ئەم کتێبه داهێنەرانەیه بەرهەمی توێژینەوەی مەیدانیی کامیل ئەحمەدی و هاوکارانیەتی که به شێوەی قووڵ پرسی ترسناک و زۆرجار شاراوەی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان له ئێرانی به سەرنجدانی تایبەت به زینا لەگەڵ مەحارم تاوتوێ کردووه. “تابۆ و نهێنیپارێزی” به ئاوێتەکردنی توێژینەوەیەکی ورد و کاری مەیدانیی بەربڵاو، ڕەهەندەکانی ئەم بابەتە هەستیارەی لێک داوەتەوه. ئەم کتێبه نەک هەر فرەیی و کاریگەرییەکانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵانی تاوتوێ کردووە، بەڵکوو خوازیاری چاکسازیی خێرا و داپەڕی پێشگیرانەیه. ئامانجی ئێمه لەم توێژینەوه دوستکردنی کەشێکی ئارام بۆ منداڵانی ئێرانە و زیاتر لەو شتەیه که پەروەرد، وشیارکردنەوه و پاڵپشتیی یاسایی هەوڵی بۆ دەدا. “تابۆ و نهێنیپارێزی”ڕاپۆڕتێکی لێکۆڵینەوەیی سەرنجڕاکێش و پێویست بۆ سیاسەتمەداران، ڕاهێنەران، یاریدەدەرانی کۆمەڵایەتی و خەڵکه که خۆیان به پابەندی تێگەیشتن و بەرەنگاربوونەوەی کەڵکاوەژۆیی سێکسی له منداڵان بزانن. ئاراستەی پشتبەستوو به بەڵگە و گێڕانەوه کاریگەرەکان وای کردووە کە ئەم کتێبە ببێتە ئامرازێکی بەهێز بۆ پشتیوانی و گۆڕان.
پرۆسەی لۆژیکیی ئەنجامه سەرەکییەکانی توێژینەوەی تابۆ و نهێنیپارێزی پیشان دەدا که گرینگترین هۆکاری منداڵئازاریی سێکسی بریتییە لە: هەژاری و بێبەشی، بنەماڵەی نالەبار، ناکارامەیی دامودەزگاکان له بواری فێرکاری و ڕاهێنانی سێکسی و پاڵپشتی، نەبوونی یاسایەکی دیاریکراو و شەفاف و لێکدژی و دژوازیی یاساکان.
بە پێی تیۆریی پێکهاتەخوازی لە بواری خەڵکناسیدا، سیستەمی کۆمەڵایەتیی خێزان تەکووزییەکی ناوەکی هەیە کە بناغەکەی لە سەر بنەمای یاسای سێکسیی “زینای موحارم” دامەزراوە، بەڵام لە پرۆسەی گووران و گۆڕانکاریدا ئەم تەکوزییە فەرهەنگییە دەبێ بە دژبەری خۆی، و لە هەندێ حاڵەتدا، هەڵسوکەوت لەگەڵ نامووس و مەحارم دەبێتە هۆی سەرکوتکردنی تونداژۆیانەی تاکایەتی، تاراندن و گۆشەگیری، ئازاردان و دەستدرێژیی سێکسی، قەتڵی نامووسی و هتد. له مێژووشدا بنەماڵه وەک یەکێک له ناوەنده کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکان، به هەموو جۆر و بیچمه جۆراوجۆرەکانیەوه، پەناگەیەک بۆ ئەندامەکانی خێزان بەتایبەت منداڵەکان بووه، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا له ناو هەندێ له خێزانەکاندا هەندێ ڕووداوی نەخوازراو دەکەوێتەوه که باوترینیان توندوتیژی له دژی منداڵان به هەموو جۆره جیاوازەکانیەتی. نموونەکانی توندوتیژی دژ بە منداڵان بریتییە لە: دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر کەسانی مەحرەم، کەڵکاوەژۆیی له دەسەڵات و توانا و توندوتیژی نواندن بەرامبەر به کەسانی بێدەسەڵات و ناچارکردنیان بە سێکس له چوارچێوەی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر جەسته و یەکپارچەیی وجوودیی ئەو کەسە له ناو خانەوادەدا. به پێی فەرهەنگ و بیر و باوەڕە باوەکانی ناو هەر کۆمەڵگایەک، دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر مەحارم لێکەوتەی جەستەیی و دەروونی و تڕۆمایەکی قووڵ له سەر جەستە و دەروونی منداڵ بە جێ دێڵێ بەتایبەت له قۆناغەکانی دواتری گەشەدا. قووڵایی ئەم خەسارەتە به پێی جۆری دەستدرێژییه سێکسییەکە، جۆری پەیوەندیی خێزانی و خزمایەتیی خوێنی و هەروەها تەمەن و ڕەگەزی لایەنەکان جیاوازه.
