تیغی نەریت له ژێر ناوی ئایین
توێژینەوەیەکی دیاردەناسانە سەبارەت بە خەتەنەی کوڕان یان پیاوان لە وڵاتی ئێران
وەشانخانە: ئاوای بووف، دانمارک و دانیشفەڕ، هەولێر-کوردستان
ژپنک (ژمارەی پێوانەییی نێودەوڵەتیی کتێب): 978–87–94295–17–8
توێژینەوەیەکی دیاردەناسانە سەبارەت بە خەتەنەی کوڕان یان پیاوان لە وڵاتی ئێران
وەشانخانە: ئاوای بووف، دانمارک و دانیشفەڕ، هەولێر-کوردستان
ژپنک (ژمارەی پێوانەییی نێودەوڵەتیی کتێب): 978–87–94295–17–8
خەتەنەکردن یان بڕینی بەشێک لە کۆئەندامی زاوزێی پیاوان یان ژنان نەشتەرگەرییەکە کە لە دێرزەمانەوە لە ناو کۆمەڵگە جۆراوجۆرە مرۆییەکاندا باو بووە و لە ئێستاشدا لە هەندێک لە ناوچەکانی جیهاندا بە هۆکاری جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت. لە ئێراندا سێ فاکتەری وەکوو ناوچەی جوگرافی، پێوەندی لەگەڵ وڵاتی میسر و ئایینی ئیسلام، زەمینەی بۆ دروستبوون و بڵاوبوونەوەی خەتەنە لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی ئەم وڵاتەدا خۆش کردووە. نەشتەرگەریی خەتەنە لێکەوتەی بایۆلۆژی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، دەروونی، یاسایی و ئابووری بۆ ئەو کەسانەی لێ دەوەشێتەوە کە ئێستا و داهاتوویان بەستراوەتەوە بە ژیانی تەندروست و ئاسایی و دادپەروەرانەیانەوە.
کتێبی “تیغی نەریت لە ژێر ناوی ئایین” لێکدانەوەی دیاردەناسانەی خەتەنەی پیاوان/کوڕان لە ئێرانە کە لە چاپخانەی ئاڤای بووف لە بەهاری ساڵی 2023 بڵاو بۆتەوە. ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ لێکدانەوەی بێلایەنانە و گشتگیری دیاردەی خەتەنەی پیاوان/کوڕان بە جەختکردنەوە لە سەر مافی منداڵان و مافی خاوەندارێتی جەستە و ناسینی زانستییانەی پرسی خەتەنەکردنی پیاوان/کوڕان لە کۆمەڵگای ئێران بە مەبەستی ئاگادارکردنەوە، بەکارهێنانی لە داڕشتنی پلان و سیاسەتدانانی کاریگەرە بۆ ئەوەی ڕێگری لە دەرکەوتنی لێکەوتە خراپەکانی بکرێت. دیاردەی خەتەنە وەک کردەوەیەک بە سەر جەستەی مرۆڤدا دەسەپێنرێ لە چوارچێوەی لێکدانەوەی مافە تاکایەتییەکان و خاوەندارێتیی “مافی جەستە”دا تاوتوێ دەکرێ، کە لە ڕوانگەی نەریت و فەرهەنگی ئایینییەوە بە ئاسایی و باو لە قەڵەم دەدرێ، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە لە کۆمەڵگا هاوچەرخەکاندا هەر کەسێکی خوار تەمەنی هەژدە ساڵ بە منداڵ هەژمار دەکرێ، تیۆرییە مۆدێرنەکانی زانستی یاساش جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەر چەشنە گۆڕانکارییەک لە سەر جەستەی منداڵ بە بێ دەستێوەردان و ئیزنی منداڵ نە تەنها پێشێلکردنی مافەکانی ئەو منداڵەیە، بەڵکوو سروشتێکی دژە پەروەردەییشی هەیە. تیۆرییەک کە ڕەخنەگر و لایەنگری تایبەت بە خۆی هەیە.
