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە هەڵاواردنیان بەرامبەر دەکرێ و ئەم هەڵاواردنە لە بەشی پۆست و کورسییەکانی وڵاتدا ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوتری هەیە، سەتا 84.4ی تاقمی بلیمەت و ئێلیت و سەتا 85.5ی خەڵکی ئاسایی لەسەر ئەوە باوەڕە بوون هەڵاواردن و نابەرامبەری سیاسییان بەرامبەر ئەتنیکەکانی ئێران بوونی هەیە.
نەبوونی هەلی کار بۆ ئەتنیکەکان لایەنێکی نایەکسانی ئابوورییە کە یەک لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئەتنیکەکانە. بەپێی زانیارییە دەستکەوتووەکان، سەتا 89.8ی تاقمی بلیمەت و ئێلیت و سەتا 81.9ی خەڵکی ئاسایی لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە هەلی کار بەشێوەی دادپەروەرانە لەنێو ئەتنیکەکاندا دابەش نەکراوە و تەنیا سەتا 10.2ی تاقمی بلیمەت و سەتا 8.4ی خەڵکی ئاسایی لەسەر ئەو باوەڕەن کە لە بواری هەلی کاردا دەرفەتی دادپەروەرانە و یەکسان دراوەتە ئەتنیکەکان.
هەستکردن بە نایەکسانیی ئابووری لەنێو ئەتنیکەکانی ئێراندا یەک لە لایەن باسکراوەکانی ئەم توێژینەوە پێک دێنێت و بەپێی زانیاری و ئەنجامەکان سەتا 90.6ی تاقمی بلیمەت و ئێلیت لەسەر ئەو باوەڕەن کە نایەکسانیی ئابووری لە ئارادایە و سەتا 88ی خەڵکی ئاساییش هەمان ڕوانگەیان هەیە و ئەمەش سەلمێنەر و پیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە زۆرینەی هەردوو گرووپەکە دان بە هەبوونی کەلێن و هەڵاواردنی ئابووریی بەرچاو لە ئێراندا دەکەن.
لایەن و بابەتێکی دیکەی ئەم توێژینەوە بریتییە لە ڕێژەی هەستکردن بە هەڵاواردن لەمەڕ مافەکانی شارومەندی-ئەتنیکی کە بەپێی زانیاری و ئەنجامەکانی توێژینەوە، سەتا 73.4ی تاقمی بلیمەت و ئێلیت لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە مافەکانی شارومەندی بەشێوەی یەکسان و دادپەروەرانە دابەش نەکراون. چونکە زۆرینەی خەڵکی ئاسایی تێگەیشتنێکی ڕوون و تەواویان لەسەر مافی شارومەندی نەبوو لەکاتی شرۆڤەکردنی ئەم چەمکەدا دەرکەوت کە تێگەیشتنی خەڵکی ئاسایی لەو چەمکە لەگەڵ واتا و مەبەستی تەواو و ڕاستەقینەی مافی شارومەندی لێک دوورن، بۆیە زانیاری و داتاکانی ئەم بەشە سڕاونەتەوە.