تابۆی زینای موحارم
لە وڵاتی ئێراندا بە هۆکاری وەکوو تابۆ و بڤەبوونی دەستدرێژیی سێکسی لە لایەن کەسانی مەحرەم و ئەو ناوناتۆرە کۆمەڵایەتییەی کە بە دوایدا دێ و ترس لە سزادان و تاراندنی کەسی قوربانی، تۆمارنەکران و ڕانەگەیاندنی ئەو توندوتیژییه سێکسییەی که کراوەتە سەر منداڵان هیچ ئامار و بەڵگەیەکی متمانەپێکراومان سەبارەت بەم دیارده بەتایبەت لە ناو ژینگەی خانەوادە لە بەردەستدا نییە، ناچارکردنی منداڵ به بێدەنگی و دوورخستنەوە و تاراندنی، ئەو منداڵه له داپەڕ و ڕێوشوێنی پشتیوانیی خۆبەخشانە و چارەسەر و هەروەها خزمەتگوزاریی پەروەراندنەوەی حکومی و ناحکومی بێبەش دەکات. لە هەمان کاتدا حکومەتی ئێران بە هۆی سروشتی ئایدۆلۆژییەوە ئامادە نییە لە قوتابخانەکان و دامودەزگا پەروەردەییەکانی دیکە ڕاهێنانی سێکسی پێشکەش بکات. ئەمەش پێچەوانەی ئەو شێوازەیە کە لە زۆرێک لە وڵاتاندا بوونی هەیە و لە لایەن بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانەوە دانیان پێدا نراوه. ڕاهێنانی سێکسی، وێڕای بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی منداڵان سەبارەت بە بابەتی سێکس، فێری شێواز و تەکنیکەکانی خۆپارێزیشیان دەکات؛ بەڵام منداڵان بە هۆی ئەوەی لە ئێراندا بە شێوەی سیستماتیک دەستیان بەو ڕاهێنانانە ناگا و لە ئەنجامی ئەمەدا شارەزایی و ئاگاییان (بەتایبەت منداڵانی ناوچە دوورەدەستەکان و منداڵانی هەژاری ئێران) دەست ناکەوێ، زیاتر تووشی دەستدرێژیی سێکسی و توندوتیژی دەبنەوە.
زەمینە، هۆکار و فاکتەرەکان زینای موحارم
زەمینە، فاکتەر و لێکەوتەکانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە تۆڕێکی ئاڵۆزی پرۆسەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و یاساییدا و … کار دەکات. زەمینە دەستێوەردەرەکان، فاکتەرەکانی ئەم دیاردە بەرساز دەکەن و بوار بۆ ڕوودانی منداڵئازاریی سێکسی دەڕەخەسێنن و پاش ڕوودانی دەستدرێژیی سێکسی، میکانیزمەکانی بەردەوامی و توندتربوون و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم دیاردە و لێکەوتەکانی دەبینرێن. بێبەشی، بەستێن بۆ توندوتیژی خۆش دەکا و توندوتیژیش دەبێتە هۆکاری دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان، لە دوای دەستدرێژیی سێکسی و لە سەر بنەمای پێکهاتە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان، میکانیزمگەلی وەکوو ترس، تارێنران، تاوانبارکردنی قوربانی و هتد دەبێتە هۆی ئەوەی کەسی قوربانی نکۆڵی لەوە بکا کە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەری کە لێکەوتەی ئاشکرای نکۆڵیکردن و نەدرکاندنی دەستدرێژیی سێکسی هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کەسانی قوربانی هیچ سیاسەت و پشتیوانییەکی کۆمەڵایەتی و ئابووری، دەروونی و یاسایی نایانگرێتەوە کە ئەمە بۆتە هۆی توندتربوون و بەرهەمهێنانەوەی پرۆسەی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان. ئەم پەیوەندییە دیالکتیکییەی کە لە سەر ئاستی کەڵان، مامناوەند و وردی کۆمەڵگا لە نێوان پانتای دامودەزگا کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە بە کاریگەریی دوولایەنە لە سەر یەکتر قەیرانە جۆراوجۆرەکان لە ناو خۆیاندا بەرهەم دەهێننەوە و بۆ یەکتری دەگوازنەوە.بابەتگەلی وەکوو نایەکسانی و هەژاریی دووقات، ناجێگیریی کۆمەڵایەتی، گومانه فەرهەنگییەکان و بوونی حکومەتێکی ئایدۆلۆژیایی و ناکارامه وای کردووه که له ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی یەکجار زۆر ڕوو بدات. پرۆسەی لۆژیکیی ئەنجامه سەرەکییەکانی توێژینەوەی تابۆ و نهێنیپارێزی پیشان دەدا که گرینگترین هۆکاری منداڵئازاریی سێکسی بریتییە لە: هەژاری و بێبەشی، بنەماڵەی نالەبار، ناکارامەیی دامودەزگاکان له بواری فێرکاری و ڕاهێنانی سێکسی و پاڵپشتی، نەبوونی یاسایەکی دیاریکراو و شەفاف و لێکدژی و دژوازیی یاساکان.