کەواتە پێویست بوو لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ، تەواو، فرەڕەهەند و تایبەت بە کۆمەڵگای ئێران سەبارەت بە خەتەنەکردنی پیاوان یان کوڕان ئەنجام بدرێ بۆ ئەوەی وەڵامدەری بەشێک لە ناڕوونی و پرسیارەکانی پەیوەست بەم پرسانە بێت. لە نێوان ساڵانی ١٣٩٨ بۆ ١۴٠١ هەتاوی، کامیل ئەحمەدی و هاوکارەکانی بە ئامانجی لێکدانەوەی ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی خەتەنەی پیاوان/کوڕان توێژینەوەیەکیان ئەنجام دا کە لە ساڵانی ١٣٩٩ و ١۴٠٠ هەتاوی لێکۆڵینەوە مەیدانییەکانی ئەنجام درا. ئەم توێژینەوە بە کەڵکوەرگرتن لە توێژینەوەی مەیدانی و ئاراستەی چۆنایەتی، ئەزموونی بەشداربووانی بە پێی دیمانەی ئامانجدار لەگەڵ ژمارەیەک لە ئێرانییە خەتەنەکراوەکانی ناوەوە و دەرەوەی ئێران و هەروەها دیمانە لەگەڵ هەندێک لە پسپۆڕان و خاوەن تیۆرییەکان شرۆڤە کرد.
فرەیی خەتەنەی پیاوان/کوڕان کۆمەڵگەی نموونە بە پێی ئایین
ئامانجی لێکۆڵینەوەکە ئەوە بوو کە بە ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگا لە لێکەوتەکانی خەتەنە، نەهێڵرێ سەرمایە مرۆییەکان هەر وا بە ئاسانی ببنە قوربانیی عەقڵییەت و پاساوی نەریتە فەرهەنگییە کێشەدارەکان و هەروەها پڕوپاگەندەی گروپە خاوەن بەرژەوەندییە ئابووری و پزیشکی و ئایینییەکان. بۆ ئەم مەبەستە، مانا و چەمکی خەتەنە، ڕەگ و ڕیشە مێژووییەکەی و پانتا جوگرافیاییەکەی، ئاراستە ئایینییەکان و بوارە زانستییەکانی پەیوەست بەم بابەتە، کاردا و هۆکارەکانی بەردەوامیی خەتەنە و ئەزموونی بەشداربووانی بوارە بەرلێکۆڵینەوەکان؛ بابەتگەلێکن کە لە هەشت بابەتی جیاوازدا ڕێک خراون.
بەشی یەکەمی ئەم کتێبه وێنەیەکی هەمەگیر سەبارەت بە پرسی خەتەنەی کوڕان بە خوێنەر پیشان دەدات. بەشی دووهەم، لێکۆڵینەوە لە سەر بۆچیەتی و تیپۆلۆژیی خەتەنە و شێوازەکانی ئەنجامدانی خەتەنەیە. بەشی سێیەمی ئەم کتێبە لە سەر کۆمەڵێ لە ڕەهەندە مێژوویی و جوگرافیاییەکانی خەتەنە لە سەر ئاستی جیهاندا چڕ دەبێتەوە. لە بەشی چوارەمدا سروشتی ئایینیی نەشتەرگەریی خەتەنە لە ڕابردووەوە هەتا هەنووکە شی دەکرێتەوە و بۆ ئەم مەبەستە هەر سێ ئایینی سەرەکی، واتە یەهوودییەت و مەسیحییەت و ئیسلام لێک دەدرێنەوە.
تەمەنی پیاوانی ئێرانیی کۆمەڵگەی نموونە لە کاتی خەتەنەدا
لە بەشی پێنجەمدا هەوڵ دراوە کە لە ڕوانگەی زانستییەوە بابەتی خەتەنە لێک بدرێتەوە و ئاراستەی گشتیی هەر کام لە بوارە زانستییە باوەکانی جیهانی ئەوڕۆ بەرامبەر بە خەتەنەی کوڕان ڕوون بکرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە پێنج بواری زانستی، کە زیاترین پەیوەندی و بەریەککەوتنیان لەگەڵ خەتەنەدا هەیه هەڵبژێردراون: ئاراستەی زیندەوەرناسی و پزیشکی، ئاراستەی خەڵکناسی، ئاراستەی دەروونناسی، ئاراستەی کۆمەڵناسی و ئاراستەی یاسایی.
لە بەشی شەشەمدا کاردا و هۆکارەکانی بەردەوامبوونی خەتەنە لە جیهاندا لە کۆنەوە هەتا ئێستا دەخرێتە ڕوو کە ئاماژە بۆ سێ جۆری گشتیی کارداکانی وەکوو کاردا تەندروستی و پزیشکییەکان، کاردا کۆمەڵایەتی / فەرهەنگییەکان و کاردا ئابوورییەکان دەکات.
بەشی حەوتەم دڵی ئەم کتێبەیە و هەڵگری هەموو وردەکارییە مەیدانییەکانە و تەرخان کراوە بە لێکۆڵینەوە و هەڵێنجاندنی بۆچوونی بەشداربووانی توێژینەوە بە پێی ئەزموونی ژیانیان.
بەشی هەشتەم کە بەشی کۆتایی ئەم کتێبەیە تایبەت بە دەرەنجامەکان و خستنەڕووی هەندێ ڕێکار بۆ باشترکردنی دۆخی ئێستای دیاردەی خەتەنەی پیاوان/کوڕان لە ئێرانە.
پێشنیارە پێشکەشکراوەکان لە سەر سێ ئاستی ستراتیژی و پلان و کردەوەدا خراونەتە ڕوو و هیوادارین گرینگیدان بەم پێشنیارانە ببێتە هۆی نەهێشتنی هەندێک لەو کێشە و گرفتانەی کە پەیوەندییان بە خەتەنەی کوڕان/پیاوانەوە هەیە.
فرەیی لایەنگران و دژبەرانی خەتەنەکردنی پیاوان/کوڕان
دەرەنجامەکانی ئەم توێژینەوە بۆ قبووڵکردن یان ڕەتکردنەوەی خەتەنەکردنی کوڕان/پیاوان نییە، بەڵکوو هەوڵ دەدا وێڕای دووبارە خوێندنەوەی هۆکارە پزیشکییەکان کە لایەنگری ئەنجامدانی خەتەنەیە؛ لایەنە یاساییەکانی پرسی خەتەنەش (بۆ وێنە ناکۆکیی خەتەنەی منداڵان لەگەڵ چەمکی مافی هەڵبژاردن و مافی خاوەندارێتیی مرۆڤ بەسەر جەستەی خۆی) تاوتوێ بکات. ئەم توێژینەوە پێی وایە کە گەشەی نەوەی نوێ لە سایەی بەهێزکردنی ئیرادە و سەربەخۆیی و پێدانی دەسەڵات و مافی هەڵبژاردن لە ژیانی کۆمەڵایەتی و جەستەیی و دەروونیی تاکدا بەدی دێ و کەمترین کارێک کە بۆمان هەیە بیکەین ئەوەیە کە ئەنجامدانی خەتەنە هەتا کاتی باڵقبوونی منداڵەکان وەدوا بخەین بۆ ئەوەی هەر تاکێک خۆی بتوانێ لەمەڕ ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی خەتەنە بڕیار بدات.
بەشێک لە داتا مەیدانییەکانی توێژینەوە بەم شێوەن:
بەردەوامیی ئەم نەریتە بوارگەلێکی وەکوو قبووڵکردنی ئایینی و نەتەوەیی و پێداگرییە ئایینییەکان، شوناسبەخشینی جێندەری بە پیاوان، پیاوتەوەری و بەرژەوەندیی پیاوان، شێخایەتی و پیرسالاری، باڵادەستیی فەرهەنگ و نەریت، سوودە بازرگانییەکانی ئەنجامدانی خەتەنە لە کەرتی پیشەسازی و مافیای پزیشکی، مۆد و لایەنە جوانیناسییەکان، نەبوونی ڕەوتی ئازادانەی زانیارییەکان، داهاتی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی خەتەنە، بۆشاییە یاساییەکان لە خۆ دەگرێ کە ناهێڵێ لەم بوارەدا گۆڕان و چاکسازی ڕوو بدات. خەتەنەی کوڕان بە پێچەوانەی برەوە زۆرەکەی، نەیاری زۆرە کە نەیارەکانیش هۆکاریان بۆ دژایەتیکردنی خەتەنە ئەوەیە کە لە خەتەنەدا مافەکانی منداڵان پشتگوێ دەخرێ و خەتەنە کاریگەریی خراپی لە سەر دەروونی منداڵ دادەنێ و هەندێ لێکەوتەی پزیشکیشی هەیە.